بۆخۆی حەڵاڵە و بۆخەڵکی حەرام. مستەفا ئەمیری

‌دەفتەرەکەی وێک هێنا و باسکەکانی لێک کردنەوە و سینگی دەرپەراند و خۆی کێشاوە و لە حاڵێک دا لە پشتەوە ڕا چاوی لەم ژن و پیاوە بوو کە هەر ئێستا سیغەی کردبوون و لە دیوەکەی دە چوونە دەر، زاری بستیک کردبۆوە و باوێشکیکی قووڵی هاتێ و گوتی: خوایە گیان زۆر شوکور ئەوە ئەرکی ئەورۆشم بە جێگەیاند.ئەورۆژە زیاتر لە ڕۆژان ماندوو دیار بوو.سندووقی پووڵەکەی بەتاڵ کرد و پووڵەکەی لە پرێسکەیەک پێچاوە و لە گۆشەی کاغەزێک دا نووسی پووڵی ٤٥ سیغەی ئەورۆ.کاغەزەکەی لە نێو پریسکە پووڵەکەی نا و لە تەنگەی باخەڵی هاویشت. دەستێکی بە سەر ڕیشی سپی خۆی داهینا و سەر کۆشی تەکاند و هەستا حەوا. عەبا ڕەشەکەی کە بە بزماری دیواری پشت سەرێوە هەڵواسرابوو لێوە کرد و لە بەر خۆی کرد.دەرگای شوێنی کارەکەی گاڵە دا و بەرە ماڵ بۆوە.

سەرێکی لە بازاڕی سەوزە و میوە فرۆشان ڕاکرد. بۆئەوەی بۆ شۆرباو گۆشتی شەو کە بە تەلەفون لەماڵێ ڕا پێ گوترابوو هێندێک سەوزە بکرێت. لە نێو بازار ئەوانەی دەیانناسی سڵاویان لێ دەکرد و لە بەری هەڵ دەستان. ئی واش بوو بە ئانقەست ڕووی لێ وەر دەگێرا و لە بەر خۆیەوە بۆڵەیەکی لێ دەهات.ئاخوند خێرا لە مانای بۆڵەکەی دەگەیشت و دەیزانی دەڵین چی. تەنانەت گوێ لێ بوو کە یەکێک بە ڕەفیقەکەی پەنا دەستی دەگوت:چاو لە قەد و گیپاڵی ئەو ئاخوندە مەسخەرەیەی کە. هێندەی لەو نەوعە بێ ڕێزیە دیبوو و بیستبوو بۆی ببوو بە عادەت و گۆیی نەدەبزووت.

بایەکی توندی دەهات.شاقەلەکانی خر کردەوە.هەنگاوی بەرەو ماڵ خۆشتر کرد.لە ڕییە هەر بیری لەو ژنەی دەکردەوە کە دوای نان و چای نیوەرۆی ئەمرۆ بۆ ماوەی سەعاتێک لە خۆی مارە کردبوو.هەر لە شوینی کارەکەی ئەو یەک سەعاتەی لە خزمەت دابوو.!!!! بیری لە حەڵال و حەرامی کارەکەی نەدەکردەوە.تەنیا بیری لەوە دەکردەوە نەکا خێزانی بزانێ کە ئەو دۆخینی حەرامی کردۆتەوە.

هەرکە گەیشتەوە ماڵ و وەژوور کەوت، سەوزە و میوەی تەحویلی خێزانی دا و بە بەهانەی ئەوەی کە ئەورۆ هەوای زۆر گەرم بوو و هەموو لەشی ئارەقەیە، خۆی لە حەمامێ هاویشت و لەش پیسی لە خۆ دوور کرد و بە ئاوی خاوێن غووسڵی کرد. لە ئاوینەی حەمام دا چاوی لە خۆی دەکرد و وەک ئەوەی سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەست هینابێت بزەی دەهاتێ و دیگوت ئەوەی ئەو جارەم عەجەب شتێک بووو. سوبحانەڵڵا…..

نان داندرا و سفرە ڕازاوە..ئاخوند نانی ورد کرد و لە قاپە شۆرباوەکەی کوشی.دەستی بەخواردن کرد.لە گەڵ هەر پارووەی کە لێی دەدا قولێکیشی سەوزە ڕەگەڵ دەخست.لە گەڵ هەموو هەڵسو کەوتێکی خێزانی سەری دەگێرا.جار جار چاوی لە چاوی دەکرد و خۆی خوین شیرن نیشان دەدەا و قسەی خۆشی بۆ دەکرد.

خێزانی لێی پرسی:

– کار چۆن بوو؟ زۆر بوو؟

– زۆر باش بوو.٤٥ نا، ٤٤ دانەم سیغە کرد.

ئەوەی کە لە خۆی سیغە کرد بوو دەری هاویشت و بۆ خێزانی حیساب نەکرد.

بیری دەکردەوە و لە دڵە خۆی دا دەی گوت:

– بڵێی شک نەکا؟.کورە شکی چ دەکا.خۆ عیلمی غەیبی پێ نییە.باشە بۆهەتا ئێستا شکی نەکردوە بۆ ڕاست ئەو جارەی شک دەکا.هەی لەمنت نەکەوێ مەلا.ئەوەی لەدڵە خۆی دا گوت و ئاخر پارووی لە قاپەکەی دا و هەستا سەر پێ و بەخێزانی گوت بەزیادی کات. چوو لەگۆشەی وەتاخەکەی روو بە پەنجەرەی دەرێ پاڵی داوە.

خێزانی خەریکی چا تێ کردن بوون کە شۆقی چرای ماشینک لە دەرەوە لە دووری ماڵیان سرنجی ئاخوندی ڕاکێشا.هەستا و چۆ پێش پەنجەرە.دوو ماشێنی باری دیت کە لە مەیدانی پێش ماڵەکەی خەریکی هەڵڕشتنی بەردان بوون و بۆردزێلێکیش خەریکی قوولکە هەلکەندن بوو.بە خیزانی گوت:دەڵێی خەریکن ماڵی دیکە سازدەکەن.

خێزانیشی هاتە بەر پەنجەرە و لەگەڵ ئەوەی چاوی لە دەرێ دەکرد.دۆعای دەکرد ئەگەر قەرارە خانووی لێرە ساز کەن،جیرانی باشیان بە نەسیب بێت.ئەو شەوەی ئاخوند وازی نەبوو نەیتوانی زۆر بە خەبەر بێت. هەر بۆیە نوێژی خەوتنانی کرد و زووترلە شەوان تێخزا.

بەیانی لە گەڵ خێزانی خەریکی نان و چا خواردن بوون.تاو هەلات بوو و وڵاتی گەرم داهێنابوو.خەڵکێکی زۆریان لە دەروەی ماڵە خۆیان دیت.خەڵکەکە هەر دەهات و زۆری دەکرد.پیان سەیر بوو .ئەوە چ باسە.خۆی پێچاوە و بە خیزانی گوت:من ئەوە دەرۆم بزانم چ باسە و لە وێشەوە دەرۆم بۆ سەر کارەکەم.خوا حافیز.

خەڵک هەر دەهات و زیادیان دەکرد.ئاخوند لە نێو خەڵکەکە دابوو.پرسی ئەرێ ئەوە چ باسە موسوڵمانینە؟.یەک دوویەک لێی هاتنە پێش و دوای سڵاو گوتیان:

– نەتزانیوە جەنابی ئاخوند؟

– کورە نەوەڵا. بە قورعانی لێم خوێندوە ئاگام لە مەحموودی بێ زەواد نییە!!!

پیاوێکی بە تەمەن لە حاڵێک دا دوو خڕکە بەردی لە چنگی دابوو هاتە پەنای و گوتی :

– قوربان،ئیستێکی دیکە ژن پێاوێکی لامزەهەب ئا لێرە بەردە باران دەکەین.

– ئای دەستتان خۆش بێت. -ئەوانەی کاری غەیری شەرعی بکەن ئەوە عاقیبەتیانە.

ئاخوند داهاتبۆە بۆ هەڵگرتنی بەردێکی لەبار بۆ بەردە بارانی ژن و پیاویک کە کە هەر دووک لا ساحەبی ماڵ منداڵ بوون. بەڵام یەکتریان بە دزی خۆش ویستبوو.لە حاڵێک دا ئاخوند لە بیری چووبۆوە کە ئەوانەی ئیستێکی دی بەردە باران دەکرین هەر بە و تاوانەیە کە دوینێ بۆ خۆی لە گەڵ کەسێکی دیکەی کردبوو.بەڵام وێدەچوو بۆ وی حەڵاڵ و بۆ ئەوان حەرام بووبێ.

هێندەی پێ نەچوو دوو نەفەری زیندوو و زەندەق چووی لە توورەکە پێچراویان بە نێو چرە و گورەی خەڵک دا هێنا و لە پێش کۆگا بەردەکان هەر یەکەو لە قوڵکەیەکیان نان و تا نێو قەدیان لە گڵ گرتن.خەڵک هەموو دیانزانی چ باسە. تەنیا منداڵە پێنەگەیشتوەکان نەیان دەزانی چ باسە.چاوەرێ بوون بزانن گەورە پێگەیشتوەکان بە تەمان چ گەمە ویارییەکیان بۆ ساز کەن !! ئەوان پێیان وا بوو ئەو خەڵکە بۆ خۆشی لە وێ کۆ بوونەتەوە.هەر یەکەی بەقومار کردن بەو لاو ئەولا دا هەڵ دەهاتن.

نەرەی دەنگی مەلایەک لە پشت میکروفۆن کە لە بڵنگۆکانی دەوروبەر دەهاتە دەر هەڵڵا و بگری خەلکی بێدەنگ کرد.مەلا دوای خویندنەوەی چەند ئایەتێک ونێو بردنی ئەو ژن و پیاوە بێ دەستەڵاتانە و ڕاگەیاندنی تاوانیان، حوکمی بەردەبارانیانی دەر کرد.

هەر ئەوەندەی بڵێی یەک و دوو خەڵک وەک دەورانی وەحشی گەری ڕژانە سەر ئەو دوو کۆگا بەردە و ئەو دوو بەستەزمانانیان بەرد باران کرد!!!ئای چ دیمەنێکی دڵتەزین و غەیری ئینسانی بوو.مەلی سەر دارەکان هەموویان هەڵفریبوون .منداڵەکان دەستیان لەقومار هەڵگرتبوو.لە گۆشەیەک کۆ ببونەوە عەبەسابوون کە ئەوە دەبێ چ گەمەیەک بێت!!!!!.

هەورێکی ڕەش ئاسمانی شاری داگرتبوو. ئاخوندى فيله زانى شيعه دەرگای گاڵە دراوی دووکانەکەی کردوەوە و عەبا تۆزاوی وپیسەکەی کە لە کاتی بەرد بارانەکەی دا وە بەر پییان کەوتبوو،تەکاند و وەک ڕۆژان بە بزماری دیواری پشت سەری داکرد و لە سەر سەندەڵیەکەی دانیشت و دەفتەری مارە کردنەکەی دەر هینا و لەسەر مێزی بەر دەمی دانا و شادوئیمانیکی بە حەقی هیناو و دەسبەکار بوو بۆ سیغە کڕدنی ژن و پیاویک کە تازە هاتبوونە ژوور.سیغەی کردنو پووڵی خۆی وەرگرت و رۆییشتن .ئەوجار بە ڕووی خۆش ڕووی لە ژنێک کرد و گوتی هەر ئەمر و داخوازیەکت هەیە فەرموو!!!!!!

مستەفا ئەمیری٢٠١٣