په‌یامی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان به‌ بۆنه‌ی ساڵڕۆژی دامه‌زرانی یه‌کیه‌تیی ژنان

هاونیشتمانانی بەرێز!

ژنان و پیاوانی ئازادیخوازی کوردستان! ئەندامان و لایەنگرانی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان!
هەروەک هەموو لایەک ئاگادارن ٦٧ ساڵ لەمەوبەر لە رۆژی ٢٤ی رەشەممەی ساڵی ١٣٢٤ی هەتاویدا،

لە لایەن حیزبی دێموکراتی کوردستان و لەسەر دەستی پێشەوای نەمر، قازی محەممەد، یەکیەتیی ژنانی دیموکڕاتی کوردستان وەک یەکەمین رێکخراوی سێنفیی ژنان لە رۆژهەڵاتی کوردستان دامەزرا.

دامەزرانی یەکیەتیی ژنان چ لەبواری رێکخراوەیی و سێنفییەوە، چ وەک بەشێک لە بزووتنەوەی رزگاریخوازیی نەتەوەیی کورد و چ وەک یەکێک لە هێما و دیاردە هەرە دیارەکانی کۆمەڵگەی پێشکەوتنخوازی مەدەنی، بەتایبەت لەو بارودۆخەی ئەوکاتی کۆمەڵگەی کوردیدا، گرینگیی تایبەتیی خۆی هەیە و بە خاڵێکی پرشنگداری وەرچەرخانی مێژوویی لە رەوتی ئازادیخوازیی ژنی کورد لە کوردستان و ئێراندا دەژمێردرێ. یەکیەتیی ژنان، بەدرێژایی مێژووی ٦٧ ساڵەی خۆیەوە، هەردەم وەک موحەررێک و پاڵنەرێکی جیددی و کاریگەری باڵی مەدەنیی بزووتنەوەی رزگاری خوازیی کورد بەتایبەت لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەورێکی گرینگ و ئەساسیی لە رەوتی بەرەو پێشچوونی کۆمەڵگەی کوردی، چ لەبواری راکێشانی ژنی کورد بۆ نێو ریزەکانی خەبات و چ وەک ئاگادار کردنەوە و تێگەیاندنی ژنان لە ماف و ئەرکە جۆراوجۆرەکانیان لەنێو کۆر و کۆمەڵی کوردەواریدا گێراوە.

بەرێزان،
ئێمە ئێستا لە هەلومەرجێکدا یادی٦٧ساڵەی دامەزرانی یەکیەتیی ژنانی دیموکڕاتی کوردستان دەکەینەوە کە رەوتی ئاڵوگۆرە جیهانی و ناوچەییەکان بەخێرایی هەرچی زیاتر تێدەپەرێ و کوردستانیش بە ئاقارێکی یەکجار ناسک و هەستیاری مێژووییدا گوزەر دەکا. پر دیارە کە لە دنیای گلۆبال و پێشکەوتووی سەردەمدا، دەور و کاریگەریی ژنان لەسەر رووداوە سیاسی و کۆمەڵایەتییە جۆراوجۆرەکان پر رەنگ و بەرچاوتر دەبێ و بەستراوەیی چارەنووس و داهاتووی مرۆڤ بە رەوش و پێگە و دەوری ژنان لە سیاسەت و کۆمەڵگە و فەرهەنگ و ئابووریی جیهاندا رۆژبەرۆژ زیاتر دەردەکەوێ. رەوتی رووداوەکانی مێژوو بەتایبەت لە چەند دەیەی رابردوودا کاریگەریی موسبەت و ئەرێنیی دەوری ژنان لە بەرەو پێشچوون و بەئاکام گەیشتنی حەرەکەت و گۆرانە جەماوەرییەکانمان لە کۆمەڵگە جیاوازەکاندا بۆ دەردەخا و پێمان دەڵێ کە هیچ بزووتنەوە و خەباتێک بەبێ حزووری چالاکانەی ژنان بە دەرەنجامە دڵخواز و پیرۆزەکانی خۆی ناگات. خۆشبەختانە، ئێستا، ژنانیش بە دەرکێکی گونجاو و مەیداندارانەتر لە خۆیان و دەور و گاریگەرییەکانیان گەیشتوون.

مەیدانداری و دەور و کاریگەریی ژنان لە بزووتنەوە و راپەرینەکانی وڵاتانی عەرەبی لەم چەند ساڵەی رابردوودا، سەلمێنەری بەرز بوونەوەی ئاستی وشیاری و تێگەیشتوویی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ژنان لە مەودایەکی بەرینتر لە پێشوو لەئاستی نێونەتەوەیی دایە. ئەگەر نەڵێین گرینگترین کەچی بەدڵنیاییەوە یەکێک لە گرینگترین حەرەکەتەکانی مەدەنی و جەماوەریی گشتی لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا کەمپەینی یەک میلیۆن ئیمزا بەدژی هەڵاواردنی رەگەزی بوو کە لە لایەن ژنانی چالاک و ئازادیخوازی ئێرانەوە لەم چەند ساڵەی دواییدا بەرێوە چوو. کۆنفرانسەکانی ژنانی رۆژهەڵات لەم چەند ساڵەی رابردوودا، کەسایەتییەکی ئەکتیڤ و حاشاهەڵنەگرانەتری بە دەور و پێگەی ژنان لەچواجێوەی دەستەبەر کردنی ماف و ئازادییە رەواکانی خۆیان لە راستای بزووتنەوەی رزگاری خوازیی گەلی کورد لە هەموو کوردستان و بەتایبەت لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەخشیوە و ئاسۆی دوارۆژێکی روون و خاوەندارانەتری ژنانمان لە گۆرەپانە جۆراوجۆرەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتیی داهاتووی کوردستان پێ نێشان دەدا.

هاورێیانی خۆشەویست، هاونیشتمانە بەرێزەکان، ژنانی خەباتکار و ئازادیخوازی کورد، وەک یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان، سەرەرای هەموو تەنگ و چەڵەمەکانی بەردەم رێگەی خەباتی ئازادیخوازی و یەکسانی خوازیی ژنان و بەلەبەرچاو گرتنی دەور و پێگەی حەقیقیی ژنان لە بەستێنە جۆراوجۆرەکاندا، جارێکی دیکە لەگەڵ خوێنی شەهیدان و بەتایبەت ئەو ژنە قارەمانانەی گیانی پاکیان لەپێناوی رزگاری و ئازادیی وڵاتدا بەخت کردوە، پەیمان تازە دەکەینەوە کە تا دوایین هەناسە و برستی بوون، تا گەیشتن بە ئامانجە پیرۆز و رەواکانمان، بۆ ساتێکیش لە خەبات سڵ نەکەینەوە و کۆڵ نەدەین.

بە سپاسەوە یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان

٢٤ی رەشەممەی ١٣٩١ی هەتاوی، ١٤ی مارسی ٢٠١٣ی زایینی