کۆڕو کۆمەڵە مرۆفدۆستەکان و چالاکانی بواری مافی مرۆڤ نابێ ئیزن بدەن قادر میری رادەستی رژێمی ئیسلامیی ئێران بکرێتەوە.

دوای ئەوەی ئیدارەی کۆچ وپەنابەریی سوئێد بڕیاردەدا کە قادر میری بەڕێکاتەوە بۆ ئێران و قادر لەوێڕا داوای تێکەڵبوونەوە دەگەڵ ژن و منداڵەکەی بکا، پۆلیسی سوئێد قادر میری دەستبەسەر دەکەن و لە فڕۆکەخانەی ” ئۆسترشوند” بەڕێگایەکی جیا لە رێگای ئاسایی سواربوونی فڕۆکە واتە بە لای پشتەوەی فڕۆکەکەدا و بە هۆی نێردیوانی تایبەتەوە،حەولی سوارکردنی قادر لە فڕۆکەکەدا دەدەن. قادر لە پەنا فڕۆکەکە وەک دواین حەول خۆی هاتوهاوار دەکا و سەرچاوی خۆی بریندار دەکا، بەو تەمایەی ئەمکارەی ببێتە هۆی سرنجی مسافیرەکانی فڕۆکەکە و هەروەها فڕۆکەوانەکە. کارەکەی قادر ئاکامی خۆی دەبێ و یەکێک لە مسافیرەکانی فڕۆکەکە بە ناوی ” کارین بیۆرک” کە بە هەڵکەوت لە ناومسافیرەکاندا دەبێ، نارەزایەتی لەمکارەی پۆلیس نیشاندەداو داوا لە مسافیرەکانی دیکەش دەکا کە وەک نارەزایەتی دەربڕین پشتێندەی پارێزگاریی سەندەڵییەکانی فرۆکەکە لە خۆیان نەبەستن و بە پێوەراوەستن. کارین لە کاتی سواربوونی فڕۆکەکە ئەوەش دەبینێ کە ژن و منداڵ و هاوڕێیانی قادر میری، هەرچی لەدەستیان دێ دەیکەن بۆ ئەوەی پێش بە بەزۆرناردنەوەی قادر بگرن، بەڵام پۆلیس گوێیان ناداتێ و لەسەر بەڕێوەبردنی ” ئەرکەکەیان”! کە ناردنەوەی قادری میری بۆ بەردەست رژێمی تیرۆر و سێدارەی ئیسلامیی ئێرانە بەردەوام دەبن. ئەمکارەی کارین بیۆرک و دواتر مسافیرەکانی دیکەی فڕۆکەکە، دەبێتە هۆی ئەوەی فڕۆکەوانەکە بڕیار بدا کە تا خاترجەم نەبێ قادر سواری فڕۆکەکە ناکرێ، فڕۆکەکە هەڵنەستێنێ.

دوای ئەوە پۆلیس ناچار دەبێ قادری میری دەستبەسەر کاتەوەو بیباتە شوێنی دەسبەسەرکراوانی ئیدارەی پەنابەران لە شاری ” یەولە”.

دوانیوەڕۆی رۆژی هەینی رێکەوتی ١١ی ئاپریلی ٢٠١٤ دەگەڵ پاڕلمانتاری کوردی حیزبی ژینگەی سوئێد، بەڕێز کاک جەبار ئەمین، و کەماڵ گروێسی ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی حدک لە سوئێد، لە ستۆکهۆڵم ڕا چووینە شوێنی دەستبەسەرکرانی کاک قادر میری. کاتێک گەیشتینە شوێنەکە، ژومارەیەکی زۆر پۆلیس دەوری ئەوێیان گرتبوو، ژومارەیەکی زۆر لەوان زیاتریش کە لە کورد و سوئێدی و غەیرەکورد پێکهاتبوون لە بەردەرکەی گرتووخانەکە و دەوروبەری بوون.

کاتێک چووینە ژووری گرتووخانەکە، منداڵە دوو مانگانەکەی کاک قادر دەگریا و ژیر نەدەبۆوە. لە ژوورێکی چکۆلەی دوو لە سێ میتریدا لەگەڵ قادر و خێزانی و مندالەکەی دانیشتین و گوێمان دایە قسەکانی. کاک قادر کوتی ئەوان ( ئیدارەی پەنابەران) پێیان کوتووە بێتوو قادر پاسپۆڕتی ئێرانی وەرگرێ، کاروباری پەنابەرییەکەی زووتر جێبەجێ دەبێ. قادریش لەبەر ئەوەی منداڵەکانی خۆش دەوێن و پێیخۆش نیە لێیان دوور بێ، سەردانی باڵیۆزخانەی ئێرانی کردووە و ئەوانیش پاسپۆرتیان داوەتێ. هەروەها کاک قادر دەڵێ هەرکە پاسپۆرتەکەم بردە ئێدارەی پەنابەران، پێیانکوتم ئەتۆ لە ئێران هیچ کێشەت نیە و دەتوانی بچییەوە و لەوێڕا داوای هاتنەوە بۆ سوئێد و تێکەڵبوونەوە بە خێزان و مندالەکانت بکەی!

ئەو کارەی باڵیۆزخانەی ئێران دەکرێ ئاوا لێکبدرێتەوە کە ئەوان بۆ ئەوەی پەنابەرانی سیاسی و دژبەری خۆیان بێ ئێعتیبار بکەن، ئەوکارەیان کردووە تا بە ئیدارەی کۆچ و پەنابەریی سوئێد بڵێن ئەوانە راست ناکەن! هیوادارم خەڵکی دیکە لەو داوەی رژێم نەکەون و داوای پاسپۆرت لە رژێمێک نەکەن کە ماوەی ٣٥ ساڵە خەریکی کوردکوژییە. قادر رەنگە قوربانییەکی ئەم پیلانە دژی مرۆڤانەیەی رژێم بووبێ. سەرەڕای ئەم هەڵەیەی قادر، هیوادارم ئیدارەی پەنابەریی سوئێد بە بڕیارەکەیدا بچێتەوەو ئیزنی مانەوەی قادر لە سوئێد و ژیان لە پەنا ماڵ و منداڵەکەی بدا.

کەماڵ گروێسی