سمیناری ڕاوێژکاری بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان! جەماڵ عەڵیاڵی

 بە دەسپێشخەری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان “ک ن ک” سمینارێکی ڕاوێژکاری بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕۆژانی ڕابردوودا پێکهات. ئەو سمینارە بۆ وتووێژ لە سەر بارودۆخی حاکم لە سەر تاک و سازەکانی سیاسی ئەو بەشە لە کوردستان بەڕێوەبرا. مژاری سەرەکی ئەو سمینارە لە سەر دۆزینەوەی رێگەچارەی دیالۆگ بۆ نزیککردنەوەی سازەکانی سیاسی ڕۆژهەڵات ملۆسی دابوو. گشت لایەنەکانی ڕۆژهەڵات و بەشەکانیتری کوردستان بانگهێشتی ئەو سمینارە بوون. لە ناو بەشداراندا نۆێنەرانی ڕۆژئاوا، باکوور و باشوور هەبوون. دیارە گشت لایەنەکانی بانگهێشت کراو لە سمینارەکەدا ئامادە نەبوون.

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان حیزبی دێمۆکراتی کوردستان و حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران، کۆمەلەی زەحمەتکێشان و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لەو لایەنانە بوون کە پێشەکی ئامادەیی خۆیان ( بە بڕوای نووسەر) بۆ بەشداری ڕاگەیاندبوو بەڵام پاشان ئامادەی سمینارەکە نەبوون. ئەو کورتە بابەتە شڕۆڤەیەکی خێرایە لە سەر ئامادەنەبوونی لایەنەکان لە “سمیناری ڕاوێژکاری بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان” وەکوو ئەمرێکی واقیع، واتە دەسپێکی پڕۆسەیەکی مەنتیقی.

تەجرەبەی ئەو چەند دەیەی ڕابردوو ئەوە دەسەلمێنێ کە ئەرکی ڕێبەرایەتی گۆڕانکارییەکان لە سەر شانی پێشەنگی هەر کۆمەڵگەیەکە. ئەو پێشەنگییە بە زۆری خۆی لە سازەکانی سیاسیدا دەدۆزێتەوە. ئەگەر هاتوو گەل کەوتە سەر جووڵانەوەی سەربەخۆ، ئەوکات لە بۆشایی پێشەنگ، خۆی پێشەنگ بۆ خۆی هەڵدەبژێرێ. کەس بۆی نیە و توانایی نیە ئەو مافە لە گەل بستێنێ!

با ئاوڕێک لە چەند مانگ لەمەو بەر بدەینەوە! یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە باشوور بە وتەی خەڵکێک، هێزی سەرەکی باشوور بوو، ئەوە پاش نزیکەی ٢٠ ساڵ لە حکومەتدا کەوتە دۆخێک کە دەبێ لە حکومەت واز بێنێ! تەنیا بە هۆی ئەوە کە لە هەڵبژاردنی هەرێم دەنگی گەلی وەدەست نەهێنا! ئەگەر یەکێتی لە هەڵبژاردنی پارلەمانی عێراق تەجرەبەی وەرگرتبا، ئەوکات تووشی ئەو کەوتنە نەدەهات. پووڵ و سەرمایەیە نەوتی بەلاش نەیتوانی لەو کەوتنە رزگاریان بکات و لایەنی نوێ هاتنە ناو مەیدانی کێ‌بەرکێی سیاسی لە ناو حکومەتی هەرێمدا.

دیارە زۆر هۆکار بۆ ئەو ڕووداوە هەیە، یەک لەوان ئەوەیە کە سیاسەت و پڕۆگرامی ئەو دوولایەنە زۆر بەر لە ١٩٩٣ داڕشترابوو کە بە کەڵکی دەورەی پاش ١٩٩٣ نەدەهات و بە تایبەت لە ساڵی ٢٠٠٣ ەوە دژایەتی ئاشکرای لەگەڵ دۆخی کۆمەڵگەی باشوور هەبوو… هتد.

ئیستا با بگەرێینەوە سەر سمیناری ڕاوێژکاری بۆ ڕۆژهەڵات. ئەوەی کە دوو لایەنی باسکراو بەشداری سمینارەکە نەبوون دەتوانێ لای کۆمەڵانی گەلی ڕۆژهەڵات پرسیار بخووڵقێنێ،  ئایا ئەو سمینارە لە سالحی گەل نەبوو؟ ئایا ئەو سمینارە بۆ بەفیرۆدانی دەسکەوتە گرانبەهایەکانی خەباتی گەل بوو؟ بۆچی ئەو دوولایەنەی باسکراو بەشداری سمینارەکەیان نەکرد؟… بە بڕوای نووسەر ئێستا کاتی ئەوەیە کە سازەکانی سیاسی لە گەل خۆیان ڕاست و درووست بن! گشت سازەکانی سیاسی پێویستە لەوە بیر بکەنەوە کە ئایا خۆێندنەوەی درووستیان لە سەر دۆخی سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوین هەیە؟ ئایا پرۆگرامی ئەوان بڕی دۆخی هەنووکەیی دەکات؟…

کۆمەڵگای کوردەواری لە ڕۆژهەڵات، بە وشیارییەوە سەیری ڕووداوەکان دەکات و هەڵسوکەوتی سازەکانی سیاسی هەڵدەسەنگێنێ. ئەوە هەڵبژاردەی سازەکانی سیاسی ڕۆژهەڵاتە ئەگەر بخوازن لە ڕووداوەکانی چەند ساڵی بووری تەجرەبە وەرگرن یان نا. سازەکانی سیاسی هەڵبژاردەی خۆیان هەیە و گەلیش هەڵبژاردەی خۆی هەیە.

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان یەکەمین سمیناری ڕاوێژکاری ڕۆژهەڵاتی پێکهێنا، ئەوە بەڵگەیەکی بەحوکمە بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستییە کە دەمێکە پڕۆسەی بە سیاسی بوون و بە نەتەوەیی بوونی کورد دەستی پێکردووە و لە هێزی داگیرکەران ناسڵەمێتەوە! با بزانین دەسکەوتەکانی ئەو سمینارە چ کارتێکەرێکی بۆ بزووتنەوەی رزگاریخوازی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵات دەبێت و بەشی دووهەمی چۆن دەستپێدەکات.

جەماڵی عەڵیاڵی ٢٠/٠٤/٢٠١٤