هەناسەی پێشمەرگە، ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبووژێنێتەوە. ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٦٦٣

لە درێژەی چالاکییەکانی ساڵانی ڕابردوو و لە ڕاستای بردنە پێشی سیاسەت و بەرنامەی ڕۆژهەڵاتتەوەرانە دا، پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان ئەمساڵ و لە ٧٠ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دیموکرات دا، خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان بە دیداری خۆیان گەشاندەوە.
پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان، ئەمساڵ هەر لە مانگی جۆزەردانەوە، شانبەشانی جێگیر بوون لە ناوچە کوێستانی و سنوورییەکانی ڕۆژهەڵات و هەرێمی کوردستان، لە قووڵایی چەندین ناوچەی ڕۆژهەڵات ئامادە بوون و لە نزیکەوە لە گەڵ خەڵکی پێشمەرگەپەروەری کوردستان، دیداریان نوێ کردەوە.
تێکۆشان وچالاکیی سیاسی دەستەکانی کادر و پێشمەرگەی حیزب و دیدارنوێکردنەوەیان لە گەڵ پشتیوانانی هەمیشەیی خۆیان، ئەگەر لە لایەکەوە بووە هۆی شادیی لە رادەبەدەری خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە لایەکی دیکە بووە هۆی ترس و وەحشەتی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی و دەستوپێوەندە خۆفرۆشەکانیان. بە تایبەتی دوای ئەوەی پێشمەرگەکانی حیزب، لە ١٠ی خەرمانان لە سیسێری ناوچەی ڕەبەت، پەلاماری جاش و پاسدارەکان بۆ سەر خۆیان بە توندی تێک شکاند.
هاوکاری و هاوبەشیی پارێزەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە گەڵ دەستەکانی پێشمەرگە و پێشوازی و پشتیوانیی بێدریغی خەڵکی ناوچەکانی شنۆ، نەغەدە، پیرانشار، سەردەشت، ڕەبەت، بانە، مەریوان، مەهاباد و هەورامان لە ڕۆڵە پێشمەرگەکانیان، هێزی پێشمەرگەی لە زەبر و پیلانەکانی دوژمن، پاراست و جارێکی دیکە پتەویی پێوەندیی نێوان خەڵک و پێشمەرگەی سەلماندەوە.خەڵکی ناوچە جیاوازەکانی کوردستان لە دیدار لە گەڵ تێکۆشەرانی دیموکرات دا، داوای بەردەوامی ومانەوەی ڕۆڵە پێشمەرگەکانیان لە باوەشی خۆیان دا کردوە و هەناسە پێشمەرگە لە سەر خاکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان بە زیندووکەرەوەی خۆیان ناو بردوە.