ڕاگەیاندراو بە بۆنەی کۆچی دوایی کاک ئەبووبەکر ڕاد

ڕاگەیەندراو:
بە بۆنەی کۆچی دوایی تێکۆشەری دێرینی دیموکرات “هاوڕێ ئەبووبەکر ڕاد”ەوە بە داخ و کەسەرێکی زۆرەوە ڕادەگەیەنین کە ڕۆژی هەینی ٢٥ی ژانویەی ٢٠١٩ هاوڕێی بەڕێز کاک ئەبووبەکر ڕاد، ئەندامی پێشووی کۆمیتەی ناوندەیی حیزب و تێکۆشەری نەسرەوتووی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان کۆچی دوایی کرد.

کاک ئەبووبەکر ڕاد ، کوڕی گەورە تێکۆشەری کورد مامۆستا قازی عەلی مارەغانییە. قازی عەلی ئەو کەسەی کە هەموو ژیانی بۆ ئازادی و ڕزگاری گەلی کورد تەرخان کرد. قازی عەلی یەکێک لە هەڵسوراوان و چالاکانی کۆماری کوردستان بوو. هزری نەتەوایەتی و ڕزگاریی کورد لە ژێر دەستەیی و دژایەتی لە گەڵ خوڕافاتی ئایینی، بنەمای پەروەردەی بنەماڵەی قازیی ڕاد بوو. کاک ئەبوبەکر، لە بنەماڵە و لەژێر ڕێنوێنی و پەروەردەی ئەم گەورە پیاوەدا، فێری بیری ڕزگاری و ئازادی بوو.

کاک ئەبووبەکر لە ساڵی ١٣٣٤ی هەتاوی لە شاری سەردەشت لە دایک بوو، دەورانی سەرەتایی و مام ناوەندی لەو شارە خوێند و لە ساڵی ١٣٥١ هەتاوی بۆ درێژەدان بە خوێندن و بە مەبەستی بوون بە مامۆستا بۆ دەورەیەکی دوو ساڵەچووە دانیشسەرای پەروەردەی مامۆستایەتی لە شاری خۆیە، لە کۆتایی بەهاری ١٣٥٣ هەتاوی ئەو دەورەیەی بەسەرکەوتوویی تەواو دەکا، پاش پشووی هاوینی ناوبراو  دەورەیەکی ٦ مانگەی نیزامی لە پادگانی سەراب دەبینێ، پاشان دەبێتە سوپاهی دانش و بۆ گوتنەوەی وانە و پەروەردەی مناڵانی کورد گەڕاوە ناوچەی سەردەشت و لە قوتابخانەکانی ئەو شارە دەستی بە کار کرد. کاک ئەبوبەکر لە هەر دوو ئەو قۆناخەدا هەم لە پادگان و هەم لە دەورانی دانیشسەرادا بە هۆی لێهاتوویی دەبێتە ئەرشەدی دانیشسەرا و ئەرشەدی گوردانەکەی .

پەروەردە بوون لە داوێنی بنەماڵەیەکی کوردپەروەر و گەورە بوون لە ناوچەی سەردەشت جێی تێکۆشەرانی جووڵانەوەی ٤٦-٤٧ و دۆستایەتی و هاودەمی دەگەڵ شەهید کاوە مارەغانی یەکێک لە قارەمانەکانی جووڵانەوەی ٤٦-٤٧ و لە هەموو شت گرینگتر دیتنی رۆژانەی جەور و جەفای حکوومەتی پەهلەوی کاک ئەبووبەکری بە رووحی خەباتکارێکی ڕێگای ئازادی کورد و کوردستان پەروەردە و گۆش دابوو، ئەو یەکێک لە هەڵسووراوە چالاکەکانی رێکخستنی خۆپێشاندانەکانی دژی حکوومەتی پاشایەتی و لە پاشانیش یەکێک لەو کەسانە بوو کە لە گەڵ ژومارەیەک چالاکی سیاسی دیکە ئیدارە و کۆنتڕۆڵی ئەمنیەتی شاری سەردەشتیان بەدەستەوە گرت.

هاوکات دەگەڵ ئاشکرابوونی تێکۆشانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان ناوبراو لە ڕێگای تێکۆشەرانی دێموکرات پێوەندیی بە رێبەری حیزبەوە دەگرێ . ئەو یەکێک لەو کەسانە بوو کە رۆڵ و نەقشی بەرچاوی لە دامەزراندن و دەست بەکاربوونی بنکە و بارەگاکانی حیزب لە شاری سەردەشت و ناوچەکانی دەوروبەر بە تایبەت ناوچەی مارەغان، هەبوو.

کاک ئەبووبەکر لە هەوەڵین کۆنفڕانسی حیزبی لە شاری سەردەشت بە ئەندامی کۆمیتەی شار هەڵدەبژێردرێ و پاشانیش لە یەکەمین کۆنفڕانسی کۆمیتەی شارستان کە لە گوندی موسالان گیرا، بە ئەندامی کۆمیتەی شارستانی سەردەشت هەڵبژێردرا.

کاک ئەبووبەکر لە بەهاری ساڵی ١٣٦٠ی هەتاوی بە مەبەستی پەروەردە بوون بۆ ئیدارەی داهاتووی  ئۆرگانەکانی حیزب لە دەورەیەکی تایبەتی پەروەردەی کادر لە “خدراوێ” بەشدار دەبێ، بەم جۆرە کاک  ئەبوو بەرەبەرە دەبێ بە یەکێک لە کادر و سیما بەرچاو و ناسراوەکانی دێموکڕات لە ناوچەی سەردەشت.

هەر ئەوە بوو کە ڕیبەریی حیزبی دێموکڕات لە پاش کۆتایی دەورەی کادرێتی لە ساڵی١٣٦٠ دا بۆ ماوەیەک دەیکاتە بەرپرسی یەکێک لە گرینگترین کۆمیتە شارستانەکانی حیزب واتا پیرانشار، پاش ماوەیەک کارکردن لەوێ، رێبەریی حیزب ناوبراو ئەرکدار دەکا بە مەبەستی کردنەوەی دەفتەری نوێنەرایەتیی حیزب لە بەیروتی پێتەختی لوبنان و هەروەها گرتنی پێوەندی بە رێکخراوە فەلەستینییەکان و کوردەکانی لوبنان وەک ئەندامی هەیئەتێک بچیتە ئەو وڵاتە. هەرچەند بە هۆێ هێرشی ئیسڕائیل بۆ سەر لوبنان و بیروت ئەو مەعمووریەتە زیاتر لە چەند مانگی نەخایاند، بەڵام هەر لەو ماوەیەدا کاک ئەبووبەکر جگە لە هەوڵدان بۆ دامەزراندنی بنکەیەک بۆ نوێنەراتیی حیزب لەو وڵاتە پێوەندیی زۆر باشیشی دەگەڵ رێکخراوە شوڕشگێرە فەلەستینی و کوردییەکان دامەزراند.

کاک ئەبوبەکر لە زۆربەی کۆنگرەکانی حیزب بەشدار بوو ، لە کۆنگری شەش بە ئەندامی جێگری کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردرا و کرا بە ئەندامی “مەڵبەندی سپی سەنگ”  لە قووڵایی ناوچەی موکریان و بوو بە چقڵی چاوی کۆماری ئیسلامی. وەک ئەندامی ناوەندی سپی سەنگ کە سەرپەرستی و پێراگەیشتنی چەندین هێز و کۆمیتەی شاراستانی گەورەی دەگرتەوە، کاک ئەبوو توانایی و لێهاتویی زیاتری خۆی دەرخست. لە کۆنگری ٧دا بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردرا و بوو بە بەرپرسی کۆمیتەی شارستانی پیرانشار و هەتا کۆنگرەی ٨ لەو ناوچەیە ئەرکی ئیدارەی کۆمیتەی شارستانی چالاکانە، بەرێوە برد.

پاش ئینشعابی کۆنگرەی هەشت و لەت بوونی حیزب ناوبراو  بوو بە یەکێک لە دەستەی بەرێوەبەریی حیزبی دیموکڕاتی کوردستانی ئێران ( رێبەرایەتی شۆڕشگێر) و لە کۆنفڕانسی ٤ دا بە ئەندامی رێبەریی حیزب ئینتخاب کرا، لە کۆنگرەکانی ٩ و ١٠ شدا بەشدار و بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردرایەوە. لەماوەیەدا کاک ئەبووبەکر زۆر بەرپرسایەتی هەستیار وەک بەرپرسی تەشکیلاتی ناوخۆ،  بەرپرسی ئاموزیش، کۆمیسیۆنی سیاسی نیزامیی بەڕێوە برد. ماوەیەکیش ئەندامی هەیئەتی ئیجرایی حیزب بوو. ئەم پۆستە قورسترین کاری رۆژانەی حیزبی دەگرتەوە کە لە سێ کەس پێکهاتبوو و کاک ئەبووبەکر، یەکێک لەم سێ کەسە شایستانە بوو. لەم ئەرک و راسپاردانەدا، کەسێکی وشیار، خاوەن هەڵوێست و لێبراو و ورد و کارزان و سەرکەوتوو بوو. پاشان کاک ئەبووبەکر بە هۆی توانایی و لێزانی، گوێزرایەوە بەشی پەیوەندییەکانی حیزب و ناردرایە بەغدا، بۆ درێژە و دامەزراندنی پەیوەندی دەگەڵ سەفارەت و بنکە و بنیاتە جیهانیەکان کە بنکەیان لە بەغدای پایتەختی عێراق هەبوو. هاوکات نوێنەری ئەسڵی یەکەمی حیزب بوو لە بەغدا. لەم بەشەشدا هەموو ئەرکەکانی دیکەی ، سەرکەوتوو و روسوور ، سەفیری پاک و سادقی حیزب و گەلەکەی بوو.

لە دیسامبری ١٩٩٩ وەک پەنابەر هاتە وڵاتی سوید. ناوبراو لە وڵاتی سوید پاش دیتنی چەند دەورەی مامۆستایەتی وەرگرتنی بڕوانامەی پێویست وەک مامۆستای زمانی کوردی لە شاری ستۆکهۆڵم دەست بەکار بوو، لەو ماوەیەدا ناوبراو دووپەڕتووکی بە نرخی فێربوونی زمانی کوردی نووسی و چاپی کردن و دوو دانەشی لە نۆبەی چاپ دان.

کاک ئەبووبەکر مرۆڤێکی تێکۆشەر، خەباتکارێکی نەسرەوتووی رێگای کوردایەتی، پێشمەرگەیەکی ئازا و جەسوور، ئەمین و ئەمانەتدار بوو. ئەبووبەکر ڕاد، لەو ماوەیەشدا لە دەرەوەی وڵات، قەت پشتی حیزبەکەی بەرنەدا، و هەمیشە رێنوێن و هاوکار و پشتگری بەرپرسان حیزب و داکۆکیکارێکی لێزان و وشیاری سیاسەتەکانی حیزبەکەمان بوو. دەگەڵ ئازارەکانی حیزبەکەی و هاورێیانی بوو.

کاک ئەبووبەکر لە ساڵی ٢٠١٦ وە تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بوو و پاش بەربەرەکانییەکی ئازایانە بەداخەوە ئێوارەی ڕۆژی ٢٥ی ژانویەی ٢٠١٩دڵە پڕ لە هیواکەی بۆ ئازادیی کورد و کوردستان لە لێدان کەوت.

بە کۆچی دوایی کاک ئەبووبەکر گەلی کورد لە رۆژهەڵات تێکۆشەرێکی ماندوویی‌نەناس، حیزبی دیموکڕات رۆڵەیەکی بە ئەمەگ و بە هەڵوێست و، دۆستانی بەشێک لە جەستە و بنەماڵەکەی سەرپەرەستێکی بە وەجیان لە دەستدا.

کۆمیتەی دەرەوەی وڵاتی حیزبی دیموکراتی کوردستان، بەم بۆنەیەوە هاوخەمیی قووڵی خۆی بە بنەماڵەی بەڕێز و سەربەرزی کاک ئەبووبەکر ڕاد لە نیوخۆ و دەرەوەی وڵات، بە هەموو  تێکۆشەران و هاوسەنگەرانی دەیان ساڵەی ئەو خەباتکارەی ڕێگای ئازادی و ، بە خەڵکی دڵسۆز و دیموکراتپەروەری سەردەشت رادەگەیەنێ و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێ. بە دڵنیاییەوە یاد و ناوی هاوڕێی خۆشەویست ئەبووبەکر ڕاد، لە ڕیزەکانی حیزبی دیموکرات و بزووتنەوەی کورد دا، بە نەمری و بەرزی دەمێنێتەوە.

روحی شاد و رێگای خەباتی پڕ رێبۆار بێ.

کۆمیتەی بەرێوەبەری دەرەوەی وڵاتی

حیزبی دێمۆکراتی کوردستان

٢٥ی ژانویەی ٢٠١٩

کۆمێنتی تۆ لەسەر بابەت