بۆ زلهێزەكانی دنیا. چنار سەعد عەبدوڵڵا

دوو هۆكاری سەرەكی هانیان دام كە ئەو نامەیەتان بۆ بنووسم. یەكەمیان، هەڵگیرسانی ئەم شەڕەی دوایی گرووپە تووندڕەوەكانی بەناو داعشە لە ناوچەكانی نەینەوا و ناوەڕاست، كە پەردەی لەسەر یەكێك لە شەڕە دەمامكدراوەكانی دەوڵەتی عێراق هەڵ ماڵی، كە ساڵانێكە دەستی پێكردووە . دووەمیان، كاردانەوەی هەندێك وڵاتی بیانی بەتایبەتی دوا بۆچوونی دەوڵەتی رووسیا بوو لەسەر رەوشی ئەمڕۆی عێراق، كە لە میدیاكان تێبینیم كرد، وێڕای ئەو دۆزەخەی خەڵكی ئەم وڵاتە تێیدا دەژیێت، كەچی رایگەیاندووە كە ( بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ دابەشكردنی دەوڵەتی عێراق نین ) !!!

لێرەدا بە سەرسوڕمانەوە رووی پرسیارم ئاراستەی دەسەڵاتدارانی ئەم وڵاتە و گشت زلهێز و وڵاتانی دیكەی جیهان دەكەم، ئاخۆ دەوڵەتێك كە وێڕای ئەوەی تەمەنی دروستبوونی وا بۆ سەدەیەك دەچێت، كەچی هەر لە سەرەتای لەدایكبوونییەوە تا بە ئەمڕۆ دەگات لەناو گێژاوێكی بەردەوامی شەڕ و ململانێ‌ كانی ( تایفی، مەزهەبی و نەتەوەیی ) تل دەخواتەوە، یەكپارچەیی و سەروەرییەكەی لە كوێدایە ؟! .

ئایا ئێوە ئەو راستییە دەزانن كە من و زۆربەی ئەوانەیش كە هاوشێوەی من لە دایكبووی ساڵانی هەفتاكانین، لەم عێراقەی كە ئێوە پێداگیری لەسەر مانەوەی بە یەكپارچەیی دەكەن تووشی لەعنەتی ئەوە هاتووین، كە زۆربەی قۆناخەكانی ژیانی ( منداڵی، گەنجی و كاملَبوون) تەنانەت وا بڕوات پیریشمان هەر دەبێ‌ لەناو دڵەڕاوكێی شەڕ و، نا ئارامی و بەدبەختی بەسەر ببەین ؟ ناش زانین بۆچی ؟!

كێ‌ لە رەسمكردنی ئەو چارەنووسە تاڵەی ئێمە بەرپرسیارە ؟ تۆ بڵێی بەهۆی ئەوەوە بێت كە ئێمە لە دایكبووی ساڵانی هەفتاكانیین ؟ خۆ ئەوەتا لە دایكبووانی بەر لەئێمە و هەشتا و، نەوەد و، دوو هەزار و تەنانەت كۆرپەكانی ئەمڕۆش چارەنووسیان لە هی ئێمە رۆشنتر نەبووە و نییە . كە بە دڵناییەوە تەنها بەهۆی ئەوەیە كە ئێمە لە عێراق لەدایكبووین ؟ .

ئەو یەكپارچەییەی كە ئێوە بانگێشەی بۆ دەكەن و كە لە بنەڕەتدا تەنها وەهمێكە و خۆتان پێی فریوداوە، تا ئەو ساتەی كەمن ئەو نامەیەتان بۆ دەنووسم لە ڕەشەكووژی و، وێرانكاری و ، تووندوتیژی بە هەموو شێوەكانی و، بەدبەختی و نەهامەتی هیچی دی لەگەڵ خۆی بۆ پێكهاتەكانی ئەم وڵاتە بەدی نەهێناوە . بۆیە بوارم پێ‌ بدەن تا بەناوی هەزاران كچ و كوڕ و منداڵانی شەهید و پێشمەرگە و قوربانییانی تاوانە نامرۆییەكانی كۆمەڵكوژی و كیمیابارانی كوردستان داوای ئەوەتان لێبكەم كە وەك وڵاتانێك كە خۆتان بە دایكی سستمی دیموكراسی و فەرهەنگی مرۆڤدۆستی و مەدەنیەت دەزانن، چیدی یاری بە چارەنووسی پێكهاتەكانی ئەم وڵاتە مەكەن، لێگەڕێن با پێویستی مانەوە یا نەمانەوەی عێراق بە یەكپارچەیی و حەقیقەتی كۆمەڵایەتی و مێژوویی و سیاسی پێكهاتەكانی ئەم وڵاتە، نەخشەی راستەقینەی داهاتووی ئەم عێراقە دابڕێژێتەوە، نەك ویست و بەرژەوەندییەكانی ئێوە.

دڵنیاش بن لەوەی كە ئەگەر تا دوێنێ‌ و ئەمڕۆ بە هۆی ئەو یەكپارچەییەی كە لە 1921 وە بە زۆر بەسەر عێراقدا فەرزتان كردووە، بووین بە فرۆشیارێكی سەخاوەتمەندی نەوت و بازاڕێكی گەرم وگوڕ بۆ ساخكردنەوەی چەك و تەقەمەنی كۆمپانیاكانتان، كە لە ئاكامیدا بە هەزاران ژن و منداڵ و گەنج و پیری ئەم وڵاتە بوونەتە قوربانی، لە دۆخێكی پێچەوانەشدا دەبینەوە دۆست و بازاڕێكی بە هەڕمێن بۆ ساخكردنەوەی كالاكانتان. بەڵام ئەوجارەیان نەك بۆ ئەو كاڵا و كەلوپەلانەی كە وڵات وێران دەكات و مرۆڤی پێ‌ لەناو دەبرێت، بەڵكو بۆ هەموو ئەو كەرستانەی كە خزمەت بە ئاوەدانی و بوونیادنانەوەی مرۆڤەكانی ئەم ناوچەیە بكات .

*وەزیری پێشووی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوەکان