کۆچی دوایی پئشمه‌رگه‌يه‌كى دئرينى حيزب به ناوى خاليد ڕەسووڵی

بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە ئاگادار کراین کە بەرێز کاک خالید ڕەسووڵی ناسراو بە خالید ئەحمەدبریوی، لە دایکبووی گوندی ئەحمەدبریوی ناوچەی بوڵفەتی سەردەشت لە تەمەنی ٥٥ ساڵی دا لەپڕ بە هۆی وەستانی دڵەوە کۆچی دوایی کرد. کاک خالید ئەحمەدبریوی ساڵی ١٣٥٨ ی هەتاوی چەکی پێشمەرگایەتی لە ریزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان دا لە شان کرد و لەگەڵ برای شەهیدی واتە شەهید فەقێ عەلی خەریکی بەجێ گەیاندنی ئەرکی پێشمەرگایەتی بوون. کاک خالید لە هێزی گیارەنگ لە ناوچەی سەردەشت دوای ساڵانێک پێشمەرگایەتی لەو هێزە بە هۆی گیروگرفتی شەخسی و باری قورسی ژیان چەکی پێشمەرگایەتی دانا و لە باشووری کوردستان خەریکی ژیانی ئاسایی خۆی بوو، ناوبراو وێرای ئەوە کە ژیانی شەخسی خۆی بەرێوەدەبرد و هاوکاتیش وەک لایەنگرێکی ریزەکانی حدک ئەرکی حیزبی و شەخسی‌یەکانی خۆی بەجێ دەگەیاند، کاک خالید لەگەڵ ئەوەی دا زۆر بە هەژاری دەژیا بەڵام ماڵەکەی ماڵی گشت لایەک بوو و کەسێکی دڵسۆز و جێ باوەری گشت لایەک بوو، ئەو وێرای ئەوەی کە بە سەختی ژیانی دەکرد ئامادە نەبوو کە سەر بۆ کۆماری ئیسلامی شۆڕ بکات و خۆی تەسلیمی ئێران بکاتەوە و تا دوا هەناسەی ژیانی وەفاداری بە ڕێبازی شەهیدانی کوردستان مایەوە.

ڕووحی شاد و بەهەشت جێگای بێ.