” نامەیەکی دلسۆزانە بۆ نوێنەرایەتی کورد k.c.k” جەعفەر کەریمی

من لەو باوڕەدام کە: هێڵی ژێر خاڵی سیفر، قۆناغی دەستپێکی حەڕەکەتی رزگاریخوازی کورد بووە و بە شێوەیەکی شاراوە کار لەسەر کۆمەڵگای کورد لە باکوری وڵات کراوە . هێڵی دووهەم: بەهێڵی دەرکەوتنی ئاپۆچی دەستپێداکاو هێدی هێدی بە شێوەیەکی شاراوەو نیوە شاراوە دژی فاشیزمی دڕەندەی تورک سەر وەدەر دەنێ و لە خاڵی سەر سیفردا هەنگاو دەنێن .

هێڵی سێهەم : هەنگاو بە هەنگاو بەرەو پاڕتی بون و دامەزراندنی هێزی بەرەنگار بونەوە ، ئەو هێزەی کە پاشان بووبە هێزی پاراستنی گەل ” H.P.G”. ئەو سێ قۆناغە هەر وا ئاسان نەبووە کە من لە چەند رستەیەکدا قەڵەم بازی بەسەردا بهاوێژم .

شەڕی ” ٤٠” ساڵە ی مێژومان ئەوجار تایبەتمەندی خۆی هەیە و جیاوازییەکی تەواوی لە گەڵ تەواوی شۆڕشەکانی دیکە دا هەیە ، شەڕی پاراستن ، شەڕی سیاسی ، شەڕی کۆمەڵایەتی ، شەڕی ئینکاری نەتەوەیەکی مەزنی وەکو کورد کە هێدی ‌هێدی بەرهەمی ئەو شەڕانە پەل داوێژێتە بەشەکانی دیکەی وڵات .

مێژووی وڵاتانی بن دەست گەلانی چەوساوە لە هەموو جیهاندا خاوەنی سەروەری خۆیەتی و کەس ناتوانێ حاشای لێ بکا، کوردیش لە سەد ساڵی رابوردودا کەمی ئازار وەبەر نەکەوتووە ، سیاسەتی هاوتەریبی داگیرکەرو وڵاتە زلهێزەکان وەها تڕاژیدییایەکی خۆڵقاند کە بۆتە پەڵەیەکی رەش لەسەر ناو چاوانی دونیای بە ناو دێمۆکڕاسی و مرۆڤایەتی .

رادەست کردنەوەی ” رێبەر ئاپۆ ” بە دەسەڵاتی تورک نمونەی زیندوی پازدە ساڵی رابوردویە . دەستی ئاشکرای ئامریکاو ناتۆ ، ئەوانی دیکە روون و ئاشکرایە . لایەکی دیکەوە بەرخۆدانی ئیمڕاڵی و قەندیل وناو خۆی وڵات و هەندەران بۆتە مایەی سەربڵیندی کوردی دڵسۆز و هەموو مرۆوی ئازادی خواز .

پرسیاری مێژوویی ئەوەیە : چارەنوسی گریلا ” هێزی پاراستنی گەل “چۆن ئاڵوگۆڕێکی بەسەردا دێ ؟ ئەو هێزە مەزنە بەرەو کوێ دەڕوا؟ لەداهاتودا ئەرکەکانی چۆن بەڕێوەدەبا ؟ و سەدان پرسیاری دیکە . بنە ماڵی شەهیدان ، تاکی کورد ، کۆمەڵگا بە پەرۆشن کە لە قۆناغی ئاشتیدا چۆن بەرپرسیارەتییەک دەکەوێتە ئەستۆی ئەو قارەمانانە؟

مەبەستی نامەکەی من بۆ نوێنەرایەتی کورد مەبەستێکی دڵسۆزانەو کورد خوازانەیە . کە هیوادارم لە جێگەی خۆی دابێ بگاتە شوێنی تایبەتی خۆی .

ئەگەر لە رابردوودا ئەو هێزە ” هێزی پاراستنی گەل ” بووە و توانیویە مۆری خۆی لە مێژووی سەر دەم بداو وەکی ” سوشیانتی ” هەزارەی سێ ببێتە مایەی رزگاری نەتەوەیی کورد لە داهاتوشدا لەسەر ناوی هەمان ” هێزی پاراستنی گەل” بمێنێتەوە وبەڵام بەو جیاوازییە کە پێواژۆی سیاسی دەستی پێکرد لەسەر ناوی ” هێزی پەروەردەی گەل ” لە شاری ئامەدی خۆشەوستم دەست بەکارو پەروەردەکردنی کوڕو کچی گەنج بداو هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا لە ئامێز بگرێ . گوند بە گوند ، شارۆچکە بە شارۆچکە ، شار بەشاری وڵات داپۆشێ و ئەزمونەکانی شەڕی چەند ساڵی وەکی مێژوو بداتە خەڵک .

بۆ ئەو مەبەستە پێویستیمان بە شوێنیکی گەورەو مەزن لە شاری ” ئامەد ” هەیە کە لە سەر دەرگای مەزنی ئەو شوێنی بە رستەیەکی دیرۆکی بنووسرێ ناوەندی ” هێزی پەروەردەی گەل ” کەلەسەر ناوی پیرۆزی گریلا یانی ” هە ،پە ،گە ” رێگوزەرێکی نوێ لە خەباتی دێمۆکڕاتیک دەست پێدەکا و مامۆستای یەکەمی ئەو زانکۆیە بە سەر پەرستی رێزدار “عەبدوڵڵا ئۆجەلان ” بەهاوکاری کوردی دڵسۆز لە هەموو پارچەکانی کوردوستان دەست بە کارەکانی خۆی دەکا .

خاکی بەر پێی تێکۆشەرێکی کوردم

برای بچوکتان : جەعفەر کەریمی