بۆچی ئێران لە داعش مەترسیدارترە؟ لۆس ئانجێلێس تایمز – مۆشە یەعلون . وەرگێران: کەماڵ حەسەنپوور
رێبەرانی سیاسی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە هەر دوو حیزبەکان لەسەر ئەو باوەڕەن کە لە خۆرهەڵاتی ناوین لەناو بردنی داعش گرنگترین شتە. لە راستی دا ئەوە بە قەد رووبەڕوو بوونەوە لە گەڵ مەترسیی ئێران گرینگ نیە. رێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی رابردوو لە وانەیە مەترسی بۆمبی ناوەکیی ئێرانی وەدوا خستبێ، بەڵام مەترسیی چەند لایەنەی ئێرانێکی میلیتاریستی، مەهدەوەی ٨٠ میلیۆن کەسی، بۆ سەر بەرژەوەنددیەکانی خۆرئاوا هەڕەشەیەکی گەورەترە لە چەتە و پیاوکوژە سوننیەکانی رەققە و موسڵ.
لە دانووستانی ناوەکی پێنج کۆ یەک پێکهاتوو لە وڵاتانی، ئامریکا، روسیا، چین، بریتانیا، فەرانسە و ئاڵمان، چەند سوودێک تۆمار کران. لەناو ئەو سوودانە دەکرێ باس لە وەدواخستنی پرۆژەی سەربازیی ناوەکیی بۆ ماوەی ١٠ تا ١٥ ساڵ، کەم کردنەوەی ناکۆکی سیاسی لە گەڵ ئێران، کردنەوەی بازاڕی نوێ لە ئێران و وەدەستهێنانی هاوکاریی ئێران لە جەنگی دژی داعش بکەین. تەنیا یەکێک لەوانە واتە وەدواخستنی بەرنامەی ناوەکیی، لە سەر حیسابی ئێران بوو چونکە هەردوو لا حەزیان لە پێکاندنی ئامانجی تر بوو.
لە روانگەی تارانەوە، قازانجەکان گەلێک لەوە زیاتربوون کە ئەوان دەستبەرداری بوون. لە بەرامبەر وەدواخستنی پرۆژەی سەربازیی ناوەکیی، گەلێک لە ئابلۆقە ئابووریەکان هەڵگیران، تەریک کەوتنەوەی سیاسی کۆتایی هات و سنوربەندیەکانی سەر بەرنامەی موشەکیی بالیستیکی شلتر کرانەوە.
هەروەها لەبەر ترسی زێدەگەورەکراوی وڵاتانی پێنج کۆ یەک کە هەڵگرتنی هەر هەنگاوێک لەوانەیە بیانوو بداتە دەست ئێران کە لە رێککەوتنەکە پاشگەز بێتەوە، تاران دەستکەوتی زۆر زیاتری گیر کەوت. یەکێک لەوان بەرفراوانبوونەوەی حەوزەی نفووزی ئێران لە سەرانسەری ناوچەکەیە چونکە چی تر لە “بژاردەی سەربازیی” ویلایەتە یەکگرتووەکان ناترسێ.
بەڵگەکانی رەفتاری تاوانکارانەی ئێران لە رادەبەدەرن. ئەو پشتیوانی سەرەکی رێژیمی کۆمەڵکوژی سوریایە کە بە پارە، چەک و چٶڵ و میلیشیا شیعەکان پاڵپشتی سەرۆککۆمار بەشار ئەسەد دەکا. ئەو چەک و چۆڵ، پارە و راهێنانی سەربازیی بۆ حیزبوڵڵا دابین دەکا و وەک ئامرازێکی ستراتێژیک بەکاری دەهێنێ بۆ لاواز کردنی دەوری یاسایی دەوڵەتی لوبنان. ئێران لە یەمەن بە پشتیوانی کردن لە یاخییبوانی حوثی ئاگری ناکۆکییەکان خۆش دەکا. لە شوێنی تری نیمچە دوورگەی عەڕەبی بەکرێگراوانی خۆی بۆ لاواز کردنی بەحرەین و عەرەبستانی سعودی بەکار دێنێ. لە جیرانەتی ئیسرائیل، ئێران پشتیوانی ئابووری لە جیهادی ئیسلامی فەلەستین دەکا و هەندێک لە لایەنەکانی حەماس فێری چۆنیەتی دروست کردنی مووشەک، فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و چەکوچٶڵی تر دەکا. هیچ کام لەو ئاکارانە بە دوای رێککەوتننامەی ئەتۆمی کەمیان نەکردووە، بە پێچەوانە ئێران لە هەموو ئەو شوێنانە شەڕئەنگێزتر بووە.
بۆ ئەو رێککەوتننامەی کە قەرار بوو تەنیا بۆ دیتنەوەی رێگاچارەیەکی ئاشتییانە بۆ بەرنامەی سەربازیی ئەتۆمی ئێران بێ، دانوستانکەرە ئێرانییەکان زۆر ژیرانە جوڵانەوە. ئەوان کایەیەکی زۆرباشیان بە دەستە وەرەقێکی زۆر لاواز کرد. ١٤ ساڵی تر کاتێک سنوربەندییەکان [لەسەر بەرنامەی ناوەکیی] هەڵگیران، جیهان لەوانەیە لە خراپترین بارودۆخ دابێ بۆ پێشگرتن بە پرۆژی ناوەکیی ئێران.
لە مێژوو و سیاسەتی ناونەتەوەیی دا ١٤ ساڵ وەک چاوتروکاندنێک وایە. زۆر هۆکاریش هەن، وەک رووداوی جیهانی کە ببێتە هۆی دوورکردنەوەی سەرنجی ناونەتەوەیی لە سەرپێچییەکانی ئێران، کە دەتوانێ ئەو ماوەیە بە شێوەیەکی بەرچاو کورت بکاتەوە.
نەتەوە نیگەرانەکان دەبێ ئێستا پێکەوە هاوکاری بکەن تا پێش بە ئێران بگرن تا نەخشەی سیاسی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بە قازانجی خۆی لە سەرڕا نەکێشێتەوە و سوود لە ناسەقامگیریی ناوچەکە وەرگرێ تا خۆی بە بۆمبی ئەتۆم چ پێش کۆتایی کاتی رێککەوتنەکە و چ پاش ئەو ماوەیە تەیار بکا.
یەکێک لەو هەنگاوانە دەتوانێ پشکنینی توندوتۆڵ لە دامەزراوە ناوەکییەکانی ئێران لە خۆ بگرێ، ئەویش نەک تەنیا لە لایەن ئاژانسی وزەی ئەتۆمییەوە. هەرچی ىێ بەشی هەرە زۆری سەرپێچییە ناوەکییەکانی ئێران لە لایەن دەزگا هەواڵگرییەکانی رۆژئاوا ئاشکرا کران نەک ئاژانسی وزەی ئەتۆمییەوە. جگە لەوە نەتەوە پەیوەندیدارەکان پێویستە لە مەڕ بەرنامەی مووشەکی بالیستیکی و پشتیوانیی تێرۆریزم زەخت بخەنە سەر ئێران. هەرەوها دەبێ ئەوان هەوڵ بۆ چەسپاندنی بڕیارنامەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بارەی قەدەغە کردنی بڵاو کردنەوەی چەکوچۆڵ لە سەرانسەری ناوچەکەدا لە لایەن ئێرانەوە بدەن. جێی ئاماژەیە کە هیچکام لەو هەنگاوانە سەرپێچی لە مەرجەکانی رێككەوتننامەی ناوەکیی نین.
ئێستاش بۆ راست کردنەوەی ئەو روانگەیەی وڵاتانی رۆژئاوایی، بە رێبەریی ویلایەتە یەکگرتووەکان، درەنگ نەبووە کە پێی وایە ئێران لە جیاتی سەرچاوەی ناسەقامگیریی و تووندئاژۆیی بێ، بەشێکە لە رێگاچارەی قەیرانەکانی خۆرهەڵاتی ناوین. بێگومان ئێران شەڕی داعش دەکا، ئەو راستییەی کە توندرەوترین دەوڵەتی شیعەی جیهان لەگەڵ سوننییە توندڕەوەکان بەربەرەکانی دەکا نابێ شتێکی سەرسوڕهێنەر بێ.
بە داخەوە ئەوانەی کە پێیان وابوو کە رێكکەوتننامەی ناوەکیی دەبێتە هۆی ئێرانێکی میانڕەوتر، کراوە و رێفۆرمخواز، لە ناوخۆ و لە دەرەوە، تووشی خۆشخەیاڵیی بوون. تا ئەو کاتەی کە ئایەتوڵڵاکان فەرمانرەوایی رێژیمی ئێران دەکەن، هیچ شانسێک بۆ کرانەوەی مەکدۆنالدز لە تاران نیە. لە جیاتان ئێمە ئیعدامی زۆرتر، سەرکوتی زۆرتر و ستەمکاریی زۆرتر دەبینین.
ئەوە روانگەیەکی هاوبەشە لەناو وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوین کە سەردەمێک بەرهەڵستکاری یەکتربوون. لە کاتێکدا کە خەباتی نێوان ئیسرائیلی و فەلەستینییەکان درێژەی هەیە، جارێ هەر ئاماژەیەک بە ناکۆکی نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی سوننی، شتێکی زیادییە. ئێستا عەڕەب وئیسڕائیلی لە یەک پاپٶڕ دان، کە رووبەڕووی هەڕەشەی جۆراجۆر بە پشتیوانیی ئێران بوونەوە، لە پەیوەندیی لەگەڵ چۆنیەتی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئەو هەڕەشانە، ئێمە بەشێوەیەکی گشتی یەک بۆچوونمان هەیە.
ئەوەی پێویستمانە رێبەریی کردنە لە لایەن هاوپەیمانە نەریتییەکانمان لە رۆژئاوا، بە تایبەتی دۆستە باشەکانمان لە ئامریکا. ئەگەر سەرۆککۆمار ئۆباما یا جێگرەوەکەی ئەولەوییەتەکان بگۆڕێ و رێبەریی کەمپەینێک بۆ زەخت خستنە سەر ئێران بۆ کۆتایی هێنان بە سیاسەتە گێرەشێوێنانەکەی بگرێتە ئەستۆ، هەمان زەخت کە ئێرانی ناچار کرد لە سەر بەرنامەی ناوەکییەکەی دانوستان بکا، ئەوا هەم لە ناو عەڕەبەکان و هەمیش لە ناو ئیسڕائیلییەکان دا شەریک پەیدا دەکات.