ئێستا کاتیەتی ئەی پەرلەمانتارەکان. تاهیر عبدوڵڵاپوور

وابزانم کاتی ئەوە هاتووە بیر لەوە بکەنەوە (بەڵێ)ی ئێوە چی دەگەیەنێت، مەگەر ئەوهەموو مناڵە برسییانە نابینن کە لەسەر شەقامەکان دەسووتێن بۆ ڕۆژانەیەک کە ئێوارەیان بە پێکەنین بنەخشێنێت؟ئەو هەموو پیرەپیاوانە نابینن بە دەستەیەک عەلاگەوە دەپاڕێنەوە تا یەکێک بەزەیی بجوڵێت و بە بزەیەکی درۆیینەوە بڵێ من کڕیارم؟

وابزانم کاتی هاتووە بزانن بە دەنگی کێ چوونەتە سەر ئەو کورسییەی بۆتە وێستگەی دزی حزب؟

تاوێک واز لە شەڕی شوقە و ئۆتۆمبێل بێنن و وەرنە سەر شەقام تا بزانن چەند کچۆڵەی کوڵمە بە خۆر سووتاو لەبەردەمتاندا سەر نەوی دەکەن و دەڵێن: خاڵە توخوا خێرێک بکە…پورێ مرادت حاصڵ بێت، خێری مردووت

وەرن با هەراسان بن بە پاڕانەوەی ئەو مناڵانەی کە دەیانەوێ پێڵاوەکانتان بۆ بۆیاخ بکەن، وەرن با بزانن هاوینی بێ سبلیت چەند گەرمە، زستانی بێ نەوت چەند ترسناکە

نە عەیبە و نە شوورەیی، سەرێک بە خانەکانی لەشفرۆشیدا بکەن بزانن چەند ژن بە لاشەیان نان بۆ مناڵەکانیان دەکڕن، بزانن ئەوانەی لە سایەی ئێوەدا پارووی خەڵک دەدزن لەشی چەند کیژۆڵەی ناسکی پێدەکڕن

بڕۆنە سەر سفرەی هەژاران و ببینن ئێوە چی دەخۆن و ئەوان چی؟

ساتێک لە چاوی ئەو دایکە ڕامێنن کە کوڕەکەی بە گیرفانی خاڵی دەنێرێت بۆ مەکتەب، تا بزانن شەرمەزاربوون چەند بە ئازارە!؟

پێموایە کاتییەتی بیرێک لە مانای پەرلەمانتاربوون بکەنەوە، کاتییەتی بزانن (بەڵێ)ی ئێوە واتای چییە؟

ئەرێ چاوی ئێوە ژیانی ئەو کرێکارە دەبینێ کە ڕۆژ تا ئێوارە عەرەق دەڕێژێت و ئێوارەش سەر نزم دەکات لەئاست مناڵەکانیدا، دراوسێکان چوون بۆ سەیران و ئەوانیش لە کونی ژوورەوە حەسرەتیان چەشتووە

دەست بکەن بە گیرفانی گەنجانی شێخەڵا و سەهۆڵەکەدا بزانن بە چەند گیرفان ژەمێکی چەوری ئێوەی پێ دەکڕرێت؟

کاتییەتی بیر بکەنەوە ئێوە بەچی گەیشتن بە ئۆتۆمبێلی جام ڕەش و ڤێلای بەرین و موچەی مفت

بە خوا سوێندتان دەدەم چەندجار بیرتان لەوە کردۆتەوە میللەتێک لەپشتتانەوە وەستاوە کە شەوان دەگری و ڕۆژانیش ڕەنج دەکێشێ؟

بەم نیشتمانە کاولبووە سوێندتان دەدەم کامتان دەتوانێ بەراوردێک لە نێوان کوڕی ئاغا دزەکەی و کوڕی هەژارێکدا بکات؟

بە خوا سوێندتان دەدەم ئێوە قەت زانیوتانە بۆ ڕێتان کەوتۆتە پەرلەمان؟ قەت زانیوتانە دەست بەرزکردنەوەی ئێوە یەکسانە بە فرمێسکی مناڵێکی برسی؟ یەکسانە بە ئاهی حەسرەتی دایکێک بەدیار جلی دڕاوی کیژۆڵەکەیەوە؟

هەرچۆنێک لێی تێدەگەن، تێبگەن، من پێموایە ئێستا ئەو ساتەیە کە پێویستە بە مرۆڤ بوونتاندا بچنەوە.