پیرۆزبایی ماڵپەری گیارەنگ بە بۆنەی تێپەرینی ١٩ ساڵ لە کاری مێدیایی

پیرۆزبایی ماڵپەری گیارەنگ بە بۆنەی تێپەرینی ١٩ ساڵ لە کاری مێدیایی

ساڵانیکی دوور و درێژە کە ڕۆژنامە و گۆڤار و ڕادیۆ و تەلەفزیۆن لە ڕێگای جۆراوجۆرەوە دەبنە میوانی کۆمەڵگا، بە گشتی خەڵک بیرەوەری خۆش و ناخۆشی‌یان لەو مێدیایانە هەیە، بە دڵنیایەوە ئەو ڕۆژانە بۆ بەشێک لە خەڵک بوونە یادوارە و بیرەوەری و هەر بۆیەش زۆرجار بە تاسەوە باسی ئەو ڕۆژانە و هەروەها لاپەرە ڕەش و سپی و جارجار ڕەنگی‌یەکانی گۆڤارەکان دەکەن، سەردەمانێک تەلەفزیۆنەکان ڕەش و سپی بوون و هەموو رەنگەکان وەک یەک بە ڕەش و سپی دەبیندران و چەند شەپۆلێکی رادیۆش بە گۆرانی و بە هەواڵ و بە بەسەرهاتی جۆراوجۆر لە دیواخان و قاوەخانە و جارجار لە مووچە و مەزرای خەلک دەبیستران و خەڵک پێیان دڵخۆش دەبوون.

ئەوانە و زۆر نووسراوە و گوتار لە دەستی کارگێرانی حکوومەتی دابوون و پێش بڵاوبوونەوە و دەرچوونیان بەردەوام کۆنترۆڵ دەکران و سانسۆریان لەسەر بوو، بەو حاڵەشەوە، خەڵک چاوەروانی هاتن و دەرچوونیان دەکرد.

نزیک بە ٣٠ ساڵی ڕابردوو بە هۆی پێشکەوتنی تیکنۆلۆژی و بەربڵاوی ئینترنێت زۆرێک لە کاری ئانالۆگی‌یەکان بوونە دیجیتاڵی و ئەوەش مەجالی بۆ زۆرێک لە ڕێکخراوە مەدەنی و سیاسی و غەیرە حکوومەتی‌یەکان و تەنانەت گرووپ و تاکەکانی کۆمەڵگا ڕەخساند کە بتوانن کارە دڵخوازەکانی خۆیان بکەن و یا بە خولیاکانی خۆیان بگەن.

بە هاتنە بازاری کامپیوتێر و ئینترنێت بەرەبەرە کارەکانیش ئاسانتر بوونەوە و لە هەمانکاتیش دا دونیا بچووکتر بۆوە، ئەگەر پێشتر کەس و یا کەسانێک بە هۆی فیلتەری حکوومەتی نەیان دەتوانی کارە ڕۆژنامەوانی‌یەکانی خۆیان نووسین و بابەت و فیلم و وێنەکانیان بڵاو بکەنەوە، ئەوجار بە کامپیوتیر و ئینترنێتی شەخسی خۆی، بێ ئەوەی ببێتە کارمەند و مووچەخۆری حکوومەتی و لە فیلتەرەکان بترسێ، هەر لە ماڵی خۆی را کۆمەڵێک بڵاوکراوەی ئینترنێتی لە ڕێگای وێبلاگ و ماڵپەر و ئێمێل و نامەوە بە کلیک و چرکەیەک بۆ ئەو شوێنانەی پێی خۆش بوو دەنارد.

لە گەڵ هەموو ئەوانەش دا دیسان حکوومەتە دیکتاتۆرەکان بە دانانی بەربەستی جۆراوجۆر هەوڵیان داوە کە پێش بە مێدیای ئازاد بگرن و لەو سۆنگەیەوە ساڵانە بە هەزاران کەس بە تاوانی بڵاوکردنەوەی بیروبۆچوونی تاکەکەسی، ڕاپێچی زیندان کراون و تەنانەت بەشێکیان هەر بەو تاوان هەڵبەستنانە لە سێدارەش دراون.

یەکێک لە خولیاکانم ئەوە بوو کە بتوانم، کارێکی مێدیایی بکەم، بۆیە دوای هاتنە دەرەوم بۆ ئوروپا و هەر لە یەکەم ساڵەکانی دەستپێکی ژیانم لە سوئێد و دەست پێراگەیشتنم بە کامپیوتێر و ئینترنێت بیرم لە رۆژنامەیەکی ئێلکترۆنی کردەوە و بە خۆشیەوە پاش ماوەیەک کار و خوێندن بۆ فێربوونی چۆنیەتی دەست پێراگەیشتن و درووستکردنی ماڵپەر، لە ڕێکەوتی ٢٢ ـ ٠٤ ـ ٢٠٠٣ دا لە ڕۆژی ڕۆژنامەگەری کوردی دا یەکەم لاپەرەی ئینترنتێم بە ناوی گیاڕەنگ بڵاو کردەوە و دوو ڕۆژ دواتر بۆ ڕێز لێنان لە شەهیدان و بوردومانی ٢٤ ـ ٠٤ ـ ١٩٧٤ی زائیینی شاری قەڵادزێ ماڵپەری گیاڕەنگ بە ڕەسمی و بە سادە و ساکاری، بەڵام بە پرنسیپی ڕۆژنامەوانی‌یەوە، دەستی بە کارەکانی خۆی کرد و لەو کاتەوە تا ئێستا ١٩ ساڵ بە سەر کاری ئەو ماڵپەرەدا تێپەر دەبێ و بۆتە سەکۆیەکی هەمەڕەنگی گشت لایەک.

لە ماوەی ١٩ ساڵ کاری مێدیایی و ڕۆژنامەگەری ماڵپەری گیاڕەنگ دا، شاهیدی ئەوە بووین کە زۆرێک لە ماڵپەرە حکوومەتی و ناحکوومەتی‌یەکان و سیاسی و مەدەنی‌یەکان و هەروەها ماڵپەرە تاکە کەسی و گرووپی‌یەکان دوای چەند مانگ و یا چەند ساڵ کارکردن، بە هۆی گیروگرفتی تایبەت بە خۆیان نەیتوانیوە درێژە بە وەشانەکانی ماڵپەرەکانیان بدەن و داخراون و ئەوەی گیاڕەنگ لەوان جیا دەکاتەوە، بەردەوامی ماڵپەری گیاڕەنگ و پابەندبوون بە پرنسیپی ڕۆژنامەوانی بووە.

لەو پەیوەندی‌یەدا بەخۆشیەوە ماڵپەری گیاڕەنگ بە بێ دابڕان و بە بێ وەستان ١٩ ساڵە دەبێتە میوانی بەشێکی بەرچاو لە خەڵکی کوردستان و بە تایبەت کوردانی تاراوگەنشین. لە ماوەی ١٩ ساڵی ڕابردوو دا چەندجار خۆی نوێ کردۆتەوە و بەرگ و سیمای خۆی بە پێی سەردەم گۆڕیوە و بە ڕووی دەرەوەدا جوانکاری خۆی کردووە و لەو پەیوەندی‌یەشدا چەندجارێک تووشی گرفتی تایبەت بە خۆی بووە.

بە خۆشیەوە بۆ چارەسەری گرفتەکان کەسانێکی خۆبەخش یارمەتیان داوین و لە دوایین نوێکاری دا کە لە ساڵی ٢٠٢١ دا بە بۆنەی ١٩ ساڵەی گیاڕەنگ کراوە هاورێی ماندوویینەناس کاک ئیبراهیم عەزیزی شارەزای بواری دیزاین و ڕێکخستنی ماڵپەر، زەحمەتی زۆری کێشاوە و هاوکاتیش مامۆستا فاروق قوبادی کە یەکێکە لە کەسە دیارەکانی بواری دیزاین و جوانکاری و شێوەکاری دیجیتاڵی لە ڕێنوێنی‌یەکانی خۆی بێ‌بەشی نەکردووین.

خاڵی سەرەکی زیندوو مانەوە و لە سەرپێ بوونی ماڵپەری گیاڕەنگ هاوکاری بێ پسانەوەی بەشێک لە نووسەران ، وەرگێران ، ئەدیبان و شاعیران ، خوێنەران و بینەرانی و هاورێیەکانی ماڵپەری گیاڕەنگ بوون کە بە ناردنی بابەت و نووسراوەی سیاسی ، ئەدەبی ، کۆمەڵایەتی و بە نووسینی بیرەوەری و ناردنی پێشنیار ، تێ‌بینی و ڕەخنە ماڵپەرەکەیان بە زیندوویی هێشتۆتەوە و ئەوەش بە گەورەترین دیاری مەعنەوی بۆ ماڵپەری گیاڕەنگ دەزانم.

لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوو دا هاورێیانی بەرێزم کاک ئاوات حەسەن‌پوور، کاک وەستا ڕەحمان خالیدنژاد و کاک نادر ئەمینی ماڵپەری گیاڕەنگیان سپۆنسەر کرد، ئەو بەرێزانە بە یارمەتی خۆیان بۆ چەند ساڵێک گیاڕەنگیان وەک هەمیشە بە ڕەنگینی لە سەر پێ ڕاگرتووە و لەو پەیوەندی‌یەدا وێرای سوپاس بۆ ئەو بەرێزانە هاوکاتیش سوپاسی هەموو ئەو بەرێزانە دەکەین کە بە توانایی خۆیان لە هەموو بوارەکاندا ماڵپەری گیاڕەنگیان بە زیندوویی هێشتۆتەوە و خۆیان بە گیارەنگ دەزانن و گیارەنگیش بە ئی خۆیان.

ماڵپەری گیارەنگ لە هەموو وەرزەکانی ساڵدا، لە ڕۆژ و لە حەوتوو و مانگدا، بە پێی رۆژمێری مێژوویی کوردستان وەشانەکانی خۆی ڕێکخستوون. لە ڕۆژە خۆش و ناخۆشەکاندا، لە کارەساتە دڵتەزێن و لەبیر نەکراوەکاندا و بە گشتی لە خەم و ئازار و شادی و خۆشی‌یەکانی گەلی کوردستان دا شەریک بووە و بە پێی توانای خۆی ئەو ڕۆژانەی بەرز ڕاگرتووە.

لە کۆتایی دا جێگای خۆیەتی سڵاو بنێرین بۆ بنەماڵەی بەدرخانی‌یەکان سەر قافڵەی کاری ڕۆژنامەگەری کوردی و هەروەها سڵاو بنێرین بۆ بیری پێشەوا و کۆماری کوردستان و ڕێبەرانی شۆرشی گەلی کورد و خۆراگری شاری قەڵادزێی دووجار شەهید و هەموو ڕێبوارانی ڕێگای ڕۆژنامەگەری و شۆرشی کوردستان، لێرەوە چەپکە گوڵی ڕێز و خۆشەویستیان پێشکەش دەکەین.

بەرێوەبەری ماڵپەری گیارەنگ

حەمەرەسووڵ کەریمی

٢١ ـ ٠٤ ـ ٢٠٢١