كوێستان گادانى: ده‌بێت ژنان رۆڵى كاریگه‌رتر له ریفراندۆمدا ببینن. وشە – هیدایه‌ت جان
كوێستان گادانی كه‌سایه‌تی سیاسیی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و چالاك له بواری مافی ژنان، له‌و چاوپێكه‌وتنه‌دا بۆ “وشه” تیشك ده‌خاته سه‌ر رۆڵ و ئامانجی ژنان له پرسی نه‌ته‌وایه‌تی و گرنگی ریفراندۆم بۆ به‌ره‌وپێشبردنی ویستی ژنان ده‌ستنیشان ده‌كات و رای ده‌گه‌یه‌نێت، ژنی كورد له دنیای ده‌ره‌وه‌دا ناوبانگی چالاكی له زۆر بواردا بۆ خۆی تۆمار كردووه، ئێسته كاتی ئه‌وه‌یه له چوارچێوه‌ی وڵاتی خۆی و نه‌ته‌وه‌ی سه‌ربه‌خۆی خۆیدا مافی یه‌كسانی وه‌ك شارۆمه‌ندێكی چالاك بچه‌سپێنێ.
* ریفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی باشووری كوردستان پێوه‌سته به پرسێكی شوناسخوازانه، ژن له‌و پرۆسه‌یه‌دا ده‌بێ به چ شێوازێك رۆڵ ببینێ؟ ئایا ده‌كرێ ژنی كورد خۆیان به‌دوور ببینن له پرسی نه‌ته‌وه و شووناسی نه‌ته‌وایه‌تی بۆ وڵاته‌كه‌یان و نیشتمان ته‌نیا به هی پیاو بزانن، یا ئه‌وانیش هه‌ڵگری به‌رپرسیارێتین له به‌رامبه‌ر ئه‌و پرسه گشتییه‌دا؟
– له هه‌لومه‌رجی ئێسته و دوای ئه‌و هه‌موو ساڵه له تێكۆشان و شۆڕشكردنی به كۆمه‌ڵی خه‌ڵكی كوردستان بۆ گه‌یشتن به ئاوات و ئامانجمان كه دیاریكردنی مافی چاره‌نووسی خۆمانه، ئه‌م خه‌باته به هه‌موو سه‌ركه‌وتن و شكسته‌كانی، به هه‌موو جۆره‌كانی خه‌باتكردن كه ژن و پیاوی نه‌ناسیوه و جیاوازی ره‌گه‌زی تێدا به‌دی نه‌كراوه، ئه‌م پرسیاره‌م بۆ نامۆیه و به دروستی نازانم كه رۆڵی ژن و پیاو له‌سه‌ر پرسی رێفراندۆم و شووناسی نه‌ته‌وه‌یی له یه‌كتر جیا بكرێته‌وه، ره‌نگه چون ژنانی كورد به راده‌ی پیاوان بواری چالاكی سیاسی‌یان له ئاستی به‌رزدا پێ نه‌دراوه، هه‌روه‌ها چون ژنان له كۆڕ و كۆبوونه‌وه حزبی و حكوومه‌تییه‌كاندا به ئاستی پیاو دیار نین و كامێرا‌كان ناتوانن ئه‌م نوقسانه بشارنه‌وه، بۆیه ئه‌م پرسیاره ساز بووه. به‌ڵام دڵنیا بن كه كار بگاته پرسێكی گرنگی نه‌ته‌وه‌یی، ژنان به دڵفراوانییه‌وه ئه‌م كێشه‌یه تێكه‌ڵ به پرسی سه‌ربه‌خۆیی ناكه‌ن و هاوكات خه‌باتی یه‌كسانیخوازی له‌و سه‌نگه‌ره‌شدا درێژه ده‌ده‌ن.
* ره‌نگه له‌و پرۆسه‌ی ریفراندۆمه‌دا ژنان پرسیاری ئه‌وه‌یان لا دروست بێت ئاخۆ ده‌كرێ سه‌رباری ئه‌وه‌ی تا ئێسته كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان نه‌گه‌یشتووه‌ته ئه‌و باوه‌ڕه‌ی دان به مافی یه‌كسانی ره‌گه‌زیدا بنێت، به‌شدار بن له دروستبوونی قه‌واره‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ بۆ كورد، ده‌كرێ ئه‌و دوو پرسه تێكه‌ڵ به یه‌كتر بكرێت؟
– كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئێسته‌یش داونه‌ریتی تایبه‌ت به خۆی هه‌یه له‌باره‌ی چالاكی ژن و مافی یه‌كسانیخوازی، به‌ڵام كه ده‌گاته ئاستی نه‌ته‌وه و شووناسی نه‌ته‌وه‌یی ژنی كورد له هیچ پارچه‌یه‌كی كوردستان كه‌می نه‌هێناوه له به‌راوردكردن له‌گه‌ڵ پیاوی كورد. تا ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر هه‌میشه باس و گله‌یی و گازه‌نده له‌سه‌ر ئه‌وه بوو كه له‌به‌ر خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی، خه‌باتی یه‌كسانی پشتگوێ خراوه و ته‌نانه‌ت ئه‌و ره‌خنه‌یه زیاتر رووی له ژنان بوو كه زۆرتر فۆكوسیان له‌سه‌ر خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی بووه تا ده‌سته‌به‌ركردنی مافی یه‌كسانی ناو كۆمه‌ڵگه، چۆنه ئێسته كه ده‌گاته باسی رێفراندۆم و پرسی نه‌ته‌وه‌یی و شووناسی نه‌ته‌وه‌یی، دیسان ده‌بێ ژن له پیاو جیا بكه‌ینه‌وه.
ژنی كورد و پیاوی كورد هه‌ردووك وه‌ك مرۆڤه‌كانی سه‌رزه‌وی مافی وه‌ك یه‌كیان هه‌یه و كۆمه‌ڵگه كاتێك بێ كێشه ده‌بێت كه ئه‌م دوو ره‌گه‌زه پێكه‌وه و شانبه‌شانی یه‌كتر كێشه‌كانی كۆمه‌ڵگه چاره‌سه‌ر بكه‌ن. ئه‌م پرسه واته پرسی نه‌ته‌وه و شووناسی نه‌ته‌وه‌یی نه پیاوانه‌یه و نه ژنانه، به‌ڵكو پرسی نه‌ته‌وه‌یی كورده له باشووری كوردستان كه به خۆشیی ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی بۆ ره‌خساوه و هیوادارم زۆر به باشی كه‌ڵكی لێ وه‌رگرن.
* له‌و پێوه‌ندییه‌دا ئه‌ركی ژنی كورد چییه و ده‌بێ به چ شێوازێك مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ پرسی ریفراندۆم بكات؟
– ئه‌گه‌ر زیاتر له‌و بابه‌ته ورد بینه‌وه، تا ئاستێك ئه‌ركی ژنان زیاتر ده‌بینم تا هی پیاوان، “هه‌رچه‌ند جیاوازیی ره‌گه‌زی نابینم” ژنان ده‌بێ زۆر شێلگیرانه‌تر بڕواننه چالاكی خۆیان له‌م ده‌رفه‌ته مێژوویییه‌دا. ژنی كورد له دنیای ده‌ره‌وه‌دا ناوبانگی چالاكی له زۆر بواردا بۆ خۆی تۆمار كردووه و ئه‌وه‌ش له ئاست ئه‌و هه‌موو ده‌رد و مه‌ینه‌ت و زه‌حمه‌ته‌ی كه هه‌ر خۆی ده‌زانێ چیی چێشتووه، بۆیه ئێسته كاتی ئه‌وه‌یه به‌رهه‌می كاری خۆی ببینێت بۆ ئه‌وه‌ی له فه‌زایه‌كی باشتردا بتوانێت خۆی له چوارچێوه‌ی وڵاتی خۆی و نه‌ته‌وه‌ی سه‌ربه‌خۆی خۆیدا مافی یه‌كسانی و مافی خۆی وه‌ك شارۆمه‌ندێكی چالاك زیاتر له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌كه‌یدا بچه‌سپێنێت. نه‌ك هه‌ر جیاوازی بۆ ژن و پیاو له‌م پرسه‌دا نابینم، به‌ڵكو وه‌ك شارۆمه‌ندێكی چالاك، ژنانی كوردی باشوور ده‌بێ چالاكانه نه‌ك هه‌ر به‌شداری بكه‌ن به‌ڵكو ئه‌ركی به‌ڕێوه‌بردن و هاندان له ئه‌ستۆ بگرن و یارمه‌تیده‌ری ئه‌و كه‌سانه‌ش بن كه به هه‌ر هۆیه‌ك دوودڵن یان زانیاری‌یان له‌سه‌ر ئه‌و رێفراندۆم و پرسه نه‌ته‌وه‌یییه كه‌مه.
كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه ده‌بێ ببێته نموونه له‌ناو رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا بۆ كۆتاهێنان به داگیركه‌ری و په‌راوێزخستن و دیكتاتۆری له‌و ناوچه‌یه، كه‌واته له‌و پرسه و له‌و ده‌رفه‌ته‌دا چاوه‌ڕوانی له شارۆمه‌ندان ده‌كرێت به‌بێ جیاوازی ره‌گه‌زی ئه‌ركی خۆیان به‌جێ بگه‌یه‌نن و نیشانی بده‌ن كه ئێمه ده‌توانین سه‌ربه‌ست بین و سه‌ربه‌ستی و سه‌ربه‌خۆیی خۆمان وه‌ك نه‌ته‌وه و وه‌ك تاكی كۆمه‌ڵگه بپارێزین، كه ئه‌مه خۆی یه‌كێك له باشترین شێوه‌كانی ده‌ستپێكی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی زیندوو و چه‌سپاندنی دیموكراسییه له باشووری كوردستان، چونكه هه‌موومان ده‌زانین سه‌ربه‌خۆیی پیاوانه یان ژنانه نییه، به‌ڵكو مافی تاكی مرۆڤه، كه‌واته بۆ به‌ده‌ستهێنانی ده‌بێ هه‌م ژن و هه‌م پیاو ئه‌ركی خۆی به‌جێ بگه‌یه‌نێت. رێفراندۆم زۆر له ده‌نگدان به كه‌سێك یا لایه‌نێك گه‌وره‌تره به‌و مانایه كه نه‌بستراوه‌ته‌وه به پرۆگرامی حزبێك، كه‌سێك، ناوچه‌یه‌ك یان ره‌گه‌ز و بیروڕایه‌كی مه‌زه‌وی و ئایدیۆلۆژی تایبه‌ت. كۆی تاكه‌كان واته نه‌ته‌وه‌یه‌ك به‌گشتی بڕیارده‌ره، ماف و ده‌نگی تاك وه‌ك یه‌ك به‌رز ده‌نرخێنرێت و به‌یه‌كه‌وه بڕیار بۆ چاره‌نووسی داهاتووی وڵاته‌كه‌ی خۆیان ده‌دات.
* سه‌ركه‌وتنی ریفراندۆم و دروستبوونی قه‌واره‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ چ كاریگه‌رییه‌كی ده‌بێت له‌سه‌ر به‌ره‌وپێشبردنی خواستی ژنان بۆ به‌دیهێنانی مافه‌كانیان؟
– به درێژایی مێژووی پڕ له سه‌روه‌ریی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی، ژنان به‌پێی توانا و ده‌رفه‌ته‌كانیان شانبه‌شانی پیاو به‌شدارییان كردووه، ئێسته كه هه‌نگاو به‌ره‌و پرسی نه‌ته‌وه‌یی و دیاریكردنی چاره‌نووسی خۆمان له‌م به‌شه‌ی كوردستان هه‌ڵدێنینه‌وه، دوای جێبه‌جێكردنی ئه‌م پرۆسه‌یه و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان، لایه‌نی كه‌م ئه‌و به‌شه له خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی كه وزه‌یه‌كی زۆری پێویست بووه و نه‌ته‌وه‌ی كورد به حه‌ق خوێن و قوربانی داوه بۆ گه‌یشتن به‌و رۆژه، ئه‌م وزه‌یه ده‌توانین له دامه‌زراندن و نه‌هادینه‌كردنی داوده‌زگه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و ناوخۆیی بۆ گه‌یشتن به كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی دیموكراتی كه‌ڵك لێ وه‌رگرین كه به بڕوای من دیسان لێره‌دا ژنان ده‌بێ رۆڵێكی به‌رچاویان هه‌بێت.
ده‌بێ ئێمه ئه‌وه قبووڵ بكه‌ین كه مافی یه‌كسانی ژنان له هیچ پارچه‌یه‌ك له كوردستان و ته‌نانه‌ت له باشووری كوردستان دوای 26 ساڵ حكوومه‌تداری ده‌سته‌به‌ر نه‌بووه، زۆر هۆی هه‌بووه بۆ ئه‌و بابه‌ته، سه‌رباری ئه‌وه‌ی پرسی یه‌كسانی ئه‌وله‌ویه‌تی یه‌كه‌می كۆمه‌ڵگه و حكوومه‌ت نه‌بووه و هه‌میشه وه‌ك پرسێكی لاوه‌كی و پله دوو و سێ چاوی لێ كراوه، له‌لایه‌كی تره‌وه حكوومه‌تی هه‌رێم له زۆر بواردا له‌ڕوووی یاسایییه‌وه ده‌بوو بڕیار و یاساكانی په‌رله‌مانی عێراق پێڕه‌و بكات. ئه‌گه‌ر ئه‌نجامه‌كه‌ی ئه‌و رێفراندۆمه به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی بڕوات، ئیتر پێویست به‌وه ناكات پێڕه‌وی ئه‌و یاسایانه بكه‌ین و ئه‌وكات و ساته‌یه ژنی كورد ده‌بێ له وڵاتی خۆی و به‌و باكگراوند و مێژووه‌ی هه‌یه‌تی، ئێسته بێته مه‌یدان و داوای مافی یه‌كسانی و مافی خۆی وه‌ك مرۆڤ بكات و وه‌ك شارۆمه‌ندێك هاوشێوه‌ی پیاو له كۆمه‌ڵگه‌دا جێگه و پێگه‌ی خۆی هه‌بێت. لایه‌نی كه‌م له چه‌ند روانگه‌وه ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كورد له باشوور ناتوانێ درێژه به پشتگوێخستنی پرسی ژن بدات و پاساو بۆ كه‌مته‌رخه‌مییه‌كانی بێنێته‌وه.
خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی ده‌سته‌به‌ر بووه، له پێڕه‌وكردنی یاسای ناكوردانه و یاسا و رێسای عێراقی رزگاری بووه، وه‌ك وڵاتێكی سه‌ربه‌خۆ راسته‌وخۆ ده‌كه‌وێته ژێر چاودێری و هه‌ندێك له یاسا و بڕیاری نێونه‌ته‌وه‌یی كه ده‌بێ به كرده‌وه وه‌به‌رچاویان بگرێت، ئاستی خوێنده‌واری و تێگه‌یشتن و ناسینی راست و ناڕاست و حه‌ق و ناحه‌ق له نێو ژنانی كوردا به گشتی چووه‌ته سه‌ر، ئه‌گه‌ر گوێی پێ نه‌درێت بۆ كۆمه‌ڵگه كێشه ده‌خوڵقێنێت. هاوكات ره‌نگدانه‌وه‌یه‌كی باشی نابێت ئه‌گه‌ر ئاوڕ له مێژووی تۆماركراوی تێكۆشانی دایكان و ژنان و كچانی باشووری كوردستان نه‌داته‌وه، بۆیه من له‌و بڕوایه‌دام له قۆناغی دووه‌مدا، واتا دوای پرۆسه‌ی رێفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی، چالاكی له ئێسته زیاتری پێویسته و ده‌بێ ژنان خۆ ئاماده بكه‌ن بۆ فه‌زایه‌كی كراوه له بواری سیاسی و فه‌رهه‌نگی و ئابووری كه بتوانن خه‌ونی دێرینی خۆیان بهێننه دی.
* بوونی ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆی كوردی له پارچه‌یه‌كی كوردستان، چی كاریگه‌رییه‌ك له‌سه‌ر پارچه‌كانی تری كوردستان داده‌نێت بۆ به‌رده‌وامبوون له ویست و داوا نه‌ته‌وه‌یییه‌كانیان؟
– له مێژه خه‌ونی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان بۆ نه‌ته‌وه‌ی كورد له هه‌ر چوار پارچه بووه‌ته هۆگری و یه‌كێتی نێوان كورده‌كان. هیچ گومان له ناكۆكییه ناوخۆیییه‌كان و پارچه‌كانی تریش ناكرێت كه هۆكاری هه‌یه، به‌ڵام ئه‌و هه‌موو ناكۆكی و ره‌خنه‌گرتن و لێكناڕازیبوونه نابێ ببێته هۆی ئه‌وه‌ی یه‌ك مسقاڵ له جه‌وهه‌ری نه‌ته‌وه‌یی بوونمان كه‌م بێته‌وه. تێبینی و ره‌خنه‌گرتن و باسكردن بۆ گه‌یشتین به ئه‌نجامی رێفراندۆم حه‌قی هه‌موو كوردێكه كه رای له‌سه‌ر بدات و تێبینی خۆی هه‌بێت، به‌ڵام له به‌رژه‌وه‌ندی كورددا نییه ئه‌گه‌ر كه‌سێك دژایه‌تی بكات و به كرده‌وه به‌ربه‌ست دروست بكات.
بۆیه له‌سه‌ر یه‌ك ئه‌م هه‌واڵه كه پرسی ریفراندۆم له پارچه‌یه‌كی كوردستان له 25ی سێپتێمبه‌ری 2017 به‌ڕێوه ده‌چێت، سه‌ره‌تای وه‌دیهێنانی خه‌ونی نه‌ته‌وه‌یی كورده به گشتی و به‌دڵنیاییشه‌وه كاریگه‌ریی ده‌بێت له‌سه‌ر پارچه‌كانی تر سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌و ره‌خنه و ناكۆكییانه‌ی كه ئێسته به‌رچاو ده‌كه‌ون .
له ماوه‌ی ٢٦ ساڵی رابردوودا باشووری كوردستان بووه‌ته سیمبولی وڵاتی كوردستان، لانی كه‌م بۆ كوردانی دیاسپۆرا، له باری ئابووری و دیپلۆماسیی و حكوومه‌تدارییه‌وه له‌گه‌ڵ هه‌موو كه‌موكوڕییه‌كانی ئه‌زموونی هه‌یه و له كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌ی ناوچه‌یی و جیهانیدا جێگه و پێگه‌ی تایبه‌تی هه‌یه و بووه‌ته فاكته‌رێكی نێونه‌ته‌وه‌یی و ناوچه‌یی و ناكرێ له‌به‌رچاو نه‌گیرێت، هه‌موو ئه‌وانه وا ده‌كات كوردی هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان، ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی باشوور به‌هی خۆی و مایه‌ی شانازی بزانێت، بۆیه به دڵنیایییه‌وه كاریگه‌ری زۆری ده‌بێت له‌سه‌ر پارچه‌كانی تر و هه‌ر له ئێسته‌شه‌وه ده‌بینین حزب و رێكخراوه‌كانی چوار پارچه‌ی كوردستان و كه‌سایه‌تییه‌كان، به‌ئومێده‌وه ده‌ڕواننه ئه‌و رێفراندۆمه و ئاره‌زووی سه‌ركه‌وتنی بۆ ده‌خوازن.
سەرچاوە: ماڵپەری وشە