بەرژەوەندی نەتەوەیی. جەماڵ عەڵیاڵی

ڕووداوەکان زۆر بە خێرایی تێپەردەبن. کاتێک فاکتەرەکانی سەرەکی لە هاوکێشەکانی ناوکۆمەڵگا لە ئەنجامی جێگۆڕکێ، سەر لە مرۆڤەکان دەشێوێنن ئیتر بینینی ڕووداوەکان زۆر زەحمەتتر دەبێت.

بەو هۆیەوە ئاستەمی دۆخەکە لە کوردستان سەرەڕای چڕ بوونی، کەمتر دێتە بەرچاو. لەو ناوەدا دوو ڕووداوی جیاواز بەڵام لە یەک هەوادا سرنجی نووسەری بۆ لای خۆی ڕاکێشا.
ڕۆژی شەمە، ٢٨ی مانگی دوو، سێهەمین کۆنفرانسی پارتی یێکێتی دێمۆکراتی (پ ی د) لە باژێری ئوپسالای سۆێد بەستڕا. گشت لایەنەکانی کوردی ڕۆژئاوا، وەکوو میوان، بەشداری کۆنفرانسە بوون، چەند میوانی باشووریش وەکوو پارتی و یێکێتی بەشداری کۆنفرانسەکە بوون. لە باکوورەوە چەند لایەنێک وەکوو میوان بەشداری کۆنفرانسەکەبوون. لە ڕۆژهەڵاتیش چەند لایەن وەکوو ڕێکخراوی دێمۆکراتی یارسان، پارتی چەپی حێکمەتیست و پژاک وەکوو میوان بەشداری کۆنفرانسەکە بوون. میوانەکانی کۆنفرانسەکە گشتیان لە سەر ئەوە جەخت بوون کە دۆخەکە ناسکە و تەنیا یێکێتی کوردان و یێکێتی نەتەوەیی لە ناو کورداندا دەتوانێ زەمانەتی سەرکەوتنی نەتەوەی کورد لەخۆوە بگری. ڕێکخراوی چاک و نۆێنەرانی پارتی چەپی سۆێد و پارتی دێمۆکرات مەسیحیەکانیش وەکوو میوان هەر لە سەر ئەوە دوان.
ڕۆژی یەکشەم ١ی مانگی سێ، بە دوای بانگەوازی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان بە مەبەستی دەربڕینی تووڕەیی و بیزاری لە کووشتن و بڕینی ڕۆڵەکانی کورد لە لایەن داعەشی ئێرانی، میتینگێک لە باژێری ستۆکهۆلمی سۆێد پێکهات. دەقی بانگەوازی پژاک بۆ ئەو چالاکییە بە ڕای نووسەر یەک لە دەقەکانی مێژووییە، کورت و پوختە و بێ شەرت و مەرج، پێشنیاری کاری هاوبەش بۆ بەرگری لە گیانی ڕۆلەکانی کورد دەکات. بەشدارانی چالاکییەکە جگە لە چەند کۆر و کۆمەڵەی مەدەنی، بریتی بوون لە رێکخراوی چاک و ڕێکخراوی دێمۆکراتیکی یارسان. ئامادە نەبوونی نۆێنەرانی لایەنەکانی ڕۆژهەڵات جێگەی داخ، بەڵام پرسیار خوڵقینەرە! پرسیار ئەوەیە: بۆچی ئەو کارەساتانەی بە سەر ڕۆڵەکانی نەتەوەکەمان دێت بە لای سازەکانی ڕۆژهەڵات گرینگ نیە؟ وڵامدانەوەی ئەو پرسیارە لە سەر شانی نووسەر نیە، مێژوو خۆی وڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە بەڵام تا کاتی وڵامدانەوەکە، کۆمەڵانی خەڵک دەتوانن دادوەری پێشەکی خۆیان بکەن.
ئەو دوو ڕووداوەی سەرەوە پێویستیان بە خۆێندنەوەیەکی نۆێ لە ڕوانگەی پێوەندی “زانست” و “هەستی بەرژەوەندی” لە لایەن هێزەکانی سیاسییەوە هەیە، کە خۆی دەبێتە بە هۆکارێک بۆ بەرزکردنەوەی دوو خاڵی جیاواز. یەکەم، ئەو دوو ڕووداوە سەنگێکیترو پێوەرێکیتر بوو بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستییە کە “بەشەکانی جیاوازی کوردستان لە ئاستی جیاوازی پێگەیشتوویی سیاسی و کۆمەڵایەتیدان”. لەوان، سێ پارچەیان پلەیەکی بەرزیان هەیە ومخابن ڕۆژهەڵات لە ناو ئەو سێ پارچەیەدا نیە. هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە سەر ئەوە کە سازەکانی ڕۆژهەڵاتی لە سەر ئەو ڕێبازەی کە وڵامدەرەوەی پێداویستییەکانی هەنووکەیی بێت نین، ئەو پێداویستییانەی کە دەگمەنی دۆخی هەنووکەیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین، تاریف دەکەن. هۆکاری ئەوەیان چیە؟ دیارە بە فرەشێوازی دەکرێ ئەو پرسیارە بخەینە بەرباس بەڵام بابەتێک لەو پەراوێزەدا دەتوانێ “فێربوونی هەڵە” واتە چەوتە زانی بێت، دەتوانێ خۆێندنەوەی هەڵە لە ڕاستییەکان بێت، … هتد. ئەوەی مسۆگەرە، هەرچی کە بێ “هەڵە”ی تێدایە.
دووهەم خاڵ بە ڕای نووسەر، بۆ جاریکیتر ئەو ڕاستییە سەلماند کە “خۆت دەبێ شتێک بی تا خەڵک بە ڕبەت بپێوێ”. زۆرینەی سازەکانی سیاسی ڕۆژهەڵات بە کردەوە، چەشنێک لە پاشکۆیی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانیان تێدا بەدی دەکرێ، هەر چەند لە گفتماندا شێوازێکیتر دەنوێنن. یێکێتی نەتەوەیی، پێوەرێکە بۆ هەڵسەنگاندنی ئەو پۆستوولاتە. یێکێتی نەتەوەیی بە زەرەری چ لایەنێکە؟ تەنیا داگیرکەر! هێزەکانی داگیرکەر وەک جنۆکە و بیسمیللا لەو کەرەستەیە دەسڵەمێنەوە. کەواتە هەڵکەوت و دیاردەی لەو جۆرە، کاتێک کە ڕۆڵەکانی کورد گیانیان لە سەر پەتی سێدارە بەخت دەکەن، خۆی ئامرازێکی گرینگە بۆ گەیشتن بە کەرەستەی گرینگتر، واتە یێکیتی نەتەوەیی. یێکێتی نەتەوەیی ئامانج نیە، کەرەستەیە کە دەتوانێ نەتەوەی کورد بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی یارەمەتی بدات.
لێکدانی ئەو دوو خاڵەی سەرەوە دەتوانێ بەڕای نووسەر، بیری مرۆڤ پەرەوازەی قووڵایی مینیاتۆری کۆمەڵایەتی سیاسی کوردستان بکات. بە هۆی ئەوە کە داگیرکەر لە یێکگرتوویی کوردان دەسڵەمێتەوە، کەواتە ئێستا باشترین کاتە بۆ پێکهێنانی یێکێتی، جا بە هەر شێوازێکی دەبێ بڵا ببێ! پاشان کە ئەوانیتر بخوازن بەشداربن، ئەوسا دەکرێ ئاڵوگۆڕ لە بناخەی دامەزراو پێک بێت .ئایا جگە لە داگیرکەر، کەس لەو “پێشنیارە” زەرەرمەند دەبێت؟ بڵا پرسیارەکە هەڵگێڕینەوە، ئایا جگە لە نەتەوەی کورد ودۆستانی، کەس لەو پێشنیارە قازانج دەکات؟

جەماڵی عەڵیاڵی ١/٠٣/٢٠١٥