ساڵێک دوای شەهید بوونی ئازاد ئاڵی ! خالید عەزیزی

ئازادی خۆشەویست !
ژیان پڕە لە ئەزموونی تاڵ و شیرین، هەوراز و نشێو و خەم و شادی. وەختێک هاوشان لەگەڵ تێپەڕبوونی زەمەن، تەمەنیش هەنگاودەنێ، ئینسان بەدڵنیاییەوە تووشی بە تووشی گەلێک مرۆڤ دەبێ کە هەرکامیان خاوەن تایبەتمەندی خۆیەتی. دیارە منیش بێبەش نەبوومە و لەو بوارەدا خەڵکانێکی زۆرم ناسیوە، هەرکام لەوانە بە گوفتار و ڕەفتاری خۆی کارتێکەری لەسەر من هەبووە. ئەوەی چ جارێک فەرامۆش ناکرێت و تا دوایین ساتەکانی ژیان لە ناخ و زەیندا دەمێنێتەوە و دەکرێ بڵێم لەگەڵم دەژی، جوانی ئەو ساتەوەختانە و دیمەنی هەڵسوکەوتەکانە. ئازاد ئالی یەک لەو خۆشەویستانە بوو کە ڕەنگە بڵێم زۆرترین و جوانترین تابڵۆکانی ژیانی بە من بەخشی. من کاتێک ئازاد ئالیم ناسی کە سکرتێری حیزب بووم و ئەویش پێشمەرگەیەک لە ڕیزەکانی حیزبدا. وەکوو پێشمەرگەی پارێزەری من دیاری‌کرا. بەڵام زۆر زوو بوین بە رەفیق و برادەر. ئازاد هەر لە سەرەتای هاتنی بۆ لای من، بە شێوەیەک هەڵسوکەوتی کرد کە هیچکات هەستم نەدەکرد ئەو وەکوو پێشمەرگەیەکی پارێزەر لەگەڵ منە. ئەو کەسێک بوو، وەک قەدیمی دەڵێن، بۆیە دەبوو سەر و ماڵی پێ‌بسپێری. هەرچی زەمان پتر تێپەڕدەبوو، خۆمان پتر لە ژیانی یەکتردا دەدیتەوە. هەردوکمان مناڵی دێ، خاوەن پەروەردەیەکی هاوشێوە لەبەردەستی سروشتدا و بارهاتووی کۆمەڵگایەکی سادەی پڕ لە خۆشەویستی.
b_300_220_16777215_00_images_SIASI_azad_alli1.jpgئەو هەموو هەست و ڕازە نهێنی‌یەکانی گەنجییەتی خۆی بە من ئەسپاردبوو و منیش هەستم دەکرد تا ئازاد لەپشتم بێ، هەردەم پارێزراوم. ئازاد لە چرکە چرکەی ژیاندا لەگەڵم بوو. لە سەفەرەکانمدا، لە دیدارەکاندا، لە گەڕان و پیاسە و شەوانی قەڵادا. هەرچەند لەباری خوێندەوارییەوە تەنیا تا کلاسی ٥ی سەرەتایی دەرسی خوێندبوو، بەڵام لەبەر ئەوەی لە تەمەنی مێرمنداڵییەوە هاتبووە نێو ڕیزەکانی حیزب و بەردەوام هەوڵی‌دابوو خۆی پێبگەیێنێ. دەمتوانی وەکوو هاودەمێک و رەفیقێک لەهەر بوارێکدا قسەی لەگەڵ بکەم. مرۆڤێکی گەش، بزە لەسەر لێو، قسەخۆش، جێی متمانە، جوامێر، پاکڕەوشت، چالاک و لەبەردڵان بوو. دیارە جاروبار لێکتریش توورە دەبووین و دواتریش بە قاقایەکی ئەو ئاش دەبووینەوە،
داخی گرانم بۆ ئەو ساتەی هاتە لام و داوای لێکردم کە دەخوازێ لەگەڵ پێشمەرگەکان دووبارە بەرەو ڕۆژهەڵات، بەرەو زێدی خۆی بچێ. پێشتر قسەی خۆی لەگەڵ هاوڕییانی فەرماندە و پێشمەرگەکان بڕیبۆوە. ئەوەندەشم خۆش دەویست، نەم‌دەتوانی بێدڵی بکەم، ناچار قبوڵم کرد و یەکترمان لە باوەش کرد و ئازاد بەرەو چارەنووس وەڕێکەوت. ئەو ساتەوەختە هیچکات فەرامۆش ناکەم کە ئاوڕی دەداوە و سەیری منی دەکرد، مەبادا پەشیمان ببمەوە و نەهێڵم سەفەرەکەی بکا.
ڕۆژی سێشەمە، ١٦ی خەرمانان، ٦ی سێپتامبر بوو کە ئاگادارکرام، ئازاد ئالی، رەفیق و برادەرە خۆشەویستەکەی من، لەگەڵ هاوڕێیانی بەسەر بۆسەی دوژمندا دەکەون. ئیتر ئازاد نەگەرایەوە و ئازاد سەفەری ئەبەدی کرد و بوو بە ئازادی ناودارو گۆڕوون.
خالید عەزیزی
٠٦/٠٩/٢٠١٧