هەستی نەتەوایەتی . پێشکەش بە ژنی کورد لە ٨ی مارس دا. مستۆ ئەمیری

لە گەڵ دوو خوشکە چووکەکەی لە کووچەی ماڵی خۆیان خەریکی قومار و کایە کردن بوون. بۆنی خۆشی چێشتی دایکیان گەرەکی داگرتبوو.باوکیان تازە لە ئیشی ڕۆژانە ڕا هاتبۆوە .ماندوو و شەکەت لە ژووری دانیشتن دانیشتبوو. پاڵی دابۆوە. لاقی ڕاکێشابوو.فووی لە چای نێو ژێر پیاڵەی بەر دەمی دەکرد.ئەوەندە شەکەت بوو مەجالی سارد بوونەوەی نەدا بە چایەکەی. کە هەر ئێستا خێزانی بۆی دانابوو.بۆئەوی بحەسیتەوە زۆر بە پەلە خۆاردێوە.
‌دەنگۆی دووبارەی ئەوەی کە کوردەکان دەبێت بە زووترین کات لە کەرکووک بار بکەن و عەرەبەکان لە جێگای ئەوان نیشتەجێ بکرێن، بردبووی لە قووڵای بیرێکی قووڵەوە و نوقمی خەیاڵاتی کردبوو.تائیستا سێ جاری پێ گوترا بوو کە دەبێ ماڵەکەی بار کا و کەرکوک بەجێ بهێڵێت. بەڵام جوابی نەدابوونەوە. جار جار لە گەڵ خۆی قسەی دەکرد.
‌-باشە ئەگەر بەزۆر لە سەر ئەم ماڵ و حاڵەم دەرکەن، کە بە ڕەنجی شان و هەزاران بەدبەختی بۆ ئەم منداڵانەم ساز کردوە،داهاتووم چی لێ دێ؟ ئەم ژن و منداڵەم لە کوێ بحاوێنمەوە؟ ئەی ئیشەکەم چی بە سەر دێت؟ئاخر خوایە ئەمە کەی رەوایە.بۆ دەبێ لەو شوینەم هەڵکەنن و دوورم کەنەوە کە خۆم و منداڵم و باب و باپیرم لێی لە دایک بوون و لێی ژیاوەن؟

بانگ کردنی خێزانی بۆ نان خواردن ڕایچڵەکاند و لە خەیاڵانی هینا دەر.

– پیاوەکە نان سازە وەرە ئەگەر نانی دەخۆی.

– باشە تا بانگی منداڵەکان دەکەی، دەستان دەشۆم و دێم.

دایک لە پەنجەرە سەر وە دەر دەنێت و خۆ بە قوربانی کچەکانی دەکا و بانگیان دەکات و دەڵێ وەرنەوە ژوورێ نان سازە.

کچەکان ئاخر نۆبەی قوماری باز بازێنەکەیان تەوا کرد و بەرەو ماڵ بوونەوە.لە پڕ دیتیان ماشینێکی زیلی عەسکەری لەو سەری کووچەکەیان وەدەر کەوت.بە ڕا کردن چوونەوە حەساری ماڵ و بە هەناسە بڕکە خۆیان بە ژوور داکرد و بە پەرۆشەوە بانگی باوکیان کرد:

– باوکە باوکە.

– ئا چێ کچە جوانەکانم چ بووە بۆ وا پەشۆکاون.

– زیلێکی سەربازیمان دیت بەرەو ماڵی ئیمە دەهات.

باوک کە ئەوەی بیست خیرا لە پەنجەروە سەیری کرد و دیتی ڕاست دەکەن. ماشێنێک پر لە سەرباز لە ماڵی ئەوان نیزیک بۆتەوە. چۆکەکانی نوشتانەوە.دەیزانی بۆ پێ چۆل کردنی ماڵە وی هاتوون.دایک کە سێ قاپی شۆرباو تێ کردبوو و لە سەر سفرەی دانابوو،دەستی بە کەوچکی قاپی چوارووم رەق ببوو و لە حاڵێک دا چاوی لە هاتنە خواری سەربازان لە ماشێنی زیلی ڕاگیراوی بەر دەرگایان بوو،فرمێسکی بێ دەسڵاتی و داهاتووی ناروونی لە سەر کوڵمان گیر ببو.کچەکان دەوری دایک و بابیان دابوو نەیان دەزانی چ دەقەومێت.چێشت لە قاپان دا سارد بوونەوە و نان نەخورا.کەس ورتەی نەدەهات.حاڵەتێکی ترس هەموویانی داگرتبوو..تەقەی لە دەروازە درانی حەساری ماڵەکەیان بێ دەنگی ژوورەکەی شکاند. باب بە دەنگێکی لەرزۆکەوە گوتی مەیکەنەوە.دەنگی سەربازان لەدەرێ کە هەرایان دەکرد بیکەنەوە جار لەگەڵ جار زیادی دەکرد.

هەر نەیانکردەوە لە ئاکام دا سەربازەکان دەرگایان شکاند و ڕژانە ناو ماڵ و کەل و پەلیان بەو ماڵە پێچاوە و وێک ڕا لە پشت ماشینی زیلی عەسکەریان هاویێشتن و لە شاری بەغدا بەعەرزیان دادان.کچەکان هۆر هۆر دەگریان بۆ بووک و کەل و پەلی بە جێماویان.بە هەرەشەی سەربازان بێدەنگ بوون.!!!!

ساڵیانێکی زۆر بە سەر ئەم ڕووداوە دا تێپەری.ماڵە کەیان لە کەرکووک بنەماڵەیەکی عەرەبی تێدا دەژیا.بۆخۆیان لەماڵێکی کۆن لەگەرێکی فەقیر نشین لە شاری بەغدا لە نزیک ماڵی خزمێکیان دەژیان. دایک و باب پیر ببوون .باب چیتر تاقەتی کرێکاری نەمابوو.

کچەکان گەورە ببوون .هەرسیکیان شوویان کرد بوو.

شەو درەنگان بوو خوشکە چووکەکە بەژانی منداڵ بوونەوە لە گەڵ مامایەک لە ماشینی مێردەکەی دا بوو . دەنگی هاواری ئیشی منداڵ بوونی خوشکە چووکە گویی کەر دەکرد.یەک بە خوی هاواری دەکرد: ئای مردم .

مێردەکەی لە گەڵ ئەوەی زۆر وەریا بوو بە ئاخر سورعەت ماشینی لێ دەخوری.بۆ ئەوەی له کاتی خوی دا بگاتە ئەو شوێنەی کە مەبەستیان بوو.

هیشتا هەر شەوبوو .گەیشتبوونە دەروازەی شاری کەرکوک.لە تاریک روونی بەیانی دا واقەی منداڵک دەنگی هاواری پەیتا پەیتای دایکی کەم کردەوە.کاتیک مامانکە منداڵەکەی پیچاوە و دە باوەشی دایکی هاویشت.دایکی لە خۆشیان دەگریا .لەبەر ئەوەی ئەویش وەک خوشکەکانی لە کاتی منداڵ بوونیان توانی بەو هەمووە ئێشەوە ئەم ڕێگا دوورە بە ماشین ببڕێت و خۆ بگەیەنیتەوە شاری خۆی.بۆئەوەی منداڵەکە یان کە گەورە بوو بڵێن ئیمە لە دایک بووی شاری کەرکووکین لە کوردستان.

ناوی منداڵەیەن کە کچێکی جوان بوو نا کوردستان و بەرەو بەغدا وەرێ کەوتنەوە.

ئەوەیە هەستی نەتەوایەتی دایک . پیروز بێ ٨ی مارش رۆژی جیهانی ژن.

مستەفا ئەمیری٢٠١٣