چەند فیشەکێکی ژەنگاوی ناتوانیت قەلەم بیدەنگ بکات!!! تاهیر عبدوڵلا پوور

ئێمەی میللەتی كورد ساڵەهای ساڵە لەپێناو ئازادیدا سەرو ماڵ و خوێنی گەشی خۆمان بەخت کرد بەئومێدی گەیشتن بەلوتكەی ئازادی و هەڵمژینی هەوای سەربەستی. هەمووشتە پیرۆزەكانی گەلەكەمان كرا بەقوربانی ئەو ئازادیەی كەساڵەهایە گەورە و بچوكمان تینوین بۆی كەچی ئەمرۆكە لەسەردەمی فەرمانڕەوایەتی دەستەڵاتی كوردی دەنگی ئازادی قەتیس دەكرێت و رۆشنبیرو رۆژنامەنوسە بوێرەكانی گەلەكەمان لەخاچ دەدرێن و دەرگای ئازادی و ژیانی سەربەستیان بەسەردا دادەخرێت و دەكرێنە ئامانجی چەتەو قاتیل و خۆفرۆشان و دوژمنانی ئازادی

رووداوەکەیی شەوی پێنجشەمە ٥ی دیسامبری ٢٠١٣ ژماره‌یه‌ك چه‌كداری‌ نه‌ناسراو هەڵدەکوتنە سەرماڵی رۆژنامەنوس كاوه‌ گه‌رمیانی‌، په‌یامنێری‌ ئاوێنه‌ و سه‌رنوسه‌ری‌ گۆڤاری‌ ڕایه‌ڵ و شەهیدی دەکەن

   بەدەستدرێژی كردنە سەر رۆشنبیران و ڕۆژنامەنوسان و كەسایەتی ئازادیخواز لەباشووری كوردستان ئاماژە بەوە دەكەن كە دەرگای ئازادی داخراوە و پێویستی بەخوێن بەخشین هەیە بۆ واڵاكردنی، هەڵبەتە بەخوێنی گیانبازانی راگەیاندن و رۆشنبیران ئەو ئامانجە بەدی دێت، واتە پێویستە رۆژنامە نوسان چاو ترسێن نەبن و رێبازی رۆژنامەنوسی شەهید کاوە گەرمیانی بكەنە رێبازی خەباتی خۆیان و لە كەس سڵ نەكەن و بوێرانە و زیرەكانە تر خەبات گەشەپێبدەن. گومان لەوەدا نیە كە ڕێبوارانی ڕێگەی ئازادی دەرك بەوە دەكەن كە ئەو ئەركە پیرۆزەی ئەنجامی دەدەن ڕووبەڕووی هەڕشە و مەرگ و كوشتنیان دەكاتەوە و بەو پەڕی سەربەرزی و بوێری و چاونەترسیەوە بەرەنگاری دەبنەوە و هیچ كاتێك باوەڕیان بە پیرۆزی كارەكانیان لەق نابێت

ئەگەرلەم وڵاتەدا نرخێك هەبێت بۆ ڕای ئازاد و دیموكراتی تەنیا نرخێك نرخی چەند فیشەكێكی ژەنگنی چەكی دەستی مافیاكانی قەتل و چەتە و ڕێگر و پیاوكوژە بەد ڕەوشتەكانە كە بەپشت و پەنای حیزب و دەستەڵاتەوە كاری قێزەون و دوور لە یاساو مافەكانی مرۆڤ ئەنجامی دەدەن و پاشان تۆمەتەكەش دەخرێتە پاڵ تیرۆریستان، بەڵام كەسێك نیە بپرسێت كامە تیرۆریست؟

ئەوەی بەخوێن ڕشتن پەروەردە بوبێت هەتا هەتا هەرخوێن ڕێژ دەبێت و هیچ كاتێك ئامادەنیە رێگەی یاسا و دیالۆگ و شارستانیەت بگرێتەبەر، ئەوەی ڕوودەدات نوێ نیە بەڵكە بۆ هەندێك كەس نوێ بێت بەڵام بۆ كەسانی رۆشنبیر و هۆشیار شتێكی دیار و ئاشكرایە.

هەڵبەتە كێشەكە لەوەدانیە كە ڕۆژنامەنوسێك یاخود رۆشنبیرێك یاخود ئازادیخوازێك دەكوژرێت و شەهید دەکرێت بەڵگە كێشەكە لەوەدایە كەدەرگای ئازادی بەڕووی هەموو گەلدا دادەخرێت و دەیانەوێ دەنگی ئازاد و قەڵەمی ئازاد كپ بكەن و بەمەش خوێ بكەنە چاوی میللەت و نەهێڵن میللەت لەراستینەی ئەوانەبگەن.