کۆچی دوایی کەسایەتی دیاری ناوچەی نەڵێن و گەورک مام خدر ڕەسووڵی باوکی کاک کەریم ڕەسووڵی ( کەریمە ڕەش )

بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە هەوڵمان پێ گەیشت کە ڕۆژی ٠١ ـ ١٢ ـ ٢٠١٦ ی زائینی کەسایەتی ناودار و خۆشەویستی ناوچەی نەڵێن گەورک سەر بە ڕەبەت مام خدر ڕەسووڵی ناسراو بە خدری حاجی ڕەسووی گەرۆرێ لە تەمەنی ٨٥ ساڵی دا لە ئاوایی گەرۆر کۆچی دوایی کرد و بە بەشداری بەرچاوی خەڵکی ناوچە هەر لە گوندی گەرۆر بە خاک سپێردرا.
مام خدر ڕەسووڵی ساڵی ١٣١٠ ی هەتاوی لە ئامێزی بنەماڵەیەکی وەرزێر و خۆشناوی ناوچەی نەڵێن دا لە ماڵی حاجی ڕەسووڵ دا لە دایک بوو، مام خدر وەک زۆربەی دانیشتوانی گوندەکانی کوردستان هەر لە سەرەتای منداڵی‌یەوە وێرای کەس و کاری دەستی بە وەرزێری و جوتیاری و کاری مەڕداری و باغداری کردووە و زۆربەی ژیانی خۆی تا ئەم دوایانەش هەر وەک کەسێکی کاسبکار و خۆشناو ژیانی بەسەر بردووە.
مام خدر دامەزرانی کۆماری کوردستانی بە چاوی خۆی دیوە و لە زمان کەس و کار و گەورەکانی بنەماڵەوە لە سەر دامەزرانی حیزبی دێموکرات و دواتریش کۆماری کوردستان قسەی بۆ کراوە و هەر لە زمانی کەس و کاری‌یەوە ئۆگری زیاتری بە نیشتمان و بە ئازادی گەلەکەی پەیدا کردووە.
لە قۆناخی دووهەمی خەباتی حیزبی دێموکرات دا لە ساڵەکانی ١٣٤٧ و ١٣٤٦ ی هەتاوی دا و هەڵسوورانی بێ‌وچانی کادرەکانی ئەو سەردەم ئاشنایەتی لەگەڵ بەشێکی بەرچاو لە تێکۆشەرانی ئەو کات پەیدا دەکات و مووچە و مەزرا و ماڵەکەی بۆ حاوانەوەی ئەوان تەرخان دەکا و بە دڵ یارمەتی بە شۆڕشگێرانی ساڵەکانی ١٣٤٧ و ١٣٤٦ ی هەتاوی دەکات.
لە دوای راپەرینی شۆڕشی گەلانی ئێران مام خدر وەک کەسێکی دیار و خۆشناو و لە خۆپێشاندان و لە میتینگەکانی کە لە لایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە پێک دەهاتن بەشداری دەکرد و زۆرجار خەڵکی ئاوایی گەرۆر و گوندەکانی دەوروبەری بە کۆمەڵ بۆ خۆپێشاندانەکان دەبرد و پێشەنگی ئەو حەرەکەتەی لەگەڵ چەند کەسایەتی دیکەی ناوچە بە ئەستۆی خۆی دەگرت.
کاتێک حیزبی دێموکراتی کوردستان لە بەشێکی بەرچاو لە ئاوایی و گوند و شارەکانی کوردستان بنکە و مەقەریان دامەزراندن خەڵکی گوندی گەرۆر بە ئامیزی گەرمەوە مەقەر و بنکەی حیزبی دێموکراتیان لە باوەش گرت و مام خدریش بە دڵ و بە گیان یارمەتی هەموو ئەو پێشمەرگانەی دەکرد کە لەو بنکەیە بوون و هەروەها ئەوانەی کە هاتووچۆیان بۆ ئەو بنکەیە دەکرد. دوای گیرانەوەی گەرۆر لە لایەن رژێمەوە، سوپای پاسدارن بۆ ئەوەی کەسایەتی مام خدر تێک بشکێنن، فەرماندەی سوپا، چەند تفەنگ بۆ مام خدر دەبا و پێی دەڵێ کە دەبێ چەک بۆ ڕژێم هەڵ بگری. مام خدری شۆڕشگێر وەڵامی نا بە فەرماندەی سوپا دەداتەوە و ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوە کە دەست بە سەر تراکتۆر و دارایی و ماڵی مام خدر دا بگرن و هەموو ئێوارە و بەیانیان بانگی بکەن بۆ پایەگای رژێم و وێرای چەند کەسی خەڵکی ئاوایی گەرۆر وەپێش خۆیان دەدان بۆ ئەوەی کە بە نیازی خۆیان ئەگەر لە لایەن پێشمەرگەوە مین چێندرابن ئەوە مام خدر و ئەو کەسانەی دیکە ببنە قوربانی تەقینەوەی مینەکان.
دوای ئەم قۆناخە یەکێک لە کوڕەکانی بە ناوی کەریم ڕەسووڵی دەبێتە پێشمەرگە و فەرماندە و کادری ئەم ناوچەیە و کاک کەریم بە هەڵسوورانی بێ‌وچان و نەپساوەی دەبێتە یەکێک لە کادرە دیارەکانی کۆمیتە شارستانی ڕەبەت و هیزی زمزیران و ئەوەش دەبێتە هۆکاری زیاتر بۆ ئەوەی مام خدر زیاتر لە جاران بخەنە ژێر چاوەدێری. هەموو دانیشتووانی نەڵێن ئەوەیان زۆر چاک لە بیرە کە بە دەیان جار مام خدر بە ریشی سپی‌یەوە، لە لایەن جاش و خۆفرۆش و جەلادەکانی رژێمەوە، قۆڵ بەست کراوە و بە دەیان ڕۆژ لە گرتووخانەکانی میراوێ و پیرانشار و سەردەشت و ڕەبەت دا زیندانی کراوە و لە پێناو قەبووڵ نەکردنی داواکانی رژێم دا بێ حورمەتی پێکراوە و چەندین جار کەوتۆتە بەر ئازار و ئەشکەنجەی جەلادەکانی کۆماری ئیسلامی. هەموو ئەو هەڕەشە و لێدان و گیرانانە، نەبوونە هۆی ئەوە کە خدری حاجی ڕەسووی ورەی دابەزێ و هەر کات پێشمەرگە و کادرەکان دەگەیشتنە ناوچەی نەڵێن ئەوە مام خدر شاگەشکە دەبوو و بە هەموو شێوەیەک یارمەتی دەدان و ڕێنوێنی دەکردن و لە نێو ئاپۆرای خەڵکیش دا بە دەنگی بەرز دەیگووت شانازی دەکەم کە کوڕەکەم پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانە.
مام خدر لە باری کۆمەڵایەتی‌یەوە کەسایەتیەکی دیار و خۆشناو و سیمایەکی درەوشاوەی ناوچەی نەڵێن بوو، مرۆڤێکی بە مشوور و خەمخۆر بە گەل و نیشتمان بوو، لە شایی و شینی خەڵکدا بە بنەماڵەوە بەشداری دەکرد. مام خدر بە هۆی خۆشەویستی لە رادەبەدەری لە نێو خەڵکدا، زۆر مەسڵەتی جۆراوجۆری کۆمەڵایەتی کە دەوڵەت و ڕژێم نەیدەتوانی ڕێگا چارەیان لە ناوچەکانی نەڵێن ، گەورک و سوێسنایەتی بۆ بدۆزێتەوە، ئەوە مام خدر زۆر شارازایانە و دڵسۆزانە ڕێگا چارەی بۆ دەدۆزینەوە و نەیدەهێشت کە مەسەلە کۆمەڵایەتی‌یەکان بەرەو ئاقاری خەراپ برۆن، هەموو ئەو کارانە مام خدری زیاتر خۆشەویست کرد بوو. مام خدر تا بڵێی مرۆڤێکی تەژی لە ئینساندۆستی و ئازادیخوازی بوو.
زۆر بەداخەوە مام خدر لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو دا بە هۆی بە ساڵاچوویی کەمتر دەیتوانی هاتووچۆ بکات و هەمیشە چاوی لە دەرگا بوو بۆ ئەوەی جارێکی دیکە کوڕی پێشمەرگەی و هەموو پێشمەرگەکانی دێموکرات لێی وەژوور بکەون و لە ئامێزیان بگرێتەوە، بەڵام مخابن مەرگ مەودای زیاتری نەدا کە مام خدر ئازادی کوردستان و گەرانەوەی خۆشەویستانی بە جاوی خۆی ببینێ.


بە بۆنەی کۆچی دوایی ئەو کەسایەتییە خاوەن هەڵوێست و گەلدۆست و خۆشەویستەوە، لە ناخی دڵەوە سەرەخۆشێ لە بنەماڵەی بەرێزی مام خدری حاجی ڕوسووی و کەس و کار لە ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان، بە تایبەتی برا و هاوڕێی ڕۆژە سەختەکانی خەبات و تاراوگەم کاک کەریم ڕەسووڵی و  کوڕ و کجەکانی و هەموو خەڵکی ئاوایی گەرۆر و ناوچەی نەڵێن و گەورکایەتی دەکەین و خۆم لە خەمی لە دەست چوونی ئەو ئازیزە دا بە شەریک و بەشدار دەزانم، ڕووحی شاد و جێگای بەهەشتی بەرین بێ.