ئیستراتیژی نەرم دۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پتر ئاڵۆز دەکات! ئاریتما موحەممەدی

هەنووکە هەموو دەسەڵاتداران و پلان دانەرانی کۆماری ئیسلامی ئێران و سیستمی وەلایەتی فەقی لە بیری ئەوەدان کە چۆن دۆخی سیاسیی و پێگەی کۆمەڵایەتیی ڕژیم جێگیر بکەنەوەو لە هەوڵی ئاشت کردنەوەی ڕژیم لەگەڵ خەڵک دان، هاتنە سەرکاری حەسەن ڕۆحانی لە پێناو ئەوە دایە کە کێشەکان بڕەوێنێتەوەو دەورو ڕۆڵی خاتەمی سەرۆک کۆماری پێشووتری کۆماری ئیسلامی ئێران بگێڕێت، تاکوو ئیستاش هەوڵە سەرەتاییەکانی سەرکەوتوو بووە، بەڵام لەو لاشەوە کاتی ئەوە گەییشتووە کە لایەنە کوردییەکان لاپەڕەیەکی نوێ لەگەڵ یەکتر هەڵبدەنەوەو چاوێک بەدۆخی سیاسیی، کۆمەڵایەتی و ئابووری کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بخشێنن.

ئەو هەڵەش دەبێت پڕۆژەی گرینگ و پێویستی پێ بێت و کاریگەری لەسەر کۆمەڵگای ڕۆژهەڵات دابنێت. لەو کاتەوە کە کێشەی نێوان پارتە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات پەرەی گرتووە، گوشارە سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئابوورییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش بۆ سەر کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان زێتر بووە، بێ هیوا بوونی خەڵک لە پارتە کوردییەکان، ملکەچ بوونی کۆمەڵگا لەهەمبەر سیاسەتەکانی ڕژیم دێنێتە کایەوە، لە یەک دەیەی ڕابردوو کە هێزە کوردییەکان بەرەو لاوازی ڕۆییشتوون، ئاستی خزمەتکردنی و پێڕاگەییشتن و نۆژەن کردنەوەی ناوەندە گرینگەکانی وەک قووتابخانەو نەخۆشخانەکانیش دابەزیوەو گرینگی و باییخی پێ نادرێت. دەبێت هێزە کوردییەکان ئەوەندە بەهێزو یەکگرتوو بن کە کۆماری ئیسلامی ئێران، وەک کۆماری توورکییەی فاشیست هەست بەمەترسی بکات و ناچار بێت کە چاوێک بەدۆخی سیاسیی و کۆمەڵایەتی و قەیرانە ئابوورییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بخشێنێتەوە.

ئیستراتیژی نەرم لەپێناو ئامانجێکی هاوبەش؛

ئەم قۆناغەی ئیستا کە گرتنەبەری دیپلۆماسی لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێران و دەسپێکردنی وتووێژو کرانەوەی سیاسیی بەڕووی دوونیای دەرەوەدا هێناوەتە گۆڕێ، تەنیا بەمەبەستی ڕزگار کردن و خۆدەرباز کردنی ڕژیمی وەلایەتی فەقی لەو دۆخە دژوارەیە کە تووشی بووەو تێی کەوتووە. هەوڵەکانی ڕۆحانی سەرەتای ئەو ئیستراتیژییە سیاسییەیە کە ڕژیم لە پێشی گرتووەو دەستی پێکردووە، هەروەک ئاماژەی پێکرا ئەو کرانەوەیە تەنیا لە بازنەی سیاسەتی دەرەوەدا هاتووەتە گۆڕێ و سیاسەتی نێوخۆیی لەخۆ ناگرێت. دەبێت چاوەڕیی ئەوە بین کە ڕژیم گوشاری پتر بۆ سەر کۆمەڵانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بهێنێت و زێتر هەوڵی سەپاندنی سیاسەتی فاشیستی و شۆردنەوەی ناسنامە بەسەر نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵات بخاتە گەڕ.

لەسەر دەمی دەسەڵاتدارێتی ڕۆحانیدا کۆمەڵێکی زۆر لە چالاکوانانی سیاسیی و مەدەنی و کرێکاری دەکەونە بەندیخانەو گیانی زۆر لەو تێکۆشەرانەش دەکەوێتە مەترسی و لەوانەیە زۆربەیان لە سێدارە بدرێن یان خود بەدەیان ساڵ بەندکردن سزا بدرێن. ئامانجی سیستمی وەلایەتی فەقی ئەو ڕۆڵە هێمن و ئارامەیە کە لە پێوەندی بەڕۆژئاوا بینوێنێت و ڕووخسارێکی نوێترو نەرمتر لە جاران پێشانی دەرەوە بدات. کۆماری ئیسلامی ئێران بەو دەرئەنجامە گەییشتووە کە دەبێت ئاڵوگۆڕ لە سیاسەتی خۆی لە پێوەندی بەکێشەکانی سیاسیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتی لە پێش بگرێت، تەنانەت ئەگەر ئەو ئاڵوگۆڕەش بەڕوواڵەت و کاتیش بێت بۆ گەییشتن بە کۆمەڵێک دەستکەوتی سیاسیی و ئابووری کە بتوانێ دۆخی ڕژیم بەرەو باشی ببات و بەشێک لە کێشەکانی پێ چارەسەر بکات. بەڵام ئەزموونی سی و پەنج ساڵی ڕابردوو ئەوەی سەلماندووە کە هەر کات ڕژیم ویستبێتی سیماو ڕووخسارێکی نوێ لەخۆی پێشان بدات، کوشتاری بەندە سیاسیی و مەدەنییەکان و هەروەها دەستبەسەر کردنی ڕووناکبیرانی ناوخۆی لێکەوتووەتەوەو بەدوادا هاتووە.

سیاسەتی بەڕوواڵەت نەرم لە سەردەمی خاتەمیدا کوشتاری گیراوە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بەدوای خۆیدا هێنا، هاوکات ئەو سیاسەتە کاریگەری نەرێنی لەسەر خەڵکی ئێران بەگشتی و بەتاییبەتی کوردستان دانا، چونکوو بەشێکی زۆر لە خەڵکی ئێران و تەنانەت ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش، ئیستاشی لەگەڵ بێت، سەردەمی خاتەمی بەباشترین قۆناغی سیاسیی لە مێژووی کۆماری ئیسلامی ئێراندا پێناسە دەکەن. هەنووکە هەمان سیاسەت و ئیستراتیژییە کە ڕۆحانی سەرۆک کۆماری نوێی ئێران کاری بۆ دەکات، ئەو ڕایە زۆر ڕاستە کە پێی وایە کە سەرۆک کۆمارە نوێکان بەگشتی خزمەتی نەتەوەی باڵا دەست دەکەن و لە پێناو بەرژەوەندی ئەواندا هەنگاو هەڵدەنێنەوە، عەقڵییەتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران و وەلایەتی فەقی لە پێوەندی بەنەتەوە بندەستەکانی ئێران یەک سیاسەت و یەک هەڵوێستەو ئاڵوگۆڕی بەسەردا نەهاتووەو نایەت. لە سیستمی کۆماری ئیسلامی ئێران و وەلایەتی فەقیدا، بیرو بۆچوونی تێکەڕای لایەنەکانی ناو ئەو سیستمە لە پێوەندی بەپرس و کێشەی کورد یەکەو هەمووان وەک یەک بیر دەکەنەوە، بەواتایەکی دیکە هەموو لایەنەکانی ڕێفۆرمخواز، تووندڕەو ئیفراتییەکان لەیەک چاوێلکەوە چاو لە پرسی کورد دەکەن. کێشەی ئێمە تەنیا لەگەڵ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران نییە، بەڵکوو ئەو کێشەیە بەرفەراوانەو تەنانەت کەسایەتییە ئێرانی و پانئێرانی و کۆماریی خوازەکانیش لەدەرەوەی وڵات لەخۆ دەگرێت.

خەباتی مەدەنی و بنەما ئیدۆلۆژییەکانی ڕژیم؛

هاوکات لەبەر ئەوەش کە ڕژیم سیاسەتێکی ئەرێنی و مرۆڤ دۆستانەی سەبارەت بەنەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێ نییە، ئیتر ناشتوانێت دەنگی دژبەرو ڕەخنە ئامێزانەی چالاکوانانی سیاسیی و مەدەنی کورد لەو بەشەی کوردستان ڕچاو بکات و گرینگی و باییخی پێ بدات، بەڵکوو هەموو ئەو ڕەخنەو پێشنیارو هەوڵانە بەمەترسی بۆ سەر بەرژەوەندی نەتەوەی باڵادەست و چوارچێوەی جوگرافیایی ئێران پێناسە دەکات و بەئەژمار دێنێت. لەو پێناوە دایە کە دەنگی خەڵک و خەباتی مەدەنی و نافەرمانی مەدەنیش کاریگەری ئەرێنی لەسەر داخوازی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دانانێت، هەروەک لەسەرەوە باسکراو ئاماژەم پێدا کە ڕژیم بنەماکانی لەسەر عەقڵ و زانست و خزمەتکردن دانەمەزراوە، بەڵکوو پێوەرەکانی ڕژیم بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئازادی و هزرو بیری نوێ و نوێگەرایی، بەندیخانەو سەرکووت و لەدار دانە.

بەدەر لەو پێوەرانە، بنەماکانی سیاسیی و هێڵە گشتییەکانی ڕژیم، ئیدۆلۆژییە سیاسیی و ئایینی و تووتالیتەرییەکان پێکی دەهێنن، بۆیە خەباتی مەدەنی بڕناکات و ئامانجی بنەڕەتی خۆی ناپێکێت و ئاکامەکەی پوچ دەردەچێت. لەلایەکی دیکەشەوە کۆماری ئیسلامی باوەڕی بەئەنجامی وتووێژ لەگەڵ نەتەوەی کورد نییە. هەروەها پێم وایە کە ئاکامی وتووێژەکانی نێوان ڕژیم و ڕۆژئاوا بەهەمان شێوە کۆتایی پێ دێت و دەرئەنجامی کۆتایی ڕێکەوتنی کاتیی ڕۆژئاوا لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران هیچ ئەنجامێکی باشی لێناکەوێتەوە، تەنیا ئەوە نەبێت کە کۆماری ئیسلامی کەمێک کاتی زیاتر بۆ خۆی دەستبەر دەکات و ڕۆژئاواش بەو ئەنجامە دەگات کە لە ڕێی دانوستان و وتووێژەوە پرسی بەرنامە ناوەکییەکەی ڕژیمی ئێران چارەسەر ناکرێت و پێویست بەوە دەکات کە هەنگاوی دیکە هەڵنێن و قوڵتر لە پرسەکە بڕوانن.

گرینگیی خەباتی چەکداری؛

بەهەمان ئارەستە خەباتی مەدەنی و نافەرمانی مەدەنیش لە سێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران هیچ سەمەرو قازانجێکی بۆ کورد پێ نابێت و تەنیا کێشەی کورد و مافی چارەی خۆنووسین دژوارترو ئاڵۆزتر دەکات. تاکە ڕێگە بۆ سەپاندنی هێزو دەستبەر کردنی ماف و ویست و داخوازی گەل، زیندوو کردنەوەی خەباتی چەکداری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. خەباتی چەکداری بنەمای هەموو ئاڵوگۆڕێکی پێویست و هەنووکەییە، بەتاییبەت لەو وڵاتانە کە دیکتاتۆری و فاشیزم تێدا حوکوومەت دەکات و وڵات بەڕێوە دەبەن.

کۆماری ئیسلامی ئێرانیش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تەنیا دیکتاتۆرو فاشیست و بە ژێرپێنانی مافەکانی مرۆڤ تاوەنبار نییە، بەڵکوو وڵاتێکی داگیرکەرە کە بەشێک لە نیشتیمانی کوردانی داگیر کردووە، لە پێناو ئەوە دایە کە خەباتی چەکداری پێویستیەکی حاشا هەڵنەگرەو هاوکات مافی ڕەوای نەتەوەی کوردە کە مافی پارێزگاری کردن لە ماف و ویست و داخوازی و ناسنامەی دەیان هەزار ساڵەی خۆی هەبێت. ئەزموونی خەباتی چەکداری چ لە کوردستان و چ لە جیهان ئەوەی سەلماندووە کە لەو وڵاتانە کە خەباتی مەدەنی بەیاسا ڕێکنەخراوەو ئەزموونێکی سەرکەوتووی دیموکراسی و جێگیربوونی کولتووری دیموکراتیان نییە، ئەزموونێکی سەرکەوتوو و هاوکات پڕ دەستکەوت بووە. کرانەوەی سیاسیی هێناوەتە گۆڕێ و ڕژیمە دیکتاتۆرییەکانی هەژاندووەو لە هەموو گرینگتر هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی یەکخستووەو لەژێر چەترێکدا پێکەوە گرێی داون و دەستکەوتی مەزنی بۆ گەل بەدەست هێناوە.

هەڵوەشاندنی خەباتی چەکداری؛

ئەگەر خەباتی چەکداری لەهەر وڵاتێک لە گۆڕێدا بێت، بە واتای هەبوونی کێشەی قووڵی سیاسیی و چارەسەر نەکراو پێناسە دەکرێت، ئەوەش سرنجی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت و کێشەکە دەکاتە پرسێکی نێودەوڵەتی، بەهەمان مەبەستەوە داگیرکەرانی کوردستان بەتێکەڕا لە هەوڵی ئەوەدان کە کێشەی خەباتی چەکداری لە هەموو بەشەکانی کوردستان بەشێوەیەک لە شێوەکان و بەبێ دانی هیچ باج و مافێک کۆتایی پێ بهێنن و بۆ هەمیشە بنبڕی بکەن، ئەو هەوڵەش تاکوو هەنووکە بەباشی و لە قازانجی داگیرکەران بەتاییبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران بەڕێوە چووە!. هەنووکە توورکییەش بەهەمان ئامانجەوە لە بیری ئەوە دایە کە کێشەی خەباتی چەکداری لە باکووری کوردستان بەکەمترین باج چارەسەر بکات و هەڵی وەشێنێتەوە!.

ڕۆژئاوای کوردستان لە هەموو پارچەکانی دیکەی کوردستان پتر سیستمی ئاسیمیلاسیۆنی بەسەردا سەپاوەو تێدا جێبەجێ کراوەو ئەو هەوڵەش لە ڕێڕەوی دەیان ساڵەی دەسەڵاتدارێتی بنەماڵەی ئەسەد بەسەر خۆرئاوای کوردستان بەئەنجام گەییشتووە، بەڵام لەبەر ئەوە کە هێزە کوردییەکانی ڕۆژئاوا خەباتی چەکدارییان بەڕێوە نەبردووە، کێشەکانی کەمتر بە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ناسێنراوەو کەوتوونەتە ڕۆژەڤەوە، کاریگەرییەکانی خەباتی چەکداری گەلێک قووڵن و زوو خۆ دەنوێنن و سرنجی دەرەوە ڕادەکێشن و پرسەکە دەخاتە ڕۆژەڤی ڕۆژنامەو گۆڤارە گرینگەکانی جیهانەوە، بەدەر لەو خاڵە ئەرێنییانەی کە ئاماژەی پێکرا، هەنگاوێک گەل لە بەدەست هێنانی مافی چارەی خۆنووسین نزیک دەکاتەوەو کاریگەری ئەرێنی و باش لەسەر دەروونی کۆمەڵگا دادەنێت و خەڵک بەداهاتووێکی گەش و بەختەوەر هیوادار دەکات.

خەباتی چەکداری باشترین ئەلترناتیڤە بۆ بەدەست هێنانی مافی چارەنووس، ئازادی و جێگرکردنی مافەکانی مرۆڤ لەو وڵاتانە کە دیکتاتۆر تێدا حوکوومەت بەڕێوە دەبات، یان خود فاشیزم زاڵە بەسەر سیستمی سیاسیی و پەروەردەی گشتیی وڵات، لەو وڵاتانە دیالۆگ، وتووێژو خەباتی مەدەنی بڕ ناکات و گرینگی و باییخی پێ نادرێت و کێشەی سیاسیی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان بەچارەسەر نەکراوەیی دەمێننەوەو قەیرانی مەزنتر بەدوایاندا دێت. هاوکات بە سەپاندنی ئابڵۆقەو گمارۆی ئابووری لەلایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەسەر ئەو وڵاتانە، حوکوومەتەکەیان ناڕۆخێت و پتر دۆخی ژیانی خەڵک دەشڵەژێت و کاریگەری نەرێنی لەسەر ژیانیان دادەنێت.

کۆی وتار؛

بەپێویستی دەزانم کە لە کۆی ئەم وتاردا بەکورتی ئاماژە بەچەند لەو هۆکارانە بکەم کە بە لەمپەری بنەڕەتی خەباتی چەکداری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێناسە دەکرێت، دوو بەرەکی و چەند بەرەکی، کێشەی سیاسیی و دەسەڵاتخوازی نێوان لایەنەکان و هاوکات هاتنە خوارەوە لەشاخ و سەرقاڵ بوون بەهندێک پرسی لاوەکی و ناپێوەندیدار، سڕبوون و ساردە بوونەوە لە خەبات و تێکۆشان، لەتبوون و جیابوونەوەکان، دوور کەوتنە لە کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کاریگەری و تەوژمی هزری ئێرانی لەسەر پارت و ڕێکخراوە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات و لاواز بوونی بیرۆکەی شۆڕشگێڕی لەناو ڕێکخراوە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەو هۆکارە گرینگانەن کە بەلەمپەری بنەڕەتی شۆڕش و خەباتی چەکداریی لە ڕۆژهەڵات پێناسە دەکرێت.