د. قاسملوو قوتابخانەیەک بۆ کوردایەتی و ناسنامەیەک بۆ کورد. ئەنوەر کەریمی
د. قاسملوو قوتابخانەیەک بۆ کوردایەتی و ناسنامەیەک بۆ کورد. ئەنوەر کەریمی
لە مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی گەلی کورددا کەم نین ئەو مرۆڤە خۆنەویست و شۆڕشگێڕ و گیانلەسەردەستانەی لە پێناو ڕزگاری و سەربەستی میللەتەکەیاندا بوونەتە پێشمەرگە و تێکەڵ بە کاروانی نەبڕاوەی خەباتگێڕانی ڕێبازی کوردایەتی بوون و لەو ڕێڕەوەدا ڕۆڵیان لە بەرەوپێشبردنی ئەو بزووتنەوەیەدا هەبووە. لە نێو ئەو هەزاران ڕۆڵە تێکۆشەڕەدا نەقشی چەند کەسێک گەلێک بەرجەستە و بەرچاوە. لە نێو ئەو چەند کەسەشدا ڕۆڵی ڕێبەری کاریزما و سیاسەتوانی کەموێنە و بە دەگمەن هەڵکەوتوو شەهید دکتور قاسملووی مەزن زۆر تایبەتە و دەکرێ بگوترێ تاقانەیە کە وەک ڕووناکیی مانگەشەو و گڕو تینی تیشکی خۆر، ڕۆڵەکانی گەلی کورد و نیشتیمانی داگیرکراومان بە ڕوح و جەستە هەستی پێ دەکەن.
دکتور قاسملوو ئەو سەرکردە پراگماتیکە بوو کە بەکردوە لەنێو مەیدانی خەبات و تێکۆشانی بێوچاندا سەروەری و سەرکەوتنی بۆ گەلە بەشمەینەتەکەی دەخوڵقاند. کێ هەیە شارەزای مێژووی کورد بێ، یا بەدواداچوون بۆ میژووی بزوتنەوی ڕزگاریخوازی گەلی کورد و حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بکات، نەزانێ کە دکتور قاسملوو چۆن حیزبی دێموکراتی کوردستانی لە دوای نەمانی کۆماری کوردستان و لە پاش زەبروزەنگ و ڕاوەدوونانی ئەندامانی حیزبی دێموکڕات لەلایەن دەزگای سەرکوتگەری ساواکی حەمەڕەزا شا کە بەشێکیان تووشی زیندان و بەشێکی بەرچاویان ئاوارەی باشوری کوردستان ببوون و بە هۆی هەلومەرجی ئەوکاتی باشوری کوردستان و شەرایەتی سەپاو بە سەر تەشکیلاتی حیزب و کێشە و گرفتە نێوخۆییەکان تووشی پڕش و بڵاوی ببوون؛ سەرلەنوێ ساختاری ئەو حیزبەی داڕشتەوە. هەروەها چۆن لە یەکەم دەرفەت پێش شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ خۆی وەک سەرکردەیەکی مەیدانی و پێشەنگ و ڕێبەر بە بەرنامە و ئاگاهییەوە گەڕایەوە کوردستان و لە ماوەیەکی کەمدا بە هەزاران هەزار کەس لە ڕۆڵە تێکۆشەرەکانی کورد لە دەوری حیزبی دێموکڕاتی کوردستان کۆ بوونەوە و بەحەق وەک میراتگرێکی بە وەفای کۆماری کوردستان و ئامانجەکانی ڕیساڵەتی ڕێبەری بزوتنەوەی ڕزگاریخوازیی گەلی کوردیان ڕێبەری دەکرد و لە ماوەیەکی کورتدا حیزبی دێموکڕاتیان گەیاندە لوتکە.
لەو کات و ساتەدا کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان زۆر زوو پەرەی گرت و لەنێو ڕیزەکانی دێموکڕاتدا هەزاران پێشمەرگەی چەک لە شان و دەیان هەزار ئەندام و لایەنگری هەبوو، بەڵام قاسملووی زانا باوەڕی بە چارەسەری کێشەی کورد و گەیشتن بە مافەکانی لە ڕێگای دیالۆگ و ئاشتی هەبوو. دکتور قاسملوو سیاسەتی بەپێی ئێحساس و عاتیفە نەدەکرد، بەڵکوو ئەو لە سەر عەرزی واقیع و بە سەرنجدان بە هەلومەرجی خەبات و ناوچە و نێودەوڵەتی و ئیمکانات و هێز و توانای حیزب و میللەتەکەی بەرنامەی سیاسی و تێکۆشانی بۆ حیزبەکەی دادەڕشت. هەر بۆیە حیزبی دێموکرات لە لای هەموو لایەک وەک حیزبێکی بەئیعتیبار و بەنفوز و خاوەن پرستییژی تایبەت سەیر دەکرا و حیسابیان لەسەر دروشم و پەیام و بەرنامەکانی حیزب دەکرد.
دکتور قاسملوو دەگەڵ ئەوەیکە باوەڕی تەواوی بە دیاریکردنی مافی چارەنووسی گەلی کورد هەبوو و دەوڵەتی کوردی بە مافی ڕەوای نەتەوەیی کورد دەزانی (بڕواننە بۆچوونی دکتور قاسملوو لەو پێوەندیە دا کە لە ژمارەی ٤۷ی تێکۆشەر کە نامیلکەیەکی نێوخۆیی حیزبی دیموکڕاتی کوردستانی ئێرانە بڵاو بۆتەوە) و دەڵێ:
“مافی دانانی چارەنووس ئەگەر بۆ هەموو پارچەکانی کوردستان ڕۆژێک جێبەجێ ببێ، ئەوە بە مانای ئەوەیە کە پێکەوە یەک دەگرنەوە. پێکەوە یەکگرتن مافی جودا بوونەوە نییە. مافی یەکگرتنەوەیە. جودابوونەوە لە میللەتەکانی دیکەیە بەڵام لە واقیع دا حەقی یەکگرتنەوە حەتا لە حەقی جودابوونەوە زیاترە. کە وابوو ئەو حەقەمان هەیە، چونکە دابەشبوونی کوردستان لە واقیعدا دابەش بوونێکی «مەسنوعی»یە”. ئەو لە هەمان کاتدا پێی وابوو کە گەلی کورد بەپێی هەلومەرجی خەبات، دەبێ هەنگاو بە هەنگاو بەرەو گەیشتن بە ماف و ئازادییەکانی گەلی کوردستان بچنە پێش و زۆر بە ڕاشکاوی دژی ئەو سیاسەتە دور لە لۆژیکە بوو کە یا هەموو شتێک یا هیچ شتێک!
دوکتور قاسملوو بە کردەوە لە ساڵی ١٣٥٠ی هەتاوی و دوای کۆنفڕانسی سێهەمی حیزب نەقشی سەرەکی و کلیلیی لە حیزبی دێموکراتدا هەبوو و زۆر زوو توانی ببێتە جێگای هیوا و هومێدی تێکۆشەرانی حیزبی دێموکڕات و گەلی کورد. بەڵام ئەو هەوڵی دەدا و تێدەکۆشا کە فەرهەنگی ڕێبەریی بەکۆمەڵ و کاری بە ۆمەڵ لەنێو حیزبی دێموکراتدا جێ بخا و دژی تەکڕەوی و فەردپەرەستی بوو. هەر بۆیە کاتێک لە میتینگە دەیان هەزار کەسییەکانی شارەکانی کوردستان دوای ڕووخانی ڕێژیمی دیکتاتۆری حەمەڕەزا شاە و لە کاتی وتار پێشکەش کردنی دکتور قاسملوودا لەنێو ئاپۆرای دەیان هەزار کەسیی خەڵک بە دەنگی بەرز دروشمی “دروود بۆ قاسملوو”یان دەگوتەوە، ئەو زۆر بە جیدی دژی ئەم دروشمە دەوەستایەوە و دەیگوت لە حیزبی دێموکڕاتدا شەخس پەرستی مەمنوعە و دەبێ هەموو دروشمی بژی دێموکڕات بڵێنەوە.
دوکتور قاسملوو دەگەڵ ئەوەی باوەڕی وابوو گەلی کورد لە پێناو ڕزگاریدا دەبێ تەنیا پشت بە هێزی خۆی ببەستێ، بەڵام زۆر بە جیدی و بە بەرنامە شان بە شانی ڕێکخستن و بەرینکردنەوەی سەنگەری هێزی پێشمەرگەی کوردستان و تێکۆشانی بەرچاو لە نێوخۆی نیشتیماندا، هەوڵە دیپڵۆماسی و پێوەندییە نێونەتەوییەکانی کردبوەە بەشێکی گرینگ لە تێکۆشانی حیزب و بزوتنەوە ڕەواکەی خەلکی ماف زەوتکراوی کورد، تا لەو ڕێگایەوە کێشەی کورد بە دنیا بناسێنێ و دۆست و پشتیوان بۆ ماف و داخوازییەکانی نەتەوەی کورد بە دەست بێنێ کە بە ڕاستی زمانزانی و سیاسەتوانیی دکتور قاسملوو وای کرد لەو مەیدانەشدا تاقانە بێ و دەیان حیزب و ڕێکخراو و کەسایەتیی نێونەتەوەیی وەک دۆست بۆ گەلی کورد بە دەست هێنا کە بەشێکیان بوونە سەرمایەکی باش بۆ گەلی کورد بە گشتی. هەر ئەوانەش بوونە لایەنگرێکی باش بۆ پشتیوانی ماف و ئازادیەکانی گەلی کورد لە بەشەکانی دیکەی کوردستان و بە تایبەتی لە باشووری کوردستان! نمونەی هەرە بەرچاویان نەمر دانیال میتەران، ئەو کەسایەتیەی مەزنە مرۆڤ و کورددۆستەی کە پشتگیری و پشتیوانییەکەی لە ڕۆژانی هەرە سەخت لە گەلی کورد قەت لەبیر خەڵکی کوردستان و ئازادیخوازان ناچێتەوە.
د.قاسملوو هەموو هەوڵی ئەوە بوو کورد وەکوو میللەتێکی زیاتر لە چل میلیۆنی و مافخوراو بە دونیا بناسێنێ. ئەو ڕێبەرە مەزنە سیاسەتمەدارێکی هەڵکەوتوو و دیپڵۆماتێکی زمان زان و شارازا و سەرکەوتوو بوو. سەرە ڕای ئەوەیکە زۆر دۆست و لایەنگری لە نێو کەسایەتی و سیاسەتوانانی ڕۆژئاوایی بۆ کورد بە دەست هێنا و سەرنجی دونیای دەرەوەی بۆ لای کورد و کێشە ڕەواکەی ڕاکێشا، لە هەمان کاتدا تەنیا پشتی بە گەلەکەی خۆی بەستبوو و داوا و مافە ڕەواکانی گەلەکەی کرد بە بەرنامەیەکی مۆدێڕن و دروشمی جێکەوتوو لەنێو حیزبی دێموکڕاتی کوردستاندا. دکتور قاسملوو بۆ گەیشتن بەو ئامانجانە ڕێگای دروست و سەردەمیانەی خەباتی کردە سەر مەشقی تێکۆشان بۆ ئازادیخوازانی گەلی کورد و قەت پەنای بۆ ڕێگای تێرور و تۆقاندن و ڕفاندن و ڕەشەکوژی نەبرد و تەنانەت ئیجازەی نەدەدا دیلەکانی بەرەی شەڕیش بکوژن. د. قاسملوو لە سیاسەتدا واقعبین و ڕاستگۆ بوو. جیاوازیی ئەو سەرکردە کاریزمایە لەگەڵ ڕێبەرانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە گشتی و ڕێبەرە کوردەکان بەتایبەتی ئەوە بوو کە ئەو ڕووداوەکانی لەسەر بناغەی ڕاستی و دور لە چەواشەکردن ئانالیز دەکرد و سیاسەتی بە هونەری مومکین دەزانی و هیچ کات بەرژەوەندیی گەلەکەی فیدای بەرژەوەندیی تاک و حیزب نەدەکرد.
د. قاسملوو لە پێوەندی دەگەڵ پێشرەوبوونی حیزبی سیاسیدا پێیوابوو حیزبی پێشڕەو دەبێ خۆی لەگەڵ ئاڵوگۆڕەکانی ناوچە و دونیا بەڕۆژ بکاتەوە. بە جۆرێک کە لە پێشڕەو بوونی خەڵکدا نە ئەوەندە دوور بێ کە خەلک نەیبینێ و نە ئەوەندە دواکەوتوو بێ کە خەڵک وەپێشی کەوێ. حیزبێکی پێشڕەو دەبێ چرای ڕووناکیی ڕێگای ئازادیی خەلک بێ.
د. قاسملوو کەسایەتییەکی ئاکادەمیک و سیاسەتزانێکی کەموێنە بوو. هەم ڕێبەر، هەم پێشمەرگە و هەم دیپلوماتیکی بێ وێنە بوو. د.قاسملوو لەو دەگمەن ڕێبەرانە بوو کە ئەخلاقی هێنایە نێو سیاسەت و بەرنامەیکی مودێرنی بو حیزبەکەی خوی داڕشت، مافی ژن و پیاوی بەبێ جیاوازی و وەک یەک پێناسە و نەهادینە کرد. ئەو دژی هەموو تێرۆریکی شەخسی و فیزیکی بوو، هەر بۆیە دۆستانێکی زۆر بەوەفای بۆ گەلەکەی وەدەست هێنا.
دوکتور قاسملوو یەکەم کەسایەتی و سەرکردەی کورد بوو کە بۆ یەکەم جار بەشداری کۆنگرەی ئەنترناسیۆناڵ سۆسیالیست بوو و یارمەتیی بە حیزب و ڕێکخراوەکانی دیکەی کوردستان کرد کە ڕێگایان بۆ ئەو ڕێکخراوە جیهانییەکان بکرێتەوە، کە سەدان کەسایەتیی سیاسی و دەیان وڵات لە ڕادەی نێونەتەوەییدا تێدا ئەندامن کە ئەوکات دوای ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان گەورەترین ڕێکخراوی جیهانی بوو.
ئەگەرچی بە خۆشییەوە هەر دوو بەشەکەی دێموکڕات و قوتابیانی بە وەفای ڕێبازی قاسملوو کە ڕێبازی دێموکڕاتە هەروا لە سەر پێ و درێژە پێدەری ڕێگای ئەو سەرکردە نەمرن (هیوادارم هەرچی زووتر بنەماڵەی گەورەی دێموکڕات و حیزبەکەی قاسملوو وەسەر یەک بکەونەوە)بەڵام بە داخەوە هەتا ئێستا و دوای تێرۆری ڕێبەری مەزن دکتور قاسملوو لەلایەن دیپلۆمات تێرۆریستەکانی ڕێژیمی تێرۆریستیی ئێران کەلێنی گەورەی ئەو خەسارە قورسە پڕ نەبووەتەوە. بەڵام لەوەی دڵنیام کە ڕێبوارانی بەوەفای ڕێبازی دکتور قاسملوو و خەڵکی بەئەمەگی کوردستان و قاسملووی خۆشەویست تا گەیشتن بە ئامانجە پیرۆزەکانی ڕێبەری شەهید و گشت شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری کوردستان لە خەبات و تێکۆشان ناوەستن.
ئەم نووسینە بە وتەیەکی باڵوێزی پێشووی دەوڵەتی فەڕانسە لە حکومەتی هەریمی کوردستان، دکتور فریدیک تیسۆ لەسەر کەسایەتیی زیندەیاد دکتور قاسملوو کۆتایی پێ دێنم: “زۆر جار منداڵەکانم لێم دەپرسن؛ باشە تۆ بۆ ئەوەندە کوردت خۆش دەوێ؟ منیش هیچ دەلیلێک شک نابەم جیا لەوەی کە پێیان دەڵێم؛ چۆن دەکرێ کەسێکی وەک دوکتور قاسملوو ببینی و میللەتەکەیت خۆش نەوێ… ماڵەکەی ئێستام هەر ٣٠٠ میترێک لە شوێنی مانەوەی شەهیدان دوکتور قاسملوو و دوکتور شەرەفکەندی لە پاریس دوورە، بۆیە وەسیەتم کردووە و لێرەش جارێکی دیکەی دووپات دەکەمەوە؛ بۆ ئەوەی لە دونیاکەی دیکەیش هاوڕێ و نزیکی قاسملوو و شەرەفکەندی بم، داوا دەکەم لە پێرلاشێز و لای گۆڕی ئەوان بمنێژن.”