بەرێز مسعود بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان یاسای درێژکردنەوەی سەرۆکایەتی هەرێمی پەسند نەکرد

بەناوی خوای گەورە و میھرەبان

گەلی خۆشەویستی کوردستان….

ھێز و لایەنە سیاسییەکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی…

بۆ من خۆشترین بڕیار ئەوە بووە کە لە تەمەنی ١٦ ساڵیدا لە پێناو ئازادی و مافە نەتەوەیی و دیموکراتییەکانی گەلی کوردستان و ڕزگارکردنی خاکی کوردستاندا بوومە پێشمەرگەی کوردستان.

پێشمەرگایەتیش گەورەترین شانازیی ژیانی منە و، لە ھەر پلە و پۆستێکدا بووبم بە گیانی پێشمەرگانە کار و خەباتم کردووە و، بە بیروباوەڕی پێشمەرگانەوە کارم بۆ بەرژەوەندیی گەلەکەم کردووە و، ھەر لەو ڕوانگەشەوە ھەموو پۆستەکانم بۆ بەرژەوەندیی باڵای نیشتمانەکەم بەکارھێناوەن.

زۆریش سەربەرزم بەوەی کە ھەر لە سەرەتای راپەڕینی شکۆداری گەلی کوردستان لە بەھاری ١٩٩١ـەوە وەک پابەندبوون بە ئامانجەکانمان لە ئازادی و دیموکراسی لە کاتی شۆڕش و خەباتی پێشمەرگایەتیدا لە شاخ، ھەروەھا وەک ئەرکێکی نیشتمانی و چەسپاندنی بنەماکانی دیموکراسی و دامەزراندنی سیستەمێکی سیاسی و ئیداریی دیموکراسیانە، داوام کرد بەرەی کوردستانی بە زووترین کات ھەڵبژاردنێکی ئازاد ئەنجام بدات، بۆ ئەوەی گەلی کوردستان لە ڕێگەی سندوقەکانی دەنگدانەوە، چارەنووس و سیستەمی سیاسیی خۆی دیاری بکات.

لەوکاتەوە گەلی کوردستان، بە ھاوکاریی ھەموو لایەنە شۆڕشگێرەکانییەوە پڕۆسەیەکی دیموکراسییانەی دەستپێکرد. ئێستاش بە پشتێوانیی خوای گەورە و ھاوکاریی دڵسۆزان و خەبات و خۆڕاگریی گەلەکەمان، پێشکەوتنی گەورە لە ھەموو ئاستەکانی ژیانی خەڵکی کوردستاندا بەدیھاتوون. ھەر بەو ھۆیەوە کوردستان ئەمڕۆ نێوبانگێکی باشی ھەیە لە ڕووی جێگیریی سیستەمی سیاسی و سەقامگیریی باری ئەمنی و پێکەوەژیان. ھەروەھا پێشکەوتنەکان لە بواری ئابووری و ئاوەدانیدا، ڕۆژ بە ڕۆژ پێگەی کوردستان لە جیھاندا بەھێزتر دەکەن.

لە ماوەی ڕابردوودا لە ھەرێمی کوردستاندا، وەک بەشێک لە نەریتی دیموکراسی، گفتوگۆ و گەنگەشەیەکی زۆر لەسەر سروشت و پێناسەی سیستەمی سیاسی و پڕۆژەی دەستوور ھاتە ئاراوە.

بۆ پێشکەشکردنی نموونەیەکی جوانتری پڕۆسەی دیموکراسی و پابەندبوون بە یاساوە، نامەی فەرمیم نارد بۆ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان، تاوەکو لە مانگی ٩ی ئەمساڵدا ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێن. بەو شێوەیە ئەوەی ئەرکی سەرشانی من بووە بەجێمگەیاندووە، لە نامەناردن و داواکردنی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکان و پاشان دیاریکردنی کاتی ھەڵبژاردنەکان، کە ئەویش رۆژی ٢١/٩/٢٠١٣ بووە. لە دوای ئەو فەرمانە و پێش دەرچوونیشی، جیاوازیی بیروڕا ھەبوو لەسەر میکانیزمی ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، کە ئایا بەپێی یاسای سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان ژمارە ١ی ساڵی ٢٠٠٥ی ھەموارکراو و پڕۆژەی دەستوور بێت، کە سەرۆکی ھەرێم راستەوخۆ لە لایەن خەڵکەوە ھەڵبژێردرێت، یان بە پێی بۆچوونی چەند حیزبێک کە داوا دەکەن سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە نێو پەرلەماندا ھەڵبژێردرێت. ئەمەیش جیاوازی خستە ناو لایەنەکانەوە پاشان پرسی پڕۆژەی دەستووری ھەرێمی خرایە سەر و دەرئەنجام بەداخەوە مامەڵەکردنی توندی ھەندێ لایەن پڕۆسەی سیاسی بەرەو قەیران برد.

بۆ ئەوەی بتوانین زەمینەی پێکەوەکارکردنێکی باشتر بھێنینە ئارا سەبارەت بەو پرسانە و بۆ ئەوەی نموونەیەکی جوانتری پڕۆسەی سیاسی لە ھەرێمی کوردستان پێشانی خەڵکی خۆمان و دەرەوەش بدەین، ھەروەھا بۆ ئەوەی بتوانین زەمینەی تەوافوق بڕەخسێنین و لایەنە سیاسییەکان و پێکھاتەکانی کۆمەڵگەی کوردستان، سەرنج و تێڕوانینی خۆیان لەسەر شێوازی ھەڵبژاردنی سەرۆک و پڕۆژەی دەستوور بخەنەڕوو، بەنامەیەک لە ٢٥ـی ٥ـی ٢٠١٣ داوام لە ھەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان کرد، تێبینی و سەرنجەکانیان لەسەر پڕۆژەی دەستوور بۆ ئێمە بنێرن. دوای گەیشتنی وەڵامەکان، داوام لە سەرۆکایەتیی پەرلەمان کرد لەگەڵ سەرجەم لایەن و پێکھاتەکانی کۆمەڵگەی کوردستان کۆ ببنەوە بۆ ئەوەی بگەنە ئەنجامێک.
ئامانجی من لە ناردنی تێبینیی لایەنەکان بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمان بۆ ئەوە بوو کە تەوافوقی لایەنەکانی ناو پەرلەمان و دەرەوەی پەرلەمان و سەرنجی ھەموو پێکھاتەکان ببێتە نەخشەڕێگەیەکی باشتر و زەمینەیەکی گونجاوتر دابین بکەین بۆ پڕۆژەی دەستوور و ھەڵبژاردنەکان، ئینجا بە ھەموو سەراحەتێکەوە بە گەلی کوردستان ڕابگەیێنم کە من وەک شەخسی خۆم ھیچ نییەتێکم بۆ خۆکاندیدکردنەوە نییە و ڕێز لە ھەموو یاساکان دەگرم و ئەمانەتی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان ڕادەستی ھەر بەڕێزێکی دیکە دەکەم کە ھەڵدەبژێردرێت.

بەڵام بە داخەوە ئۆپۆزیسیۆن سەرکەوتوو نەبوون لە ھاوکاریکردن بۆ سەرخستنی پڕۆسەکە، بەڵکو بەو شێوە ڕەفتارەیان کە قبووڵیان نەکرد لایەنەکانی دیکە لە کۆبوونەوەکانی سەرۆکایەتی پەرلەماندا بەشدار بن، ھەوڵ و پرۆسەکەیان پەکخست. لەوەدا دەرکەوت کە مەفھوومی تەوافوق لای ئۆپۆزیسیۆن تەنیا سەپاندن و جێبەجێکردنی ئەو داوایانەیە کە خۆیان ھەیانە، بە بێ گوێدانە داواکانی لایەنەکانی دیکە.

mashod barzani1دەمەوێت لێرەدا زۆر بە ڕاشکاوی بیڵێم، تەوافوق ئەوە نییە کە تەنیا پارتی و یەکێتی و سێ لایەنەکەی ئۆپۆزیسیۆن رێکبکەون، بەڵکو پەیوەستە بەوان و ھەموو لایەن و پێکھاتە جیاجیاکانی دیکەی کوردستانیشەوە. پڕۆژەی دەستوور کاتی خۆی لە لایەن ٣٦ حیزب و ھەموو نەتەوەکانی کوردستانەوە گفتوگۆی لەسەر کراوە، لەبەر ئەوەش ئەمڕۆ نابێ پشتگوێ و پەراوێز بخرێن، چونکە کوردستان ھەر تەنیا ئەو پێنج لایەنەی تێیدا نییە. لێرەشدا دووبارە داوا لە ھەموو لایەنەکان دەکەمەوە، لەسەر پرسی دەستوور بەرەو تەوافوق ھەنگاو بنێن و منیش بە ھەموو توانایەکەوە پشتیوانیتان دەکەم، با قەیرانی سیاسی دروست نەبێ و بۆ ئەوەی ئارامیی ژیان لە خەڵکی کوردستان تێکنەدرێت و، ھەموو ھێز و توانای خۆمان بخەینە گەڕ بۆ ئەوەی سوود لەو دەرفەتانە وەربگرین کە ئەمڕۆ بۆ گەل و نیشتیمانەکەمان لە ناوچەکەدا ھاتوونەتە پێش.

ھەموو ھەوڵێکی خۆم دەخەمە گەڕ بۆ ڕەخساندنی زەمینەیەکی نوێی گەییشتن بە تەوافوق. خەڵکی کوردستان و حیزبەکان شایەتی ئەوەم بۆ دەدەن، کە لە سەروبەندی پەسەندکردنی پڕۆژەی دەستووری ھەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠٠٩دا لە لایەن پەرلەمانەوە، ھەوڵێکی زۆرمدا بۆ ئەوەی تەوافوقی لەسەر دروست ببێ و بە دڵی ھەموو لایەنەکانی کوردستان بێت و، پێداگیریم لەسەر ئەوە کرد کە دەبێ تێڕوانینی ھەموو نەتەوە و پێکھاتە ئایینییەکانی تێدا جێبکرێتەوە. ھەرواش کرا و، دوای ئەوە لە پەرلەمان دەنگی لەسەر درا. ئەمجارەش دەمویست دوور لە ھەموو گرژی و ھەڵچوونێکی ناو پڕۆسەی سیاسی ھەمان زەمینە دروست بکەمەوە بۆ گەییشتن بە تەوافوق.

بەداخەوە ئۆپۆزیسیۆن بە ڕەفتار و شێوەی مامەڵەکردنیان لەو چوار ساڵەی رابردوودا، ئەو تێڕوانینەی بەشێکی زۆر لە خەڵک و لایەنەکانیان لەسەر خۆیان چەسپاندووە، کە بە ھیچ شتێک رازی نابن و، تەوافوق لە ڕوانگە و بە لێکدانەوەی ئەوان سەپاندنی بیروڕاکانی خۆیانە کە ئەوەش پێچەوانەی ڕێسا و عورفە سیاسی و دیموکراسییەکانە.

سێ لایەنەکەی ئۆپۆزیسیۆن دەبێ بزانن کە جگە لە پارتی و یەکێتی، زۆر حیزبی دییش ھەن لە کوردستاندا لە سەختترین ڕۆژگاری ژێر دەستەییدا ئەو پەڕی فیداکارییان نواندووە بۆ بەرگریکردن لە ھەبوونی گەلەکەمان و مانەوەی ناوی کوردستاندا، ھەروەھا زۆر حیزبی دیکەی مۆڵەتپێدراو ھەن ئەمڕۆ ڕا و قسەیان ھەیە بۆ پێشکەوتنی کوردستان. نابێ سێ لایەنەکەی ئۆپۆزیسیۆن ڕێگە بە خۆیان بدەن و ھەوڵی ئەوە بدەن لە لایەن دەزگا باڵاکانی کوردستانەوە ڕا و بۆچوونی لایەنەکانی دیکە نادیتە بگیرێن. یان رێگە بە خۆیان بدەن بە شێوەیەک لە سووکایەتی پێکردنەوە باسیان بکەن، چونکە بە ھیچ شێوەیەک ئەوە نەریتێکی دیموکراسیانە نییە. بۆیە داوا لە برایانی ئۆپۆزیسیۆن دەکەم بە سینگێکی فراوانی یەکترقبوڵکردنەوە و بە پێی بنەما دیموکراسییەکان کار و چالاکییە سیاسییە یاساییەکانیان ئەنجام بدەن و، ھەموو ڕەفتار و مامەڵەکانیان لەسەر بنەمای قبوڵکردنی ئەوانیترەوە بێت.
خەڵکی خۆڕاگری کوردستان….

پەرلەمانی کوردستان، لە ڕۆژی ٣٠/٦/٢٠١٣ دا بە دەرکردنی دوو یاسا، ماوەی پەرلەمان و سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستانی درێژ کردەوە، ئەوەش دواکەوتنی ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێمی کوردستانی لێکەوتەوە. لێرەدا دووپاتی دەکەمەوە ھیچ کات خولیای کورسی و پۆست نەبوومە. ئەمڕۆش نامەوەێ مێژووی خۆم لە خەبات بۆ رزگاری و ئازادی کوردستان بە ھیچ شتێکی دیکە بگۆڕمەوە. مرۆڤ زیاتر بە خەبات و کار و بەخشش بۆ گەل و نیشتمان و مرۆڤایەتی دەناسرێتەوە نەک بە پلە و پۆست و ناونیشانی وەزیفی و ئیدارییەوە.

یاسای درێژکردنەوەی ماوەی پەرلەمانی کوردستانم ئیمزا کرد تاوەکو ھیچ بۆشاییەکی یاسایی و دەستووری لە ھەرێمی کوردستاندا دروست نەبێت. ماوە و ویلایەتی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان، لە لایەن پەرلەمانی کوردستانەوە بە دەنگی فراکسیۆنی کوردستانیی (پارتی و یەکیێتی) لەگەڵ فراکسیۆنەکانی حیزب و نەتەوەکانی دیکەی ناو پەرلەمان و سەربەخۆکان جگە لە فراکسیۆنەکانی حیزبەکانی ئۆپۆزیسیۆن، درێژکرایەوە.

ئێستا من لەبەردەم ئەرکەکانی ئەو ھاوپەیمانییەتەدام کە لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستاندا ھەیە، کە پێکەوە لەگەڵ چەند حیزب و نەتەوەی کوردستاندا لەناو پارلەمان بڕیاریان داوە ماوەی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان بۆ دوو ساڵ درێژ بکرێتەوە، بە بێ ئەوەی من تێیدا بەشدار بووبم.

ھەروەھا من لەبەردەم بەرپرسیارێتیی ئەخلاقی و کۆمەڵێ ئەرک و کاری ھاوبەشی درێژخایەندام لەگەڵ برای خۆشەویستم مام جەلال بۆ درێژەدان بە ھاوپەیمانێتییەکە، بۆ ئەوەی وەفاداری ئەو کاروانە بم کە دەستمان پێکرد و ئەنجامەکانیشی بە ئیجابییەوە بەردەوام بن و، ئینشاڵڵا کە ئەویش بە خۆشی دەگەڕێتەوە بۆ کوردستان، ھەموو شتێک لەوپەڕی سەقامگیریدا ببینێ. لە ھەمانکاتدا من باش لە ئەرکەکانی ھاوپەیمانێتی نێوان یەکێتی و پارتی تێدەگەم، کە بە ڕاستیش ئەو ھاوپەیمانێتییە سەقامگیری و پێشکەوتنێکی زۆر گەورەی لە کوردستاندا دروستکردووە، کە بەرھەمەکەشی ئەوەیە کە ئێستا ھەرێمی کوردستان جێگەی سەرنجی ھەموو جیھانە، ھەروەھا وایکرد کورد بەشدارێکی چالاک بێت لە گۆڕانکارییەکانی عێراق و ناوچەکەدا. ئەمڕۆش کە جەنابی مام جەلال لەبەر باری تەندروستی لە کوردستان نییە ھەست دەکەم بەرپرسیارێتییەکەی ئەویش دەبێ من ئەنجامی بدەم لە پاراستن و بەھێزکردنی ئەو ھاوپەیمانییەتییەدا وەک وەفادارییەک بۆ پێکەوەکارکردن و ھاوخەباتیی و ھاوکاریی چەندساڵەی نێوانمان لە پێناو گەل و وڵاتەکەماندا.
ھەروەھا بۆ رەچاوکردنی نیگەرانییەکانی پێکھاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی کوردستان لەمەڕ ئەگەری قوڵتربوونی قەیرانی سیاسی و پاراستنی سەقامگیری لە کوردستاندا و، لەبەردەم داوای کەسایەتییە خەباتگێڕەکانی کوردستانی عێراق و پارچەکانی دیکەی کوردستاندا، و پاش ڕاوێژکردن لەگەڵ زۆربەی ھێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان یاسای درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستانم ڕەتنەکردەوە. بەڵام ئەو ڕەتنەکردنەوەیەش بەو مانایە نییە کە من لەگەڵ شێواز و ناوەڕۆکی یاسای درێژکردنەوەی ویلایەتی سەرۆکی ھەرێمدا بم، بۆیەش ئیمزام نەکرد.
لێرەدا وەک ڕێزگرتنێک لە دەنگی زۆربەی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان و بۆ ئیحراج نەکردنیان، بە گەلی خۆشەویستی کوردستان رادەگەیێنم، کە من بە شێوەیەکی کاتی تا وەکو خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان دەست بەکار دەبێت و بە پەلە دەگەنە تەوافوقێک، ئەو ئەرک و ئەمانەتەی کە خراوەتە سەرشانم بەجێیدەگەیێنم، ھەر لە ئێستاشەوە داوا لە سەرۆکایەتیی خولی داھاتووی پەرلەمانی کوردستان دەکەم کە لەژێر ڕۆشنایی ئەو نامەیەم کە لە ١٢ـی ٦ـی ٢٠١٣ـدا ئاراستەی سەرۆکایەتیی خولی ئێستای پەرلەمانم کردبوو، دوای ھەڵبژاردنەکانی ٢١/٩/٢٠١٣ دەستبەجێ لە کۆبوونەوە دەستپێکییەکانی سەرۆکایەتیی پەرلەماندا بە زووترین کات میکانیزمێک بدۆزنەوە بۆ ئەوەی لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا بگەنە تەوافوق لەسەر ھەموارکردنی پڕۆژەی دەستوور و ئالییەتی ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێم. ئەو کات ھەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێی ھەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت و ئەو ئەمانەتەی لە دەست ئێمە دایە بدەینە ھەر بەڕێزێکی دیکە کە متمانەی گەلی کوردستان بەدەست دەھێنێت. خۆم و کاک کۆسرەت، جێگری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و دیوانی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستانیش، وەک دەزگای سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان ھەموو ھاوکارییەکی سەرۆکایەتی پەرلەمانی تازە دەکەین بۆ ئەو مەبەستە.

دەبێ بە ھەموومان نموونەیەکی جوانی دیموکراسی پێشکەش بکەین، نابێت ھیچ کەس بە کورسییەکەیەوە بچەسپێت و، نابێت ڕێگە بدرێت سەرۆکی ھەتا ھەتایی ھەبێت لە کوردستاندا. من خۆم باوەڕێکی تەواوم بەوە ھەیە کە کاتێک پۆستێک لە لایەن کەسێکەوە بەجێدەھێڵدرێت، دەبێ گەل ئەو پرسیارە بکات کە بۆچی ئەو پۆستە بەجێدەھێڵێت، نەک گەل بگاتە رادەی ئەوەی ئەو پرسیارە بکات کە بۆ چی ناڕوات.

گەلی خۆشەویستی کوردستان من دڵنیاتان دەکەمەوە کە تەنیا ئێوە دەتوانن بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆتان بدەن و، کەس ناتوانێ ئەو مافەتان لێ زەوت بکات.

بژی کوردستان…

نەمری بۆ شەھیدانی ڕێگەی رزگاری کوردستان و سەرفرازی
سەربەرزی بۆ گەلی کوردستان

مسعود بارزانی
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان
١٦ـی ٧ـی ٢٠١٣

سەرچاوە : ماڵپەری سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان