کۆچی دوایی دایە ئایشێ شەمعی دایکی شەهید محەممەد پەردەدار لە شاری سەردەشت

دایە ئایشێ شەمعی ، دایکی شەهید محەممەد پەردەدار کەسایەتی دیاری گەلەکەمان.

کۆچی دوایی دایە ئایشێ شەمعی دایکی شەهید محەممەد پەردەدار لە شاری سەردەشت
بە پێی هەواڵی گەیشتوو دایە ئایشێ شەمعی دایکی شەهید محەممەد پەردەدار و هاورێی تێکۆشەر کاک خالید پەردەدار دوای ماوەیەک بەربەرەکانی لەگەڵ نەخۆشی ڕۆژی یەک شەممە ڕێکەوتی ٠٥ ـ ١٢ ـ ٢٠٢١ ی زائینی لە شاری سەردەشت کۆچی دوایی کرد.
دایە ئایشێ لە گوندی میر شێخ حەیدەر لە دایک دەبێ و هەر لەو گوندەش ژیانی هاوبەش پێکدێنێ و دواتر ماڵیان دەگوازنەوە بۆ شاری سەردەشت، دایە ئایشێ ژنێکی تێگەیشتوو و خەمخۆر و گەلدۆست بوو، دایکێکی دڵسۆز بۆ منداڵەکانی و بۆ هەموو ئەو کەسانە بوو کە لە نزیکەوە دەیانناسی، لە ئامێزی گەرمی دایکانەی خۆیدا، چەندین ڕۆڵەی تێکۆشەری پەروەردە کردن و بە گشتی لە پێناو ڕزگاری گەلی کورد دا کوڕەکانی بوونە پێشمەرگە و لە خەبات و تێکۆشان دا وەک کادر و فەرماندە خزمەتێکی زۆریان بە حیزبی دێموکراتی کوردستان کرد، دایە ئایشێ لەو پێناوە دا ئازاری زۆری چێشت و زۆرجار لە لایەن جاش و خۆفرۆشانەوە بێ حورمەتی پێکراوە و هەڕەشەی لێکراوە و ئەویش بوێرانە بەگژیان دا چۆتەوە و شانازی بە کوڕەکانی‌یەوە دەکرد.

http://allwallpapersfree.blogspot.com

لە درێژەی خەبات و تێکۆشان دا یەکێک لە کوڕەکانی بە ناوی محەممەد پەردەدار لە ساڵی ١٣٦٤ی هەتاوی لە یەکێک لە شەرە گەورەکانی ناوچەی سەردەشت لە نێوان توژەڵ و نێوزەنگ لە ڕێکەوتی ٠٧ ـ ٠٩ ـ ١٩٨٥ ی زائینی دا، دوای شەڕێکی قارەمانانە شەهید بوو، شەهید محەممەد سەردەستەی دەستەی زەربەتی هێزی شەهید موعینی بوو کە بە دەیان جار زەربەی زۆر قورس و کاریگەری لە پەیکەری دوژمن دابوو و کاتێک هەواڵی شەهیدبوونی بڵاو بۆوە خەمێکی گەورەی خستە نێو دڵی خەڵکی کوردستان و بە تایبەت خەڵکی ناوچەی سەردەشت.
دوای بڵاو بوونەوەی هەواڵی شەهید بوونی محەممەد پەردەدار، یەکێک لە براکانی بە ناوی خالید پەردەدار ناهێڵێ چەکی براکەی بکەوێتە سەر عەرز و دەبێتە پێشمەرگە و دواتر بە هۆی لێهاتوویی وەک فەرماندە و سەرپەل و کادری نێوشاری سەردەشت دیاری کراو و زۆر بوێرانە و قارەمانانە یەک دەیە وەک کادر و پێشمەرگە خزمەتی کرد و هەنووکەش وەک کەسێکی هەڵسوور و چالاک لە ئوسترالیا خزمەت بە گەل و نیشتمان دەکا.
دایە ئایشێ ژنێکی چاونەترس و بوێر بوو، هەر بۆیەش کوڕەکانی لە کاتی پێشمەرگایەتی دا لە ئازاترین پێشمەرگەکانی حیزب بوون، ئەوانەی لەگەڵ کوڕەکانی پێشمەرگە بوون شاهیدی بۆ بوێری و قارەمانەتی و هەڵمەتبەریان دەدەن و کەم پێشمەرگە هەبوون کە لە جەولە و لە کار و تێکۆشانی حیزبی دا هێندە ئامادە و لەسەر پێ بووبن، دایکێک کە هەموو ناخۆشی‌یەکانی کوڕەکانی بە دڵ قەبووڵ کردبوو، لەگەڵیان دەژیا و تەنیا خەمی کوڕەکانی خۆی نەبوو بەڵکوو لە هەر شوێنێک پێشمەرگەیەک بریندار بایە و یا شەهید بوایە خەمی بۆ هەڵدەگرت و بە دڵەوە بۆیان بە پەرۆش دەبوو.
دایە ئایشێ بە جەستە لە نێومان ڕۆیشت بەڵام یاد و ناو و بیرەوەری و گەورەیەکانی لە یاد ناچنەوە و هەردەم لە دڵان دا بە زیندوویی دەمێنێتەوە.
بە بۆنەی کۆچی دوایی دایە ئایشێ سەرەخۆشی لە کاک خالیدی هاورێی هەموو قۆناخەکانی ژیانم و کوڕ و کچەکان و خوشک و براکانی دایە ئایشێ و گشت خزمان دەکەم و خۆم بە شەریکی خەمی لە دەستدانی دایە ئایشێ دەزانم، بە هیوای ئەوە کە کاک خالیدی برام و خزمان بە گشتی تەمەن درێژ و ساخ و سەلامەت بن.
حەمەڕەسووڵ کەریمی