ئابلۆقەکانی ئێران: ویلایەتە یەکگرتووەکان هەوڵەکانی بە دژی “پاڵەوانی” تێرۆر چڕ دەکاتەوە

گاردیەن – سایمۆن تیسداڵ: سەپاندنی ئابلۆقەی نوێ بە سەر ئێران دا، تەنیا دوو حەوتوو پاش بەڕێوەبەرایەتیی ئۆباما، ترسی ئەوەی دروست کردووە کە ترامپ بە ناوزەد کردنی تاران وەک “پاڵەوانی” تێرۆری جیهانیی بە دوای رووبەڕوو بوونەوەیەکی نوێ دا دەگڕێ.

ئێران بە توڕەیی بەرپەرچی ترامپی داوەتەوە و ئەوی بە کەسێکی بێ ئەزمون و مەترسیدار ناو بردووە. سوپای پاسدارانی ئێران وتوویەتی کە یەکە سەربازییەکانی، رۆژی شەممە مانۆڕێکی مووشەکیی بەڕێوەدەبەن تا “ئامادەیی تەواو بۆ هەڵسوکەوت لەگەڵ هەڕەشەکان [و] ئابلۆقەی سووکایەتیی کەر” نیشان بدەن.
بەڵام ئەو گومانانەی کە ترامپ خەریکە یەکلایەنانە رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران، کە لە ٢٠١٥ ویلایەتە یەکگرتووەکان، ٤ ئەندامی نەگۆڕی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکیەتیی ئوروپا واژۆیان کرد، بدڕێنی یا دەور لێداتەوە وێدەچێ وەڕاستی نەگەڕێن.
وێدەچێ دوورە دیمەنی چڕ کردنەوەی هەوڵەکانی ئامریکا بۆ لێدانی مۆری بنکەی جیهانیی و گەوەرەترین پشتیوانی تێرۆر لە ئێرانی شیعە ئەوە بێ کە کۆتایی بە نفوزی پەرەئەستێنی ئێران لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بێنێ. “بەرەی شەڕ” پێکهاتووە لە ئێراق، سوریا، ئەفغانستان، بەحرەین، لوبنان و یەمەن، ئەو شوێنانەی کە ئێران شەڕی بە وەکالەت لە گەڵ رەقیبی سوننی خۆی، عەڕەبستانی سعودی، دەکا.
دژایەتیی ترامپ بەرامبەر ئێران دوای بانگەشەکانی هەڵبژاردن، کە ئەو ئیشاڕەی پێ کردبوو، کەم نەبۆتەوە. یاساغ کردنە بەدناوەکەی سەرکۆماری ئامریکا لەمەڕ سەفەر بۆ ئەو وڵاتە کە لە دژی ٧ وڵات کە زۆرینەی حەشیمەتەکەیان موسوڵمانە هاووڵاتیانی ئێرانیش دەگرێتەوە. حەوتووی رابردوو راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ترامپ، مایکێل فلین بە توندی تاقیکردنەوە “نایاساییەکەی” موشەکی بالیستیکیی ئێرانی ئیدانە کرد. فلین وتی کە ئێران لە ژێر “چاوەدێریی” دایە و رەفتارەکەی جیگای رەزامەندیی نیە. ئەو هەروەها وتی “رۆژانی چاو نوقاندن لە بەرامبەر کردارە دوژمنکارانە و شەڕەنگێزانەکانی ئێران لە دژی ویلایەتە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگای جیهانیی بەسەر چووە”.
ئەو ئابلۆقانەی کە رۆژی هەینی راگەیەنران تا راددەیەکی زۆر سەمبۆلیکن. کۆشکی سپێ دەڵێ ئەوانە تەنیا دەستپێکن و ئەوان پێداچوونەوەیەکی ستراتێژیکیان بە سیاسەتیان بەرامبەر بە ئێران کردووە. بەڵام بەڕێوەبەرایەتیی نوێ دەزانێ کە هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنە ئەتۆمییەکە تووشی بەرهەڵستکاریی تووندی واژۆکەرانی تر دەبێ. لێکۆڵەرەوان لەو باوەڕەدان کە ویلایەتە یەکگرتووەکان لەجیاتان هەوڵ دەدا کە رێککەوتننامەکە لە رێگای داسەپاندنی چاودێریی سەختتر و دانانی بەربەستی زیاتر، بەهێزتر بکا.
لە هەمانکات دا هەڵوێستێکی ستراتێژیکی نوێ خەریکە گەشە دەستێنێ. نیشانەکانی ئەو لە لێدوانەکانی جەیمز مەتیس، وەزیری بەرگریی ویلایەتە یەکگرتووەکان، لەماوەی سەردانەکەی بۆ تۆکیۆ دەردەکەون. ئەو وتی “ئێران گەورەترین پشتیوانی دەوڵەتیی تێرۆریسم لە جیهانە”، راستییەک کە بە ووتەی ناوبراو نابێ پاشگوێ بخرێ یا رەت بکرێتەوە. مەتیس لە لێدوانەکەی دا حەوتووی رابردوو بە تایبەتیی جەختی لەسەر پشتیوانیی ئێران لە شیعە “تێرۆریستەکانی” حوسی لە یەمەن کردەوە و ئیددیعای کرد کە ئێران لە پشت هێرەشەکان بۆ سەر پاپۆڕە جەنگییەکانی عەرەبستانی سعودی و ئامریکایی بووە.
هەمووی ئەوانە هاوتەریبی ئەولەوییەتەکانی سیاسەتی دەرەوەی ترامپن: شەڕ لە دژی تیرۆر. پشتیوانیی بێ ئەملاو ئەولای ئێران لە بەشار ئەسەد، سەرکۆماری سوریا، لەگەڵ ناردنی یەکینەی شەڕکەری سەر بە ئێران و جەنگاوەرانی هاوپەیمانەکەی واتە حیزبوڵڵای لوبنان، دەسکەوتی بێ هاوتای بۆ دەستەبەر کردوون. ئەو سەرکەوتنانە ئەگەری دروست بوونی هیلالێکی دەسەڵاتی بۆ دروست کردووە کە لە رۆژئاوای ئەفغانستانەوە تا رۆژەهەڵاتی دەریای مەدیتەرانە دەگرێتە خۆ.
ویلایەتە یەکگرتووەکان رێکخراوی حیزبوڵڵای وەک رێکخراوێکی تێرۆریستی پێناسە کردووە. هاوپەیمانەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە خەلیج، بە تایبەتی عەرەبستانی سعودی نیگەرانە. حاکمانی سوننی بەحرەین، کە بەسەر زۆرینەی شیعەدا حکومەت دەکەن، لە هەوڵە شاراوەکان بۆ تێکدانی سەقامگیریی هەراسانن. حەوتووی رابردوو ترامپ لەگەڵ شا سەلمان، شای سعودی، قسەی کرد.
ترامپ قەرارە ١٥ مانگی فێورییە چاوی بە بێنیامین ناتانیاهو بکەوێ. سەرک وەزیری توندڕەوی ئیسرائیل دەمێکە باس لە مەترسیی حەیاتیی لە لایەن ئێرانەوە دەکا. ئیسرائیل جار لە دوای جار سکاڵای لەبارەی پشتیوانیی ئێران لە حەماس و گروپە تێرۆریسییەکانی تر و لەبارەی قاچاغی چەکوچٶڵ بۆ ناو لوبنان و سوریا کردووە. چاوەڕوان دەکرێ کە ناتانیاهو بە شەوقوزەوقێکی زۆرەوە پشتیوانیی لە هەڵوێستە سەختەکەی ترامپ بکا.
هەروەها سەرۆک وەزیرانی بریتانیا، تێرێزا مەی، لە پشت هەمان هەڵوێستە. لە لێدوانێک دا لەم دواییانەدا ئەو باسی “نفوزی تێکدەرانەی” ئێرانی کرد. مەی، هەروەک ترامپ بە شێوەیەکی دەگمەن باسی لە پشتیوانیی قورس و قایم لە ئیسڕائیلی کردووە. بەڵام وڵاتە گرنگەکانی یەکیەتیی ئوروپا، تەنیا لەبەر ئەوەی کە مەتمانە بە رێبەری ویلایەتە یەکگرتووەکان ناکەن، ئەو هەڵوێستەیان نیە.
سیاسەتە چاوەڕوانکراوەکەی ترامپ لە دژی ئێران چ فۆرمێکی دەبێ؟ لەوانەیە ئابلۆقەی زۆرتر بخرێتە سەر کەرتی بانکداریی و دارایی، زیاتر کردنی فرۆشی چەکوچۆڵ و پشتیوانیی ئاشکرای سەربازیی بۆ هاوپەیمانەکان لە ناوچە، حزووری چڕتری هێزی دەریایی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە خەلیج، یا چالاکیی شاراوەی هێزە تایبەتییەکانی وەک ئەو چالاکییە ناسەرکەوتوویەی کە حەوتووی رابردوو لە یەمەن بەڕێوە چوو. ترامپ هەروەها لەوانەیە یاساغ کردنی سەفەری ئێرانییان [بۆ ئامریکا] بکاتە هەتا هەتایی.
بەرز بوونەوەی ئاستی گرژییەکان لە کاتێکی ئاستەم لە ئێران دا دێنە ئاراوە. لە بەهاری داهاتوو دا هەڵبژاردنی سەرکۆماریی لە ئێران بەڕێوە دەچێ. دوژمنایەتیی ئامریکا دەتوانێ ببێتە هۆی بەهێزتر کردنی تووندڕەوە نەریت پەرەستەکان. ئەوکات نیگەرانییە ناوچەییەکان خۆبەخۆ ئامانجەکانیان دەپێکن.
ترامپ کارتێکی دیکەشی بۆ کایە کردن پێیە. ئەگەر ئەو لە ئامانجە جێی موناقشەکەی لە مەڕ باشتر کردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڤلادیمیر پوتین سەرکەوتوو بێ، لەوانەیە ترامپ لە کەم کردنەوەی فرۆشتنی مووشەک، یارمەتیی ناوەکیی و هاوکاریی سیاسیی لەگەڵ تاران، سەرکەوتوو بێ. بە لەبەر چاو گرتنی مێژووی تاڵی داگیرکران لە لایەن زلهێزانەوە، ئێران بەڵگەی باشی هەن کە لە گەمارۆدران بترسێ. ئەگەری درووست بوونی بەرەیەکی ئامریکایی-روسی هەڕەشەیەکی وەهایە.

ئامادەکردنی: کەماڵ حەسەن‌پوور