دوا په‌یامی خامنه‌یی و، بێده‌نگی ریفورمخوازان. ئایه‌ت مرادی فه‌ر
چاوه‌ڕوانی و ئامانجی به‌ره‌ی ریفورمخوازان له هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌رۆك كۆماری له‌وه‌دا بوو كه وه‌ك دوا ئه‌گه‌رێك به‌شداری پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن بكه‌ن و بۆ جارێكی دیكه به ناوی گۆڕان و گۆڕانخوازییه‌وه خۆیان له بازنه‌ی ده‌سه‌لاَت دا ببیننه‌وه و هه‌ر بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش هه‌وڵی چڕ‌وپڕیان دا به‌ربژێری نوێی خۆیان بكه‌نه ئامانج و كۆتایی به ده‌سه‌لاَتی تاقمی پاوانخوازان بێنن و لایه‌نگره ده‌ست به‌سه‌ركراوه‌كانیان له زیندانه‌كاندا رزگار بكه‌ن. هه‌ڵبژاردنه‌كانی پێشووی سه‌رۆك كۆماری ساڵی 1388 گه‌وره‌ترین ڕووداوی تاڵی به‌ره‌ی ریفورمخوازان بوو، چونكه له دوای ئه‌و ڕووداوانه‌دا ده‌سه‌لاَت یه‌ك لایی بووه و به‌ره‌ی ریفورمخوازانيش به ته‌واویی كه‌وتنه په‌راوێزه‌وه. دوا ساته‌كانی ده‌یه‌مین ده‌وه‌ره‌ی ده‌سه‌لاَتی سه‌رۆك كۆماری تاقمی پاوانخوازان به‌ره به‌ره دوا رۆژه‌كانی خۆی ته‌واو ده‌كا و، له‌م پێوه‌ندییه‌دا هه‌لێكی دیكه بۆ ریفورمخوازان هاته ئاراوه كه قه‌ره‌بووی رابردوو بكه‌نه‌وه و له هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌دا به‌ربژێرێك دیاری بكه‌ن كه سه‌ركه‌وتنه‌كانیان مسۆگه‌ر بكا. به هۆی هه‌ڵوێستی ره‌فسه‌نجانی له دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانی پێشووی سه‌رۆك كۆمارییه‌وه، ریفورمخوازان ده‌یانزانی ره‌فسه‌نجانی له نێو به‌ره‌ی تاقمی پاوانخوازدا تا ئاستێك لایه‌نگری خۆی هه‌یه و به خۆپالاَوتنی ناوبراو سه‌ركه‌وتنیان زیاتر ده‌بێ. خۆكاندیدكردنه‌وه‌ی ره‌فسه‌نجانی له دوا ده‌رفه‌تی كۆتایی دا، ریفورمخوازان و لایه‌نه‌كانی دیكه‌ی سه‌ر به‌م به‌ره‌یه پشتیوانی خۆیان له ناوبراو راگه‌یاند و به كه‌سێكی لێهاتووی ئه‌م پۆسته‌یان زانی. به‌لاَم به‌ربژێری ریفورمخوازان له لایه‌ن شوورای نیگابانه‌و ده‌نگی نه‌رێنی پێدرا و، ته‌نانه‌ت یه‌كێك له سه‌رانی هه‌ره پایه به‌رزی نیزام له ئاخافتنێكدا رایگه‌یاند، ره‌فسه‌نجانی كه‌سێكی ده‌سنیشانكراوی ئامریكایه و ئه‌و شۆڕشگێڕه ئینقلابیه‌ی كه هه‌موو ته‌مه‌نی بۆ كۆماری ئیسلامیی و ئامانجه‌كانی ته‌رخان كردبوو كه‌وته به‌ر غه‌زه‌بی تاقمی پاوانخوازان و بێجگه له سپاس كردنێك بۆ لایه‌نگرانی ئاواته‌كانی ره‌فسه‌نجانی كه‌وته خانه‌ی بێده‌نگیه‌وه. جێگای ئاماژه پێكردنه كه له‌و پێوه‌ندییه‌دا ریفورمخوازان و لایه‌نگرانی سه‌ر به‌م به‌ره‌یه به كۆكردنه‌وه‌ی ئیمزا داوایان له خامنه‌یی رێبه‌ری نیزام كرد كه به ده‌سه‌لاَتی رێبه‌رییه‌وه بێته مه‌یدان و ئاوڕێك به سه‌ر بڕیاره‌كانی شوورای نیگهبان بدا، به‌لاَم له دوا په‌یامی ئه‌م دواییانه‌ی رێبه‌ری نیزام ده‌ركه‌وت كه ناوبراو بێجگه له سپاسێك هیچی بۆ به‌ربژێره ره‌د كراوه‌كان پێ نییه و، ته‌نانه‌ت رایگه‌یاند كه نازانێ كه ده‌بێته سه‌رۆك كۆمار و ئه‌وه‌ی ده‌بێته سه‌رك كۆمار ده‌بێ له خزمه‌ت سیاسه‌ته‌كانی كۆماری ئیسلامی دا بێ.
ئاكامه‌كان وا ده‌رده‌كه‌وێ كه ده‌سه‌لاَت ده‌مێكه یه‌ك لایی بۆته‌وه و شتێك به ناوی گۆڕان و گۆڕانخوازییه‌وه ناتوانێ له نیزامێكی دیكتاتوردا بگونجێ كه ماهییه‌تی ئه‌و نیزامه له باری پێشێلكردنی مافی مرۆڤه‌وه له ئاستی دووهه‌م له دونیا دایه
نووسین: ئایه‌ت مرادی فه‌ر