ڕووداوی شەڕی چەکدارانەی ئامول

سەلاح پوورئەسەد

چۆن لە گەڵ “اتحادیە کمونیستھا” پەیوەندیم گرت
(بەشی ٣ و ٢ و ١ )
پاش ڕووخانی حکومەتی پاشایەتی،گەلێک حیزب و ڕێکخراوی سیاسی لە کوردستان دامەزرا. لە ڕاستی مەزھەبی و نەتەوەیی یەو بگرە تا دەگاتە ئەو پەڕی چەپ. بە ھۆی ئەوەی کە لە قوتابخانە و ناوەندەکانی خوێندن لە بۆکان زۆرتر لە گەڵ کەسانی کمونیست و عەداڵەت خۆاز ئاشنا بووم، و ئەو سەردەمەش چەپ نەبوون عەیب بوو ، بێ ئەوەی زانیارییەکی ئەوتۆم لە سەر فەلسەفەی مارکسیزم بێ لە پاییزی ساڵی ١٣٥٨ (١٩٨٠) پاش تێپەڕاندنی دەورەیەکی سەرەتایی نیزامی لە ئاویی کولیجەی سەر بە شاری مەھاباد، ڕەسمەن لە گەڵ “اتحادیە” کەوتم کە تازە ڕێکخراوێکی بە ناوی ” تەشکیلاتی پێشمەرگەی زەحمەتکێشان” دامەزراند بوو. تا ئەو کاتە و تا پاش شەڕی سێ مانگە ئەندامانی “اتحادیە” لە گەڵ ئەو جەمعییەت و کۆمەڵانە بوون کە لە ھەموو شارەکانی کوردستان و بەناوی جیا جیا دامەزرابوون و خەریکی ڕێکخستنی خەباتی جوتیاران دژی دەربەگەکان بوون. بۆ وێنە ئەمیر حەسەنپور کە پاشتر بوو بە دوکتور و لە زانکۆکانی کانادا وانەی دەگوتەوە و ساڵی ڕابردوو کۆچی دوایی کرد، یەکێک لە بەڕێوەبەرانی ڕێپێوانی مێژووی سنە بۆ مەریوان بوو. (ڕادیو زمانە١٤ تیر ١٣٩٦) ھەروەھا پیرۆتی محمدی (سمایل) بەشداری شەڕی کەرفتووی ناوچەی دیواندرە بوو کە لە لایان دەربەگەکانەوە بە برینداری بە دیل دەگێرێ و ڕادەستی خەڵخاڵی دەکرێ، پاش ئاگر بڕ لە نێوان بزوتنەوەی کورد و ڕێژیم سمایل ئازاد دەکرێ. سەلاح شەمس بورھان کە یەکێک لە بەڕێوە بەرانی “اتحادیە” بوو بە دایم لە ناوچەکانی سەردەشت ، بانە، مەھاباد و بۆکان خەریکی کارلە گەڵ وەرزێڕان بوو. کاک سەلاح سەرئەنجام پاش چەند جار ھەوڵی تیرور کردنی لە ڕۆژی ١٢ی پوشپەڕی ساڵی ١٣٥٩ (١٩٨١)لە شاری مەھاباد تیرور کرا و تا ئێستاش چۆنییەتی ئەو تیرورە ڕوون نەبۆتەوە.
پاش دیتنی ئەو دەورەیە گەڕامەوە بۆکان و بنکەی تەشکیلات لە ساختومانێکی دەرک و پەنجەرە شکاوی دوکتور شیخی دا کرا بۆووە. پێشتر ئەو ساختومانە لە لایان دارو دەستەی ئەحمەدی موفتی زادە و لایانگرانی مەکتەبی قورئان ھێرشی کرابوە سەر و ئەنفال کرابوو. بە تاوانی ئەوەی کە گۆیا خاونەکەی مرۆڤێکی عەداڵەت خۆازە. ئەو تەشکیلاتە ٣٠ تا ٤٠ کەسێکی پێشمەرگە لە ناوچەی بۆکان و مەھاباد کۆ کردبۆوە. ئێمەش ٨ نەفەر لە بۆکان کە لە قوتابخانە دەرسمان دەخوێند ، خەریکی کاری چاپ و بڵاو کردنەوەی گۆڤار و ڕاگەیاندراوەکان بووین.اتحادیە بیرو و بۆچوونێکی سەیر و سەمەرەی ھەبوو، دەسەڵاتی مەلاکانی لە یەک کاتدا بە دوو ڕوانینەوە دەبینی. یەکەم پێی وابوو ھەم دژی ئەمپریالیستن و ھەمیش دژی گەلن. بۆیە دەیانگووت خومەینی کە نوێنەرایەتی وردە بورژوازی دەکا دوو شمشێری پێیە، یەکیان بۆ سەرکوتی خەڵک و ئەوی تریش بۆ دژایەتی ئەمریکا، کە وابوو دەبوو ھەسانێکیان پێ بێ کە شمشێرە دژی ئەمریکایەکەی پێ تیژ بکەنەوە و بە بەردێکیش شمشێرە دژی گەلیەکە کوول بکەن . کەپێم وایە ئەوە ئەوپەڕی بێ سیاسەتیان و نا حاڵی بوونیان بوو لە سەر حاکمییەتی ئیسلامی. ھەروەھا پێیان وابوو کە کۆمەڵگای ئێران کۆمەڵگایەکە کە ھێشتا نە بۆتە سەرمایەداری و کۆمەڵگا نیوە ژێردەستە و نیوە دەرەبەگایەتیە. سروشتیە لە وەھا بۆچوونێک دا جێگای دۆست و دوژمن دەگۆڕدرێ و خومەینیش دەبێتە دژی ئەمپریالیست. ئەوان ھەر چەند باوڕییان بە مافی دیاری کردنی چارەنووس بۆ گەلی کورد ھەبوو بەڵام لە گەڵ حیزبی دێموکرات نەدەسازان و بەردەوام شەری ڕاگەیاندیان لە گەڵ دەکرد، ھەرچەند ھیچ کێشەیەکی بە کردەوە و نیزامی لە نێوانیان دا ڕوی نەدا.

……………………………………….
اتحادیە کمونیستھا و خەباتی جوتیاران (بەشی٢)
ھەروەک پێشترباسم کرد، ئەو ڕێکخراوەیە بایەخێکی زۆری بە خەباتی جوتیاران بۆ وەدەست ھێنانی زەوی دەداو وپێی وابوو کە خەباتی چینایەتی لەو کاناڵەوە دەبێ بەرەو پێش بچێ. بە پشت بەستن بە نەزەراتی مائو لە سەر ئەو بڕوایە بوون کە گەمارۆی شارەکان دەبێ لە ڕێگای گوندەکانەوە بێ. بۆیە لە دامەزراندن و بەڕێوە بردنی یەکێیەتیەکانی جوتیاران دەوری خۆیان گێرا و لە ناو یەکێیەتی جوتیاران ناوچەی ھەوەتوو لە دیواندەر شان بە شانی جوتیاران دژی دەربەگەکان جنگان. لە یەکێک لەو شەڕانە دا پێشمەرگە بە ھاکاری یەکێیەتی جوتیارانەوە دەچن و بە ھەڵە تەقە لە جوتیاران دەکەن. یەکێک لە جوتیاران ھاوار دەکا” مەتەقنە، مەتەقنە باوە حیز، ئەمە یەکەیەکەی جفتیارانە”. دیارە لەو شەڕانەی دەرەبەگەکان دژی جوتیاران بەڕێوە یان دەبرد، کۆماری ئیسلامی بە ھەموو ھێزیەوە لە پشت ئاغاکان بوو. اتحادیە، ھێزێکی مائوئیست و پوپولیست بوو کە جار و بار کاری دروێنە و پووش و پەڵاشی لە گەڵ جوتیاران دەکردو دەیھەویست سەرەنجی ئەوان بۆ لای خۆی ڕاکێشێ. بەڵام بە ھۆی ڕا ڕایی و موحافیزەکاری کە یەکێک لە خسوسیاتی جوتیارانە ، قەت نەیتوانی ئەو جۆرەی پێویستە جێی خۆی لە نێویان دا بکاتەوە. ئەوان واتەگوند نشینەکان، زیاتر مەیلیان بە لای حیزبی دێموکرات و کۆمەڵەوە بوو کە ھێز و ئیمکانتێکی باشتریان لە بەر دەست دابوو. دیارە من بۆ خۆم قەت یەک ساعەتش ئەو جۆرە کارانەم نەکرد، جا لە بەر تەمبەڵی بێ یان ھەر شتێکی تر خۆم لێ دەبۆارد.

تەشکیلاتی پێشمەرگەی زەحمەتکێشان، لە چەندین شەڕی ناوچەکانی سەردەشت و بانە و کامیاران بەشداری کرد. لە ھێرشێکی ڕێژیم ئیسلامی بۆ سەر ناوچەی کامیاران وریا مدرسی خەڵکی سنە، خۆێندکاری زانکۆ و یەکێک لە فەرماندەرانی نیزامی لە ٣٠ ڕێبەندانی ١٣٥٨(١٩٨٠) گیانی بەخت کرد و قادر خزری خەڵکی گردی قەبران لە ناوچەی بۆکان بە توندی بریندار دەبێ و پاش چەند مانگ دەرمان کردن دەتۆانێ جارێکیتر دەست بکاتەوە بە تێکۆشان. لەو قوتابیانەی لە بۆکان لە گەڵ اتحادیە بووین، جگە لە من و سمایل ڕەحیمزادە(ئازاد) ھیچیان تا ئاخرنەھاتن و کاتێک شەپکە توند بوو گەڕانەوە سەر ژیانی ئاسایی. لە بیرمە کوڕە دەوڵەمەندێکی بۆکانی کە لە زانکۆکانی ئەمریکاوە لەگەڵ “اتحادیە” کەوتبوو ، ھەر کە ڕێژیم لە کرماشانەوە جووڵەی کرد، وازی لە ھەموو شت ھێنا. ژومارەیەک پێشمەرگە کە خەڵکی بۆکان و دەور وبەر بوون ھاتنە نێو ڕیزی ئەو ڕێکخراوەیە. بۆ وێنە قادرخزری، جەعفەری حەمە تیخەڵە (پاشان چووە نێو حیزبی دێموکرات و لە ناو خۆ کۆچی دواییکرد) و عومەر عنایەتی کە پاش چەند ساڵ زیندانی کران ئەویش لە نورۆێژ ماڵ ئاوایی لە ژیان کرد. شەوانە کە لە مەقەر دەماینەوە، جارو بارەحەمە تەیارە (کە ھێندێک ئاقڵی سووک بوو) خۆی بە مەقەڕ دا دەکرد، پاڵتۆیەکی زەردی درێژی لە بەر دابوو زۆر وەک ڕەزا شا دەچوو. یەکسەر دەیگووت: دایەو دەگێم بۆ خۆتان کەر کردوە. بۆ ئەو تفەنگانە نافرۆشن وبڕۆنەوە ماڵی خۆتان. جەعفەر قۆشمە بوو و دەی دواند و حەمەش جنێوی پیستری دەدا….

……………………………………….
کار و تێکۆشانمان لە ناوچەی بۆکان(بەشی٣)
ئێمەی تازە لاو کە لە ھیچ نەدەپرینگاینەوە و کەللەمان پڕ بوو لە ئەوینی ڕزگاری کرێکار و جوتیار بە دڵەوە ئامادەی ئەنجام دانی ھەموو کارێک بووین. شەوانە کە دەیانکردینە نیگابان و ئەو تفەنگەمان لە مل دەکرد، دەتگووت دونیا لە ئێمە زیاتر کەسی تێدا نییە. کە گوڤاری حەقیقەت( ئوڕگانی اتحادیە) مان دەدیت، پێمان وابوو عیلمی ڕزگاری مرۆڤایەتی لەوێ دا خولاسە بۆتەوە. کە شەو و نیوە شەو بە کۆڵان و شەقامان دا وەر دەبووین و بە سەتڵێک ڕەنگ و چەند فڵچە دروشممان لە سەر دیواران دەنووسی، پێمان وابوو لەشکری کرێکارانمان ڕێکخستوە، بەڵام بەیانی کە خاوەن ماڵ یان خاوەن دوکان ئەو دروشمانەی دەدیت، بە چەند جنێوی تەڕ پاداشتەکە دەداینەوە. کۆبووبەوەی چڕ و پڕ بۆ خوێندنەوەی کتیبە مارکسیستی و مائوئیستیەکان ، بەشێک لە کاری ڕۆژانەمان بوو، شھرزاد مجاب ھاوسەری کۆچکردوو د. ئەمیر حەسەنپور چەندین کۆبوونەوەی بۆ کردین و بە درێژە لە سەر فەلسەفەی مارکسیزم قسەی بۆ کردین. ھەم شھرزاد وھەم کاک ئەمیر شارەزاییەکی تەواویان بە سەر مارکسیزم دا ھەبوو. بەرپرسی بنکەکە لە بۆکان کوڕێکی زۆر باشی کرماشانی بوو بە ناوی جەلال (جەلال خۆی و ٢ برا و خوشێکێکی لە جەریان ئامول و ڕوداوەکانی پاشتر گیانیان لە دەست دا).

ئەو کاک جەلالە باوەڕێکی قووڵی بە ڕێبازی “اتحاددیە” بوو، ئەویندارێکی سەیری ئەو ڕێگایە بوو. گۆڤاری حەقیقەتی دەبینی پێی دا ھەڵدگووت، بە زاراوەی شیرینی کرماشانی دەیگووت: ئیە سە نەشریە، بھترین خەت دریمن. ئیمە باید وەخۆمان ئیفتخارەبکەیمن کە ساحەو ئی خەت و تەشکیلاتەیمن. جارو بار لە کۆبوونەوە پڕ ژانە سەرەکانی ڕەخنە و ڕەخنە لە خۆ گرتن، جەعفەر ، جەلالی توڕە دەکرد و دەیگووت ئەمن ھیچ ڕەخنەیەکم لە سەر نییە و ڕەخنەش لە کەس قەبوڵ ناکەم. جەلال وەک فیشەک بە ئاسمان دا دەچوو و دەیگوت : قنە خەر (قوونی کەر) ئیە چ تەرز بەرخوردێکە، گشتمان کەم و کەسری دریم. ئەو کات بۆکان ناوەندی زۆربەی ڕیکخراوەکان بوو ، پەیکار، ڕەزمەندەگان، وەحدەتی کمونیستی، توفان،خەبات، حیزبی تودە، چریکەکان، کۆمەڵە و حیزبی دێموکرات. کەس خەتی کەسی نەدەخوێندەوە. ڕۆژانە ژومارەیەکی زۆر خەڵکی بێکار لە بەر دەم بانکی میللی کۆ دەبوونەوە و دەستیان دەکرد بە باسی سیاسی ،ئی وابوو بە زەحمەت وەفریای نان خۆاردن دەکەوت، ڕێگا تێپەڕ بوون زەحمەت بوو. ھەرکەسە و کتێبێکی زلی لنینی بە دەستەوە بوو ، کوون بە کوون بە دوای نەقلی قەول دادەگەڕا.

جار وبارە بۆحاڵی کردنی یەکتر لە دەم و لەوسی یەکتریش بەر دەبوون. لەو دەمەقاڵانە دا حیزبی تودە و ئیسلامیەکان شەقیان زیاتر وەێ دەکەوت . ھەر چەند من کەمتر خۆم لەو باس و خۆاسانە دەدا، جارێکیان کەوتمە نێو باسێک و لە پڕ ڕا کابرایەکی سمێل زل کە پێشتر لە سینما تاقانەکەی بۆکان بلیتی دەفرۆشت و ببوە چریکی فیدایی، ھاواری کرد و گوتتی ئەتۆ قسەی لێ مەکە کوڕی چەکمە ڕەق. نازانم بۆ پێی وابوو دەبێ کوڕە دەربەگ بم. بە ئاسپایی ئاوڕم داوە و گوتم : باوەڕ بکە بابم ڕەنگە جێگای دیکەی ڕەق بێ، بەڵام قەتی چەکمە نەبوە و ھەمیشە کەوشی جیری لە پێ دایە، خەڵکەکە تێکرا پێکەنین. ئەو کات لە نێو کمونیستەکان دا باو بوو کە خەتیان دابەش دەکرد. خەتی ١ حیزبی تودە دەروێشەکانی موسکۆ بوون، خەتی ٢، چریکەکان بوون و خەتی ٣ ئەو گروپانە بوون کە ھەم ئەمریکا و ھەم سۆڤییەتیان پێ خراپ بوو و گۆیا باوەڕیان بە خەباتی جەماوەری بوو . کۆمەڵە ، مینی بوسێکی ھەبوو، بە پارەیەکی کەم خەڵکی دێنا و دەبرد . ڕۆژێک ھێندێک کەس بە شەقام وەر ببون دروشمی “مەرگ بەر خەتی ٣ “یان دەدا، بێ ئەوەی بزانن خەتی ٣ چییە.، ژومارەیەکی دیکە لە لەو لاوە وەستا بوون، دەیانگوت پێمان سەیرە خەڵک دژی ئەو خەتی مینی بوسەیە، چوونکە تا خودا حەز بکا ھەرزانە….

(درێژەی ھەیە)

کۆمێنتی تۆ لەسەر بابەت