گیرانەوەی مووسڵ. جەماڵ عەڵیاڵی

وەکی لە هەواڵەکان دەردەکەوێت خەریکە مووسڵ بەرەو گیرانەوە دەڕوات. ڕاستە کە دەرکردنی داعەش لە مووسڵ، خۆی سەرکەوتنێکی مەزنە بەڵام تۆزێک سرنج ڕاکێشەرە کە بۆچی کامێرای گشت مێدیاکان لە سەر مووسڵە، تۆ بڵێی تەنیا هەواڵی گرینگ هەر مووسڵ بێت؟ ئەو سرنجە زیاتر ڕەوا دەبێت کاتێک پێوەندی ڕووداوەکانی ئەو ڕۆژانەی دووایی دەگەڵ ئۆپێراسیۆنی گیرانەوەی مووسڵ پێکەوە دەلکێن کە دەتوانێ ئاکامی مەترسیداری لە هێندێ بارەوە بەدواوە بیت. مەبەستی ئەم بابەتە کوورتە، شیکردنەوەی ئەو دڵەڕاوکێیەیە.
توورکیا و ڕووسیا جارێ! پێکهاتوون، ئامریکا و ڕووسیاش سەرەڕای مڕخێشی زۆر، خەریکن پێکدێن هەرچەند بە گۆێرەی کاتی. سووریا و عێراق دەنگیان بەرزتر بۆتەوە و ئێران بێدەنگی هەڵبژاردووە و بە نەهێنی خەریکی دەهۆڵ کووتانە، جارێ دەنگی نایە! بە پێچەوانە دەنگی دەهۆڵی توورکیا زۆر بە باشی دێت، ڕۆژئاوای کەرت کرد و خەریکە شۆێن پێی خۆی لەو کەرت کردنەدا بە هێزتر دەکات. هاوکات، شۆێن پێی خۆی لە باشووریش هەر وا دەروات و بەهێزتر دەکات. دانیشتنەکانی مۆسکۆ، پاریس و ماوەیەک لەمەوبەر، لۆزان سەبارەت بە دۆخی سوریا کۆتایی پێهات بێ ئەوەی کە سەرکەوتنێک بخاتە بەردەم مێدیای ناونەتەوەیی.
لە ئاستی پیوەندیدار دەگەڵ نەتەوەی کوردا ڕاست ئەوەیە کە چ نەماوە باسی لێوە نەکرێت، داگیرکەری توورک هەتا دێت و زیاتر تەنگ بە کوردستان هەڵدەچنێت و لەو بوارەدا خۆ لە هیچ شێوە ئاکارێکی نامرۆڤانە ناپارێزێ. مێدیاکانی کوردی و دۆستی کورد دادەخات، خەڵکانی زۆر لە بەرەی ئازادی و دێمۆکراسی ڕاپێچی گرتووخانە دەکات، هەڕەشە بۆ خۆشکردنی ئاگری شەڕ دەکات و لە بنەوە، خۆی لە هەرچی بۆ ترساندنی نەتەوەی کورد بێت ناپارێزێت، واتە بە بێشەرمی زیاترەوە دووژمنانی کورد و دەست و پێوەندییەکانی ئاراستەی شەڕی مێدیایی و ئیعلامی دژ بە کورد دەکات، هێرشەکەی کەرکوک مینایەکی ئەوتۆ. گشتی ئەو ئامادەکاریانەی داگیرکەر بۆ شەڕی کۆتاییە کە بە خەیاڵی خۆی کارتی ئاخر بخاتە سەر مێزی قومار و کۆتایی بە کێشەی کورد بێنێت. هەڵوێستی لەو چەشنەیە تەنیا هی یەک داگیرکەرێک نیە بەڵکوو گشتی داگیرکەران لەخۆ دەگرێتەوە. پشکی داگیرکەری ئێرانی بە هۆی بێدەنگی، واتە کاری شاراوە، نادیارە بەڵام هەر وەکی لە سەرەوە هاتووە، دەهۆڵی داگیرکەری ئێرانی پاشان دەنگی لێوەدێت.
مخابن ئەوەی دەگەڕێتەوە سەر نەتەوەی کورد، ئەوا لاوازییەکی جیدی لەخۆیدا دەنوێنێ، ئەویش ناتەبایی سازەکانی سیاسییە لە پانتای کوردستان. سازە و رێکخراوەی سیاسی کوردستان ئێستا لە باری فیکری و بەتایبەت لە باری گونجاندنی سیاسەت دەگەڵ ئالووگۆڕە فرەچەشنەکانی ڕۆژ، ئەوەندە پێگەیشتووییان نیە بۆ ئەوەی کە بتوانن هەلەکە بقۆزنەوە و بە تێڕادیوی و بە “باوەڕبە خۆبوون” ریزەکانیان لە بەرامبەر هێزی داگیرکەردا ڕێک بخەن. ئەو کەموکۆڕیە تەنیا فاکتەرێکە کە دەبێتە بە هۆکارێک بۆ ئەوەی کە داگیرکەر لە کێبەرکێی مان و نەمانی کورددا، هەنگاوێک وە پێش بکەوێ. ئاخۆ کورد بە چ شێوازێک دەتوانێ ئەو تەگەرە لە سەر ڕێ لابدات یاخود لێی لابدات، ئەمە ئیتر باسێکیترە.
ئەمانە گشتیان لە لایەک و لایەکیتر جەخت کردنەوە لەسەر ئەو ڕاستییەی کە داگیرکەرانی کوردستان خەریکی پیلانێکی مەزنن، هەردوو ئێران و تورکیا لەو پیلانەدا هەن بەڵام وەکی وێ دەچێ پشکی تورکیا لەو ناوەدا زیاترە، هۆکارەکەی تێکەڵاوی زیاتری ئەو داگیرکەرە دەگەڵ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و سەرجەمی دونیایە. چەند ڕۆژ لەمەو بەر ئەردوغان باسی لە برایانی تورکی لە هەولێر و کەرکووک و حەسەکە و حەلەب دەکرد، واتە بەدوور نیە کە جەموجۆڵە سوپاییەکانیان زیاتر بکەن و تەنیا بە چەند بست خاکی ڕۆژئاوا و بۆردمانی شۆێنەکانی گەریلا، رازی نەبن. پرسەکە تەنیا ئەوە نیە. بە ڕای نووسەر تورکیا خەریکی پیلانێکی تایبەتە کە لە پەرئاوێزی گیرانەوەی مووسڵدا دەتوانێ بەدی بێت واتە گیرانەوەی مووسڵ دەتوانێ تاریکایی بخاتە سەر دووژمنایەتی تورکیا و بەو جۆرە دەنگدانەوەی داگیرکەرییەکانی تورکیا لە مێدیاکانی جیهانی نەبیسرێت. سناریۆیەکی تاڵ ئەوەیە کە تورکیا بەشێکی زۆری باکووری باشوور داگیرکات، ئەوکات ئەو پرسیارە دێتە گۆڕ کە ئایا ئێران بێدەنگ دەبێت؟
ئەو دۆخە بە هەربارێکدا بکەوێت چارەی هەیە تەنیا و تەنیا ئەگەر کورد خۆی لە ناوماڵی خۆی تەبا بێت ئەگینا هەرچی بکرێ ناتوانێ بایخی یەکگرتوویی هەبێت. دووبارە پرسیاری “ئەرکی تاکی کورد، ڕووناکبیر و سازەی سیاسی” لە دۆخی هەنووکەییدا گرینگی خۆی وەک هەمیشە زەق و بەرچاو دەخات. تۆ بڵێی ڕۆناکبیر و سازەی سیاسی کوردی تایبەتمەندییەکانی “مێژوویی” سەردەمی نۆێی نەبینیبێت یاخود چاوی لێ دەنووقێنێ؟
جەماڵی عەڵیاڵی