دایک لە گۆشەنیگای ناودارانەوە . رەزا شوان

دایک جوانترین و شیرینترین و ناسکترین وشەیە .. دایک مەزنترین و بەنرخترین شتە لە گەردووندا .. سکی دایک پیرۆزترین نیشتمانە .. دایک خۆشەویسترین و دڵسۆزترین و میهرەبانترین کەسە لە هەموو ژیاندا ..

لە ژیانی هیچ کەسێکدا، ئافرەتێک نییە کە بەبێ بەرانبەر و بەبێ منەت ئەو هەموو سۆز و خۆشەویستییەی پێ ببەخشێت، تەنها و تەنها دایکە ئەو سۆز و خوشەویستییە راستییە، بێ بەرانبەرە دەبەخشێت.

دایک سونبلی ژیانە .. هێمای خۆشەویستی و بەخشین و قوربانیدان و دڵنەوایی  و دڵسۆزییەکی بێ سنوورە .. دایک کانییەکی روونی هەمیشە خوڕە و، سۆز و خۆشەویستیی لێ هەڵدەقوڵێ .. ئەوە دایکمان بوو پێش ئەوەی رووناکی لە چاوەکانماندا هەڵبێت، لە باوەشی کردین و نووساندنی بە سنگییەوە .. ئەوە دایکمان بوو، شەو تا بەیانی بەدیارمانەوە ئێشکی دەگرت و نانۆزی و، رایدەژەنین و، بە لایە لایە و گورگانە شەوێ دەیکردینە خەو .. ئەوە دایکمان بوو ئێش و ئازارەکانمانی هێوردەکردەوە و، زامەکانمانی ساڕێژ دەکرد و، دەستی بە سەرماندا دەهێنا و، بە چەند ماچێکی قووڵی گەرم، بە زەردەخەنە شیرین و ناسکەکانی خەم و ناسۆرییەکانمانی لەبیر دەبردینەوە.

هەر دایکی دڵسۆزمان بوو، هیوا و متمانە و بڕوابەخۆبوونی خستە دڵمانەوە و .. بە کورد و کوردستان پەروەریش گۆشی کردین .. هەر دایکانن نەوەی ئەمڕۆمان بە باشی و دروستی پەروەردە دەکەن، بۆ ئەوەی ببنە هیوای دواڕۆژی کوردستان .. دایک کۆڵەکەی خێزان و ماڵە .. ژیان لە سکی دایکدا لە دایک بوو، هەر لە سکی ئەویشدا دەمێنی و بەردەوامدەبێت .. ماندووبوون و ئەرکی گرنگی دایک پیروزترین خزمەتە.

دایک نزیکترین کەسمانە، دڵسۆزترین هاوڕێمانە ، یەکەمین مامۆستا و رابەرمانە، باشترین ئامۆژگاریکەرمانە، خەمخۆڕمانە .. لە تەنگانە و ناخۆشیدا پەنا و پاڵپشت و دڵنەواییکەرمانە .. لە شێنەیی و خۆشيشدا، دڵخۆشترین کەسە و هاوبەشمانە.. دایک جوانتری و بۆنخۆشترین گوڵە .. گەلێ لە کەڵە شاعیران و نووسەران و هونەرمەندان و گەورەپیاوانی جیهان .. بە خۆشترین شیعر، بە بە شیرینترین سروود و، بە جوانترین وشە ، بە شاکارترین وێنە و پەیکەر ، کە شایستەی پایەبەرزی و شکۆداری و میهرەبانی دایک بن .. دایکانیان بەسەرکردوونەتەوە و، بە رێزەوە رۆڵیانیان بەرز نرخاندوون .. کەڵە رۆمانووسی جیهانی ـ مەکسیم گۆرگی ـ شاکارترین رۆمانی بە ناوی  ” دایک ” ەوە نووسیوە ، دایکیش بەلای مەکسیم گۆرگییەوە ـ نیشتمان ـ ە .. بەڵی دایک نیشتمانە .. چی وتراوە و، چی کراوە، چی بوترێت و، چییش بکرێت .. نابنە پاداشت و پارسەنگی هاوسەنگ کرنەوەی خۆشەویستی و سۆز و بەخشین و دڵسۆزی و قوربانیدان و لێبووردەیی بێ هاوتای دایکان .. بۆیە هەمیشە خۆمان بە قەرزاری چاکە و دڵسۆزی دایکانی ماندوونەناسمان دەزانین .. ئەگەر ئەوان لێمان رازی نەبن و، گەردنمان ئازاد نەکەن ، ناحەسێینەوە و، ویژدان ئاسوودە نابین.

چەپکێکم لە وتە جوانەکانی هەندێ لە ناوداران بۆ گوڵبژێرکردوون و، گۆڕیویانم بۆ سەر زمانی کوردی، کە دەربارەی پیرۆزترین و مەزنترین کەس کە دایکە وتوویانە:

کۆلیریدج:

(*) دایک لە هەموو گیانلەبەرێک پیرۆزترە

شەکسپیر:

(*) لە جیهاندا، سەرینێک نییە کە لە باوەشی دایک نەرمتربێت

جوبران خەلیل جوبران:

(*) دایک هەموو شتێکە لە ژیاندا، دڵدەرەوەیە لە ماتەمینیدا، هیوایە لە بێ ئومێدیدا، هێزە لە لاوازیدا

ئەندریە گریتری:

(*) لە شاکارەکانی جوانەکانی کردگار دڵی دایکە

جان جاک رۆسۆ:

(*) دایە گیان، من رووحم نییە، رووحی تۆیە لە گیانمدا

ماری هۆبکنز:

(*) دایکایەتی گەورەترین بەخشینە کە خوا ژنانی پێ تابەتی کردووە

سوقرات:

(*) هەرگیز هەست بە دڵنیایی ناکەم، ئەو کاتە نەبێت کە لە باوەشی دایکم دام

مەحمود دەروێش:

(*) ناوت نانێم دایک، ناوت دەنێم هەموو شتێک

شاڤیـر:

(*) لە دنیادا یەک کەس هەیە کە لەژن باشترە، ئەویش دایکە

لی شین:

(*) شەوانی دایک مۆمێکی پیرۆزی بێ فیز و میهرەبانە، ژیان رووناک دەکاتەوە

جۆن ئادەمیز:

(*) شانازیی ئەو هەموو ناوبانگ و پایەبەرزییانەی پێیان گەیشتووم .. بۆ دایکم دەگەڕێنەوە

کیم ئیل سۆنگ:

(*) مرۆڤە هەڵکەوتووەکان، هەردەم ئەوانەن کە دایکیان بە باشی و دروستی پەروەردەیان کردوون

بێتشەر:

(*) دڵی دایک قوتابخانەی منداڵە

ئەدیسۆن:

(*) دایکم دروستی کردم

خەلیل مەتران:

(*) دایک نەبوایە هیچ نەتەوەیەک نەدەبوو، نەتەوەکان بە دایکەوە نەتەوەن

ئابراهام لینکۆڵن:

(*) هەموو ئەو شتانەی کە من پێیان گەیشتووم .. ئەو پایە بەرزییەش کە هیواداری

ئەوەم پێی بگەم .. هەموویان دەگەڕێنەوە بۆ دایکی پەریزادم

ناپلیۆن:

(*) دایک بە دەستی راستی لانک رادەژێنێ .. بە دەستی چەپیشی جیهان رادەوەشێنێ

محەمەد ( د . خ ):

(*) بەهەشت لەژێر پێی دایکانە

جان جاک رۆسۆ:

(*) ئەگەر جیهان لە چنگێکدا بوایە، دایکم لە چنگەکەی تریدا، دایکم هەڵدەبژارد

لیلینک:

(*) لەسەر بەرزترین چیادا لە سێدارەم بدەن، دەزانم کێ بە دوامەوەیە .. لە قووڵترین دەریادا بخنکێم، دەزانم کێ بە دوامەوەیە .. هەر دایکمە

محەمەد حیجازی:

(*) ئەگەر دایک نەدەمرد، کەس بەدبەخت نەدەبوو

مۆریس گارسۆن:

(*) دایک ناتوانێت رازەکانی کچەکەی بدرکێنێت، چونکە خۆشی لە تەمەنی ئەودا هەمان رازی هەبووە

جاکسۆن براون:

(*) وێنەی کاتی گەنجێنی دایک و باوکت، لە چوارچێوەیەکی زیویندا هەڵبواسە

مەکسیم گۆرگی :

(*) با سەر بۆ گەورەیی ئافرەت دانەوێنین ، ئافرەتە کە موسا و عیسا و محەمەدی خستۆتەوە، هەر ئەویشە کە گەورە پیاوانی دێنێتە دنیاوە .. جیهان بە هەرچییەکەوە بنازێت .. لە دایکەوەیە

مارف رەسافی:

(*) خۆشەویسترین کەس دایکمە، ئەوە کە رووحی خۆيم پێشکەش دەکا

سامۆییل ئادمیز:

(*) لە ژیاندا، هەرگیز ناتوانیت خۆشەویستییەکی باشتر و قووڵتر وپاکتر و راستەقینەتر لە خۆشەویستیی دایکت بدۆزیتەوە

ئەحمەد شەوقی:

(*) دایک قوتابخانەیەکە، گەر ئامادەت کرد .. گەلێکی رەسەن دێنێتە کایەوە

جاکسۆن براون:

(*) لە رۆژی جەژنی دایکاندا، بیر لە دایکت و لە خەسووت بکەرەوە

جەمیل سدقی زەهاوی:

(*) رۆڵەکانی هیچ نەتەوەیەک پێش ناکەوێت .. ئەگەر دایکانیان پێشکەوتوو نەبن

لەتیف هەڵمەت:

(*) ئەی دایە چەند جوانی ئەی دایە ….. بە تۆوە رووناکە ئەم هەموو دنیایە