ڕاگەیەندراوی ناوەندی ژنانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، بە‌ بۆنە‌ی ٣ی ڕەشەممە، ڕۆژی جیهانیی زمانی دایك

زمان، سەرەکیترین ئامرازی پەیوە‌ندیی نێوان تاكە‌كانی كۆمە‌ڵگا و یە‌كێك لە‌ سە‌رە‌كیترین كۆڵەکە پێكهێنەرەکانی كەسایەتی و شۆناسی مرۆڤە‌و ئاخاوتن و فێربوون بە زمانی دایکیش یەكێك لە سەرەتاییترین مافەكانی هەر تاكێك لە كۆمەڵگای مرۆییدا.
هەروەها زمان، یەکێکە لە بناغەکانی ناسنامەی‌ نە‌تە‌وە‌یی و‌ گەورەترین سەرمایەی کەلەپووری و کلتووری و پردی پەیوەندیی نێوان تاکەکانی هە‌ر نە‌تە‌وە‌یە‌ك و هێڵی جیاکەرەوەی لە نەتەوەکانی دیکەیە‌.‌
لە جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤی نەتەوە یەكگرتوەكاندا هاتووە: “هەموو مرۆڤێك لەو كاتەوە كە لە دایك دەبێ مافی ئەوەی هەیە كە بەشێوەیەكی سروشتی بە زمانی دایكی خۆی بخوێنێت، بیر بكاتەوە و پەروەردە ببێت”.
بە پێی لێكۆڵینەوە زانستییەكانیش، خوێندن بە‌ زمانی دایكی یارمە‌تیدەری منداڵە بۆ تێگەیشتنی ئاسانتر لە وانە‌كانی خوێندن و راستە‌وخۆ بیركردنەوە. منداڵێك كە پەروەردەی بە زمانی دایكی خۆی بێت، خێراتر بە‌ سە‌ر كۆسپەكاندا زاڵ دەبێ، زیاتر هە‌ست بە‌ كە‌سایە‌تی و كەرامەتی خۆی دە‌كا و بە‌پێچە‌وانە‌وە‌ ئە‌گە‌ر منداڵ بە‌ زمانی دایكی نە‌خوێنێ، لە‌گە‌ڵ زمانێكی دیكە‌دا ڕوبە‌ڕوە كە‌ هەر لە یەكەم ڕۆژەوە بۆی نامۆیە و كاتی زیاتری دە‌وێ تا گوێی بە بیستنی دە‌نگەكانەوە خوو بگرێت، مێشكی بۆ وە‌رگرتن و زمانی بۆ وتن ئامادە‌ بكات و دە‌ستە‌كانی بۆ نووسین ڕابێنێ. سە‌رە‌ڕای ئە‌م هە‌موو كۆششە تێگە‌یشتن لە‌ وانە‌كان بۆی دژوار دە‌بێ، بیری پڕش و بڵاوە‌ و كاتی زۆری بۆ بیركردنە‌وە‌ و تێگە‌یشتن پێویستە‌ بۆ ئەوەی لە مێشكی خۆیدا وشەكان وە‌رگێڕێ و ڕستە‌كان دروست بكات.
بەداخەوە لە یەك سەدەی ڕابردوودا دەسەڵاتدارانی حاکمی ئێران، لە ڕێگای جۆراوجۆرە‌وە‌ سیاسە‌تی ئاسیمیلاسیۆن و سە‌ركوت و لە‌نێوبردنی زمانی نە‌تە‌وە‌ ژێردەستەكانی ئێرانیان بەڕێوە بردووە‌. لە‌وانە‌ قە‌دە‌غە‌كردنی خوێندن بە‌ زمانی دایكی لە‌ قوتابخانە‌كاندا، قەدەغەكردنی ئاخاوتن بە‌ زمانی نەتەوە ژێردەستەكان لە‌ ڕەوتی كاری خوێندنگا و ئۆرگانە‌ دە‌وڵە‌تییە‌كاندا، بە‌رتە‌سككردنە‌وە‌ی ڕۆڵی ئەو زمانانە لە‌ كاری ڕۆژانە‌ی خە‌ڵكدا.
سیاسەتی قەدەغەی فێرکردن بە زمانی دایکی، نموونەی بەرچاوی پێشێلکاری مافی مرۆڤ، زوڵمی چەندقات و نابەرابەری فێرکارییە لە وڵاتێکدا. یەک دەستکردنی زمانی و فەرهەنگی بەو هۆیە نموونەی بەرچاوی پێشلێکاری مافی مرۆڤە، چونکە بە قەدەغەی فێرکردن و برەودانی زمانێک، نەتەنیا زمان و فەرهەنگی نەتەوەیەک لەناو دەچێت، بەڵکوو تاکەکانی ئەو نەتەوەیە بە زمان و کلتووری بێگانە دەبەسرێنەوە، ئەمەش واتە توانەوەی نەتەوەیەک.
“زارا محەممەدی” مامۆستا زمانی کوردی نموونەیەکی زیندووە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەتاوانی گوتنەوەی زمانی کوردی بە ٥ساڵ زیندان مەحکووم کرا.
هەروەها “موژگان کاوسی” زیندانی سیاسی، ئەو توێژەرەی بواری زمانی کوردی و نووسەرەیە کە بەهۆی چالاکییەکانی لەو بوارەدا، لە سیاچاڵەکانی کۆماری ئیسلامی خەریکی تێپەڕاندنی حوکمی زیاتر لە ٧٦ مانگە.
ئەم سەرکوت و زەبر و زەنگە، ڕێگری و ئاسمیلەکردنی زمانی کوردی نەتەنیا نەیتوانیوە ڕێگر بێ بۆ پاراستنی بەها نەتەوەییەکانمان، بەڵکو پشتیگری خەڵک لە چالاکانی ئەو بوارەو گرنگیدانی زیاتریان بە زمانی دایکی نیشانیداوە بە گرنگیەوە دەڕوانە پاراستنی شۆناسە نەتەوەیەکان و بەرپرسایەتی سەر شانیان لەو بوارەدا.
ئێمە “ناوەندی ژنانی کوردستانی رۆژهەڵات” لەو ڕۆژەدا، وێڕای مەحکووم کردنی پێشێلکردنی ئەو مافە سەرەتاییەمان لە چوارچێوەی حکوومەتی ئێراندا، دوپاتی دەکەینەوە، پێداگری لەسەر ئەو مافە بە ئەرکی بزوتنەوەو خەباتی خۆمان دەزانین و لەو ڕێگەیەشدا لە هیچ هەوڵێک درێغی ناکەین.
ناوەندی ژنانی کوردستانی ڕۆژهەڵات
٢١فوریەی ٢٠٢١ زایینی
٣ی رەشەممەی ١٣٩٩ی هەتاوی