میکائێل وینیارسکی: کاتێک کە دەوڵەتەکان کەسێک لەناو دەبەن کەس قۆڵبەست ناکرێ. وەرگێڕ: کەمال حەسەنپور

هیچ کەس بۆ دەرمانداوکردنی سیخوڕی پێشووی روسیا ئالێکساندێر لیتڤینێنکۆ مەحکوم نەکراوە، سەررەڕای ئەوەی کە شوێن پێیەکان دەگەڕێنەوە مۆسکۆ. بەڵام پەروەندەکە زۆرباش لەگەڵ ئەو مودێلە لەناوبردنانە دێتەوە کە نەتەنیا روسیا، بەڵکو دەوڵەتانی تریش لە دەرەوەی سنووری وڵاتەکانیانەوە پێوەی سەرقاڵن.
وڵاتانی دیکتاتۆر و هەروەها وڵاتانی دێموکراتیک ئەم کارە ئەکەن. ئیسرائیل، ئامریکا، ئێران و روسیا ئەم کارە ئەکەن. بەوە دەڵێن مرۆڤکوژیی ئامانجدار، جاری واشە پێی ئەوترێ ئیعدامی دەرەوەی یاسا. چەمکەکان ئەم رووداوانە شی ئەکەنەوە کە دەوڵەتێک یا دامودەزگایەک مرۆڤێک ئەکوژێ بێ ئەوەی کە ئەم کارە بەدوای حوکمێکی یاسایی یا خود لە بەرەی شەڕ دا روو بدا.
لێرەدا چەندین شێوازی جیاواز و ناوچەی بۆر هەن. لە هەندێک رووداوەکان لەناوبردنەکە بە ئاشکرا روو ئەدا، بەڵام ئەغڵەب کاروبارەکان بە شێوەی شاراوە ئەکرێن.
دیاردەیەکە جێی مشتومڕە، لە کاتێکدا کە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە سەرانسەری جیهان ئەم دیاردەیە ئیدانە ئەکەن، لە لایەن نوێنەرانی بەڕێوەبەریی سەربازیی و ناوەندە ئەمنییەتییەکان بەرگری لێ ئەکرێ.
ئامانجەکانیش جیاوازن. هەندێ جار مۆرە سەرکییەکانی ئەم رێکخراوانە ئەکوژرێن کە وەک گروپی تێرۆریستی چاویان لێ ئەکرێ، هەندێ جاریش ئەو کەسانە ئەگرێتەوە کە وەک دوژمنی سیاسیی دەوڵەت یا بەرێوەبەریی دەوڵەت سەیر ئەکرێن.
ئەوەی کە زۆرجار هاوبەشە ئەوەیە کە بڕیاری کوشتن لە لایەن لوتکەی دەسەڵاتی سیاسییەوە ئەدرێت. هەر وەک ئەو کاتەی کە سەرۆک‌کۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا باراک ئۆباما لە بەهاری ٢٠١١ بڕیاری کوشتنی رێبەری ئەلقاعیدە ئوسامە بین لادنی دا، کە خۆی لەباکوری پاکستان حەشار دابوو. بە هەمان شێوە هێرشی فڕۆکە بێ فڕٶکەوانەکەی کە لە سێپتامبری هەمان ساڵ ئەنوەر ئەلئەولەکی، هاوڵاتییەکی ئامریکایی بە رەچەڵەک یەمەنی، کوشت بە دوای بڕیارێکی ئۆباما دابوو.
دامودەزگای ئەمنییەتی ئیسرائێلیش نوێنەرانی فەلەستینی بە شێوەیەکی سیستێماتیک ئەکوشت، لە حەفتاکان ئەندامانی رێکخراوی رزگاریدەری فەلەستینی لە ناوچە داگیرکراوەکان (کەرتی رۆژئاوا و غەززە) و دوایی لە پێش هەموان ئەندامانی رێكخراوی حەماس.
بەڵام هەمیشە شتەکان هەر بەم شێوەیە نەچوونە پێش کە ئەوان ویستوویانە، لە ١٩٧٣ ئەحمەد بوشیک لە لایەن گروپێک سیخوڕی موساد لە لیللێ هاممێر درایە بەر دەستڕێژ و کوژرا. دوایە دەرکەوت کە هێرشبەرەکان بە هەڵە چوون و ئەوان کەسێکیان کوشتووە کە گارسۆنێکی بێتاوان بوو. ئەوان ناوبراویان لە گەڵ عەلی حەسەن سەلامەی فەلەستینی، کە رێبەری گروپی تێرۆریستی سێپتامبری رەش و یەکێک لەو کەسانە بوو کە دەستی لە کارەساتی کوشتنی ١١ وەرزشوانی ئیسرائیلی لە کایەکانی ئۆلەمپیکی مونیخ لە ١٩٧٢، لێ گۆڕا بوو. چەند ساڵ دواتر سەلامە بە هۆی ئوتۆمبیلێکی بۆمبرێژکراو کە سیخوڕێکی ئیسرائیلی لە بەیروت داینابوو کوژرا.
دوژمنی گەورەی ئیسرائیل لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کۆماری ئیسلامی ئێرانیش دەستی لە چەندین مرۆڤکوژیی لە دەرەوەی وڵات دا هەبووە. رەنگە یەکێک لە سەرنجراکێشترینەکان لە ١٩٩٢ رووی دا، کاتێک سادق شەرەفکەندی، سکرتێری گشتی حیزبی کوردی-ئیرانی حدکا لە گەڵ سێ کەس لە ئەندامانی رێبەریی حدکا لە رێستورانی یونانی میکۆنۆس کوژران. چەند کەس لە تاوانکاران گیران و مەحکوم کران. دادگا سەلماندی کە قەتڵەکان بە بڕیاری رێبەی ئێران ئایەتوڵڵا عەلی خامەنەیی و سەرۆک‌کۆمار عەلی ئەکبەر هاشمی رەفسەنجانی ئەنجام دراون.
روسیا درێژترین مێژووی نەپساوەی لە کوشتنی سیاسی دەرەوەی یاسادا هەیە. لە دەورانی یەکیەتی سۆڤیەت رێکخراوە سیخوڕییەکانی NVKD و KGB بۆ ئەم مەبەستە بەکار هێنران.
زۆرجار کوشتنەکان بە ژەهری بەرهەمهێنراو لە تاقیگایەکی تایبەتی، کە لە مەڵبەندی سەرەکیی KGB لە مۆسکۆ بوو ئەنجام ئەدران.
یەکێک لە بەناوبانگترین قەتڵەکان، کوشتنی لێئۆ ترۆتسکی، رەکابەرێکی بێزراوی یۆسف ستالین بوو. ترۆتسکی لە ١٩٢٩ ناچار بە جێهێشتنی سۆڤیەت کرابوو. یەکەمجار لە ١٩٤٠ سیخوڕەکانی ستالین لە مێکزیکۆ سیتی دەستیان بە ترۆتسکی راگەیشت، لە وێ پیاوی NKVD رامۆن مێرکادێر بە پاچی سەهۆڵ شکاندن، بۆلشێڤیکی پێشووی کوشت. مێرکادێر ٢٠ ساڵ زیندانی کرا و کاتێک کە لە ١٩٦١ چوو بۆ مۆسکۆ، بە نهێنی خەڵاتی قارەمانی سۆڤیەتی پێ بەخشرا.
تەنانەت پاش مردنی ستالین لە ١٩٥٩، لە کاتی رێبەرانی حیزبی کۆمۆنیست نیکیتا خروشچۆف و لێئۆنید برێژنێف ئەم رەوتە درێژەی هەبوو. زۆر زوو نۆبە گەیشتە رێبەری ناسیۆنالیستی ئوکرائینی ستێپان باندێرا کە لە تاراوگە لە ئاڵمانی رۆژئاوا دەژیا.
رۆژێک لە ئۆکتۆبری ١٩٥٩ باندێرا لە دەرەوەی ماڵی خۆی لە مونیخ حاڵی تێكچوو و پاش ماوەیەکی کورت مرد. کاتی لێکۆڵینەوە لە جەستەی ناوبراو دەرکەوت کە هۆی مردنی ژاری گازی سیانید بووە. دوو ساڵ پاش مردنەکەی دادگایەکی ئاڵمانی رۆژئاوا سەلماندی کە باندێرا بە دەستی سیخوڕێکی KGB کوژراوە کە ئەوەیش بە فەرمانی رەئیسی KGB ئالێکساندێر شلێپین و رێبەری حیزب خروشچۆف ئەم کارەی کردبوو.
یەکێک لە سەرنجراکێشترین قەتڵەکان “چەترکوژ کردنی” نووسەرە دژبەرە هەڵهاتووەکەی بۆلغارستانی، گێۆرگی مارکۆف بوو. رێبەرایەتی حیزبی کۆمۆنیستی بولغارستان داوای لە رێکخراوی سیخوڕی سۆڤیەتیی KGB کردبوو کە بۆ لەناوبردنی مارکۆف یارمەتییان بکا.
قەتڵەکە لە ١٩٧٨ کاتێک کە مارکۆف خەریکی پیاسە کردن لە سەر پردی واتێرلوو لە لەندەن بوو رووی دا. ئەو لە لایەن پیاوێکەوە بە چەتر لە قاچی درا. ناوبراو هەستی بە ژان کرد بەڵام بۆ شەوێ تاوی گرت و سێ رۆژ دواتر مرد. دواتر پزیشکان لە قاچی مارکۆف گوﻠلەیەکی پلاتینی ٥.١ میلیمەترییان کە کونی بچووکی تێدابوون دیتەوە. وا گریمانە کرا کە ئەم گوﻠلەیە ژاری کوشەندەی ریسینی تێدابووە.
پاش روخانی سۆڤیەت ئەم کاروبارە لە کزی دا بەڵام لە ٢٠٠٦ سەرۆک‌کۆمار ڤلادیمیر پوتین یاسای “دژەتێرۆر”ی لە پارلمانی روسیا چەسپاند کە دەسەڵاتی دا بە FSB (جێگرەوەی KGB) کە لە دەرەوەی وڵات تێرۆریستان بکۆژێ.
بەڵام پێنج ساڵ پێش ئەو کاتی ، لە مارسی ٢٠٠٣، دامودەزگای ئەمنییەتی، ئەم “دەسەڵاتەی کوشتنی” ئەو کەسانەی پێ درابوو کە دژی روسیای فێدێرال سەیر ئەکران.
ساڵی دواتر، واتە ٢٠٠٤، سەرۆک‌کۆماری پێشووی کۆماری چێچێن سەلیم خان جانداربایێف بە هۆی ئوتۆمبێلێکی بۆمبرێژکراو لە قەتەر لەتوپەت کرا. دواتر دوو سیخوڕی GRU قۆڵبەست و مەحکوم کران بەڵام پاش ماوەیەکی کورت رادەستی روسیا کرانەوە.
دامودەزگای ئەمنییەتی دەرەوەی روسیا SVR بە نووسراوە ئەم هەواڵەی بەدرۆ خستەوە و وتی ئێمە چیتر دژبەرانی سیاسی لە دەرەوەی وڵات لەناو نابەین. بە وتەی وتەبێژی SVR، دوایین کەس ستێپان باندێرا بووە کە لە ١٩٥٩ کوژراوە.
بەڵام لە چاپەمەنیەکانی روسیا دەکرا بخوێنیەوە کە ئەوە بە هیچ شێوەیەک سەیر نیە کە دامودەزگا ئەمنیەتییەکانی روسیا لە پشت ئەم کارە بن. رۆژنامەی ئیزڤێستیا نووسی “ئیسرائیل بە ئاشکرا رێبەرانی بەرهەڵستکاری فەلەستینی دەکوژێ” ، “کە وابوو بۆچی دەوڵەتی روسیا نابێ هەمان مافی هەبێ کە تێرۆریستان بکوژێ”؟
ئەمڕۆ مـیدیاکانی روسیا بەم شێوەیە رووراست نین.
وەرگێڕ: کەمال حەسەنپور
سەرچاوە:
http://www.dn.se/nyheter/varlden/michael-winiarski-ingen-skyldig-grips-nar-stater-likviderar