به‌ یادی عه‌لی عه‌بدوڵڵاهی. ئەحمەد مەکڵاوەیی

له‌ ساڵی 1346ی هه‌تاوی دا هه‌ر چه‌ند هه‌لومه‌رج بۆ شۆڕشیكی چه‌كداری له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان ئاماده‌ نه‌كرابوو، به‌ڵام له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌و كات كادرو پێشمه‌رگه‌كانی حیزبی دێموكراتی كوردستان له‌ باشووری كوردستان جێگه‌یان پێ لێژ كربوو، ناچار گه‌رانه‌وه‌وه‌ رۆژ هه‌ڵاتی كوردستان و، شۆڕشی كورد له‌و به‌شه‌ دا ، دای له‌ چه‌غماغه‌ .

هه‌ستانه‌وه‌ی شۆڕش و، ده‌ست پێكردنه‌وه‌ی ئه‌و شۆڕشه‌، وه‌ك له‌ سه‌ره‌وه‌ش باسم لێكرد و، هه‌لومه‌رجی بۆ ئاماده‌ نه‌كرابوو، له‌و كات و زه‌مانمه‌ دا، ئازایه‌تی و له‌ خۆبوردوویی زۆری پێویست بوو كه‌ هێزێكی ته‌قریبه‌ن 70، 80 كه‌سی پارتیزان ئه‌ویش به‌ چه‌ند بڕنو و ئیمێك و كه‌ڵاشینكۆف و پینج تیری كۆنه‌وه‌، به‌ گژ ئه‌رته‌شێكی پۆشته‌ و په‌رداخی شاهه‌نشاهی دا بچێته‌وه‌ كه‌ ئه‌و كات به‌ ژاندارمی خه‌لیج ده‌ناسراو، وڵاتێكی گه‌وره‌ی وه‌ك ئه‌مریكاشی به‌ چه‌ك و مه‌سه‌له‌ی مادیه‌وه‌ پشتیوان بوو.

عه‌لی عەبدوڵڵاهی، ناسرو به‌ عه‌لی عه‌وڵا كۆڵی، زۆر لێبراوانه‌ وه‌ك زۆر له‌ هاوبیرانی له‌ ناوچه‌كانی ره‌به‌ت دا به‌شداری له‌و راپه‌رینه‌دا كرد و له‌ زۆربه‌ی ناوچه‌كانی كوردستان دا وێرای هاوسه‌نگه‌رانی زه‌بری له‌ دوژمن وه‌شاند و قاره‌مانه‌تی بۆ گه‌ل و نه‌ته‌وه‌كه‌ی تۆماركرد.

عه‌لی كورێكی ره‌زا سووك و جوان چاك و له‌ سه‌رخۆ بوو كه‌ هه‌موو هاوسه‌نگه‌رانی به‌ دڵه‌وه‌ خۆشیان ده‌ویست و رێزیان لێده‌گرت و ببوه‌ جێگه‌ی متمانه‌ی هه‌موویان و به‌ تایبه‌تی كاك سمایلی شه‌ریف زاده‌.

عه‌لی زۆری خزمه‌ت به‌ خاك و نیشتمانی كرد و ئه‌وه‌ی له‌ ده‌ستی هات بۆ نه‌ته‌وه‌كه‌ی كرد و هه‌میشه‌ به‌ دڵه‌وه‌ ئاماده‌ی به‌رێوه‌ بردنی ئه‌رك و مه‌حمووریه‌تی حیزبه‌كه‌ی بوو.

له‌ نیوه‌ی مانگی بانه‌مه‌ڕی 1347ی هه‌تاوی دا له‌ گه‌ل كاك سمایلی شه‌ریف زاده‌ و چه‌ند كه‌س له‌ هاوسه‌نگه‌رانی به‌ مه‌به‌ستی مه‌حمووریه‌تی حیزب له‌ ناوچه‌ی مه‌یدانانی بانه‌وه‌ به‌ره‌و ناوچه‌ی حه‌وته‌وانان شۆڕده‌بنه‌وه‌ و شه‌وی 12/2/1347ی هه‌تاوی ده‌چنه‌ گوندی دارێنه‌ له‌ ناوچه‌ی بانه‌، به‌لام خائینێك به‌ ناوی كوێخا شه‌رفی ‌ ناوچه‌ی سه‌قز كه‌ خۆی خزاند بووه‌ ناو پێشمه‌رگه‌كان، له‌ ماڵی كوێخا حوسێنی دارێنه‌ی ته‌قه‌‌ له‌ كاك سمایلی شه‌ریف زاده‌ ده‌كات كه‌ له‌ ئاكامدا محه‌ممه‌د شاتمانی به‌ سه‌ختی بریندار ده‌بێت و خائینه‌كه‌ش راده‌كات و له‌ گوندی سیاومه‌ خۆی ته‌حوێل به‌ جاش و ژاندارمه‌كان ده‌دا كه‌ له‌و كات دا به‌ دووی پێشمه‌رگه‌كاندا ده‌گه‌ران.

كه‌ ئه‌وه‌ روو ده‌دا، برینداره‌كه‌ هه‌ڵده‌گرن و ده‌چنه‌ نیوانی گونده‌كانی هه‌ڵۆو په‌رشه‌ و سه‌رته‌زێن و، له‌ مۆچه‌یه‌ك‌ به‌ ناو چاڵه‌ سووتاوان ده‌مێنه‌وه‌، به‌ڵام له‌وێش كه‌ به‌ داخه‌وه‌ كه‌مته‌ر خه‌م ده‌بن، خۆشكه‌ زایه‌كی كوێخا شه‌ریف كه‌ له‌ گه‌ڵێان ده‌بێت، نایگرن و، خۆیان لیده‌شاریه‌وه‌ وئه‌ویش ده‌چێته‌ گوندی سیاومه‌ و خۆی ته‌حویل به‌ جاش و ژاندرمه‌كان ده‌دات و له‌ شوێنی مانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌كان ئگاداریان ده‌كات و پێشیان ده‌كه‌ویت و له‌ چه‌ندین لاوه‌ هیرشیان بۆ ده‌به‌ن و ده‌بێته‌ شه‌رێكی زۆر گه‌رم كه‌ به‌ داخه‌وه‌ سه‌رئه‌نجام چوار تێكۆشه‌ری حیزبی دێموكراتی كوردستان به‌ ناوه‌كانی عه‌لی عەبدوڵڵاهی ناسراو به‌ عه‌لی عه‌وڵا كۆڵی خه‌ڵكی مڕانێی ناوچه‌ی مه‌یدان چۆغه‌ی ره‌به‌ت و، سمایلی شه‌ریف زاده‌ خه‌ڵكی شاری مه‌هابادو، حوسێنی ره‌حمان رابی خه‌ڵكی مه‌ریجه‌ڵانی ناوچه‌ی بانه‌ شه‌هید ده‌بن و یه‌كێكیش به‌ ناوی عه‌به‌ ره‌شی بانه‌زێری ناوچه‌ی ره‌به‌ت، به‌ بریندای خۆی ده‌رباز ده‌كات .

به‌ دوای ئه‌وه‌ دا ته‌رمه‌كانیان ده‌به‌نه‌ شاری بانه‌ و له‌وێش پاش چه‌ند ساعه‌تێك راگرتنیان له‌ پادگانی بانه‌ به‌ سواری كۆپته‌ر به‌ره‌ و شاری سنه‌ به‌ری ده‌كرێن كه‌ به‌ قسه‌ هه‌ندێك كه‌سی كه‌ ئه‌و كات به‌ دوای ئه‌م مه‌سه‌له‌ دابوون، دوای سێ رۆژ له‌ وێ له‌ لایه‌ن خه‌ڵكی شۆرشگێری ئه‌و شاره‌وه‌ به‌ خاك ده‌سپێردرێن.

به‌رێز بێت یادی شه‌هید عه‌لی و هه‌موو شه‌هیدان و، مه‌رگ و نه‌مان بۆ دوژمنانی كورد و كوردستان.