بۆ کۆمیتەی فێنلاندی ی.ن.ک .. خەلیل غەزەڵی

پاش رێز و سڵاو
بەرێزان پەیامەکەتان کەلە وەڵامی یا باشتر بڵێم دژ بە چالاکێکی تاک بەناوی “مەجید حەقی” نووسیوتانە گەیشت.بە پێویستم زانی منیش چەند دێرێک ئاراستەی ئێوە بکەم.

ئەوەی کە یەکێتی نیشتمانی خاوەن مێژوویەک سەروەری و فیداکاری و شانازیە هەرکەس نکۆڵی لێ بکات کەتمانی کردوە و دەبێ شک لە دڵسۆزیی و نیشتمانپەروەری بکرێت. یەکێتی سەردەمی “مەشخەڵان” بووژینەرەوەی هیوا و ئاوات و شۆڕش بوو. بەتایبەت لە دوای ئەو دڵساری و ناهومێدیەی کە ئاشبەتاڵ بەسەر کوردی هەرچوار پارچەی سەپاند، سەرهەڵدانی یەکێتی نیشتمانی ، توانی کورد تەنانەت لە پلانی بەعس بۆ توانەوەی یەکجاری رزگار بکات. بەڵام ئەو هەموو شانازیانە نابێتە هۆی ئەوە کە تاکی کورد ئیزنی نەبێت رەخنەی ڵێ‌بگرێ. و نابێت کە رەخنە گیرا، دەمارگرژانە بەگژ رەخنەگردا بچنەوە.

ئەوەی ڕاستی بێت لە پاش راپەرین و بە دوای دەسپێکردنی کێبەرکێی نیوان یەکێتی و پارتی، یەکێتی تا هات بۆ پارتیی دابەزاند. ئەوە لەکاتێکدا بوو کە کاتێک کورانی یەکێتی و رادیو دەنگێ شۆڕشی بوو ڕاپەرینیان بە خوێنی خۆیان و شانبەشانی جەماوەر تۆمار دەکرد، هێشتا پارتی لە سنووڕەکان باوەرێ نەدەکرد راپەرێنێک لە ئارادایە. لە گەڕانەوەی بەرەی کوردستانی یەکێتی نیشتمانی دەتوانم بڵێم زیاتر لە ٧٠ تا ٨٠ لە سەدی گەلی کوردی لەگەڵ بوو بە هەولێر و بادینانیشەوە. ئایا لە خۆتان ناپرسن ئەی ئەمڕۆ یەکێتی لە گوێدایە؟ سەنگی یەکێتی و پارتی چەندە؟
بەرێزان ، هەموومان دەزانین ئەمرۆ یەکێتی زۆر بەداخەوە لە پارتێکی پێشرەو و شارستانی تا ئاستی پارتێکی لێکدابراو کە بوەتە چەند کۆتڵە و باڵی دەسرۆیشتووی، راست وەک حێزبێکی خێڵەکی هەڵسوکەوت دەکاتی لێهاتوە. هەر ئەوەشە کە ئەو باڵە دەسترۆیشتوە، هەموو شانازیەکانی یەکێتی خەریکە لە چاڵ دەنێت. چاو لە نازم دەباغ و هێندەێک سەرکردەی ئەو باڵە بکەن بزانن چەندە ماستاو بۆ ئێران خەست دەکەنەوە.
بەرێزان ئاخر کێشەی ناوخۆیی یەکێتی و قاسم سلێمانی و نوێنەرانی ئێران کوجا مەرحبا. ئەی ئەو سەربەخۆییە کە لە قەنیلەوە دەستی پێکرد و دڵی هەرچووار داگیرکەری کوردستانی وەلەرزەهینابوو چی لێها؟ بۆ ئاگاداریتان هەر دوێنی کاک فەرید ئەسەسەرد، رایگەیاند کە نیوانگیریەکانی فواد مەعسوم و ئیڕان هیچ لە کێشەکانی چارەسەر نەکردوە.
باشە ئایا ئەو هێنان و بردنەی ئێران و شیعە بۆ کەرکووک و جەلەولا و ناوچەکانی دیکە نابێت رەخنەیان لێبگیرێت؟
من بۆ خۆم دڵنیام هێشتا لە ناو یەکێتی دا سەدان رۆڵەی تێکۆشەری باوەڕمەند بە ئامانج و ئاواتەکانی شەهید ئارامەکان ، عەلی عەسکەریەکان خاڵە شەهابەکان ، کوێستانی‌یەکان و هەزاران رۆڵەی گیانبەختکردووی تێدایە، لەم هەلومەرجە کە بۆ یەکێتی هاتوەتە پێش نگرانن . بەڵام من دەڵێم هەر ئەو رٶلە بە ئەمەگانە ئەرگی سەرشانیانە هەوڵ بدەن، لەرێگەی یاسایی وەک کونگرە و نوسینی نامەی ئیعترازی بۆ باڵە ناکۆکەکان و بەگشتی هاتنە مەیدان، یەکێتی بگێرنەوە بۆ سەردەمی پێشەنگایەتی. تا ئەوکاتە بەرێزان ئیزنی تاکی دڵسۆز بدەن کە رەخنەگرانی چاونەترسی یەکیتی‌ەکەتان بن. دڵنیا بن بە رەخنە گرتن یەكێتی لەبەیەک ناترزاێت، بەڵکوو درێژەی ئەم هەلومەرجە و ئەو ریبازەی کە باڵی دەسترۆیشتوو رەچاوی دەکات و هەموو هێڵکەکانی لە سەلەی ئێران داناوە، زیان بە یەکێتی وە ناو و مێژووی دەگەیەنێت.
بە هیوای سەرکەوتنی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی نەتەوەکەمان. بەهیوان گەیشتنەوەی یەکێتی بە رێکخراوێکی تەندروستی دوور لە کۆتڵە و دەستەبەندیی و گەڕانەوە بۆ پێشڕەوایەتی و سەربەخۆیی بڕیاری سیاسی.
بەرێوەبەری ماڵپەڕی هەڵوێست
خەلیل غەزەڵی