دیموكراسیی له تیئۆرییه‌وه بۆ تێڕوانین! (بەشی ١٨، ١٩ و ٢٠ ) ئاریتما محه‌ممه‌دی
{دیموكراسیی سیسته‌مێكی سیاسییه كه ته‌نها باییخ به ده‌ستاوده‌ست كردنی ده‌سه‌ڵات ده‌دات و قه‌د گۆڕانكاریی بنه‌ڕه‌تیی ناهێنێته كایه‌وه، چونكه كاپیتالیسته‌كان ڕێگر ده‌بن له‌هه‌ر پڕۆژه و پلانێك كه له‌گه‌ڵ ستراتیژیی ئه‌واندا نه‌گونجێت، هاوكات ئه‌وه مرۆڤه‌كانن كه ده‌توانن به هزر و بیریان شۆڕش و گۆڕانكاریی بنه‌ڕه‌تیی بهێننه كایه‌وه، نه‌ك سیسته‌مێكی ده‌ستكردی مرۆڤ كه به‌رهه‌می چه‌مكی سه‌رمایه‌دارییه. ئاریتما محه‌ممه‌دی}
دیموكراسیی كاتێ ده‌بێته هۆی پێشكه‌وتن كه گۆڕانكاریی له گه‌ڵ خۆی بهێنێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ته‌نیا گۆڕانكاریی له سیسته‌می به‌ڕێوه‌بردنی وڵات‌دا بكات، ئه‌وه ناتوانێ ببێته هۆی پێشخستنی وڵات. هه‌موو پێشخستنێك له تێڕوانینی خۆماڵییانه‌ی كۆمه‌ڵگه‌وه دێته كایه‌وه، نه‌ك له ده‌لاقه‌ی ڕوانینی ده‌سه‌ڵات بۆ كۆمه‌ڵگا. له‌هه‌موو كۆمه‌ڵێكدا دوو ڕوانگه هه‌ن، یه‌كیان له خواره‌وه چاو له كێشه‌كان و دۆخی ژیانی كۆمه‌ڵگه ده‌كات، ئه‌وی دیكه‌یان له‌سه‌ره‌وه و له‌سه‌ر كورسیی ده‌سه‌ڵات و له‌نێو كۆچك و ته‌لاره‌وه چاو له دۆخی ژیانی خه‌ڵك ده‌كات. ئه‌وه‌ی كه له خواره‌وه چاو له دۆخه‌كه ده‌كات، باشتر كێشه‌كان ده‌بینێت و پێداویستییه‌كان هه‌ست پێ ده‌كات. ئه‌وه‌شی كه له سه‌ره‌وه چاو له كێشه‌كان ده‌كات ته‌نیا ژیانی خۆی ده‌بینێت و پێشی وایه كه دۆخی ژیانی خه‌ڵك وه‌ك دۆخی ژیانی خۆی وایه. بۆیه پێویسته كه ده‌سه‌ڵاتدار تاكی نێو ناخی كۆمه‌ڵگه بێت و نابێ ڕێ بدرێت كه ده‌سه‌ڵات و جمگه‌كانی ده‌سه‌ڵات وه‌ك سه‌روه‌ت و سامانی بنه‌ماڵه‌یی بۆ كه‌س و لایه‌نێكی تاییبه‌ت دابڕ بكرێت.
ئه‌وانه‌ی كه له‌نێو كۆمه‌ڵگه‌وه هێدی هێدی به ده‌سه‌ڵات و سیسته‌می حوكمڕانیی ئاشنا ده‌بن پتر ده‌توانن خزمه‌ت به كۆمه‌ڵگا بكه‌ن تاكوو ئه‌وانه‌ی كه وه‌ك بنه‌ماڵه خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات بوونه و ده‌سه‌ڵاتدارێتی وه‌ك سه‌روه‌ت و سامانی بنه‌ماڵه چاوی لێ ده‌كه‌ن. هه‌روه‌ها بۆ ئه‌وه‌كه گۆڕانكاریی به‌رده‌وام له په‌ره‌سه‌ندندا بێ پێویسته باییخی ژیان و به‌ره‌و پێشه‌وه بردن و باشتركردنی دۆخی ژیان له‌لایه‌ن چینه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌وه جێی گرینگیی بێ. هه‌ر گۆڕانكارییه‌ك پڕۆژه‌ی هاوپێچ نه‌بێ و هه‌ڕه‌مه‌كیی هه‌وڵی بۆ بدرێ له‌وانه‌یه ئاكامه‌كه‌ی به زیانی كۆمه‌ڵگه بشكێته‌وه. زۆر كۆمه‌ڵگه هه‌ن كه خاوه‌نی سیسته‌می دیموكراسیین كه‌چی نیشتمانه‌كه‌یان سه‌قامگیر نییه و به‌ده‌ست كێشه ئابووریی، سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه ده‌ناڵێنن. بۆیه هه‌موو وڵاتێكی دیموكرات خاوه‌ن ئازادیی، سه‌ربه‌ستیی و ژیانێكی پڕ به‌خته‌وه‌ریی نیین. به‌خته‌وه‌ریی له تێڕوانیی مرۆڤه‌كان بۆ كێشه‌كانی كۆمه‌ڵگه سه‌رچاوه ده‌گرێت. چونكه ئه‌وه هه‌وڵی مرۆڤه‌كانه كه گۆڕانكاریی دێنێته كایه‌وه. هه‌ر تێڕوانینێك خاوه‌ن پڕۆژه‌ی هزریی بۆ كێشه‌كانی كۆمه‌ڵگه نه‌بێ به‌خته‌وه‌ریی مسۆگه‌ر ناكات. به‌خته‌وه‌ریی له یه‌كێتیی هزریی ڕووناكبیرانی كۆمه‌ڵگه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت. بێگومان تاكوو هه‌موو چینه‌كانی كۆمه‌ڵگه هیوا و ئاره‌زووی ژیانێكی پڕ به‌خته‌وه‌ریی، ئازادیی و سه‌ربه‌ستیی نه‌كه‌ن، هیچ شۆڕشێك و گۆڕانكارییه‌ك نایه‌ته كایه‌وه كه ئامانجی به‌خته‌وه‌ریی بێ و خه‌ڵك به مافه‌كانیان ئاشنا بكات.
له ماوه‌ی سه‌دساڵی ڕابردوودا دیموكراسیی وه‌ك تاكه سه‌رچاوه‌ی دادپه‌روه‌ریی سیاسیی هه‌ژمار كراوه، هه‌رچه‌ند ئه‌م سیسته‌مه وه‌ك چه‌مك هاوپێچی كاپیتالیسم و نوێ لیبرالیسم بووه كه زۆر له چه‌مكه‌كانی پێوه‌ندیدار به كۆمه‌ڵگای بردووه‌ته ژێر كاریگه‌ریی خۆی و له‌و لاشه‌وه باییخه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی كه‌مڕه‌نگ و لاواز و بێ باییخ كردووه، به‌ڵام پێشكه‌وتنی ژیان و تێگه‌ییشنی كۆمه‌ڵگه بۆ پرسه جیاوازه‌كانی پێوه‌ندیدار به ژیانی سیاسیی له وڵاتانی پێشكه‌وتوو ئیتر خه‌ریكه سه‌كردایه‌تیی كردنی ده‌سه‌ڵاتی دیموكراسیی له سه‌رمایه‌داره‌كان ده‌ستێنێته‌وه و ئیزنیان پێ نادات كه پتر كۆمه‌ڵگه بچه‌وسێننه‌وه و خه‌ڵك له قازانجی خۆیان به‌كار بهێنن. هه‌نووكه تێگه‌ییشتنی كۆمه‌ڵگه به‌و ئاره‌سته‌دا ده‌ڕوات كه ئیتر كاپیتالیسته‌كان ناتوانن وه‌ك ڕابردوو له ڕێگای دیموكراسییه‌وه و به‌ناو هه‌ڵبژاردنی ئازاد كه له ڕێگای میدیاوه سه‌رنجی خه‌ڵكیان ڕاكێشاوه، كۆمه‌ڵگه داگیر بكه‌ن و خۆیان له یاریی هه‌ڵبژاردنه‌وه به لووتكه‌ی ده‌سه‌ڵات بگه‌یه‌نن و په‌ره به سه‌رمایه‌كانیان بده‌ن. چونكه تێگه‌ییشتنی كۆمه‌ڵگه ئاڵوگۆڕی به‌سه‌ردا هاتووه و هه‌نووكه كۆمه‌ڵ وه‌ك ڕابردوو سه‌یری ده‌سه‌ڵات ناكات.
چونكه ده‌زانێ ده‌سه‌ڵات كۆمه‌ڵگا له قازانج و به‌رژه‌وه‌ندیی خۆی به‌كار هێناوه. لێره‌دایه كه كێشه‌كانی چه‌مكی دیموكراسیی به ئاره‌سته‌یه‌كی جیاواز ده‌ڕۆن و ئه‌مه‌ش به سه‌ره‌تای قه‌یرانه‌كانی دیموكراسیی و لیبرالیسمی نوێ پێناسه ده‌كرێت. له‌به‌ر ئه‌وه به‌شێكی زۆر له كاپیتالیسته‌كان به هۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه به‌شێك له سه‌رمایه‌كانیان له ده‌ست داوه، ئه‌مه‌ش به هۆی جیاوازیی ڕوانگه‌كانی كۆمه‌ڵگه و چینی سه‌رمایه‌خواز و سه‌رمایه‌داره‌وه بووه. بێگومان كاتێ كه به‌و چه‌شنه كه سه‌رمایه‌داره‌كان و كاپیتالیسته‌كان پلانیان بۆ داڕشته‌بوو ده‌رنه‌چوو و خه‌ڵك له ڕێگای هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه ده‌نگیان به‌و پڕۆژانه دا كه له قازانجی سه‌رمایه‌داره‌كان نه‌بوو، ئیتر پڕۆژه‌ی كاپیتالیسته‌كانی له‌گه‌ڵ كێشه به‌ره‌وڕوو كرد، چونكه پێشتر هه‌ر له ڕێگای ده‌نگدانه‌وه بوو كه كاپیتالیسته‌كان پلانه‌كانیان به‌ره‌وپێش ده‌برد و ئامانجه‌كانیان ده‌پێكا.
هه‌ڵبژاردنه‌كانی بریتانیا و به‌شێك له وڵاتانی ئه‌ورووپیی چه‌مكی دیموكراسیی له‌گه‌ڵ كێشه‌ی قووڵ به‌ره‌ڕوو كردووه‌ته‌وه، كاتێ كه كۆمه‌ڵگه له ئاستێكی یه‌كساندا ده‌نگ به دوو پڕۆژه‌ی جیاواز ده‌دات، درووست نییه كه ته‌نیا له‌به‌ر جیاوازیی چه‌ند هه‌زار ده‌نگ یه‌كێ له‌و دوو پڕۆژه به پڕۆژه‌ی زۆربه‌ی كۆمه‌ڵگه بناسێنیت، هه‌ربۆیه زۆرجار له كاتی دووباره كردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردندا بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی پڕۆژه‌یه‌ك حوكوومه‌ت و ده‌سه‌ڵات تاكتیك به‌كار ده‌هێنێن و پاش به‌ڕێوه‌چوونی خوولی دووه‌می هه‌ڵبژاردن یه‌كێ له پڕۆژه‌كان كه قازانج و به‌رژه‌وه‌ندیی سیسته‌می كاپیتالیسستیی دابین ده‌كات و له‌گه‌ڵ سیاسه‌ته‌كانی ده‌سه‌ڵات یه‌كانگیره به جیاوازییه‌كی زۆر به‌سه‌ر ئه‌وی دیكه‌دا سه‌رده‌خرێت. واتا كاپیتالیسته‌كان و سه‌رمایه‌داره‌كان به‌رده‌وام له سیسته‌می دیموكراسیی بۆ دابین كردنی به‌رژوه‌ندیی خۆیان كه‌ڵك وه‌رده‌گرن. به‌ڵێ بێگومان دیموكراسیی چه‌مكی سه‌رمایه‌دارییه و ئه‌م سیسته‌مه به‌بێ چه‌مكه سه‌رمایه‌داریی و كاپیتالیستییه‌كه‌ی واتا ناگه‌یه‌نێت.
زۆربه‌ی وڵاتانی پێشكه‌وتوو خاوه‌ن سیسته‌می دیموكراسیین، به‌ڵام ڕێژه‌ی هه‌ژاریی له‌و وڵاتانه هندێكجار له وڵاتانی دواكه‌وتوو پتره. ڕێژه‌ی هه‌ژاران و ئه‌وانه‌ی كه له‌سه‌ر جاده‌كان یانخود خاوه‌ن ژیانێكی ناستانداردن له ئه‌مریكا پتره تا وڵاتێكی دواكه‌وتوو. چونكه ژیان له وڵاتانی دواكه‌وتوو له یه‌ك ئاستیی مامناوه‌ند دایه و به‌گشتی دۆخی ژیان له‌و وڵاتانه دژواره و خه‌ڵك به‌ده‌ست كۆمه‌ڵێك كێشه‌ی سیاسیی، ئابووریی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه گیرۆده‌ن. به‌ڵام له وڵاتانی پێشكه‌وتوو به‌و شێوه نییه و ده‌سه‌ڵات ده‌توانێ كێشه‌كانی چینه هه‌ژاره‌كان چاره‌سه‌ر بكات، به‌ڵام ئه‌و كاره ناكات، چونكه سیسته‌می كاپیتالیستیی سیسته‌مێكه كه باییخ به جیاوازیی چینه‌كانی كۆمه‌ڵگه ده‌دات، بێگومان هه‌بوونی چینی جیاواز له كۆمه‌ڵگه یه‌كێ ئامانجه‌كانی سیسته‌می كاپیتالیستییه. له سیسته‌می دیموكراسیدا له ڕێگای هه‌ڵبژاردنه‌وه هیچ گۆڕانكارییه‌ك نایه‌ته كایه‌وه، چونكه سیستمه‌كه كاپیتالیستییه و ڕێگر ده‌بێ له گۆڕانكارییه‌ك كه له ده‌ره‌وه‌ی ستراتیژیی ئه‌و چه‌مكه‌وه بێ.
له كام له وڵاتان له ڕێگای هه‌ڵبژاردنه‌وه ئاڵوگۆڕی سیاسیی هاتووه‌ته كایه‌وه؟ گۆڕانكارییه‌كان هێنده وردن كه هه‌ستیان پێناكرێ و ته‌نیا له ده‌ستاوده‌ست كردنی ده‌سه‌ڵاتدا خۆی ده‌بینێته‌وه. ته‌نانه‌ت له هندێك وڵاتی دیموكراتیدا ته‌نیا سه‌رمایه‌داره‌كان ده‌توانن خۆیان بۆ گرتنه ده‌ستی ده‌سه‌ڵات به‌ربژێر بكه‌ن. ئه‌مریكا یه‌كێ له‌و وڵاتانه‌یه كه سیسته‌مێكی له‌و چه‌شنه‌ی هه‌یه. ئه‌وه له كاتێك دایه كه ئه‌و وڵاته ده‌یهه‌وێ سه‌رمه‌شق بێ بۆ هه‌موو جیهان و خۆی به وڵاتێكی دیموكراتیی پێناسه ده‌كات، كه‌چی ته‌نیا نوێنه‌رایه‌تیی سه‌رمایه‌داره‌كان، كاپیتالیسته‌كان و دستڕۆییشتووه‌كان ده‌كات. به‌ڵێ دیموكراتیی سیسته‌مێكی له‌و چه‌شنه‌یه و ته‌نیا نوێنه‌رایه‌تیی چینه‌كانی ده‌سه‌ڵاتدار، سه‌رمایه‌دار و ده‌ستڕۆییشتوو ده‌كات. له سه‌دا نه‌وه‌دوپێنجی دانیشتووانی هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك خولیای سیاسه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی نیین، ده‌ی چۆن ده‌بێ كه هه‌موو پره‌نسیبه‌كانی دیموكراتیی خۆی له ده‌ستاوده‌ست كردنی ده‌سه‌ڵاتدا ببینێته‌وه! ئه‌ی ده‌ستكه‌وتی خه‌ڵكی هه‌ژار و نه‌دار چی ده‌بێ؟ به‌ڵێ له سیسته‌می دیموكراسیدا ئه‌وانه‌ی كه قازانج ده‌كه‌ن و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی مسۆگه‌ره ته‌نیا خۆ له كاپیتالیسته‌كان، سه‌رمایه‌داره‌كان و كه‌سایه‌تییه سیاسیی و حیزبییه‌كان ده‌بینێته‌وه.
……………………….
بەشی ١٩
{چه‌مكی لیبرالسیم ته‌نیا له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕه‌نگانه ته‌بایه كه له پێكهاته‌كه‌یدا تۆی هاوبه‌شی هه‌یه، نه‌ك له گه‌ڵ ئه‌و ڕه‌نگانه‌دا كه جیاوازیی به چه‌مكه‌كان ده‌به‌خشێت و هه‌وڵ ده‌دات كه تۆی جیاواز به چه‌مك و سیسته‌می جیاواز ببه‌خشێث. لیبرالیسم ئامانجی داگیركردنی ئابووریی جیهان و ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی جیهانه و له‌و نێوانه‌دا هه‌وڵ ده‌دات كه چه‌مكی لیبڕاڵیی به‌سه‌ر گۆی زه‌ویدا بچه‌سپێنێت، به‌ڵام ته‌نیا وڵاته پیشه‌سازیی و لیبڕڵییه‌كان بڕیارده‌ری ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی و ئابووریی سه‌ر ئه‌م ئه‌ستێره پڕ له ڕه‌نگه جیاوازه بن، ئاریتما محه‌ممه‌دی}
دیموكراسیی ئه‌و چه‌مكه سیاسییه نییه كه كێشه‌ی سیاسیی و نه‌ته‌وه‌یی نه‌ته‌وه بنده‌سته‌كان چاره‌سه‌ر بكات. دیموكراسیی له دۆخ و هه‌لومه‌رجێكی سیاسیی تاییبه‌ت له سه‌ده‌ی ١٧دا له ئه‌ورووپا گه‌شه‌ی كرد و هاته كایه‌وه كه وڵاتانی ئه‌ورووپیی هه‌موو هه‌وڵی خۆیان خستبووه گه‌ڕ كه وڵاتانی جیهان بخه‌نه ژێر ڕكێف و ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی خۆیانه‌وه كه دواتر به چه‌مكی كۆلۆنیالیزم نێودێر كرا. ئه‌م پڕۆسه له ئه‌ورووپا ده‌ستی پێكرد و له‌گه‌ڵ ڕێفۆرم و گۆڕانكاریی و كه‌مكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی كلیسا گه‌شه‌ی كرد. هه‌رچه‌ند كرانه‌وه‌ی سیاسیی له وڵاتی بریتانیا مێژووێكی دوور و درێژتری هه‌یه كه به‌رده‌وام په‌رله‌مانی ئه‌و وڵاته له‌گه‌ڵ سیسته‌می پاشایه‌تییدا له یارییه‌كی سیاسیی تنوتۆڵدا بووه و له ئاكامیشدا په‌رله‌مان به‌سه‌ر سیسته‌می پاشایه‌تیدا سه‌ركه‌وتنی مسۆگه‌ر كرد و ده‌سه‌ڵاتی له‌نێوان په‌رله‌مان و پاشادا دابه‌ش كرد و دواتریش به ته‌واوه‌تیی ده‌سه‌ڵاتی له ده‌ستی پاشا و مه‌له‌كه سه‌ند و له ده‌سه‌ڵات دووری خستنه‌وه.
به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌و دیموكراسییه‌ی كه ئه‌مڕۆ باسی لێوه ده‌كرێت، به خوێنی گه‌لانی ئه‌فریقیی و نه‌وتی وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست گه‌شه‌ی كرد و به‌م ئاسته به‌رینه گه‌یشت. ئێمه پێویستمان به سیسته‌مێكی سیاسییه كه دادپه‌روه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تیی و ئابووریی بچه‌سپێنێت و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا چاره‌سه‌ری بۆ كێشه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان پێ بێت و ئازادییه جۆراجۆره‌كانیش له سنووری خۆیدا جێگیر بكات.
له ڕاستیدا دیموكراسیی باشترین بژارده بۆ ئاڵوگۆڕكردنی ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی له نێوان ڕه‌نگه هاوبه‌شه‌كان بووه نه‌ك ڕه‌نگه جیاوازه‌كان، چونكه ئه‌م چه‌مكه بێجگه له‌خۆی چه‌مكێكی دیكه له‌نێو خۆیدا جێ ناكاته‌وه، بێگومان لیبرالیسم قه‌د دان به چه‌مكێكدا نانێت كه پێچه‌وانه‌ی خۆی بێت و خاوه‌ن فۆرم و چوارچێوه‌یه‌كی زانستیی و ڕێكخراو بێ. ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی ئه‌و درووشمانه‌یه كه دائیم لیبڕاڵه‌كان جاری ده‌كێشن و باسی لێوه‌ده‌كه‌ن كه گوایه ئه‌وان باوه‌ڕیان به فره‌گه‌ریی، فره‌ڕه‌نگیی و پلۆرالیسم هه‌یه. لیبڕاڵه‌كان باوه‌ڕیان به پلۆرالیسمێك هه‌یه كه خاوه‌ن كولتوورێكی رێكخراو نه‌بێ و پێچه‌وانه‌ی لیبرالیسم هه‌نگاو نه‌نێت. ده‌كرێ بڵێین كه لیبرالیسم خاوه‌ن جۆرێك له چه‌مكی پلۆرالیسمی تاكییه كه دان به ڕه‌نگه هاوبه‌ش و جیاوازه‌كان له چوارچێوه‌ی ژیانی تاكدا ده‌نێت. {وه‌ك ئاماژه لیبرالیسم قه‌د ئیزن به‌وه نادات كه كوموونیسم له‌نێو بازنه‌ی سیاسیی ئه‌ودا مانوڕ بدا. ته‌نانه‌ت ڕێكخراویی كوموونیستیی له ئه‌مریكا كه لیبڕاڵترین وڵاتی جیهانه ڕێ پێنه‌دراوه و هه‌موو چالاكییه‌كانی لایه‌نگرانی كوومونیسم له‌ژێر چاوه‌دێریی دایه}. به‌ڵام ئازادییه تاكه‌كه‌سییه‌كان و ئازادییه‌كانی نووسین و بڵاوكردنه‌وه ئه‌گه‌ر مه‌ترسیی بۆسه‌ر ده‌سه‌ڵاتی كاپیتالیسته‌كان یانخود كه‌سایه‌تییه سیاسیی و خاوه‌ن سه‌رمایه‌كان درووست بكات، ئه‌وه ئه‌و كات سنوورداری ده‌كه‌ن و ڕێوشوێنی تاییبه‌تی بۆ سه‌ركووتكردنی ده‌گرنه‌به‌ر.
بێگومان لیبرالیسم خاوه‌ن كولتوورێكی ڕێكخراو نییه كه به‌بێ ئه‌و كولتووره ئیتر ئه‌و چه‌مكه تێك بچێت و پێش نه‌كه‌وێت یانخود نه‌توانێ خۆی ڕێك بخات، دیموكراسیی وه‌ك پێشتر ئاماژه‌م پێی كرد، چه‌مكێكه كه پتر پشتی به به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌شه‌وه به‌ستووه، چونه ئه‌و سیسته‌مه بناغه و بنه‌ماكه‌ی كاپیتالیستییه، هه‌ر پڕۆژه‌یه‌كی ئابووریی و سیاسیی كه له چوارچێوه‌ی چه‌مكی لیبرالیسمدا خۆی ده‌ربخات، بێ یه‌كودوو پابه‌ندی به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌ش ده‌بێ. كاتێ كه لیبرالسیم به هه‌موو شێوه‌یه‌ك ده‌ڵێ فه‌لسه‌فه‌ی لیبرالیسمی نوێ خۆی له ئازادییه سیاسیی، نووسین، بڵاوكردنه‌وه و ده‌ربڕینی ڕای ئازاد و ئازادیی پێكهێنانی ڕێكخراو… هتد ده‌بینێته‌وه، ئه‌ی بۆ ده‌بێ له چوارچێوه‌ی ئه‌و چه‌مكه‌دا بێڕێزیی به ئایینی پیرۆزی ئیسلام بكرێت؟ یانخود بۆ ده‌بێ كاناڵێكی كوردیی كه پتر له چل میلۆن كورد چاوی لێ ده‌كات له وڵاتی دانمارك دابخرێت؟ كه‌واتا لیبڕاڵه‌كان كاتێ باوه‌ڕیان به فره‌ڕه‌نگیی و پلۆرالیسم هه‌یه كه خاوه‌ن ڕه‌نگی هاوبه‌ش بن و نابێ ئازادییه‌كان دژی به‌رژوه‌ندیی ئه‌وان بێ.
{له بنه‌ڕه‌تدا لیبرالیسم ئه‌و مانایه نادات كه ئه‌مڕۆ پێوه‌ی ده‌ناسرێت، لیبڕاڵه‌كان له‌سه‌ره‌تادا دژایه‌تیی به‌شداریی ژنانیان ده‌كرد له هه‌لبژاردنه‌كان له ئه‌ورووپا و هه‌روه‌ها زۆر له‌گه‌ڵ گۆڕانكاریی نه‌بوون و له ڕاستیدا له گۆڕانكارییه‌كانی ئه‌ورووپا له سه‌ده‌ی ١٥ و ته‌نانه‌ت له سه‌ده‌ی ١٥ به‌ملاشه‌وه هیچ ڕۆلێكی ئه‌وتۆیان نه‌گێڕاوه و پتر له‌گه‌ڵ ده‌ره‌به‌گه‌كان و ده‌سه‌ڵاته خێڵه‌كییه‌كاندا ته‌با بوونه}
بۆ ده‌بێ وڵاتانی لیبڕاڵیی و دیموكراسیی چه‌ك و چۆڵ به وڵاتانی دیكتاتۆر بفرۆشن و ئه‌و ڕژیمه سه‌ركووتكارانه گه‌لانی خۆیانی پێ سه‌ركووت بكه‌ن؟ خۆ ده‌ڵێن بنه‌ماكانی دیموكراسیی و لیبرالسیم له ئازادیی، هه‌ڵبژاردنی ئازاد، مافی مرۆڤ، مافی یه‌كسانیی نێوان ژن و پیاو، ئازادییه تاكه‌كه‌سییه‌كان، ئازاسییه گشتیی، سیاسیی و ئازادییه‌كانی نووسین و بڵاوكردنه‌وه و ده‌ربڕینی ڕای ئازاد پێك دێت. ده‌ی بۆ وڵاتانی دیموكراتیی به ناردنی چه‌كوچۆڵ بۆ وڵاتانی دواكه‌وتوو و هه‌ژارنشین كێشه‌ی گه‌لانی ئه‌و وڵاتانه پتر ده‌كه‌ن و ڕژیمه‌كانی ده‌ستكردی خۆیان گه‌له‌كانیان سه‌ركووت بكه‌ن! هۆكاره‌كه‌ی ئه‌وه‌یه كه به‌رژه‌وه‌ندیی ئابووریی و سیاسیی له دوونیای ئه‌مڕۆدا ڕۆڵی سه‌ره‌كیی ده‌گێڕێت. كه‌واتا چه‌مكی دیموكراسیی و لیبرالسیم له قه‌واخێكی پووچی كاپیتالیستی زێتر هیچ باییخێكی مرۆڤایه‌تیی و كه‌رامه‌تیی مرۆڤ هه‌ڵ ناگرێت و هه‌موو ڕژیمه‌كانیش كاتێ كه ده‌گه‌نه‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌ش و به‌رژوه‌ندیی ئابووریی وه‌ك یه‌ك هه‌ڵسووكه‌وت ده‌كه‌ن.
وه‌ك پێشتر چاوه‌ڕوانی ئه‌وه له سیسته‌می دیموكراسیی و لیبرالسیم ده‌كرا كه باییخه مرۆڤایه‌تییه‌كان بپارێزێت و كه‌رامه‌تی مه‌زنیی بۆ مرۆڤ بگه‌ڕێنێته‌وه، كه‌چی بووه‌ته كه‌ره‌سته‌یه‌ك كه مرۆڤ مرۆڤی دیكه‌ی پێ سه‌ركووت ده‌كات یانخود هێنده ژیانی مرۆڤه‌كانی گۆڕیوه كه مرۆڤ به‌بێ ئه‌وه هه‌ستی پێ بكات وه‌ك كه‌ره‌سته‌ی ئه‌لترۆنیی كار له خۆی ده‌كێشێت و خزمه‌ت به سه‌رمایه‌دار ده‌كات. بازاری ئازاد هێنده كاریگه‌ریی نه‌رێنی له‌سه‌ر ژیانی مرۆڤ درووست كردووه، كه هاوڵاتییه‌كی چینیی بۆ كڕینی مۆبیلێكی ئایفۆن گورچیله‌یه‌كی خۆی ده‌رهێناوه و فرۆشتووێتی. نابێ پڕوپاگنده بۆ شتوومه‌ك و كالاكان هێنده سنوور ببه‌زێنن كه ببنه مه‌ترسیی بۆ سه‌ر ژیانی خه‌ڵك. ئه‌مه هه‌موو بازاڕی سه‌رمایه‌دارییه و كاپیتالیسته‌كانن كه ده‌یانهه‌وێ ژیانی خه‌ڵك به كالاكانیانه‌وه سه‌رقاڵ بكه‌ن.
هه‌نووكه بۆ هه‌موو لایه‌ك ڕوونه كه وڵاتانی لیبڕاڵیی و خاوه‌ن سیسته‌می دیموكراسیی ساڵانه بایی سه‌دان میلیارد دۆلار چه‌ك و چۆڵی سه‌ربازیی به وڵاتانی دیكتاتۆر ده‌فرۆشن كه ئه‌و ڕژیمانه گیانی هاوڵاتییانی خۆیانی پێ ده‌گرن. مه‌گه‌ر چه‌مكی لیبرالیسم و كولتووری دیموكراتیی پێداگریی له‌سه‌ر مافه‌كانی مرۆڤ ناكات؟ مه‌گه‌ر باییخ به ئازادییه‌كان نادات؟ ده‌ی چۆن ده‌بێ كه ئه‌و چه‌مك و سیسته‌مه ببێته كه‌ره‌سته‌ی بنبڕكردنی ئازادییه‌كان و داپڵۆسین خه‌ڵكی وڵاتانی دیكتاتۆریی لێدراو! به‌ڵێ دیموكراسیی و لیبرالیسم ته‌نیا پێداگریی له‌سه‌ر به‌رژوه‌ندیی هاوبه‌ش ده‌كه‌نه‌وه نه‌ك مافی هاوبه‌شی مڕۆڤبوون. چونكه كاپیتالیسم نێۆڕۆكی لیبرالسیمه و دیموكراسیش چه‌تری لیبرالسیمه و به‌رده‌وام خه‌ریكی جوانكارییه تاكوو ئه‌و چه‌مكه ڕووخسارێكی گه‌ش پیشانی ده‌ره‌وه بدات.
مافی مرۆڤ ته‌نیا بیانووه بۆ ده‌ستخستنی به‌رژوه‌ندی هاوبه‌ش و ته‌نیا ڕۆڵی گوشار ده‌بینێت بۆ ئه‌وه‌كه وڵاتانی دیكتاتۆریی په‌ره به پێوه‌ندییه ئابوورییه‌كانیان له‌گه‌ڵ وڵاتانی لیبڕاڵیی بده‌ن. وڵاتانی لیبرالیستیی ئه‌و وڵاتانه به مه‌ترسیی ڕاسته‌خۆ بۆ سه‌ر وڵاته‌كانیان هه‌ژمار ده‌كه‌ن كه پێوه‌ندی ئابوورییان له‌گه‌ڵ نییه، نه‌ك ئه‌و وڵاتانه كه مافی مرۆڤ پێشێل ده‌كه‌ن. له زۆر وڵات مافه‌كانی مرۆڤ ژێرپێ ده‌خرێن، ئازادییه‌كان بنبڕ ده‌كرێن و مرۆڤه‌كان به‌بێ هۆ له سێداره ده‌درێن، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه وڵاتانی لیبرالسیتیی پێوه‌ندیی سیاسیی و ئابوورییان له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی ئه‌و وڵاتانه هه‌یه هیچ ڕه‌خنه‌یه‌كیان ڕووبه‌ڕوو ناكه‌نه‌وه و بگره كه‌لووپه‌ل و كه‌ره‌سته‌ی سه‌ربازیی و سه‌ركووتكردنیشیان بۆ ده‌نێرن تا له دژی هاوڵاتییانیان به‌كاری بهێنن. لیبرالیزم له‌ژێر ناوی مافی مرۆڤ و مرۆڤدۆستیی فێڵ له مرۆڤ و مافه‌كانی مرۆڤ ده‌كات. چونكه ئه‌گه‌ر سیسته‌مێكی سیاسیی خۆی به پارێزه‌ری مافی مرۆڤ پێناسه بكات، نابێ قه‌د له گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاته فاشیستیی و دیكتاتۆرییه‌كان ده‌ست تێكه‌ڵ بكات و هاوكارییان بكات تا مافه‌كانی مرۆڤ پێشێل بكه‌ن و مرۆڤ له سێداره بده‌ن.
……………………….
بەشی ٢٠
{وڵاتانی كاپیتالیستیی به پێی پێداویستییه‌كانی خۆیان چه‌مك و سیسته‌می سیاسیی داده‌ڕێژن، وه‌ك ئاماژه، پێش ئه‌وه‌كه وڵاتی بریتانیا ببێته وڵاتێكی سه‌رمایه‌داریی، بۆ گه‌شه‌پێدانی كه‌رتی نێوخۆیی ڕێگریی له هاورده‌كردنی شتوومه‌كی ده‌ره‌كیی ده‌كرت، به‌ڵام كاتێ كه بووه وڵاتێكی سه‌رمایه‌داریی ئیتر ئه‌و چه‌مك و سیسته‌مه‌ی وه‌لانا كه ڕێگری ده‌كرد له هاورده‌كردنی شتومه‌ك و كالا، چونكه ئیتر خۆشی شتوومه‌كی هه‌نارده ده‌كرد، بۆیه ئاده‌م سمیت لیبرالیسمی هێنایه كایه‌وه كه تێیدا پێداگریی له‌سه‌ر بازاڕی ئازاد ده‌كرده‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه بریتانیا پێویستی به بازاڕی ئازاد بوو تا له‌هه‌موو جیهاندا به ئاسانیی شتوومه‌كه به‌رهه‌مهاتووه‌كانی تێدا بفرۆشێت، ئاریتما محه‌ممه‌دی}
بنه‌مای هه‌موو ئه‌و تیئۆرییه سیاسییانه كه ئه‌مڕۆ له گۆڕه‌پانی ده‌سه‌ڵات و سیاسه‌ت، ئابووریی و كۆمه‌ڵایه‌تیدا ڕۆڵ ده‌گێڕن و هه‌ركامه به‌چێشنێك به‌رهه‌ڵه‌ستیی ئه‌وی دیكه ده‌كات ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ چه‌مكه‌كانی هزریی سه‌رده‌می ڕێنێسانس كه له سه‌ده‌كانی پانزه و شانزه و دواتر سه‌رده‌می به مه‌ده‌نیبوونی زانست و زانیاریی له سه‌ده‌ی حه‌ڤده‌دا كه به مه‌به‌ستی پێشخستنی ژیان و گه‌شه‌سه‌ندنی كه‌رتی ئابووریی، زانست و زانیاریی ده‌هاته كایه‌وه. دواتر به كه‌ڵك وه‌رگرتن له هزری فیلسووفه‌كانی وه‌ك جۆن لۆك، مونتووقیۆس و ڕۆسۆ كه ئامانجیان كرانه‌وه‌ی سیاسیی پتر و ڕێكخستنی جمگه‌كانی ده‌سه‌ڵات و به گه‌لیكردنی ده‌سه‌ڵات و دابه‌شكردنی هێز له‌نێوان جمگه‌كانی به‌ڕێوه‌بردندا بوو كه ببێته هۆی بنبڕكردنی دیكتاتۆری و هه‌روه‌ها ڕێگر بێ له كۆكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات لای تاكه كه‌سێك و ئیزن به گه‌نده‌ڵیی نه‌دات و یاسا بچه‌سپێت و هه‌مووان له به‌رامبه‌ر یاسادا وه‌ك یه‌ك یه‌كسان بن.
لۆك به باوكی لیبرالیسم نوێ ئه‌ژمار ده‌كرێت و چه‌مكه هزرییه‌كانی ئه‌و بووه هۆی ئازادی زیاتری نووسین و بڵاوكراوه و ئازادی هزرین و بیركردنه‌وه. ئامانجی هزریی و فه‌لسه‌فیی جۆن لۆك ئه‌وه بوو كه خه‌ڵك بڕیارده‌ری سیاسیی بێ نه‌ك پاشا. هه‌روه‌ها مونتووقیۆس بیرۆكه‌ی دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵاتی هێنایه گۆڕێ كه دواتر به نێوی بیرۆكی سێبه‌ش كردنی ده‌سه‌ڵات یانخود سێ قه‌بزه‌كردنی ده‌سه‌ڵات نێودێر كرا. ئه‌م بیرۆكه‌یه بووه هۆی ئه‌وه‌كه ده‌سه‌ڵاته‌كانی بڕیاردان، لێپرسینه‌وه و یاسادانان له ده‌ستی پاشا ده‌ربچێت و له‌نێوان جمگه‌كانی ده‌سه‌ڵاتدا دابه‌ش بكرێت. ئه‌مه یه‌كێ له‌و بیرۆكانه بوو كه بووه هۆی ئه‌وه‌كه كۆمه‌ڵی ئه‌ورووپیی به‌ره‌و ئاشتی هه‌نگاو بنێت و كۆتایی به‌شه‌ڕ ده‌یان ساڵه بهێنێت و تاكه كه‌س مافی بڕیاردان و خۆسه‌پاندنی نه‌بێت!
ڕۆسۆ به ڕوونیی ئاماژه‌ی به چه‌مكی دیموكراتیی كرد كه پاشا یان حوكوومه‌ت تا كاتێ له ده‌سه‌ڵاتدا بێ كه خزمه‌تی كۆمه‌ڵگا بكات، له ئه‌گه‌ری سه‌رنه‌كه‌وتن له سیاسه‌تی خزمه‌تكردن و گه‌شه‌پێكردنی كۆمه‌ڵگا، گه‌ل ئه‌و مافه‌ی هه‌بێ كه ده‌سه‌ڵات له پاشا یانخود له حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار بستێنێته‌وه. واتا پاشا یانخود حوكوومه‌ت و ده‌سه‌ڵات ته‌نیا كه‌ره‌سته‌یه‌ك بۆ خزمه‌تكردنی گه‌ل و كۆمه‌ڵگا بێت، نه‌ك وڵات به مڵكی خۆی هه‌ژمار بكات. ئه‌م بیرۆكه‌یه‌ی ڕۆسۆ بووبه ده‌سپێكی هزریی شۆڕشی ئه‌مریكا له دژی كۆلۆنیالیزمی بریتانیا كه ڕێكخستننامه و داخوازینامه‌كه‌ی ڕۆژی ٤ی مانگی ٧ی ساڵی ١٧٧٦ی زایینی و دواتر شۆڕشی فه‌ره‌نسای لێكه‌وته‌وه. ئه‌و به‌یانییه كه به‌شێك له ویلایه‌ته‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌مریكا بڵاویان كرده‌وه به ڕوونی ئاماژه به سه‌روه‌ربوونی ده‌سه‌ڵاتی گه‌ل و مافی یه‌كسانیی بۆ گه‌ل كرابوو.
چه‌مكی دیموكراسیی له وڵاتانی ئه‌ورووپا و ئه‌مریكا به چه‌ندین قۆناغی دژوار‌دا تێپه‌ڕ بووه و فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌م چه‌مكه‌ش له‌سه‌ر بنه‌مای چه‌مكی سه‌رمایه‌داریی ڕێكخراوه. واتا به‌شێك له شۆڕشی ئه‌مریكا له دژی داگیركاریی برتانییه‌كان بۆ دژایه‌تی كردنی ئه‌و باجه هاته كایه‌وه كه بریتانییه‌كان سه‌پانده‌بوویانه سه‌ر ئه‌مریكییه‌كان و هه‌روه‌ها مافی بازرگانییان به ئه‌مریكییه‌كان نه‌ده‌دا كه به ئازادیی له‌گه‌ڵ دوونیای ده‌ره‌وه‌دا كه‌رتی ئابووریی خۆیان گه‌شه پێبده‌ن. به‌ڵام له‌بیرمان نه‌چێت كه به‌ڵێ ڕاسته دیموكراتیی ئه‌مریكا به‌رهه‌می خه‌باتی بێوچانی خۆیان بوو كه دژبه كۆلۆنیالیزمی بریتانیی ده‌ستیان پێكرد، به‌ڵام هه‌ر زوو ئه‌و ئازادییه كه‌وته داوی كاپیتالیسم و بووبه مڵكی سه‌رمایه‌داره‌كان و ده‌ستڕۆیشتووه‌كان و فه‌لسه‌فه‌ی خۆی له‌ده‌ستی گه‌ل هه‌ڵسپارد.
چونكه ئه‌مریكا به‌په‌له هه‌نگاوی به‌ره‌وپێشه‌وه ده‌نا و نه‌یانده‌توانی وه‌ك مونتووقیۆس، ڕۆسۆ و لۆك له فه‌لسه‌فه‌ی ئازادیی ئه‌و كۆمه‌ڵه فیلسووفه تێبگه‌ن، ئه‌و كۆمه‌ڵه فیلسووفه قه‌د له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نه‌بوون كه كاپیتالیسم خۆی به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌دا بسه‌پێنێت، چونكه خه‌باتی هزریی ئه‌وان دژی گه‌نده‌ڵیی كلیسا، ده‌سه‌ڵاتی پاشا بوو، واتا كاتێ كه كلیسا خاوه‌نی زۆرترین سه‌روه‌ت و سامان بوو، پاش ئه‌ویش پاشا و پاش پاشاش ئاغا‌كان و ده‌ره‌به‌گه‌كان یانخود به‌رپرسانی حوكوومه‌تیی خاوه‌ن زۆرترین سه‌روه‌ت و سامان بوون و كۆمه‌ڵگه‌ش ڕه‌شوڕووت و هه‌رژار بوو. بۆیه خه‌باتیی هزریی ئه‌و سێ فیلسووفه‌ش له پێناو ڕزگاریی گه‌ل و ئازادیی و دادپه‌روه‌ریی و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی مافی یه‌كسان بۆ هه‌موو كۆمه‌ڵگا بوو، له پێناو دابه‌شكردنی دادپه‌روه‌رانه‌ی سه‌روه‌ت و سامان بوو، نه‌ك بهزرێت بۆئه‌وه‌كه ده‌سه‌ڵات و سه‌روه‌ت و سامان له ده‌ستی كۆمه‌ڵێك كه‌س بستێنێته‌وه و بیسپێرێت به كۆمه‌ڵێك كه‌سی دیكه. چونكه ئه‌و كات هه‌موو شت وه‌ك پێشی لێ دێته‌وه و خه‌باتی بێوچانیی هزریی ئه‌وانیش به‌فیڕۆ ده‌چێت.
بێگومان له پاش سه‌ركه‌وتنی زۆربه‌ی شۆڕشه‌كان له جیهان هه‌رده‌م ده‌ستكه‌وته‌كان به نیسیبی كه‌سانێك یانخود گرووپگه‌لێك بووه كه ڕۆڵی سه‌ره‌كییان له سه‌ركردایه‌تیكردنی شۆڕش، خه‌بات و به‌رخۆدان له پێناو سه‌ربه‌ستیی و ئازادی‌دا نه‌گێڕاوه. ئه‌م چه‌شنه له ده‌ستكه‌وتنی ده‌ستكه‌وته سیاسیی و ئابوورییه‌كان له زۆربه‌ی شۆڕشه سه‌ركه‌وتووه‌كانی وڵاتانی جیهان ده‌بینرێ و شۆڕشی گه‌لانی ئێرانیش له ساڵی ١٩٧٩ی زایینی ده‌كرێ له‌و پێوه‌ندییه‌دا ئاماژه‌یه‌كی ڕوون بێ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه شۆڕشی گه‌لانی ئێران له شۆڕشی گه‌لانی دیكه جیا ده‌كاته‌وه ئه‌وه‌یه كه پاش ڕۆخانی ڕژیمی پاشایه‌تیی له ئێران خه‌ڵك ده‌نگیان به ڕژیمی نوێ دا و له ڕاستیدا خه‌ڵك له هه‌ڵبژاردنی ئه‌و ڕژیمه سه‌ركووتكه‌ره‌دا به‌شدار بوون، به‌ڵام له وڵاتانی دیكه و به‌تاییه‌ت ئه‌مریكا، ئه‌وه كولتوور بوو كه ئاره‌سته‌ی گۆڕانكارییه‌كانی گۆڕی و سه‌رمایه‌دار و كاپیتالیسته‌كان توانیان كه‌ڵكی لێوه‌ربگرن و له‌ژێر نێوی دیموكراسیی و ئازادی‌دا ده‌سه‌ڵاتی خۆیان بچه‌سپێنن.
بریتانیاش كه به ناوكی شۆڕشی پیشه‌سازیی یه‌كه‌م پێناسه ده‌كرێت، ئامانجی ئه‌وه‌بوو كه به گه‌شه‌پێكردنی چه‌مكی سه‌رمایه‌داریی شتوومه‌كی زیاتر هه‌نارده‌ی وڵاتانی دیكه بكات، ئه‌وه‌ش له دوای كۆتاییهێنان به‌و سیاسه‌ته هاته كایه‌وه كه ڕێگری ده‌كرد له هاورده كردنی شتوومه‌ك له وڵاتانی دیكه، واتا كاتێ كه كۆلۆنیالیزم گه‌شه‌ی كرد و ترسی له وڵاتانی دیكه نه‌ما، ئه‌مجار هه‌وڵیدا كه سیسته‌می سه‌رمایه‌داریی گه‌شه پێبدات كه ڕێگه‌ی ئاوه‌ڵا ده‌كرد بۆ فرۆشی شتوومه‌كی بریتانیی له هه‌موو وڵاتانی دیكه و به‌بێ له‌به‌رچاو گرتنی سنووری سیاسیی وڵاتان. ئه‌مه‌ش به به‌رفه‌راوانی كردنی چه‌مكی دیموكراتیی له‌نێو بریتانیا ده‌هاته كایه‌وه. واتا به پێی پێداویستییه‌كانی خۆیان چه‌مك و سیسته‌می سیاسیی و ئابوورییان داده‌ڕشت.
چونكه پێش ئه‌وه كه بریتانیا ببێته خاوه‌ن سه‌رمایه، ڕێگری ده‌كرد له‌وه‌كه شتومه‌كی ده‌ره‌كیی بێته‌ناوه‌وه، وه‌ك ئاماژه، پێستی حه‌یوان كه یه‌كێ له پێداویستیه‌كانی كۆمه‌ڵگه بوو و له درووستكردنی پێڵاو و جلوبه‌رگ و سیپاڵدا به‌كار ده‌هات، ئیزنی هاورده‌كردنی نه‌ده‌درا، ئه‌و پێسته‌ش له وڵاتی هیندووستانه‌وه هه‌نارده ده‌كرا، له ڕاستیدا ڕێگریان له هاورده‌كردنی زۆرشتی دیكه ده‌گرت، له‌به‌ر ئه‌وه ئه‌و شتوومه‌كانه‌ی كه له وڵاتانی دیكه‌وه هاورده ده‌كرا له شتوومه‌كه‌كانی بریتانیی باشتر و هه‌رزانتر بوو، بۆیه به مه‌به‌ستی گه‌شه‌دان به كه‌رتی نێوخۆیی هاورده‌كردنی هندێك كالای گرینگ‌یان ڕێگه‌پێنه‌دراو كرد. پاش ئه‌مه‌ش كۆلۆنیالیزم ده‌ست پێده‌كات، چونكه ئه‌ورووپا یانخود بریتانیا توانای پێشخستنی كه‌رتی ئابووریی خۆی نه‌بوو و نه‌یده‌توانی كالا به‌رهه‌م بهێنێت، بۆیه چاوی بڕییه وڵاتانی جیهان.
درێژه‌ی هه‌یه…