سوپاسنامە و قەدرزانی بنەماڵەی پەردەدار
سوپاسنامە و قەدرزانی بنەماڵەی پەردەدار
هەناسە ناسە ئەو دڵەم
لە بەحری خەم مەلەی دەکا
نە بۆ کوتن دەبێ خەمی
نە بۆ کوتان پەلەی دەکا
هەروەک ئاگادار بوون لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو دا دایکی ئازیزمان، ئەو ژنەی کە هەموومانی فێری گەلدۆستی و خۆشەویستی بە نیشتمان کرد، دایە ئایشێ شەمعی لە شاری سەردەشت کۆچی دوایی کرد.
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی کۆچی دایکی ئازیزمان ، شەپۆلێک لە هاوخەمی و هاوپەیوەندی لە لایەن برا و خوشک و هاورێیان و خزمان لە دەرەوەی وڵات و لە نێوخۆی کوردستان دەستیپێکرد و ئەو شەپۆلە هاوخەمییە بوو بە هۆی ئەوە کەئێمە بە گشتی سوکنایی و سێبووری بە دڵمان دابێ و لە ئاست ئەو کۆستە گەورەیەی بنەماڵەمان دا پشت ڕاست بکەینەوە.
هەر بۆیە بەناوی خۆم و سەرجەم ئەندامانی بنەماڵەکەمان سوپاس، حورمەت و پێزانینمان ئاراستەی سەرجەم دۆست وهاورێ و خزمانم دەکەم کە لە بە خاکسپاردنی دایکم دا ئەرکیان کێشا و جێی بەتاڵ و دووری منیان بە گەورەیی خۆیان پڕ کردەوە و هەروەها سوپاس بۆ هەموو ئەوانەی کە بە تەلەفۆن و نامە و پەیام بەشداری خەمی لە دەست دانی دایکم بوون و بە باوەشی پڕ لە سۆزی وشەکانیان، سوکنایان خستە دڵی پڕ لە ژانم .
هەروەها ڕێز حورمەت و خۆشەویستیم بۆ کوردانی شاری ئادێلایدی ئوستڕالیا دەنێرم کە لە و پرسە پڕ خەمە دا وێرای بوون و مەترسی کۆرۆنا بە بەشداری خۆیان ئەم خەمە قورسەیان دەگەڵ هەڵگرتم.
لە کۆتایی دا سوپاسی بێ سنوورم بۆ گشت ئەندامانی ڕێبەری، کادر و پێشمەرگە دڵسۆزەکانی “ حیزبی دێموکڕات ” و بۆ مێدیاکانی حیزب ماڵپەری کوردستان و کورد و تەلەفزیۆنی کوردکاناڵ و هەروەها ماڵپەری کوردستان مێدیا و تیشک تیڤی کە بە شێوەیەکی پڕ شکۆ و ئەمەگناسانە ڕوماڵی کۆچی دوایی دایکی ئازیزمان کە دایکی شەهیدی ئەم حیزبەیە کرد و لەو خەمە گەورەیەدا لەگەڵمان بوون.
هیوادارم خەم میوانی ئێوەی وەفادار و ئەمەگناس نەبێ و ئێمە لە خۆشی و شادی ئێوەدا بەشداری بکەین.
لەگەڵ ڕێز و حورمەت
خالید پەردەدار (ئاکار)
ڕێکەوتی ٠٩ ـ ١٢ ـ ٢٠٢١