تەڕاویلکەی خەبات، نان و ئازادی. درێژبوونەوەی کۆچ و وەرزی دەسەڵاتی کوردیی لە باشوور . بەشی نۆهەم: عەزیز شێخانی

کەماڵ، زورار و خەلیل لە رێگای چەند ئاشنایەکەوە ماڵەوەیان ئاگادار کردۆتەوە، کە لە بەهاردا یەکتر ببینن. ئەوان پێکەوە چەند جارێک سەردانی دەهۆک و زاخۆیان کردوە و لە گەڵ قاچاخچیەکان تەتەڵەی چۆنیەتی و چەندایەتی سنووربەزاندنیان کردوە. رێگای پەڕینەوە مەترسیدارە و چەکدارە تورکەکان بە چەک و لێدان لە گەڵ سنووربەزێنەکان هەڵسوکەوت دەکەن. دەرچوون لە سنووری سڵۆپی زۆر ئاسان نییە و قاچاخچییەکان زەمانەتی هیچ ناکەن. ئەوان تەنیا لە بەرامبەر بڕە پارەیەکدا رێگای رۆیشتن بە نەفەرەکان پێشاندەدەن و لە کاتی دەستڕێژی ژاندارەمە تورکەکاندا شارەزایانە رادەکەن و مشتەرییەکانیان بە شانس و لاقی خۆیان دەسپێرن. ژمارەیەک لە پەناخوازان خاوەن منداڵن و تێپەڕاندنی سنوورەکان بە منداڵەوە کارێکی ئەستەم و مەترسیدارە. هەورە بەهارییەکان بە گوێرەی تەوژمی باکان مەڵبەندەکان بەسەر دەکەنەوە و هەورە تریشقە بەهارییەکان بە گرمەی دەنگەکانیان کۆشکی خەیاڵی کۆنە پێشمەرگەکان دەڕووخێنن. بارانی بەهاری بە لێزمە دەباری و گۆرانی تاهیر تۆفیق هاوڕێی کەماڵ، زۆرار و خەلیلن. ئەوان لە سەر ماملێ و حەسەن زیرەک کێشەیانە و کەماڵ بە گۆرانیبێژە باشووریی و باکورییەکان کێشەکانی چارەسەر کردوون. ناوبراو لە ناوچەی بادینان گۆرانی بادینی، لە هەولێر حەیران، لە کۆیە تاهیر تۆفیق و لەو دیوی هەیبەت سوڵتان بەرهەم حەسەن، مەزهەری خالەقی و بۆ کۆتاییش سەید عەلی دەخستەسەر. ئەوان بە مەبەستی ماڵئاوایی سەردانێکی گوندەکانی بناری قەندیل دەکەن و لە گەڵ کۆنە هاوڕێکانیان مانگی یەکەمی بەهار بەسەردەبەن. ئەو ماوەیە لە نێو ریزی کادر و پێشمەرگەکاندا باسوخواسی رۆیشتن بۆ خاریج لە سەر لێو و زارانە. بەشێک لە پێشمەرگە منداڵدارەکان، لە بیری دابینکردنی دوارۆژێکی باشتر بۆ منداڵەکانیانن، بۆیە چەند کەسێک لەوان بەرەو تورکیە رۆیشتوون. ئەوانەی کە بۆ خاریج دەڕۆن بە بەزیو و تەزیو پێناسە دەکرێن. کەماڵ، خەلیل و زورار زۆر گوێ نادەنە ئەو خوێندنەوەیە و ئەوان لەو خەباتەدا بەشداربوون و کەمتر لە خەڵکی دیکەیان نەکردوە. لە زۆربەی ماڵە ئاشنا و دۆستەکان پرسیاریان لێدەکرێ، کە بۆچی بە رەبەنی و سەڵتی دەڕۆن. زورار بە گاڵتەکردن خۆی لە وڵامی ئەو پرسیارە دەزێتەوە و خەلیل بە دۆستەکانی دەڵێ، کە زورار لە سابڵاغ ژنی بۆ پۆست دەکرێت و ئەمن و کەماڵیش بۆ ژنهێنان دەگەڕینەوە بۆ باشووری کوردستان. کەماڵ بە ساکاری جوابی پرسیارەکە دەداتەوە و هەموو جارێ دووپاتی دەکاتەوە، کە خوا گەورەیە و کاری بە پەلە سەرکەوتنی کەمە. ئێمە دوارۆژمان ناڕوونە و هەتا نەگەینە وڵاتێک بە گشتی ناتوانین هیچ بڕیارێک بدەین. ئەگەر بەخت یاربێ، بێگومان رۆژێک دەبینە خاوەنی ژن و منداڵ. لە بەشێک لە بنکەکان پێشمەرگە سەڵتەکان خەون بە گەڕانەوە بۆ ناوچە دەبینن و خوازیارن کە چەند مانگێکی دیکە لە نێو خەڵکی خۆیاندا بژین. مستەفا لاجانی کە لەسەر سەربزێوی و گەڕانەوەی سەربەخۆ بۆ ناوچە سزادراوە و رەوانەی هێزی گیاڕەنگ کراوە لە ژوورەکەیدا خەریکی خاوێنکردنەوە و چەورکردنی چەکەکەیەتی. ناوبراو لە گەڵ حوسێنی ئازیزێ نێوانی خۆشە و شەوانە بە گۆڕانی و حەیران کاتەکان دەبەنەسەر. کاتێک کەماڵ و هاومزڵەکانی میوانی حوسێن دەبن، هەتا بەرەبەیان سەرقاڵی پێکەنین و گێڕانەوەی نەقڵی کۆنن. مستەفا کوڕێکی کۆمەڵایەتی و قسەخۆشە و داوا لە کەماڵ دەکات، کە گەیشتە خاریجی سەر و گەڵایەک بۆ حوسێن و مستەفا رەوانە بکاتەوە، با بە ئاوی شووشان سەری خۆمان گەرم کەین. خەلیل بە مستەفا دەڵێ، کە حازری بە قەرز مەگۆڕەوە و با ئەو شەو ئاوی شووشان بخۆینەوە. کاکە خاریجە زۆر قوڵە و وەک گۆمێکی قوڵە، بۆیە رەنگە ناو و ناوبانگی ئێمە ببڕێتەوە. ئەو ڕۆژانەی پێکەوەین با تام و چێژی لێوەرگرین و ناچارنین لە رابردوو و داهاتوودا بژین. ئێمە مرۆڤی کورد هەموو رۆژێ خۆمان بۆ سبەینێ ئامادە دەکەین، بەڵام کە سبەینێ لە دەرەوەی چاوەڕوانییەکانی ئێمە سەر لە کەل وەدەردەنێ، ئەوکات ئەژنۆی خەم لە باوەش دەگرین. ئەو ساڵانەی رابردوو لە زۆربەی خەڵکم بیستوە، کە حەسرەت بۆ رابردوو دەخوازن، بەڵام ئەمڕۆ هەڵەکانی دوێنێ دووپات دەکەنەوە. کاکە مستەفا گۆرانییەک بچڕە و با ئاویکی شوشان لە ئوتۆمبیلەکەی کەماڵ دەرکەین و سەری خەمە کۆنەکانمان ببڕین. مستەفا خەونی گەورەی گەڕانەوە بۆ ناوچە و دیداری دۆستەکەیەتی. ناوبراو دوو ساڵە بەرنامەی هێنانی دۆستەکەی هەیە، بەڵام کارەکەی ماوەتەوە. دۆستەکەی مستەفا دەخوازێ بە کولتوری کۆن خوازبێنی بکرێ و دواتر بە روخسەتی بنەماڵەکەیان مێرد بە مستەفا بکات. مستەفا چەندی لێکیدەداتەوە ئەو کارە بەو فۆڕم و شێوازە سەرناگرێ، بۆیە دوو ساڵە هەتا پاییزێ چاوەڕوانی رازیکردنی یارەکەیەتی، بەڵام سەرکەوتوو نەبوە. بەو سزادانە توڕەیە و چەند جارێک داوای لە کۆمیتەی شارستانی پیرانشارکردوە، کە بۆ بەهارێ داوای بکەنەوە. حوسێن چەند جارێک داوای لە مستەفا کردوە، کە ژنهێنان کێشەی هەیە و لە پێشمەرگایەتیدا پیاو ناتوانێ وەک پێویست چاوەدێری ماڵ و منداڵ بکات. زورار لەو ژینگەیەدا شادە و جاروبار مستەفا تووڕە دەکات. بە باوەڕی زورار یەکێک لە خالە لاوازەکانی پێشمەرگەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ژنهێنانە، کە کاریگەری لەسەر تێکۆشانی حیزبە. ناوبرا ناوی ژمارەیەک پێشمەرگە دێنێ، کە تەنیا دوای دوو ساڵ پێشمەرگایەتی، ژیانی هاوبەشیان پێکهێناوە. بە تێگەیشتنی ئەو حیزبایەتی لە شاخ و پێشمەرگایەتی پێویستیان بە هێزی سەڵت و رەبەنە و ژن و منداڵ بۆ حیزب بارێکی گرانە. مستەفا کە زورار لە سەر ژنهێنان و زەرەرەکانی ژیانی هاوبەشی پێشمەرگەکان دەدوێ، لە کۆنتڕۆڵ دەردەچێ. مستەفا لە سەر ئەو قەناعەتەیە، کە ژن و ژیان پێکەوەن و خەبات و حیزبایەتی بە تەنیا زۆر ناخایەنێ. مستەفا بڕیاریداوە، کە ئەگەر ئەو هاوینە یارەکەی نەگاتێ، لە قەندیل دادەبەزێ و یەکسەر دەچێتە دۆڵەڕەقێ. مستەفا ئاگادارە، کە ئەگەر لە دۆڵەڕەقەی جێگیربێ بە ئاسانی دەتوانێ سەردانی ناوچەی پیرانشار بکات و دەرفەتی زیاتری بۆ گەیشتن بە یار دەستدەکەوێ.

روخساری سرووشت لە پشتێندەی کێوەبەرزەکان و هەروەها خڕ و دۆڵە داتاشراوەکان لە تایبەتمەندییە جوانەکانی سرووشتن. کەماڵ لە کاتی دوورکەوتنەوە لە قەندیل و داگەڕان لە قۆرت و پێچەکانی کورتەک وەبیر زورار و خەلیل دێنێتەوە، کە خۆشترین وڵاتی رۆژئاوا ناتوانن ئەو سرووشتە بۆ ئێمە قەرەبوبکەنەوە. ئێمە کە دوورکەوتینەوە بە تەواوەتی قەدری خاک و خەڵکی خۆمان دەزانین. خەوی شەوانی هاوینی سەر مزڵەکەی سڵێ بە هیچ ناگۆڕمەوە، بەڵام ژیان بە وتەیەکی ناسرو گەڕانە و گەڕان ژیان. ئێمە بە دوای نیعمەتی ئازادیی و هەروەها مافەکانی نەتەوەیەکدا ئاوارە بووین و رێگاکەمان درێژەی هەیە. لە کردەوەدا رەنگە ئاکامێکی کۆنکرێت لە خەباتەکەمان دیارنەبێ، بەڵام لە داهاتوودا باشتر ئەو سەردەمە لە قەپان دەدرێت. ئێمە نەوەیەکی هەڵوەداین و ناتوانین وەک باب و باپیرانمان بۆ درێژخایەن لە گوند و شارێکدا بژیین. ئەگەر ئەوان لە رێگای دوارۆژی گەلەکەیاندا تێکۆشابان، بێگومان خەباتی ئەمڕۆی کوردان لەو تەنگەبەرە دژوارەدا قەتیس نەدەما. کاکە دەوڵەت خوێن و هونەری دەوێ و کورد بۆ سەرکەوتن پێویستی بە خۆراکی مەعنەوییە. خۆراکێک کە ئەندامانی نەتەوەیەک فێری کاری هاوبەش و هەرەوەزی سیاسی بکات. کوردەکان لەو بارەوە زۆر لاوازن و چاو لە نەتەوەکانی دیکە ناکەن، کە چۆن دین و کتێبە ئایینیەکانیان لە پێناوی زمان و ناسنامەی خۆیاندا بەکارهێناوە. خەلیل و زورار لە گەڵ کەماڵ هاوڕان، بەڵام رێنوێنی کەماڵ دەکەن، کە ئەگەر سیاسەت لە عەرز نەدەی زۆر خەتەرە. کاکە بە ئێمە چاک نابێ و ئەو پرسە کاری هەزار کەس و دەهەزار نەفەر نییە، بەڵکو زۆرایەتی کوردی دەوێ.

ئەوان گەیشتنەوە رانیە و کاتێک ئوتۆمبیلەکەیان لە بەر دەرگای ماڵ راگرت، منداڵەکانی ماڵی حەمە جاف رادەکەنە ماڵەوە. کەماڵ، زورار و خەلیل لە ئوتۆمبیلەکە دانەبەزیبون، کە باب و دایکی خەلیلی بە جلوبەرگی ناوچەی خۆیان لە دەرگای ماڵی حەمە جاف هاتنەدەر. حەمە جاف بەخێرهاتنی کەماڵ و هاوڕیکانی دەکات و داوایان لێدەکات، کە نانی نێوەڕۆیە پێکەوە بخۆن و دواتر بچنەوە ماڵی خۆیان. خەلیل بە دیداری دایک و بابی شاد دەبێ و پێکەوە دەچنە ماڵی حەمە جاف. زورار بۆ گەرمکردنی مەجلیس بە خاڵ کامیل باوکی خەلیل دەڵێ، خاڵە ئەوە چۆنە لە پێش دایک و بابی کەماڵ و مندا گەیشتوونە ئێرە؟ ئەوە لە ئازایەتییە، خۆشەویستییە یان لە ترسی خاڵۆژنم بەو بەهارە زووە گەیشتووییە ئێرە؟ خاڵ کەریم بە پێکەنینەوە داوا لە زورار دەکات، کە گەیشتە خاریجی واز لەو قسە خۆش و نوکتانە بێنێ، ئەگەرنا بۆ سابڵاغێ رەوانەی دەکەنەوە. خاڵ کەریم و هاوسەرەکەی قومری دوو رۆژە گەیشتوونە رانیە. ئەوان رێژەیەک پارەیان بۆ خەلیل هێناوە. خاڵ کامیل لە گوندێکی بۆکان کاری وەرزێڕی دەکات و مرۆڤێکی بە قەناعەتە. ناوبراو رێنوێنی منداڵەکانی دەکات، کە تەنیا خاک چاوی تەماع دەبەستێ و مرۆڤی ژیر بە قەناعەتەوە دەژی. ئەو ماوەیەک دەروێش بوە و لە سەر دەستی خەلیفەی رەحمانی بانە تۆبەی کردوە. ئۆگری زۆری بە دەفەلێدان و زەرگ لەخۆدانە و بۆ ئەو کارانە هیچ سنوورێک ناناسێ. قومری هاوسەری بە پێکینینەوە دەگێڕێتەوە، کە ئەوەتا کامیل بۆتە دەروێش تەنیا جارێک خوێنی لە پشتە ملە بەربوە و بە چەند خەلیفە و لشکرێک دەرویش چاکیان کردۆتەوە. دوای نانی نیوەڕۆ خاڵ کامیل و قومری هاوسەری لە گەڵ کوڕەکان دەچنەوە ماڵی خۆیان. خاڵە کەریم رۆیشتنی کوڕەکەی بە چارەسەر دەزانێت و ناوبراو ئومێدی بە رووخانی رێژیم نییە. بە وتەی ناوبراو حاڵ و گوزەرانی خەڵک باش نییە، بەڵام ئاخوندەکان بە ئاسانی لە سەر کورسی دەسەڵات هەڵناقەندرێن. خال کامیل و هاوسەرەکەی داوا لە کەماڵ و زورار دەکەن، کە ئاگاداری خەلیل بکەن و هەتا دەکرێت پشتی یەکتر بەرنەدەن. خەلیل بە گاڵتە داوا لە خاڵ کامیل دەکات، کە رێنوێنی خەلیل بکات، بۆ ئەوی ئاگای لە ئەمن و کەماڵ بێت. زورار بە خاڵ کامیل دەڵێ، کاکە کوڕەکەت کتێبی ئینگلیسی کڕیوە و لەو ژوورەدا لە گەڵ ئەمن بە زمانی خاریجەی قسەدەکات. خاڵ کامیل بە قسەی زورار پێدەکەنێ و داوا لە خەلیل دەکات، بە ئینگلیسی لە گەڵ زورار فاتیحایەک بخوێنن. چەند رۆژ دواتر خاڵ کامیل و قومری بە ئوتۆمبیلی کەماڵی دەچنەوە سونێ و شەو لە ماڵی مام کەریمی لە سەردەشت میوان دەبن. ماوەی چەند حەوتوویەک دەخایەنێت و چەند کەس لە خزمانی زورار دەگەنە هەریمی کوردستان. ئەوانیش وەک باوک و دایکی خەلیل بۆ ماڵئاوایی هاتوون و رێژەیەک پارەیان بۆ کوڕەکەیان هێناوە. بابی زورار کە بە سلێمان ساوەر بە ناوبانگە هەڵگری خەون و خەمی زۆرە. ناوبراو لە یەکێک لە قوتابخانەکانی شاری سابڵاغ کاردەکات و کاروباری پێڕاگەیشتنی قوتابخانەی دواناوەندی بەڕێوەدەبات. هێشتا قوتابخانەکان تەواو نەبوون، بەلام ناوبراو بە بیانووی سەرەخۆشی و هەروەها دیداری خزمانی ناوچەی پیرانشار روخسەتی وەرگرتوە و هەتا دەشتی بیتوێن نەگریساوەتەوە. خەلیل بۆ توڕەکردنی زورار هەموو رۆژێک دەپرسێ، کاکە ئەوڕۆ برینج لە ئاوێ کەین یان ساوەر. زورار بە بیستنی ناوی ساوەر بزەی لەسەر لێوان نامێنێ و بە کورتی دەڵێ، کاکە ساوەر هەر وەک ناو خۆشە و بۆ خواردن نابێ. حەمە جاف لە سەر مەسەلەی برینج و ساوەر نەقڵی برادەرێکیان بۆ دەگێڕێتەوە، کە بەرنامەی هێنانی ژنی دووهەمی هەبوە و دۆست و خزم داوایان لێکردوە، کە ژنی دووهەم نەهێنێ. برادەرەکە لە وڵامدانەوەی خەڵک ماندوو دەبێ و سەرئەنجام بە لۆژیکی خۆماڵی مەبەستەکەی بۆ ئەوانە رووندەکاتەوە، کە پرسیاری ژنهێنانی لێدەکەن. بە لۆژیکی ناوبرا ساوەر تامی نەماوە و حەزی لە برینجە، بۆیە بڕیاریداوە ژنی دووهەم لە حەوشەی ماڵ دابەزێنێ.

سلێمان ساوەر بە ناسناوەکەی توڕە نابێ و هەموو جارێک دووپاتی دەکاتەوە، کە ساوەر لە پیرۆزترین بەرهەمی خوای گەورە سازدەکرێ و خواردنێکی موبارەکە. ناوبراو لە سەر بارودۆخی سابڵاغ و خەمی لاوەکان بە نەرێنی دەدوێ. بە تێڕوانینی سلێمان ساوەر لاوەکان پشتیان لە پێشمەرگایەتی و خەبات کردوە و زۆربەیان وەک کچانی شار ئارایشت دەکەن. پانتۆڵی تەنگ دەپۆشن و بە ناوی پانکی ناوبانگیان دەرکردوە. هەر لاوەی کە باڵاکەی لە زەوی جیابۆوە سەرقاڵی سەرچەورکردن و ئەبرۆکردنن. لە قوتابخانەکان ژمارەیەکی کەم بۆنی کوردایەتیان لێدێ و بەشێکی زۆر لە گەڵ بەسیجی خوێندکاری تێکەڵن. خەڵک وەک ساڵان نەماوە و بە تەواوەتی بۆ ئاخوند و بەرپرسەکانی رێژیم لەو شارە سەر دەلەقێنن. ئەگەر بەرپرسێک لە تاران بێ، خەڵکی زۆر کۆدەکەنەوە و بە ناوی میللەتی قارەمانی مەهاباد پێشوازی لێدەکەن. حەمە جاف داوا لە سلێمان ساوەر دەکات، کە ئەو پرسانە دێن و دەڕۆن و سەرقاڵی ژیانی خۆی بێت. ناوبراو ئاماژە بەوە دەکات، کە لە دوای راپەڕین ئەو کەسانە لە ریزی پێشەوەن، کە لە سەنگەری دژی پێشمەرگەدا بوون و خاوەن هۆز و عەشیرەتن. زۆر پێشمەرگەی ماندوو و فیداکار لە سەر شەقامەکان کەنگر، مەندێ و رێواس دەفرۆشن. ئەوە یاسای سرووشتە، کە جەماعەتێک کاردەکەن و بەشێکی دیکە لە بەرهەمی کارەکە دەخۆن. ئەگەر خوانەخواستە رۆژێک کوردی رۆژهەڵات وەک ئێمە راپەڕن و پاسداڕ و عەسکەر دەرپەڕێنن، ئەو پانتۆڵ تەنگ و قژ چەورانە ئیدارەی شار و گوندەکان دەکەن و ئەتۆ و کوڕەکەت پێویستە بپاڕێنەوە، کە نان و ئاوێکتان دەستکەوێ. زورار ئەو رۆژانە بێدەنگە و وەک رابردوو زمانی ناسووڕێ و زەمانە بە قازانجی خەلیلی وەرسووڕاوە. کاتێک سلێمان ساوەر لە سەر حەسەن زیرەک و حەمەی ماملێ دەڵێ، کاکە هەتا حەسەن زیرەک وەک بولبولی کوردستان دەیخوێند، حەمەی ماملێ هەر دیار نەبو. خەلیل بەو قسانەی سلێمانی بابی زورار دڵخۆشە و چەند جارێک لە زوراری دووپات دەکاتەوە، کە رێز لە بۆچوونەکانی بابی بگرێ و لە بەرخاتری ناوچەگەرایی دژی بۆکانیەکان رانەوەستێ. سلێمان ساوەر و هاوسەرەکەی دەگەڕێنەوە و تەنیا ماڵی مام کەریم ماون، کە سەردانی کەماڵ بکەن. ئەو ساڵە ئێران سیاسەتێکی تازەی گرتۆتەبەر و بە بۆمب و تۆپ لە سنوورەکان دەدات. سیاسەتی رێژیم ئەوەیە، کە دێموکڕات لە قەندیل و ناوچە سنوورییەکان هەڵقەنێ و لە خەباتی چەکداری دایانببڕێ. بەشێک لە خەڵکی باشوور و خاوەن مڵک و ماڵەکان وێڕای هێزە سیاسییەکان، ماڵئاواییان لە کوردایەتی کردوە و خەمی گەورەیان نان و ئاوە. ئەوان کە هەتا دوێنێ لە سەر سنوورەکان و لە شارە سنوورییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و تەنانەت لە کەرەج و ورمێ بە کزی بارگەیان خستبوو، ئەمڕۆ بە دەنگێکی گەورە هاوار دەکەن، کە ئێوەش بڕۆن کاکە کوردستانی خۆتان رزگار بکەن و ئێرە چۆڵکەن. دێموکڕات لە رادیۆکەیان راگەیندراوێکی بڵاوکردۆتەوە، کە پیلانێکی مەترسیدار هەیە و هێزەکانی رێژیم رەنگە پەلاماری ناوچە سنوورییەکان بدەن. بە مەبەستی بەرپەرچدانەوەی سیاسەتەکانی رێژیم دوای ماوەیەک تۆپباران، دێموکڕات بەرزاییەکانی قەندیل و ناوچەکانی دیکە چۆڵ دەکات و لە قوڵایی باشووری کوردستان بنکە و مەکۆکانی دەکاتەوە. ئەوان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتی دێموکڕاتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستاندا جێگیردەبن. رێژەی تیرۆرەکانی رێژیم دژ بە کوردە رۆژهەڵاتییەکان لە باشوور پەرەدەستێنێ و متمانەی نێوان باشوور و رۆژهەڵات خەوشداردەبێ.

مام کەریم و پور زارا لە گەڵ کچەکانیان بە رێگای گەناوێدا خۆیان دەگەیننە رانیە. ئەو ماوەیە ناوچەکانی سونێ و شیوەڕەز بە خەستی تۆپباران دەکرێن، بۆیە ئەوان رێگایەکی دوورتریان بۆ تێپەڕاندنی سنوور گرتۆتەبەر. مام کەریم لە گەراجی قەڵادزێ چاوەڕێی ئوتۆمبیلی نەفەرات دەکات، کە حەمە عەلی لە مام کەریم دەپرسی، خاڵە خەڵکی کوێن، چەند نەفەرن و بۆ کوێ دەڕۆن؟ مام کەریم دەڵێ، کاکە سەردەشت و بۆ لای کوڕەکەم کەماڵ دەچم. حەمە عەلی بەخێرهاتنیان دەکات و بە مام کەریم دەڵێ، ئەگەر ئەتۆ بابی کەماڵی بیت، چاوەڕوان بکە. ماوەیەک پێشتر کەماڵ بە ئوتۆمبیلەکەی لێرە دەسووڕایەوە و سڵاوێکی لێکردم. مام کەریم پورە زارا لە بن سێبەری پشتەوەی گەراجەکە لە سەر چەند لەتکە بلۆکان دادەنیشن و چاوەڕوانی هاتنەوەی کەماڵ دەکەن. ماوەی نیو کاتژمێر تێدەپەڕێ، بەڵام هیچ خەبەرێک لە کەماڵ نابیستن. حەمە عەلی خەڵک سواری کوستەرەکان دەکات و جاروبار سەردانێکی مام کەریم دەکات و ئاگاداریان دەکاتەوە، کە ئەگەر کەماڵ نەهاتەوە نیگەران مەبن و دەچینەوە ماڵی برای خۆت. حەمە عەلی خەڵکی ناوچەی سەردەشتە و ساڵانێکی زۆرە ئاواری ناوچەی پشدەرە و لە شاری قەڵادزێ گریساونەوە. کەماڵ چاوەڕوانی هاتنی دایک و بابی دەکات و بۆ پێشوازی هاتۆتە قەڵادزێ. ئەو رۆژە لە گەراجی گەناو و سونێ و لە ناو بازاڕ کەسێکی ناسیاو و دڵنیا نابینێ. کە سواری ئوتۆمبیلەکەی دەبێت، بیر لە حەمە عەلی دەکاتەوە، کە کەسێکی باشە و ئەگەر دایک و بابم هاتن با لە گەڵیان بێت بۆ رانیە یان ئاگادارم کاتەوە. ناوبراو بەرەو گەراجی رانیە و سلێمانی دەچێت و کە دەگاتێ گەراج، حەمە عەلی سەرقاڵی وەرگرتنی پارەی نەفەراتی کۆستەرێکە. کەماڵ کە لە بن سیبەری گەراجەکە ورددەبێتەوە مام کەریم و دایکی لە گەڵ خوشکەکانی دەبینێ، کە شەکەت و ماندوو لە سەر لەتە بلوکەکان دانیشتوون. بەخێرهاتنیان دەکات و سواری ئوتۆمبیلەکەیان دەکات و سپاسی حەمە عەلی دەکات، کە دایک و بابی ئاگادار کردۆتەوە، کە کەماڵ لە قەڵادزێیە. کەماڵ دەگەڕێتەوە ناو شار و لە تەنیشت کەبابخانەیەک ئوتۆمبیلەکەی رادەگرێ و پێکەوە دەچنەژوور. نان و کەبابێک دەخۆن و چەند نان و کەبابێک بۆ حەمە عەلی دەکرێ و دەچنەوە گەراج و کەباب و نانەکەی دەدەنێ و بەرەو رانیە دەرۆن. مام کەریم لە گەڵ پورە زارا لە تۆز و با بابەتی قسەکردن و دمەتەقێ سازدەکەن و وەک ساڵان هێمن و لەسەرەخۆ نەماون. مام کەریم لە بەندیخانە ئەشکەنجە کراوە و باری دەروونی جێگیر نییە. پورە زارا پاش لە دەستدانی کاوە و هەروەها چوونە سەری تەمەن سەبر و تەحەمولی کەمترە و لە سەر پرسێکی سادە دەتوانن ماوەیەکی زۆر شەڕەچەقەی بکەن. پورە زارا داوا لە کەماڵی دەکات، کە ئەگەر لە رانیە دوکتۆری باش هەبن لە سەر ئەو عادەت و خوڵقە سەردانی دەکەم. کەماڵ لە رێگای دەربەند و لە نیزیک غاباتی رانیە دوو جارێک ئوتۆمبیلەکە رادەگرێ و ماوەیەک لە سرووشت دەڕوانن. میوانەکان ماندوون و خوازیارن بگەنە شوێنێک بۆ حەوانەوە، بۆیە کەماڵ بەرەو ماڵ ئوتۆمبیلەکەی لێدەخوڕی. زورار و خەلیل بەشێک لە کەلوپەلکانیان فرۆشتوە و هەر کامەیان سندووقێک کەلوپەلی پێشمەرگایەتیان وەک یادگاری هەڵگرتوە و بەنیازن دوای دەرچوون لە باشوور هەتا کاتی گەڕانەوە لە شوێنک تاقەتی کەن.

میوانەکان دەگەنێ مزڵەکە و زورار و خەلیل بەخێرهاتنی میوانەکان دەکەن. ئەوان وەک رابردوو گاڵتە و جەفەنگ ناکەن و سەفەر بە سەر خەیاڵ و رۆژگاریاندا زاڵە. ئەوان لە بازاری کۆنەی زۆر شارەزانین و کەلوپەلەکانیان بە ئەحمەد مەلا شێخی سپاردوە، کە داشقەیەکی پڕ لە کەرەستەی شەڕ، راو و هتد لە سەر شەقامی راستەی رانیە راگرتوە. ئەحمەد بۆ بەشێک لە کاسبکارانی رانیە ئاشنایە. ژمارەیەک لە جیرانە دوکان و داشقەچیەکان نان و ماستەکەی ئەحمەد بە جوانترین وێنەی رۆژ دەزانن، کە بە قاپوچکە ماستە شلە و چا شیرینکراوەکە لە یەک کاتدا دەخوات. ئەحمەد بەڵێنی بە زورار و خەلیل داوە، کە ئەگەر کەلوپەلەکان ساڵێکی دیکەش فرۆشران هیچ خەمیان نەبێ و پارەکەیان بۆ تورکییە یان سوئێد و کانادای دەنێرێ! زورار بە بیستنی ئەو وتانەی ئەحمەد توڕە دەبێ و بە خەلیل دەڵێ، خاریج هیچ نییە. ئەوە سەرەتایە، کە ئێمە بە دەست ئەحمەد گیرمان خواردوە و خوا دەزانی کە تورکییە و رۆژئاوا ئەو خەون و خەیاڵانەمان چۆن دەکەنە تەڕاویلکە و سەراب. خەلیل بۆ چاککردنەوەی زورار پشنیار دەکات، کە ئەگەر ژیانی هاوبەشیان پێکەوەنا و خوا منداڵی کچی پێدان، یەکێک ناوی “سەراب” و ئەوەی دیکە ناوی “ تەڕاویلکە” بێت. زوراو بە پێشنیاری خەلیل پێدەکەنێ و دەپرسێ، ئەگەر منداڵەکان کوڕ بوون ناویان چ دەبێ؟ حەمە و حەسەن بۆ یادی دوو هونەرمەنەدی مەهابادیی و بۆکانی! خەلیل بە زورار دەڵێ، بابی تۆ سلێمان ساوەرە وەرزێڕە، بابی من دەروێشە، بزانین مام کەریم چ ناسناوێکی هەیە. زورار داوای لێدەکات، کۆتایی بەو بەزم و قەشمەریانە بێنێ و لە سەر ئەو گاڵتە و نوکتانە وەک دەعبای زیرەک بە سەری دندوکێ پێوەدەبن.

حەمە جاف و هاوسەرەکەی شەو بۆ بەخێرهاتنی مام کەریم و بنەماڵەکەی سەردانییان دەکەن. پورە زارا چەند پاکەت شیرینی عادڵی بۆ میوانەکان هێناوە، کە تام و چێژی تایبەتی هەیە. شیرینیەکان لە جۆری جیاوازی وەک لەتیفە، نان گوێزی، نان کشمیشی، روڵێت، کێک و هتد پێکهاتوون. حەمە جاف رەخنە لە وەستای شیرینەمەنی خۆیان دەگرێ، کە تەنیا شەکلەمە و لوقمە قازی سازدەکەن. حەمە جاف بۆ میوانەکان باس لە کولتوری کۆنی ئێرانییەکان دەکات، کە بابە گەورەی کورد مێدیەکان بناخەیان داڕشتوە. مام کەریم ئەو شەوە چیرۆکی گیران و فرۆشرانی لە لایەن چەند جاشێکی پشدەرەوە دەگێڕێتەوە. ژیانی بەندیخانە و لێدان و پێدادانی میرغەزەبەکانی بەندیخانەکان باسدەکات، کە لە دوای شکستی هێزە عێڕاقییەکان لە بەرەکانی شەڕ دژ بە ئەسیرەکان بەڕێوەیان دەبرد. ناوبراو چەند جارێک لەو هێرشانەدا کەوتۆتە بەر لێدانی بەعسییەکان و بە سۆندە، کابڵ و دار لە گەڵ سەدان و هەزاران بەندی دیکە ئەشکەنجە کراون. حەمە جاف چەند جارێک جنێو بەو کەس و چەکدارانە دەدات، کە مام کەریم و کاروانچیەکانی دیکەیان لە بەر خاتری گیرفان و زگ فرۆشت و چەند مال و بنەماڵەیان داخدارکرد. حەمە جاف داوای لێبوردن لە مام کەریم دەکات و راشکاوانە دەڵێت، کە خەڵکی ئێمە ئەخلاق و موڕاڵیان لاوازە و ئەگەر تەنگانە بێت، برا رەنگە زەبر لە برا بدات. ناوبراو ئەو کولتورە دەگێڕێتەوە سەر کولتوری دەسەڵاتداری بەعس لە عێڕاق، کە مرۆڤی لە ناسنامە و بوون بەتاڵ کردوە. حەمە جاف ئاماژە دەکات، کە کەمال، زورار و خەلیلی لەو کولتورە ئاگادار کردۆتەوە، چوونکە ئەمڕۆ خەڵک کار و کەسابەتی نییە و ویژدان مردوە. ئەوان هەتا دەڕۆن پێویستە ئاگاداری خۆیان بن و لە گەڵ هەموو زەلامێک تێکەڵ نەبن و بە پارێزەوە بژین. هیوادارم ئەوان رزگاریان بێت و خوا ئەوانەش دەگرێت، کە چەند کوردێک لە پێناو چەند سەت دینارێکدا بە بەعسیەکان فرۆشتوە.

زورار بۆ گۆڕینی بابەتی قسەکردن، داستانی محەممەدی مەهدی لە حەمە جاف دەپرسێ و داوا دەکات، کە ئەگەر ئەو کابرایە بە راستی محەممەدی مەهدی شێعر و چیرۆکەکان بێت، ئەو شارە وەک کەربەلا و قومی لێدێت و لە زۆربەی وڵاتانی شیعە خەڵک بۆ زیارەت و حەج سەردانی ئێرە دەکەن. حەمە جاف تاموچێژی تایبەت لە قسەکانی زورار دەکات و تێدەگات، کە ناوبراو بۆ شادیی میوان و دۆستان بەسەر بابەتەکاندا بازبازێن دەکات. حەمە جاف زۆر ناچێتە ناو چیرۆکی محەممەدی مەهدی و دەڵێ، کاکە ئێوە بچنە خاریجەی و وەرنەوە، ئەگەر ئەو برادەرە هەتا ئەوکات ژێرخاک نەکرابو، پێکەوە دەچین و دەبینە شوێنکەوتووی ناوبراو. کاکە زورار، بە برایەتیمان هەر دیاردەیەک لەو کوردستانەدا سەرهەڵدەدا تەنیا بۆ پارە، ناو و دەسەڵاتە. براکەم، محەممەدی مەهدی لە ئێمە فەقیرتر و هەژارترە و ئەوە شیعەکان سەدان ساڵە بە هەموو عیلمێک بە دوای محەممەدی مەهدیدا دەگەڕێن و کەنیسەکانی رۆژئاواشیان هەموو پشکنیەوە. ئەو داستانە لە بنەڕەتدا لە چیرۆکی عیسای کوڕی مریەمێ وەرگیراوە و خەڵکیان شێت و شەیدا کردوە. کاکە ئەمن ئەو محەممەد مەهدیەم دیوە و پیاوێکی فەقیر و خواناسە و رەنگە سەری لە خوێندنەوە و بیرکردنەوەدا ئاڵۆز ببێت. مرۆڤ بەرگەی ئەو هەموو کتێب و نووسینانە ناگرێت. ساڵان کتێب خوێندنەوە زۆر باو نەبو و مرۆڤەکان بە کەمی کاتی خۆیان بە کتێب خویندنەوە بەسەردەبرد. کورد لە مێژە گوتویەتی، کە هەموو شتێک بە خوێ و خوێش بە مەعنا. ئەگەر کتێب خویندنەوە باشیش بێت، ناکرێ شەو و ڕۆژ ئەتۆ سەر بە سەر کتێباندا بگریت و ئاگات لە هیچ نەمێنێ.

مام کەریم و ئەندامانی بنەماڵەکەی چەند رۆژێک لە رانیە بەسەردەبەن و لە گەل مالی حەمە جاف سەردانی نێو بازاڕ دەکەن. پورە زارا چەند قوماشێک بۆ کچەکان و ئاڵتونی خاڵە مینە دەکڕیت. کەماڵ لە ماوەی ساڵانی رابردوودا کار و کاسبی کردوە و پێویستی بە پارە نییە و بڕە پارە و دراوێک دەداتە ئەندامانی خێزانەکەی. چەند هەزار دینارێکی بۆ هێنانەوەی تەرمی کاوە و سازکردنی کێلێکی رازاوە داناوە و داوا لە بابی دەکات، کە ئەمڕۆ و سبەینێی لێنەکات و هەتا پاییز کارەکە تەواو بکات. کەماڵ پاش بەڕێکردنەوەی مام کەریم و دایکی ئوتۆمبیلەکەی بۆ فرۆشتن دەباتە پێشانگا. فرۆشتنی کاڵاکان لە ماوەیەکی کەمدا کارێکی دژوارە، بەڵام لە گەل ناچاری هیچ ناکرێ. گەرمای هاوین خەریکە باوەش بە پێدەشت و تەختاییەکانی باشوردا دەکات و بە گەرماکەی دەشت و مەزرا کێڵراوەکان هاوشێوەی زێڕ دەنەخشێنێ. کەماڵ، زورار و خەلیل رۆژانە سەردانی بازاری کۆنە و پێشانگای ئوتۆمبیلەکان دەکەن. کەماڵ بەشێکی کەلوپەلەکەی داوەتە ماڵی حەمە جاف و بەشێکی دیکەش بۆ ئەحمەد مەلا شێخی. سەرئەنجام ئۆتۆمبیلەکەی دەفرۆشێ و دواڕۆژەکان لە رانیە تێپەڕ دەکەن. ئێوارەی رۆژێکی هاوین سەردانی ئەحمەد مەلا شێخی دەکەن و ماوەیەک گوێ لە قسەکانی رادەدێرن. خەلیل و زورار لە بەر نەوسنیان هەر جارەی خۆیان بە بابۆڵە و ساردەمەنیە فرۆشیەکدا دەکەن. سەرئەنجام حوشتری سەفەر لە بەردەرگای کۆنە پێشمەرگەکاندا لە سەر چوارلاق دەکەوێ. ئەوان ماڵئاوایی لە دۆستان و ماڵی حەمە جاف دەکەن. کەماڵ نامەیەکی نووسراو بۆ حوسێنی ئازیزێ دەنووسێ و وەک ئەمانەت دەیداتە دەستی حەمە جاف. کوڕەکانی دیکەش سندووقەکانیان هەتا کاتی گەڕانەوە لە ماڵی حەمە جاف دادەنێن و بە سواری کڕۆلایەک بەرەو زاخۆ وەڕێدەکەون. حەمە جاف هەتا دەهۆک هاوڕیەتیان دەکات و شەو لە گەڵ شۆفیر کرۆلاکە هەتا کەماڵ و کوڕەکان لە سنوور دەرنەچن ناگەڕێنەوە.

سنووربەزاندن لەو سەردەمەدا کارێکی دژوار و ئەستەم بو. ژمارەیەک لە پەناخوازان ئەو رێگایەیان بە رێگای مەرگ ناودێر کردوە. دژوارییەکانی رێگا بە سنووربەزاندن تەواو نابن و دوای خۆ تەسلیمکردنی یوئێن کێشەکان ئالۆزتر دەبن. کەماڵ، خەلیل و زورار لە گەڵ هەشت نەفەری دیکە لە لایەن قاچاخچەیەکانەوە رێنوێنی دەکرێن. هیچ قاچاخچییەک زەمانەتی دەرچوون ناکات و ئەوان تەنیا بە ئەزموون لەو رێگایە شارەزابوون و خەڵکی ئەو ناوچەیەن. ئەو کارە پارەیەکی زۆر دەخوڵقێنێ و خەڵکی ئەو ناوچەیە بەو مامەڵەیە ژیانێکی باش و شاهانەیان بۆ خۆیان سازکردوە. بە مەبەستی ئاوەدانکردنەوەی رێگای قاچاخ چەند جارێک پێوەندییان بە ژاندارمە تورکەکان کردوە و گوێ دۆڵار و دیناریان بۆ دەرخستوون، بەڵام لە گەیاندنی مەبەستەکەیان سەرکەوتوو نەبوون. بۆ گەیاندنی پەیامەکە قاچاخچییەکان لە هەولێر تورکمانێکی شارەزا لە تورکی ئیستانبولیان بە پارە بۆ لای بەرپرسی قەڕەقۆلەکان ناردوە، کە دوو شەو لە حەوتوودا بە شەراکەتی خەڵک بپەڕێننەوە. ژاندارمەکان مەیلی پارەیان هەیە، بەڵام لە سزای سەربازی دەترسن و ئامادە نابن بە فەرمی لە سەر ئەو مامەڵەیە بسازێن. ئەو شەوە بەخت یاوەری کاروانی پەناخوازن دەبێت. ئەوان لە سنوور دەردەچن و بە پارەیەکی زۆر خۆیان دەگەیننە سڵوپی.

کەمال لە بەر توندوتیژی بەرپرسانی ئەو ناوچەیە لە گەڵ خەلیل و زورار ساغبوونەوە، کە بۆ شارێکی دیکە بڕۆن، کە زیاتر لە گەڵ پەناخوازەکاندا سەروکاریان هەیە و توندوتیژی زۆر و رەق لە گەڵ پەناخواز و پەنابەران بەکارناهێنن. بە گوێرەی ئەو چیرۆکانەی لە بەرپرسانی پۆلیسی سڵۆپی بیستراوە، ئەوان زۆر بێڕەحمانە لە گەڵ ئەو پەناخوازنە هەڵسوکەوت دەکەن، کە بۆ دەربازبوون دەچنە تورکییە. ئەوان لە سلۆپی تەلەفوون بۆ چەند پەناخوازێکی ناسیاو دەکەن، کە سالێک زیاترە لە تورکییە دەژین و خۆیان بە یوئێن ناساندوە. لەو پرسیار و وڵامانەدا بە کۆنکرێتی بارودۆخەکە باس ناکرێت و هەر کەسە بە گوێرەی لێکدانەوە و ئەزموونی خۆی رێنوێنیان دەکات. خەلیل، کەماڵ و زورار بەرەو ئیستانبوڵ دەڕۆن، کە ناسیاوێکی کەماڵ لەو شارە گریساوەتەوە و قبوڵی ئوستڕالیای هەیە. زورار چەند وشەیەکی تورکی ئازەری دەزانی و خەلیل چەند رستە ئینگلیسی و کەماڵیش کوردی سۆرانی و فارسی. ئەوان پانتۆڵ و چاکەتیان لەبەر کردوە و کڕاوەتێکی خوار و خێچیان بەستوە. بە وتەی خەلیل لە مامۆستای خانەنشین دەچن و روخساریان لە گەڵ ئەو جلوبەرگە نامۆیە. ئەوان کە لە خەڵکی تورکییە و باکوری کوردستان دەڕوانن زۆر کەمتر کڕاوەتیان بەستوە و زورار داوا دەکات، کە ئەو پەڕۆیانە لە ملی خۆیان داماڵن. بە هەزار زەحمەت سواری ئوتۆمبیلی ئیستانبوڵ دەبن و بۆ رزگاربوون لە ترسی گیران و دڵەڕاوکەی رێگا پارەیەکی باش دەدەنە شۆفیری باسەکە. زورار لە نێو باسەکەدا گەمە بە ئینگلیسیەکەی خەلیلی دەکات، کە دووکەڵ دەکات و هیچ وزەیەکی نییە. ئەوان لە گەڵ ناسیاوەکەیان رێککەوتوون، کە ئەگەر گەیشتنە ئیستانبوڵ بە ئەلەفوون ئاگاداری بکەنەوە و لە خواردنگە یان چاخانەیەکدا کاتەکان تێپەڕکەن. ئەوان ساغبوونەوە، کە لە ئەگری گرتندا خۆیان بە پەناخواز بناسێنن، کە بە دەستی بازرگان و قاچاخچییەکان هێنراونە تورکییە و پارەی چوون بۆ وڵاتی سوئێدیان داوە. بۆ پێشکەشکردنی کەیسی پەنابەری بڕیارە لە گەڵ ناسیاوەکەیان لە ئیستانبوڵ راوێژبکەن و لە ئەزموونەکانی کەڵکوەرگرن.

رێگایەکی دوور و درێژدەبڕن و لە چەند شارێک دادەبەزن. دیتنی روخساری شارەکان، دیمەن و جوانیەکانی سەر رێگا بە خەونی شەوانی بناری قەندیل دەچوون. خەلیل لە باسەکەدا وەک سەر دۆشەکی خوری خەوتوە و پرخەی رۆژەڕێیەک دەڕوات. زورار خەوی زڕاوە و لە گەڵ کەماڵ بۆ تێپەڕاندنی کات یادێکی حەمە جاف، حوسێن و مستەفا دەکەن. کەماڵ خۆی کڕ و مات کردوە و داوا لە زورار دەکات، هەتا دەگەنە ئەو برادەرەی ئیستانبول ئارام بگرن. ئێمە تازە لە تەپوتۆزی دەشتی بیتوێن و پشدەر رزگارمان بوە و ئەگەر قاتی پاشایەتی بپۆشین، دادمان نادات. ئێمە دەبێت لێرە بمێنینەوە و لە ئاو، خۆراک و جلوبەرگیان بکڕین، ئەوجار بۆنی ئێرە دەگرین. زورار لە سەر زۆربەی رووداو و بەباتەکان پرسیار دەکات و ئەگەر هیچی گیرنەکەوێ، رەخنە لە فەقیری و بێهونەری خۆی دەگرێ. ئەوان تازە لە ژیانی غەریبی تێدەگەن و ئەوەی باشوور و پێشمەرگایەتی بە غەریبایەتی پێناسەناکەن. خەلیل شەو رۆژی لێگۆڕاون و لە بەر خەوی قورس ئاگاداری سووڕی تەگەر و سوکانی باسەکە نییە. کاتەکان نارۆن و رێگای سەفەر کۆتایی نایەت. مرۆڤی چاوەڕوان هەتا مەبەستەکەی دەپێکێ و بە ئامانجەکەی دەگات، لە ژینگەی چاوەڕوانیدا شەکەت و ماندوو دەبێ.

کەماڵ و هاوڕێکانی سەرئەنجام دەگەنە شاری ئیستانبوڵ. شارێکی گەورە و پڕ لە رەنگاوڕەنگی، کە بیرهێنەرەوەی مێژووییەکی کۆن و پڕ لە کەوتن و هەستانە. کەماڵ، زورار و خەلیل لە گەراجی باسەکان دادەبەزن و دوا هەڵسووڕانێکی چەند خولەکی بەرەو شەقامێکی تەنیشت گەراج هەنگاو هەڵدەگرن. ئەوان لە خواردنگەیەک لادەدەن و ئەرکی داواکردنی خواردن و هەروەها تەلەفوون کردن بۆ ناسیاوەکەیان بە خەلیل دەسپێرن. خەلیل شانی دەکەوێتە بەر قورسایی نەزانینی زمان، بۆیە بە کلینێکس و دەستسڕەوە ئارەقەی نێوچاوانی دەسڕێتەوە. لە سەر کورسییەکانی خواردنگە دادەنیشن و چاوەڕوان دەبن. یەکێک لە گەنجەکانی خواردنگە دێتە لایان و بە تورکی سڵاویان لێدەکات. زورار بە خەلیل دەڵێ، کوڕە ئینگلیسی بۆ ئەمڕۆ باشە و دوو وشە و رستەیەک لێکدە. خەلیل بە ئینگلیسی تەنیا ناوی کەباب و برینج و پەتاتەی دەزانێ، بۆیە بە قامک و ئینگلیسی داوای سێ برینج، کەباب و پەتاتە دەکات. کرێکاری خواردنگە سەری لەو داواکارییە دەرناچێ و کاتالۆگی خواردن و خواردنەوەکان دەکاتەوە و بە قامکی خواردنەکانی نیشاندەدات. کەماڵ، زورار و خەلیل کاتالۆگی خواردنەکان سەراوبن دەگرن و لە داخی کڵۆڵی خۆیان بە پێکەنین دەکەون. کرێکارەکە چاوەڕوانیان دەکات و سەرئەنجام بە دەست خواردنەکان بە کرێکارەکە نیشان دەدەن و چاوەڕوان دەبن. خەلیل دەچێ بە کرێکارەکە دەڵێت، “ئای وانت تۆ فۆن مای فڕێند”. کرێکارەکە بە قامەکەکانی دەستی ئاماژە دەکات، کە بە پارەیە. خەلیل سەری دەلەقێنێ و ئۆکەی دەکات. ژمارەی ناسیاوی کەماڵ هەڵدەگرێ و تەلەفوون دەکات، بەڵام وڵامێک نییە. دوو کەڕەت هەوڵدەدات پێوەندی بگرێ، بەڵام سەرکەوتوو نابێ. خەلیل نازانێ بە تورکی یان بە ئینگلیسی بڵێت، تەلەفوونکە وڵام ناداتەوە و دوای نانخواردن تەلەفوون دەکەمەوە. چۆنیەتی نانخواردنی ئەو میوانانە سەرنجی کرێکارەکە رادەکێشێ، بۆیە بە کرمانجی پرسیاریان لێدەکات، کە کوردن یان نا؟ زورار بە بیستنی ئەو پرسیارە گیانێکی بەبەردادەکرێ و چەند جارێک دەڵێ، بەڵێ کوردین، بەڵام کوردایەتی قوڕی کردوە بە سەرمان. کەماڵ سەرێک دەچێتەدەر و ناوی شەقامەکە دەنوسێ و ناوی خواردنگەکە لە سەر شوشەی پەنجەرەکە دەخوێنێتەوە و دواتر ژمارەی تەلەفوونەکە لێدەدات و ئەوجارە نەفەرێک وڵام دەداتەوە. کەماڵ داوای ناسیاوەکەی دەکات و دوو جارێک داوا دەکات، کە لە گەڵ سابیر قسە بکەم. تەلەفوونەکە داناخرێتەوە، بەڵام ماوەیەک دەخایەنێت و دواتر سابیر بە کوردی خۆی دەناسێنێ. کەماڵ سڵاوی لێدەکات و ناوی خواردنەگە و شەقامەکەی دەڵێت و رادەگەیەنێ، کە چاوەڕوانی سابیر دەکەن. سابیر لە بەر گیرفان و هەروەها گیران داوادەکات ئەو تەلەفوونە بدەن بە خاوەن دووکانەکە و ئادرەسی ماڵەکەی دەداتێ و داوای لێدەکات تاکسیەک بۆ ئەو کوڕانە بگرێ و ئادرەسەکەیان بە نووسین بداتێ. خەلیل و زورار لە کاری سابیر نیگەرانن و رەخنە لەو ناسیاوەی کەماڵ دەگرن. کەماڵ داوایان لێدەکات ئارام بن و کۆتایی دونیا نییە و ئەگەر خۆی شاردەوە و نەهات دەچین لە بەر دەرگای یوئێن خۆمان بە زەویدا دەدەین. کرێکاری خواردنگەکە تاکسیان بۆ دەگرێ و بڕە پارەیەک بۆ خۆی دەستێنێ و ماڵئاواییان لێدەکات. تاکسی ماوەی زیاتر لە کاتژمێرێک بە کۆڵان و شەقامەکانی شاردا دەگەڕێ و شۆفیر لە موسافیرەکان تێناگات و ئەوانیش لە شۆفیر ناگەن. شۆفیرەکە لە رێگای ئاوێنەی ئوتۆمبیلەکە، لە خەلیل و زورار دەڕوانی و سەرێکیان لێڕادەوەشێنێ. کەماڵ بە هاوڕێکانی دەڵێت، کە پیاویکی هەولێری سوێندی خواردوە، کە لە دنیادا لە شۆفیری تاکسی خەراپتر گیرناکەوێ، بۆیە وریای خۆیان بن و زۆر سەر نەلەقێنن. کاکە ئەوانە شارەزان و چاوت لە چاوی کەن، دەزانن خەڵکی کام وڵاتی. ئەو خەڵکە ئەزموون و تاقیکارییەکی هەیە و لە دەوڵەتێکی گەورەدا نیشتەجێن. ئێمە لە شاخ و کێوان و چەند شار و گوندێکی چوکەڵە هیچ شوێنێکمان نەدیوە. شۆفیرەکە دەزانێ غەریبن و پاش گەیاندنیان داوای پارەیەکی زۆریان لێدەکات. خەلیل بە ئینگلیسی هەر سەتی دەزانی، بۆیە کەماڵ پێنووسەکەی دەداتە شۆفیرەکە و بە زمانی ئاماژە داوای لێکرد، کە پارەکە بنووسە. شۆفیر پارەکەی دەنووسی و کەماڵ بە زیادەوە پارەکەی دەداتێ و ئاوڕی وەسەر ناداتەوە.

کوڕەکان لە تاکسی دادبەزیون و چاوەڕوانی سابیرن. ماوەی نیوە کاتژمێر لەو کۆڵانە وەک کۆڵانەکانی کوردستان خەریکی پیاسەکردنن، بەڵام سەروچاوی سابیر پەیدا نابێ. خەلیل پێشنیار دەکات کە لە تەلەفوونێکی گشتییەوە تەلەفوون بکەن و ئاگاداری بکەن، نەکا سابیر بەڵایەکیان بەسەر بێنێ. لە کوپەیەکی تەلەفوون پێوەندی بە ژمارە تەلەفوونی سابیر دەکەن، کە سەرەتا تورکێک وڵام دەداتەوە و دواتر سابیر. ئەوان سابیر ئاگادار دەکەنەوە، کە ماوەیەکی زۆرە لەو کۆڵانە دەخولێنەوە و چەند جارێک لەو دەرگایان داوە. سابیر داوادەکات، کە لە تەنیشت کوپەی تەلەفوونکە چاوەڕوان بن و دە خولەکێکی دیکە یەکتر دەبینن. کەس توانای گاڵتە و نوکتە گێڕانەوەی نەماوە و زورار بە سوکی جنێو بەخۆی دەدات و رەخنە لە خۆی دەگرێ، کە بۆتە گاڵتەجاڕی سابیر و نوکتەی تورکان. ناوبراو خۆزگەدەخوازێ، کە لە کوردستان زیاتر هیچ وڵاتێکی دیکەی نەدەدیت. بە وتەی ناوبراو، پێشمەرگە کۆنەکان تەمەنی لاوەتیان لە شاخ و سەنگەردا تێپەڕکردوە و لەو شارە گەورانە بە ئاسانی خۆیان پێ ناگونجێندرێ. زورار بەڵێن بە خەلیل دەدات، کە ئەگەر سابیر هات و چووینەوە مزڵەکەی دەیکەمە فیلم. ماوەیەک تێپەڕی و کەماڵ، خەلیل و زورار لە دەوروبەری کوپەی تەلەفوونەکە راوەستاوەن و چاو و سەریان وەک پانکەیەک دەسووڕێنن. ئەوان سابیر هەر بە ناو دەناسن و هەر کامەیان وێنەیەکی سەیر و سەمەرەی لە سابیر لەخەیاڵی خۆیاندا سازکردوە. چەند جارێک بە دەرکەوتنی گەنجێک دڵیان خۆش دەکەن و وادەزانن سابیرە، بەڵام خێرا تێدەگەن، کە هەموو سمێڵ سوورێک هەمزەئاغا نییە.

خەلیل بۆ زاڵبوون بە سەر ماندوویەتی و توڕەبوونی کەماڵ و زورار بە گۆرانی لە بن لێوەکانی دەیگوت، سابیر ماڵت ئاوا بێت، دەرکەوێ لە کۆڵانێ، ماڵی ئەوەی خەراپ بێ، تۆی بە کەماڵ ناساندبێ. سەرئەنجام گەنجێکی چاویلکە هەتاوی لە چاو و پانتۆڵ کورتە لەبەر بە پێڵاوێکی ئەفەندیانەی تورکی گەیشتە لای کوڕەکان و بە سەری لێوان بەخێرهاتنی کردن. سابیر کە لە گەڵ ژیانی پێشمەرگایەتی ئاشنا نییە و راستەوخۆ لە شارەوە هاتۆتە تورکییە و لە لایەن یەکێک لە حیزبە سیاسییەکان وەک مرۆڤێکی هەڵسووڕی سیاسی تەئیدکراوە. ناوبراو لە شار و گوندەکەی خۆی بە رێژەی باڵندەیەک بۆ کوردایەتی و تەنانەت بیروباوەڕی چەپ و راست کاری نەکردوە. ئەو مرۆڤێکی پڕ لە کفوکوڵی ژاراوییە و ئۆگری بۆ مرۆڤەکانی دیکە لە ژێر هێڵی نەبوونە. سابیر لاقی بەرەو ماڵەکەی ناڕۆن و لە گەڵ کەماڵ چەند قسەیەک دەکەن و دواتر خەلیل داوادەکات، کە شەکەت و ماندووییە و با لە مزڵەکەی کاک سابیر پشووییەک بدەن. سابیر بە میوانەکان دڵخۆش نییە، بەڵام ناچارە دوو رۆژێک سەبر بگرێ. ناوبراو داوا لە میوانەکان دەکات، کە با پێکەوە بچن خواردنێکی ئامادە بکڕن و دواتر دەچنەوە ماڵ. لە کاتی کەلوپەل کڕیندا کەماڵ و کوڕەکان رێنوێنی دەکات، کە ئێوە بۆ ئورووپا دەچن و لە بازاڕی پارەی تەنیا کەلوپەلی خۆتان بدەن و وەک کوردستان لە کاتی پارەداندا مەیکەنە کێشە و فەرتەنە. کەماڵ لە پەیامەکەی گەیشت و لە کاتی کڕینی خواردنەکاندا پارەکەی حیساب کرد. سابیر ئاهێکی بەبەردا هاتەوە و لە دڵی خۆیدا گوتی، لەو جەمە خواردنە رزگارم بو و هەتا بەیانی خوای موسڵمانان گەورەیە. کۆنە پێشمەرگەکان بە تەواوەتی بێزارن و لەو هەڵسوکەوتەی سابیر دڵگرانن. سابیر وەک فەرماندەیەکی مەیدانی پێش میوانەکان دەکەوێ و هەتا نێوەڕاستی ژوورەکەی راناوەستێ. زورار لە سەر قەنەفە و مۆبڵە کۆنەکە دانیشت و خێرا لە سابیری پرسی، کە کاکە عەیب نەبێ، ئەنگۆ لە ئوستڕالیا لە دایکبوون و بۆ کوردستان دەچنەوە؟ سابیر لە زوراری پرسی، کاکە سەرەتا ناوت چییە و ئەو پرسیارەت بە چ مەبەست دەکەی؟ خەلیل داوا لە زورار دەکات، کە پرسیارەکان بۆ شەو هەڵگرێ و دۆخەکە ئارام راگرێ. کەماڵ چۆنیەتی بارودۆخی پەناخوازەکان لە سابیر دەپرسێت و داوای لێدەکات، کە رێگایەکی مەعقول و مامناوەندیان نیشاندات. سەرەتا دەپرسێ، کە ئایا باشترە لێرە خۆمان بە یوئێن بناسێنین یان لە شارێکی دیکە؟ خۆمان بە ئەندامی حیزبی بناسێنین یان پێشمەرگە؟ ئەگەر تەئیدیە حیزب لە سەر کەیسەکەمان نەبێ، چ دوارۆژێک چاوەڕوانی کەیسی ئێمە دەکات؟ سابیر کە ئەزموونی هاتن و گەیشتنی تورکیا هەیە، خۆی لە ئامۆژگاریکردنی پەناخواز و پەنابەرەکان دزدزێتەوە. ئەو بەڵای زۆری بەسەرهاتوون، بۆیە حەزدەکات ئەو خەڵکە تووشی هەزار کەند و کۆسپ بێت. سابیر بە کۆنکرێت رێنوینی ناکات و زیاتر مەبەستی شکاندنی خەڵکی دیکە و خۆقەبەکردنە و وتەکانی لە سەر دڵ نانیشن. لە پێوەندی لە گەڵ کەیسەکاندا باس لە هیچ ناکات و بۆ خۆناساندن داوادەکات، لە شاریکی سنووری خۆیان بناسێنن یان لە قەیسەری. زورار دەزانێت، کە سابیر هیچی لێهەڵناوەرێ و خێری نابێ، بۆیە داوا لە خەلیل دەکات، کە کاک سابیر ئینگلیسیەکەی تەواوە، بۆچی چەند رستەیەکی ریکوپێک فێرنابی، با بە کەڵکی سەفەر و نانخواردن بێت. سابیر بە وتەکانی زورار شاد نییە و بە زورار دەڵێ، کاکە ئەتۆ گوڵستانی سەعدیت خویندۆتەوە، کە چۆن مرۆڤ بۆ هەڵسوکەوتی باش و کەم قسەکردن هاندەدا؟ زورار بە راشکاوی وڵامی دەداتەوە، کە بەڵێ خوێندوومەتەوە و باسی تۆشی تێدایە. کەماڵ داوا لە زورار دەکات، کە کابرا بە ئێمە قەرزدار نییە و کەیفی خۆیەتی. ئێمە دوو شەوێک لێرە دەمێنین و دەبێ لە فکری خۆماندابین و کارەکانمان بە نوکتە و گاڵتەکردن چاک نابن. سابیر کە گوێی لە دوو شەو مانەوە کرد، دڵخۆش و شاد دەرکەوت. ناوبراو لەوە دەترسا، کە ماوەیەکی درێژ لە مزڵەکەی بمێننەوە. ئەو هەستا ئاوێکی بۆ چاسازکردن ئامادەکرد و چاییەکی خۆشی بۆ سازکردن. نانەکەیان دەخۆن و سەرەخەوێک دەشکێنن. خەلیل لە سەر قەنەفەکە ملی خواربۆتەوە و پرخەی رۆژەڕێیەک دەڕوات. کەماڵ خەمی خۆناساندن بە یوئێنی هەیە و بیر لەوە دەکاتەوە، کە بۆ ئامادەکردنی کەیسی پەناخوازی لە گەڵ چ کەسانێک دەبێ قسەبکات. ئێوارە درەنگانێگ بیر لە کورێکی ئاشنا دەکاتەوە، کە دوای کۆنگرەی هەشت لە حیزب جیابۆتەوە و دوو ساڵێک دەبێت، لە تورکیە دەژیت. لە رێگای سابیر و چەند ناسیاوێک سەرئەنجام ژمارە تەلەفوونەکەی پەیدا دەکات. شەو پێوەندی پێوەدەکات و لە سەر چۆنیەتی پڕۆسەی پەناخوازی لە تورکیە پرسیاری لێدەکات. شەپۆل چۆنیەتی رەوتی کەیسەکەی دەگێڕێتەوە و ئاماژەدەکات، کە وەک سەردەمی پشمەرگایەتی لێرەش شانس و بەختە و هەیە باڵ دەگرێت و هەیە بە تەڵەوە دەبێ. شەپۆل داوادەکات، کە ئەگەر وەک کۆنە پێشمەگە خۆدەناسێنن باشترە کە مێژووییەکی وردی حیزب و هەروەها ئەرک و بەرپرسایەتییەکانیان بنووسن و لە گەڵ رێکەوتەکاندا ورد و ساکاربن. ناوبراو لە شاری وان خۆی ناساندوە و ئەو شارە بۆ کەماڵ و هاوڕێکانی بە گونجاو دەزانێت.

بە باوەڕی شەپۆل، ئەو شارە کوردستانە و لە دە کەسی کرمانج کەسێکی یارمەتیدەر هەڵدەکەوێ و ژیان لەوێ هەرزانترە. ئەگەر لە ئێران سەردانتان بکەن، شاری وان زۆر نیزیک و خۆشە و تەنانەت خەڵکانێک دەناسم، کە نان و وشکە خۆراکیان لە ئێرانەوە بۆ دەهات. ئێوە گەڕانەوەتان لە ئیستانبول بۆ وان کەمێک کێشەیە و ئەگەر لێرە بگیرێن رەنگە بەندبکرێن یان سنوورداشتان بکەنەوە. ئەمن لە نەوشەهیر دەژیم و دوای وەرگرتنی قبوڵی بۆ ئێرە راگوێزراوم. سەردانی ئەمنییەت دەکەین و لەو غوربەتە تووشی هەزار روخساری جیاواز دەبی. هەوڵبدەن ئارام بن و وتەکانتان لە کورتی ببڕنەوە و دمەتەقە و شەڕەقسە قازانجی نییە و کوردەکان بە ئاسانی جەزرەبە و ئازار دەدرێن. لە بارەی پێشمەرگایەتی بەرپرسایەتی نیزامی باس مەکەن و زیاتر لە بەشی پەروەردە و کاری تەشکیلاتیدا خۆتان بناسێنن و بزانن چەندە و چۆن قسەکانتان کۆدەکەنەوە. لێرە کارکردن هەیە، بەڵام بە نرخێکی کەم، بەڵام کە لە یوئێن وەرگیران بڕە پارەیەکتان دەدەنێ و پارەی سەردانی نەخۆشخانە و دەرمانتان دەدەنەوە. خۆتان لە موناقشەی کوردایەتی و کوردستانی گەورە بپارێزن و ئێمە لێرە کادر و پێشمەرگە نەماوین و خەبات بۆ کوردستانی گەورە بۆ سوئێد، ئوسترالیا، هولەند، نۆڕوێژ و دانمارک هەڵدەگرین. خۆتان لە خەڵکی ئێرانی نەناسیاو بپارێزن و لە تێکەڵاوبوونی خێرا لە گەڵ فارس، ئازەریی و تەنانەت ئەو کوردانە خۆتان بپارێزن، کە لە ئێرانەوە هاتوون ئەم وڵاتە. ژمارەیەکی زۆر لەوان سەردانی باڵوێزخانەی ئێران لە ئانکارا دەکەن و ئەوان بۆ ژیانێکی باشتر لە وڵاتی خۆیان دەردەچن. کەماڵ دەستخۆشی لێدەکات و داوادەکات، ئەگەر هەتا دوو رۆژی دیکە لە سەر شوێنی خۆناساندن بە یوئێن خەبەری تازەی پەیدا کرد، پێوەندی بە ژمارە تەلەفوونی سابیرەوە بکات. زورار لە داخی رۆژانی یەکەمی غوربەت لە تورکییە پەنا بۆ جگەرە دەباتەوە و لە جگەرەکانی سابیر یەک یەک ئاورتێبەردەدات. خەلیل و کەماڵ داوا لە زورار دەکەن، کە دوو ساڵە وازی لە جگەرە هێناوە و خۆڕاگربێت و پەنا بۆ دوکەڵێ نەباتەوە. زورار لە گەڵ خەلیل دەچێتەدەر و چەند پاکەت جەگەرە دەکرێ و دەگەڕێتەوە. ئەوان بۆ رزگاربوون لە شۆکی رۆژانی ناخۆشی پەناخوازی لە کۆڵانەکانی دەوروبەری ماڵی سابیر ماوەیەک پیاسەدەکەن و یادی رانیە و پێشمەرگایەتی دەکەن. سابیر دوو پەتووییەک لە خاوەن خانوەکەی وردەگرێ و بە فۆڕمی کۆن راست و چەپ لە تەنیشت یەکتر رادەکشێن.

پەناخوازانی تازە و پێشمەرگەکانی دوێنێ، شەکەت و ماندوون و هەتا بەیانی درەنگ دەخەون. سابیر لە بەر میوانەکان لە بن پەتوەکە کز و مات راکشاوە. ناوبراو نانی بەیانی نییە و چاوەڕوانە میوانەکان وەخەبەربێن و پێکەوە لە دوکانی نیزیک ماڵ نان و پێخۆرێک بکڕن. کەماڵ چاوەڕوانی زۆری لە خەڵک نییە و لە سابیر تێگەیشتوە و مەبەستی نییە بۆ پارەیەکی کەم کەسایەتی خۆی بڕوشێنێ. ناوبراو لە خەو هەڵدەستێ و دەست و چاوێک دەشوات و چاوەڕوانی هاوقەتارەکانی دەبێ. خەلیل بۆ خەو نەماوە و زورار لە داخان بە خەلیل خەوخۆش بانگی دەکات. کاتێک پەناخوازە تازەکان لە بن پەتوەکان هاتنەدەر، سابیر لە خەو رادەپەڕێ و لە بەر ئاوێنەی دیوارەکە بە قامکی دەستەکانی قژەکانی دادێنێ و وەک ئێرانیەکان دەڵێت، “ئاغایان با بڕۆین بۆ خواردنی سوبحانە”. پێکەوە دەڕۆن و نان و پێخۆر دەکڕن و کەماڵ پارەکەی دەدات و سابیر لەو جەمەش رزگار دەکات. زورار لە رێگا و لە سەر سەفرە رەخنە لە سابیر دەگرێ و بە دەنگێکی بەرز هاوار دەکات، ئاخ پەناخوازی چت بەسەر ئێمە هێنا. سابیر چاویلەکە رەشەکە لە چاو دادەنێ و بە هێواشی دەڵێ، ئاغا زورار زۆرت ماوە و خوای موسڵمانان دەزانێ، کە چەند هەزار قاپ و دەوری لەو خواردنگانەدا دەشۆی. زورار داوا لە سابیر دەکات، بە جنێو و وشەی نەشیاو بانگی بکات، خۆشترە لەو ئاغا زورارە. کەماڵ گەڕاوەترە و رێزی هەموو لایەک دەگرێ و بە ئاسانی نابێتە نیسک و لەپەی هەموو چیرۆک و باسێک. بۆ خواردنی ئێوارە برینج و مریشک دەکڕن و خەلیل قۆڵی لێهەڵدەکات و خواردنێکی بەتام ئامادە دەکات. بە درێژایی رۆژ کەماڵ، زورار و خەلیل بیریان لەوە دەکردەوە، کە بۆ سبەینێ بەرەو شاری وان بڕۆن یان لە ئیستانبوڵ خۆیان بە یوئێن بناسێنن. ئەوان لە گیران و دەستبەسەربوون دەترسن و هاتوچۆی نێوان شارەکان بۆ کەسانی تازە هاتوو پڕە لە ریسکی گەورە. ئەو رۆژە کەماڵ تەلەفوونێک بۆ شەپۆل دەکاتەوە و راوێژی لە گەڵ دەکات، کە بەیانی بەرەو شاری وان بڕۆن یان لە قەیسەری خۆیان قایم کەن. شەپۆل ئەوەندە وەبیر کەماڵ دێنێتەوە، کە کارەکەیان لە قەیسەری رەنگە بە پێدانی رشوەیەک سەربگرێ. شەپۆل بۆ پەیداکردنی کەسێکی ناسیاو لە قەیسەری پێوەندی بە زۆر کەس دەکات، بەڵام ناویکی ئاشنایان گیرناکەوێ. شەپۆل پێشنیار دەکات، کە سەر لە ئێوارەی سبەی سواری باس ببن و پاش ١٢ کاتژمێرێک دەگەنە قەیسەری. دەتوانن سەردانی بەردەرگای یوئێن بکەن و لە دوورەوە چاوەڕوان بن پەناخوازێک یان پەنابەرێک ببینن و داوابکەن، چەند شەوێک پێویستان بە شوێنی خەو و حەوانەیە. کەماڵ کورتەی قسەوباسەکەی لە گەڵ شەپۆل بە خەلیل و زورار دەگێڕێتەوە و دەپرسێت، کە ئەوان چۆن ئەو وەزعە هەڵدەسەنگێنن. ئێمە پێکەوەیین و هەموومان خوازیارین، کە هەتا دەگونجێ بارودۆخێکی ئارام و باش بخوڵقێنین. خەلیل و زورار رەزایەت و ئامادەیی خۆیان بۆ رۆیشتن رادەگەیەنن و دەزانن، کە بژاردەکان زۆر کەمن و هیچ بژاردەیەک مەرج نییە لە بژاردەیەکی دیکە باشتر بێ. ئەو شەوە لە گەڵ سابیر دەبەنەسەر و بەیانی داوا لە سابیر دەکەن، کە سێ تیکێتی سەفەر بۆ قەیسەریان بۆ بکڕێت و پارەی هاتوچۆی رێگای دەدەنەوە. سابیر پێشنیار دەکات، کە ئێوارە کە رۆیشتن پێکەوە دەچن و لە گەراج بڵیتی سەفەریان بۆ دەکڕێ. سابیر تایبەتمەندی سەیر و جیاوازی هەن و زورار لەو دوو شەوەدا زۆر جار خۆزگە دەخوازێت، کە ئەو سابیرە تەنیا سێ مانگ لە ناوچە پێشمەرگایەتی کردبا. چوونی ناوبراو بۆ حەمام و فڵچەدان لە ددانەکانی سەرنجڕاکێشە. ئەو بۆ خاوێنکردنەوەی قوڕگی چەند خولەکێک تەرخاندەکات و دەنگ و هەرایەکی زۆر دەنێتەوە. خەلیل بە زورار دەڵێ، ئەتۆش ئەگەر قبوڵی وڵاتێکی رۆژئاواییت وەرگرت، وەک جەنابی سابیر لە سەر زەوی پیاسەدەکەیی و بە روخسار و قژەکانەت دڵخۆش دەبی.

ئێوارە کەلوپەلە کەسییەکانیان تێکەوەپێچا و لە گەڵ سابیر بە سواری تاکسیەک بەرەو گەراجی گەورەی شار رۆیشتن. چەند وشەیەکی تورکی ئیستانبوڵی فێربوون، بەڵام بەشی کڕینی نانی بەیانیش ناکات. سابیر لە رۆژانی رابردوو شادترە و بە زورار دەڵێت، کورد لە کۆنەوە باوە، کە میوان هەر لە پشتەوەڕا جوانن. زورار بە رەقی لە گەڵ سابیر دەدوێت بە مرۆڤێکی رەزیل بانگی دەکات. شەڕ و موناقشەی سابیر و زورار پەرەدەستێنێ، بەڵام راوەستانی تاکسییەکە کۆتایی بە باسەکان هێنا. شۆفیر لەو ژاوەژاوە تێناگات و کە دەگەنە گەراج داوای پارەکە دەکات. سابیر لە گەڵ میوانەکان تیکێت و بڵیتی سەفەر بۆ قەیسەری دەکڕێت و لە چاوترووکانێکدا خۆی وندەکات. لەو کاتەدا پەناخوازەکان چاوێک لە یەکتر دەکەن و بە زمانی ئاماژە سەرسوڕمانی خۆیان لە سابیر و کردەوەکانی دەردەبڕن. خەلیل و زورار زمانیان راناوەستێ و لە گێڕانەوە و بەسەرهاتەکاندا وشەی کوردستان، کورد و پێشمەرگە بەکاردێنن. کەماڵ، ئەوان لە بەکارهێنانی ئەو وشە و دەستەواژانە ئاگاداردەکاتەوە. بە وتەی ناوبراو لەو وڵاتە سەرپەنایەک پێویستە و مرۆڤ ناتوانێ بۆ ماوەیەکی درێژ بەمجۆرە درێژە بە ژیان بدات. بە ناشکوری نەبێ، کورد سابیری ئەوەندە زۆرن، کە مرۆڤ شەرم لە کوردبوونی خۆی دەکات. کاتژمێر ٧ی ئێوارە سواری باسەکە دەبن و خەلیل و زورار بۆ رێگا چەند کیلۆ میوە، بامیە و زولوبیا و گوڵەبەڕۆژەیان کڕیوە. بە وتەی خەلیل خەباتی پەناخوازی و پەنابەری تەنیا بە نان و ئەکمەکی وشکی بەڕێوەناچێ. ئێوارە پەردەی بێدەنگی بەسەر ژینگەدا دەکێشێ و موسافیرەکان لە سەر کورسییەکانی خۆیان دادەنیشن و ژمارەیەک لەوان خۆیان بۆ خەوتن ئامادە دەکەن. خەلیل لەو پێوەندییەدا کێشەی نییە و بە ئاسانی چاوەکانی لە خەورادەچن. کەماڵ و زورار بە رێژەیەکی زیاتر بەخەبەرن و لە گەڵ جوڵەی باس و سووڕانی سوکانەکەی چاو و سەریان دەسووڕێنن. زورار دەفەتەرە بچکوڵانەکەی دەرهێناوە و بە خەتێکی جوان دەنووسێ، لە بەندەیخانەی سابیرەوە بەرەو بەهەشتی قەیسەری. ئەو شەو وتە و باسەکان وشکیان کردوە و خەلیل و کەماڵ بە ئاسانی بابەتی قسەکردنیان بۆ نادۆزرێتەوە و بە وتەی کەماڵ، مرۆڤ بە بێدەنگی جوانە و زمان بەڵایە. کەماڵ لیستی تێچوەکانی رێگای نووسیوە و بڕیاریانداوە، کە گەیشتنە قەیسەری و خۆیان بە یوئێن ناساند، لیستی تێچووی رێگا، خواردن و هتد. سفر بکەنەوە و پارەکان بۆ کەماڵ بگێڕنەوە. کەماڵ دەڵێت، کوڕینە سەفەر مرۆڤ دەخارێنێ و وانەی زۆر لە سەر خەڵک و تەنانەت دۆستان و هاوڕێکانی خۆت فێردەبی. سەفەرە سەختەکان وانەی زۆرتر دەدەنە مرۆڤ و لە کاتی دژواردا نیزیکەکانت زیاتر دەناسیت. لە نەبوونیدا مرۆڤەکان تاقی دەکردێنەوە و دۆستان لە کاتە دژوارەکاندا باشتر لە قەپان دەدرێن. بەرەبەیانی باسەکە دەگاتە شاری قەیسەری. کەماڵ و هاوڕێکانی هەتا کردنەوەی دەرگای یوئێن و ئەمنییەت دوو کاتژمێرێکیان ماوە و بە هێواشی لە گەراجەکە دوور دەکەونەوە و لە چاخانەیەکی کۆنی شاردا خۆیان پەنادا. بە زمانی ئاماژە و خەلیل بە ئینگلیسیەکی شەقوشڕ داوای چاو نانی بەیانیان دەکەن. خاوەنی قاوەخانەکە تورکێکی پیرە و لە گەڵ شاگردێکی مێرمنداڵ چاخانەکە هەڵدەسووڕێنن. ئەوان بە روخسار و هەڵسوکەوت دەزانن، کە مشتەرییەکان تورک نین و سەر و چاویان لەو خەڵکە دەچێ، کە بە نیازی چوون بۆ رۆژئاوا ماوەیەک لە قەیسەری بارگەوبنەیان دەخەن. شار جوڵەی تێدەکەوێ و غەریبەکان لە پەنا خەڵکی شاردا دەتوانن بە شەقام و رێگاکاندا بڕۆن و زۆر زەق دەرنەکەون. لە دووری شار بەرزایی و کوێستان دەبیندرێن و زورار بە دیتنی ئەو دیمەنانە دڵخۆشە و بە خەلیل دەڵێ، کاکە خەلیلی خەوخۆش ئەگەر لەو شارە جێگامان نەبۆوە، چنگ لەو شاخانە دەدەین و ئەگەر لەوێ سەگ و گورگ بمانخۆن، لەو بەندیخانەی سابیر رووترش و تاڵ خۆشترە. خەلیل ئەو ژنە ماڵوێران و دونیاخەراپە، کە مێرد بەو سابیرە دەکات و بە دوو ساڵان نەخۆشی شیرپەنجە دەگری. کاکە، ئەوەتا لەو دونیایەدا دەژیم، جانەوەری وەک سابیرم نەدیتوە. لە بواری کۆمەڵایەتی، هەڵسوکەوت، تێگەیشتن، پیاوەتی و چاکە مرۆڤێکی داتەپیو و رەزیل. کاتێک بەرامبەر ئاوێنەی ژوورەکەی رادەوەستا و قژەکانی بۆ سەرەوە هەڵدەدانەوە پڕاوپڕ لە دۆنکۆشیت دەچوو. ئەو مرۆڤێکی بە فیز و پڕ لە هەواو و خاڵی لە تایبەتمەندی مرۆڤانە بو، بۆیە لە داخان پەنام بۆ جگەرە بردەوە. ئەگەر حەوتوویەک لە گەڵ سابیر ژیابام، بێگومان زەبری گەورەم پێدەکەوتن و هەرگیز چاوەڕوانم نەکرد، کوردێک لەو غەریبایەتییە بەمجۆرە پێشوازی لە میوانەکانی بکات.

خۆر لە بەرزاییەکانی ئاسمان سەردەکەوێ و ژاوەژاوی بازاڕ شەقامەکانی شار دادەپۆشێت. پەناخوازە تازەکان شەقامی سەرەکی شار دەپێون و بە دیتنی بامیە و زولوبیا زۆرەکەی سەر شەقامی سەرەکی شار شادن. هەموویان چاویان کردۆتەوە و دەڕوانن، کە لە گۆشەیەک وێنەیەک یان نووسراوەیەکی یوئێن هەڵاوەسرابێ. کاتژمێرێک سەر و خوار دەڕۆن و دێنەوە و سەرئەنجام مەکۆی رێکخراوی تایبەت بە کۆچبەران دەدۆزنەوە. لە بەر دەرگای ئەو رێکخراوە خەڵکێکی زۆر نابیندرێ، بەڵام چەکدارێکی تورک بە نێوچاوان گرژی لە دەوری دەرگای یوئێن پیاسەدەکات. زورار لە دوورەوە ئاماژە دەکات، کە ئینگلیسی خەلیل بۆ رۆژێکی وەک ئەمڕۆ پێویستە، بەڵام چ بکەم. کەماڵ گوێ بە گاڵتەکانی زورار نادات و لە گۆشەیەکی دوورەوە چاو لە مەکۆی یوئێن دەکەن و چاوەڕوانن خدری زیندەیەکیان لەو گۆڕەپانە گیرکەوێ. ماوەی نیو کاتژمێر لەو دەوروبەرە خۆدەخافڵێنن و ناوێرن بە تەواوەتی لە دەرگای سەرەکی مەکۆی یوئێن نیزیک ببنەوە. لە بەرامبەر خۆیاندا چەند کەسێک دەبینن، کە بە فارسی قسەدەکەن و بە ژن و منداڵەوە بەرەو یوئێن دەڕۆن. کەماڵ دەرفەتەکە بە گونجاو دەزانێ و سڵاویان لێدەکات و داوای یارمەتیان لێدەکات. یەکێک لەو کەسانەی کە بە فارسی قسەدەکات، پرسیار لە کەماڵ دەکات، کە کوردی کام شارە. کەماڵ خۆی بە سەردەشتی دەناسێنێ و کوردەکە تۆقەی لە گەڵ دەکات و داوایان لێدەکات، کە لەو سەرە کۆڵانە چاوەڕوان بن و پاش نیوکاتژمێری دیکە یارمەتیان دەکات. زورار لە خۆشیان بە دەم جگەرەکێشان گۆرانیەکانی حەمەی ماملێ دەڵێتەوە. ناوبراو حەزی لە بامیە و زولوبیایە و داوا لە خەلیل دەکات، کە پێکەوە بچن نیوکیلۆیەک بکڕن و بە یادی جاران بیخۆن. خەلیل ئەو دەرفەتە دەقۆزێتەوە و خەلیل بە نەوسن و زۆربڵێ ناودەبات.

سەعاتێک تێپەڕێ، بەڵام ئەو کوردەی بەڵێنی گەڕانەوەی پێداون لە هیچ قوژبنێک دیارنییە. کەماڵ، خەلیل و زورار سەریان لێگران دەبێت و نازانن تووشی چ چارەنووسێک دەبن. ژاوەژاوێک سەرنجی پەناخوازەکان رادەکێشێ و ئەوان بۆ ئاگاداربوون لە رووداوەکە چاوەکانیان لە کۆڵان و شەقامی دەوروبەری دەبڕن. خەلیل چاوی لە سەر دەرگای یوئێن راگرتوە و چەکدارە تورکەکە دەبینێ، کە بە قۆنداخ و ئامرازی دیکەی لێدان لە پیاوە پەنابەرەکان دەدات. ئەو بە زمانی تورکی بە سەر پەنابەرەکاندا هاواردەکات و بۆ دەرپەڕاندنیان لە بەر دەرگای یوئێن پەلاماری دوو پیاو دەدات. خەلیل بە زوراری دەڵێ، شەق دەزانێ قۆناخ لە کوێیە. ئەتۆ هەڵگری هیچ پێناسەیەک نیت و بە قاچاخی لێرە دەژیت، بە گۆڕی شەهیدان بکەویە بەردەستی تورکان توێخێکت لێدەکەنەوە. وەرە با خۆمان حەشاردەین و هەتا کارتی پێناسێک وەردەگرین با نەکەوینە تەڵەی تورکانەوە. پەناخوازەکانی بەر دەرگای یوئێن بە راکردن خۆیان لە قۆنداخ و لێدانی چەکدارە تورکەکە رزگاردەکەن. کەماڵ روخساری ئەو کوردە دەناسێتەوە، کە چاوەڕوانی دەکەن و بڕیارە یارمەتیان بدات. کەماڵ دەرفەتەکە بە گونجاو دەزانێ و بە پەلە دەگاتە ئەو پیاوە کوردە و داوادەکات، کە بەرەو کوێ بڕۆن. کوردەکە داوا لە کەماڵ و هاوڕێکانی دەکات، کە راکەن و لە نێوەڕاستی شار زیاتر قسەدەکەن. زورار، خەلیل و کەماڵ بە دوای ئەو کۆمەڵە خەڵکە دەکەون و لە تەنیشت دارەکانی مەیدانی شار لە تەنیشت چاخانەیەک راوەستان. کوردەکە چاوێکی لە روخساری پەناخوازە تازەکان کرد و راشکاوانە گوتی، ئەوەش چیرۆکی پەنابەری! نەعلەت لەو کەسەی ئەو وشەیەی داتاشیوە. لەو دونیا پان و بەرینەدا شوێنێک بۆ خۆپاراستن نەبێ و لە سەر خاکی خۆت، لە باشوور، لە رۆژئاوا، لە باکوری کوردستان وەک تاوانکاری بتناسن و ئازار و ئەشکەنجەت بدەن. ناوبراو لە کەماڵ و هاوڕێکانی نیزیک بۆوە و گوتی:” کاکە بەخێربێن. ئەمڕۆ زۆر رۆژێکی باشە، چونکە ئێوەش ئەگەر لەو شار و وڵاتە بژین، لە داهاتوودا چاوەڕوانی ئەو راهێنان و راکردنە دەبن. ئەمن ناوم محەممەدە سوتاوە و لێرە بە ناوی رەزا سالاری ناسراوم. خەڵکی ناوچەی پاوەم و ساڵێک و دوو مانگە لێرە دەژیم. ئەمن ماوەیەک چەکداری دێموکڕات بووم، بەڵام لە گەرمەی شەڕی کۆمەڵە و دێموکڕات چەکم دانا و سەرقاڵی ژیانی ئاسایی بووم. ماوەیەک وەک تەواب چوومەوە پاوە، بەڵام سوودی نەبو، چوونکە دەزگای سیخوڕی رێژیم دەیخستینە ژێر پاڵەپەستۆ و داوای هاوکاری لێدەکردین. رۆژگاری من و کۆمەڵێک لە تەوابەکان لێواولێوە لە تاڵ و دژواری بو، بۆیە لە ئێران دەرکەوتمەوە. ماوەیەک لە سەر سنوورەکان لە نیزیک بنکەی پێشمەرگەکان کاسبیم دەکرد، بەڵام کە هێزەکانی رێژیم و هێزە سیاسییەکانی کوردستان پێکەوە لە سەر خاکی باشووری کوردستان پەلاماری هێزە بەعسیەکانیان دەدا، ئێمە چارەنووسمان گۆڕا و بە هەزار زەحمەت و لە رێگای حیزبی دێموکڕات چوومە ئۆردوگای رۆمادیە. دوای راپەڕین بە نیازی پێشمەرگایەتی گەڕامەوە باشووری و چەند مانگێک لە قەندیل و بنکەی پێوەندییەکان لە سلێمان بووم. سەرئەنجام لە گەڵ چەند دۆست و برادەرێک بڕیارماندا، کە دەرچوون لەو بارودۆخە تەنیا رێگا چارەیە و هاتینە ئێرە. بە منداڵی خانوەکەمان ئاوری گرتوە و ئەوکات من لە بێشکەدا بووم، بۆیە بەشێک لە جەستەم سووتاوە و بە ناوی حەمە سووتاو، محەمەدە سووتاو ناسراوم. کە هاتمە تورکییە لە بەر دەرگای یوئێن و لە زۆربەی شوێنەکان خۆم بە رەزا سالاری ناساندوە و محەممەدم لە خۆم سڕیوەتەوە. ئەگەر گەیشتمە ئورووپا یەکسەر ناوی خۆم دەگۆڕم و ناوێکی کوردی وەک نەبەز، هەڵۆ، پۆڵا یان ئازا هەڵدەبژێرم. بەشێک لە دۆست و خزمان لە وڵاتانی سکاندیناوین و لە ناردنی فاکس و تەلەفوونکردندا دەڵێ، ناوی یەکەم وەک ئاوخواردنەوە بۆ گۆڕین ئاسانە و کوتە کاغەزێک پڕدەکەیتەوە و تەواو. کاکە ئێوە چیتان دەوێ و کەی هاتوون و چ بکەین؟”.

کەماڵ، زورار و خەلیل خۆشحاڵن، کە لە کەسێک ئاشنا دەبن، کە پێشمەرگایەتی کردەوە و تامی غوربەتی چێشتوە، بۆیە سەرەتا سپاسی دەکەن. ئەوان دواتر چیرۆکی خۆیان بۆ رەزا دەگێڕنەوە، کە بە سڵۆپیدا هاتوون و لە ئیستانبوڵ گریساونەوە و هاتوونە قەیسەری. ئێمە لێرە خۆمان بە یوئێن دەناسێنین و وەک ئێوە درێژە بە ژیان دەدەین، بەڵام زانیاریمان لە سەر چۆنیەتی کەیس و هەروەها خۆناساندن نییە. ئێمە هیچ کارتێکی پێناس و نووسراوێکمان نییە و ئەگەر گیراین باشترە بۆ باشووری کوردستان دێپۆرتمان بکەنەوە. ئەگەر کاروباری ناونووسین لە یوئێن سەربگرێ، لە ماوەیەکی کەمدا هۆدەیەک دەگرین. رەزا داوایان لێدەکات، کە با بە پیاسە بچنەوە ماڵ و دواتر زیاتر لەسەر ئەو کارە قسەدەکەین. رەزا بە دیتنی روخساری زورار پێدەکەنێ، کە لە رێگادا جنێو بە ئاسمان و زەوی دەدات و لە خۆی دەپرسێ، کاکە ئەو ژیانە کەی شایانی تۆیە؟ رەزا لە زورار دەپرسێت، کاکە ئەتۆ تازە بەخێر سنوورت بەزاندوە و نازانم بۆچی تەنگەتاوی؟ زورار بەو قسەیە توڕە دەبێت و دەڵێ، حەمە سووتاو ئەتۆ کارت بە سەگبابێکی وەک من چییە؟ ئەمن لە داخی خۆم و ئەو رۆژگارە نازنم چ بکەم. چەند رۆژێکە هاتووینە ئەو خاکە دووبارە جگەرەم هەڵگرتۆتەوە. رەزا دمەتەقەی لە گەڵ زورار ناکات و بەردەوام دەڵێ، کە ئێوە میوانن و جێگەت لە سەر چاوانە. رەزا بۆ پێکەینی رێگا و کردنەوەی دەرگای نوکتە و قسەی خۆش بە کەماڵ و خەلیل دەڵێ، رەنگە کاک زورار خەڵکی وڵاتی کۆماری کوردستان بێ. مەبەستم شاری جمهوری کوردستانە! خەلیل دەرفەتەکە بە گونجاو دەزانێ و دەڵێ، کاکە زورار خزمی حەمەی ماملێی هونەرمەندە، بەڵام دەنگی بۆ گۆرانی گوتن نابێ. کەماڵ پێکەنینی بە حاڵ و ژیانی خۆی دێت، کە لە پێناوی ژیانێکی ئازاد و مسۆگەردا چەندە دەبێ بە کۆڵان و شەقامەکاندا بسوڕێنەوە و لە گەڵ خەڵکی جیاواز ئاشنا بن. پەناخوازە تازەکان لە گەڵ رەزا گەیشتنەوە ماڵی رەزا، کە قاتی خوارەوەی ماڵێکی تورکە. ئەو قاتە دوو هۆدە و حەمام و ئاودەستێکی هەیە، کە یەکێک لە هۆدەکان بە ماڵێکی فارسە، کە خاوەنی یەک منداڵن. رەزا لە گەڵ کورد و فارسێک لە هۆدەکەیدا دەژین، بۆیە شوێنەکەیان بەرتەسکە.

رەزا لە گەڵ سەعدی سنەیی و ئەمیر روحانی هاومزڵە. کاتێک کەماڵ و هاوڕێکانی لە گەڵ رەزا چوونەوە ماڵ، بنەماڵەی فارسەکە و ئەمیر روحانی گوتیان، ئاغا رەزا میوانت هێناونەوە و دیارە کە دەوڵەمەندی. زورار گوتی، کەماڵ بە شەڕەف تووشی شەڕ دەبین. ئێمە لە کوردستان لە سەر خاکی خۆمان لە داخی ئەو سەگبابانە ئاوارە بووین و ئەوەتا کاک رەزا نەگەیشتۆتەوە ماڵی خۆی، تانە و تەشەری لێدەدەن. ئەمیر روحانی لە دوورەوە بە فارسی هاوار دەکات، کە جنێوە کوردییەکان تێدەگات و گوێی لە وشەی سەگباب بوە، ئایا ئەو جنێوە بۆ ئەوانە یان نا؟ سەعدی لە ژوورەوە خەریکی فێربوونی تورکییە و زۆر ناپڕژێتە سەر بارودۆخەی نێو ماڵ و شەڕی ئەمیر و رەزا. ناوبراو وەک وەرگێری زمانی کوردیی و تورکی لە کۆبوونەوەی یوئێن و پەنابەراندا بەشدار دەبێ. سەعدی، بەخێرهاتنی کەماڵ، زورار و خەلیل دەکات و سەر لە سەر کتێبەکە هەڵدەگرێ و لە تەنیشت میوانەکان دادەنیشێ. رەزا بە پەلە چایەک سازدەکات و لە گەڵ میوانەکان و سەعدی دادەنیشن و سەعدی و میوانەکان بە یەکتر دەناسێنێ. ناوبراو دەروازەی قسەکردن بۆ سەعدی و میوانەکان دەکاتەوە و بە مەبەستی خواردن ئامادەکردن لە کۆڕی قسەکردن دووردەکەوێتەوە. سەعدی گوێ لە میوانەکان دەگرێ و وردە دڵخۆشییەکی بە میوانەکان دەدات و بەڵێنی هاوکاریان پێدەدات. ناوبراو پێشنیار دەکات، دوو رۆژێک بیر لە کەیسەکان بکەنەوە و خۆیان بە تەواوەتی لە سەر وتەی داخوازی پەنابەری ساغببنەوە. خەلیل دۆخەکەی بە دڵە و داوا لە زورار دەکات، بە سڵامەتی سەری دۆستان گۆرانییەکی حەمەی ماملێ بچڕێ. زورار لە رۆژانی رابردوو ئارامترە و وەک رۆژانی ئیستانبوڵ توڕە نییە. رەزا خواردنێکی ساکار سازدەکات و لە دەوری یەک کۆدەبنەوە و بە گێڕانەوەی چیرۆکی خۆش و ناخۆش کاتەکە تێپەڕدەکەن. کەماڵ داوا لە رەزا دەکات، کە هەتا بازاڕی نیزیک لە گەڵی بچێت و با کەلوپەلی پێویست بۆ ئەو دوو ڕۆژە بکڕن، کە پێکەوە دەمێننەوە. رەزا و سەعدی پێداگری دەکەن، کە ئەو دوو رۆژە میوانی ئەوانن و لە نێو کورداندا میوانداری قەدر و رێزێکی هەیە. ئەوان هەتا درەنگانی شەو لە گەڵ سەعدی و رەزا خەریکی نووسینەوەی کەیسی خۆیان بوون. کەیسەکان ئاسان و رەوان بوون، چوونکە زۆرتری رووداوەکان راستەقینە بوون و تەنیا مەسەلەی تەئیدییەی حیزبە سیاسییەکان و هەروەها چۆنیەتی گێڕانەوەی باس و وڵامدانەوەی پرسیارەکان گرینگ و شوێندانەرە. ئەوان لە بارودۆخە سیاسییەکانی ئێران، کوردستان و هەروەها سیاسەت و مێژووی حیزبەکەیان شارەزان و خاوەنی ئەزموونن. زورار لە کاتی نووسینەوەی کەیسەکاندا پێدەکەنی و ئەو رۆژانە بە سەرەتای ژیانێکی تازە ناودەبات. سەعدی پێشنیاردەکات، کە سبەینێ ئەوان خۆیان بیخوێننەوە و ئێوارە پێکەوە چاوی پێدادەخشێننەوە و بۆ دوو رۆژی دیکە لە مەکۆی پەنابەرانی یوئێن خۆتان بناسێنن. ئەمیر روحانی بە سەروچاوی کوردەکان دڵخۆش نییە، بەڵام ناوبراو بە پاڕانەوە لە مزڵی رەزا و سەعدی جێگای بۆتەوە. ئەو لە قسەکردندا کورد و فارسەکانی بە خزمی یەکتر دەناساندن، بەڵام لە دیالۆگی سیاسی و هەروەها پرسە سیاسیی و مافە نەتەوەییەکان روخساری راستەقینەی زیاتر دەردەکەوت. لە ماوەی دوو ڕۆژدا لە گەڵ زورار، خەلیل و کەماڵ دمەتەقەی زۆری دەکات و بە تێڕوانینی خۆی کوردەکانی هەڵدەسەنگاند. زورار لە کاتی دمەتەقەدا بە زاراوەی سابڵاغی دوو جنێوی بە ئەمیر دەدات و ئەمیر بە گومانەوە لە سەعدی دەپرسێ، کە زورار جنێو دەدات؟ سەعدی بە ئەمیری رادەگەیەنێ، ئەگەر تۆ خۆت بە خزمی کوردان دەزانیت، پێویستە زمانی کوردی فێرببی. مەگەر تۆ خوازیاری ئێرانێکی پایەدار و ناودار نیت؟ ئەتۆ ٦ مانگان بە فارسی قسە مەکە و وەرە لەو ژوورە زمانی کوردی فێربە. خەلیل بۆ توڕەکردنی ئەمیر دەیگوت، لە بەرنامەی حیزبەکاندا نووسراوە، کە سەرۆکی کۆماری وڵات دەبێ فارسی، کوردی و ئازەری بزانێ و ئەو کەسانەش تەنیا لە کوردستانی گیردەکەون. ئەمیر لەو دیالۆگەدا کوردەکان بە جوداخواز ناودەبات، کە بە پشتیوانی هێزە دەرەکیەکان سنووری ئێرانی ئازیز هەڵدەوەشێنن. کەماڵ لە ئاکامی وتەکانی ئەمیر سەرگران و توڕە بە سەر ئەمیردا گۆڕاندی و گوتی” ئێمە چوار پێنج کورد و یەک فارس لەو هۆدەیەدا پێکەوەین و ئێمە میوانین و دەڕۆیین. ئەتۆ وەک فارسێک لە قەیسەری و بە تەنیا ئێمە بە جوداخواز بانگ دەکەی! بە خوێنی شەهیدان جارێکی دیکە ئەو تڕەتڕەی بکەی، لەو ژوورەدا هەموو ئەندامەکانی جەستەت دەشکێنم. ئێوە سەدان ساڵە زوڵم لە کورد و گەلانی دیکەی ئێران دەکەن و لە هەموو مەجلیسان خۆتان بە ئاغا و کوێخای وڵات و خەڵک دەزانن. ئێرانی ئازیزت، ئەوەتا هەیە هەر لە بنەوە بوە. ئەسکەندەری یۆنانی، عەڕەب، رووس، مەغۆل، ئەفغانیەکان، عوسمانیەکان و عێڕاق بە سەر ئەو ئێرانە ئازیزەی تۆدا زاڵبوون و زلهێزەکان پاشا و سەرکردە گەلحۆکانی وڵاتیان وەک کرێگرتە بەکارهێناوە. ئێوە مرۆڤێکی نەفام و هیچن و ئامادەنین لە دەرەوەی سنوورە بۆگەنەکەتان چاوبکەنەوە و لە دونیا و مرۆڤ تێبگەن. ئەی مرۆڤی درۆزن، ئەگەر ئێران بۆ تۆ هێندە ئازیزە و ئێمەش دوژمن، بۆچی لێرە وەک سواڵکەر دەخولێیەوە و بە دوای نان و ئاوێکدا سەما دەکەی؟ ئەگەر زلهێز و وڵاتە رۆژئاواییەکان شەیتانی و پیلانگێڕن، بۆ چەند ملوێن ئێرانی لەو وڵاتانە دەژین؟ ئەگەر دەسەڵاتدار دەبووم، بە ئیمانی هەموو باوەڕدارە راستگۆکان ئەو نەخشە پیشلەیەی تۆم دەکردە شەش کوت و هەر گەلەی پشکی خۆی وەردەگرت”.

کەماڵ و هاوڕێکانی بۆ رۆژی دواتر خۆیان بۆ چوون بۆ یوئێن ئامادە دەکەن. لە سەر پێشنیاری سەعدی ئەوان پارەیەک ئامادە دەکەن، کە بۆ بێدەنگکردنی چەکدارەکانی بەردەرگای یوئێن بەکاری بێنن. سەعدی وەک وەرگێڕ لە یوئێن کاردەکات و ئەو رۆژە بۆ ئەوەی کاری کەماڵ و هاوڕیکانی گرێی تێنەکەوێ، بەیانی بەرەو یوئێن دەڕوات و ماوەیەک لەوێ خۆی دەخافڵێنێ. کەماڵ، زوار و خەلیل ماوەیەک پاش سەعدی لە یوئێن نیزیک دەبنەوە و پارەیەک لە دەستی نیگابانەکە دەکەن و لە بەر دەرگای یوئێن چاوەڕوانی چوونەژوور و خۆناساندن دەکەن. نیوکاتژمێرێک لەوێ چاوەڕوان دەکەن و پاشان یەک بە یەک بانگیان دەکەن و فۆڕمی تایبەت بە خۆناساندن پڕدەکەنەوە و سەر وێنەی بچووک دەدەن بەرپرسانی بەشی وەرگرتنی پەناخوازان و پێناسێکی ساکاریان دەدەنێ، کە ئاماژە بە پەناخوازی ئەو کەسانە دەکات. ئەوان بۆ وەرگرتنی روخسەتی نیشتەجێبوون پێویستە سەردانی ئەمنیەت بکەن و خۆیان بناسێنن. سەعدی ئەو کارەیان بۆ جۆرێک بۆ رێکدەخات و بە دانی بڕە پارەیەک بە بەرپرسی ئەو بەشە رۆژی دوایی کارەکانیان کۆتایی دێت. ئەگەر سەعدی و رزا هاوکار و یارمەتیدەر نەدەبوون، ئەوان وەک زۆربەی پەناخوازانی دیکە لە رۆژانی یەکەم بە لێدان و پێدادان پێشوازیان لێدەکرا و بەخێرهاتن دەکران. ئەوان لەو دۆخە دژوارەدا دەرفەتێکی ئەرێنیان دەستکەوت و وەک پەناخوازە پەرتەوازەکانی دیکە سەرەتاییەکی دژوار و پڕ لە چرمەسەریان نەبو. زورار لە هاوڕێکانی زیاتر دڵخۆشە و کە رەزا و سەعدی لە گەڵ سابیر بەراورد دەکات، جیاوازیەکی زۆر لە هەڵسوکەوتی مرۆڤەکاندا دەبینێ. ئێوارە لە ماڵەوە زورار و خەلیل خواردنێکی خۆش سازدەکەن و بەشێک لە چیرۆکەکانی سەردەمی پێشمەرگایەتی و هەروەها ژیان لە باشووری کوردستان دەگێڕنەوە. زورار لە کاتی نانخواردندا دەستخۆشی لە رەزا و سەعدی دەکات، کە یاسا و رێسای میواندارەتیان جێهێناوە و بە دڵکراوەیی یارمەتیان داون. ناوبراو دڵڕقی سابیر و نامۆبوونی ناوبراو لە گەڵ کولتوری میواندار باس دەکات، کە لە ماوەی دوو ڕۆژدا زوراریان تووشی جگەرەکێشان کردەوە. رەزا لە گەڵ زورار قسەی خۆش زۆر دەکات و یەکەم دیداریان دەگێڕێتەوە، کە بە حەمە سووتاو بانگی کردوە.

کەماڵ، زورار و خەلیل بەیانی لە گەڵ سەعدی بەرەو ئەمنیەت رۆیشتن و بە هاوکاری سەعدی بە پێدانی بڕە پارەیەک کارەکەیان تەواوکرد. ئەوان دوای ئەو کارە بەدوای خانوودا دەگەڕێن و لە سووچێکی شار هۆدەیەکی کۆن دەگرن و بڕیارە سێ رۆژی دیکە بگوازنەوە. رۆژانە لە بازاڕدا دەگەڕین و کەلوپەلی بەکارهێنراو دەستی دووهەم بۆ مزڵەکەیان دەکڕن. ئەوان چاکەی رەزا و سەعدی لەبیرناکەن و چەند جارێک بۆ مزڵەکەی خۆیان بانگیان دەکەن و لە ماوەی مانەوەیاندا لە قەیسەری پێوەندییەکی گەرم و گونجاویان دەبێت.

رۆژانی کۆچبەریی دەبنە مانگ و مانگەکان دەبنە ساڵ. لە کۆچبەریدا مرۆڤەکان دەخارێن و هەر کەسە بە جۆرێک لە گەڵ رووداوەکان خۆی دەگونجێنێ. کوردەکان لە ژیانی کۆچبەریدا خەم و ژانی رۆژانە و ژیانیان زیاترە و ئەوان خاوەنی بارودۆخێکی رانەوەستاون. دڵەڕاوکە و نیگەرانی لە گەڵ رەوتی چاوەڕوانیەکان، بەشێکی سەرەکی ژیانی پەناخواز و کۆچبەران پێکدێنن. کەماڵ، زورار و خەلیل قەیسەری ژیانێکی تازە دەستپێدەکەن و قۆڵ لە کاری رۆژانە هەڵدەماڵن. ئەوان سەرەتا لە خواردنگەیەک کاردەکەن، بەڵام خاوەن خواردنگەکە پارەی تەواویان ناداتێ. پەناخوازان مافی کارکردنی ئازادیان نییە و بە هۆی نەزانینی زمان و هەروەها ناچاری، هێزی کار بە هەرزانی پێشکەش بە خاوەنکارەکان دەکەن. زورار و خەلیل ژێر سێبەری بێکاریی و نەداریدا پێوەندی بە چەند کۆنە دۆستێک دەگرن، کە لە ئورووپا و ئەمریکا دەژین وداوای یارمەتی یان قەرزیان لێدەکەن. لە چەند دۆستێک تەنیا یەکدانە پاش چەند مانگێک سەت دۆڵارێکی ئەمریکیان بۆ رەوانە دەکات. کەماڵ وەک سەردەمی لاوەتی مل لە کاری قورس و تاقەت پڕووکێن دەنێ، بۆیە ناوبراو باشتر لە زورار و خەلیل کاری گیردەکەوێ. ئەو زۆر لە سەر مەسەلەکان نادوێ و کارەکان بە رێکوپێکی رادەپەڕێنێ. بە باوەڕی کەماڵ هاتنەوە لە گەڵ رۆژگار لە غوربەتدا هونەرە و بە هەموو کەس راناپەڕێندرێ. ئەو پارەی پاشەکەوتی هەیە و زورار و خەلیل لە کاتی پێویستدا پەنای بۆ دەبەن. ساڵێک زیاتر تێپەڕیوە و ئەوان قبوڵی یوئێنیان وەرگرتوە و بڕە پارەیەکیان بۆ ژیان بۆ بڕاوەتەوە. لە کاروباری کڕینی دەوا و دەرمان یارمەتی دەدرێن و زمانی تورکی بە رێژەیەک فێربوون. خەلیل لە کاتی نانخواردن و هەروەها چوونە بازاڕدا نوکتەی سەیر لە سەر زورار باس دەکات و بە ناوی ساوەر توڕەی دەکات. زورار زمانی تورکی زۆر فێرنەبوە و بە وتەی خۆی زمانی ئینگلیسی دەخوێنێ، چوونکە لە ناو پاپۆڕ، فڕۆکە و باس و هەروەها لە دارستان و شەقامدا کەڵکی هەیە. ئەوان وەک رابردوو بە یەکەوە نین و هەر کەسەو سەرقاڵی ژیانی خۆیەتی. زوار چەند جارێک سەفەری ئانکارای کردوە و سەردانی دوو ناسیاوی کردوە، کە ماوەی هەشت مانگێک دەبێ لەو شارەدا دەژین.

پەڕاوی داخوازی پەنابەریی خەلیل لە رێگای یوئێنەوە رەوانەی وڵاتی دانمارک کراوە و پەڕاوی کەماڵ و زورار بۆ سوئێد رەوانەکراون. سەعدی و رەزا ماوەیەک دەبێ بەرەو ئوسترالیا سەفەریان کردوە. ئەوان سەبارەت بە رۆژانی سەرەتای ژیانیان لە ئۆسترالیا نووسینێکی دوور و درێژیان بە فاکس بۆ کەماڵ رەوانە کردوە. سەعدی و رەزا بە تێروتەسەلی چۆنیەتی سەفەرکردنەکەیان نووسیوە و ئاماژەیەکی زۆریان بە بیرەوەرییەکانی قەیسەری کردوە. خەلیل رۆژانی ئاواریی بە دژواری تێپەڕدەکات و تێکەڵ بە هەودای عەشق دەبێت و لە گەڵ کچە تورکێکی جیرانیان ئاشنا دەبێت. هێڵی سۆز و خۆشەویستی بۆ فێربوونی زمان پڕبارە، بەڵام دوو کێشەی سەرەکی لە بەردەم خەلیل و کچە تورکەکدا هەن. خەلیل وەک پەنابەر لەو شارە دەژیت و ماوەیەکی دیکە بەرەو دانمارک یان وڵاتێکی دیکە دەگوازێتەوە. کچە، ناوی باساکە و خوێندنی تەواوکردوە، بەڵام کچی ماڵە و لە دەرەوەی ماڵ کار ناکات. کچی گەورەی ماڵە و بۆ چوونەدەر و هەروەها پێوەندیگرتن دەستکراوەترە. باوکی لە نەخۆشخانەی شار کاری پەرستاری دەکات و دایکی وەک باساک ژنی ماڵە و ئیدارەی کاروباری ماڵ و منداڵەکان دەکات. زورار داوا لە خەلیل دەکات، کە بە قسەی حەسەن زیرەک بکات و بە رێبواری لە داوی عیشق نەکەوێ. خەلیل بە گاڵتە دەڵێ، زورار لەو غەریبایەتییە جیاوازی ماملی و زیرەک نییە و بە گوێرەی توانا رێنوێنیەکانیان لە گوێ دەگرین. کەماڵ تەنیا گوێ لە چیرۆکەکان دەگرێ و پرسیار لە سەر دڵداری خەلیل و باساک ناکات و تەنیا داوادەکات، کە ئێمە سەڵت وزگورتین و با لە گەڵ جیرانەکان تووشی کێشەی کۆمەڵایەتی نەبین. خەلیل لە رێگای باساکدا خەو و ژیانی نەماوە و کۆنتڕۆڵی خۆی لە دەستداوە. کەماڵ داوا لە زورار دەکات، کە سەفەرێکی ئانکار بکەن و لە گەڵ دۆستانی دیکە ئاشنا بن. جوڵەکانی خەلیل رەنگە بە زەرەری ئێمە بشکێتەوە، بۆیە باشترە لە گەڵ خەلیل سەفەرێک بکەن. خەلیل بێکار، عاشق و گیرفان بەتاڵ لە شەقامەکانی قەیسەری سەرگەردانە. ناوبراو چاوەڕوانی وڵامی دانمارکە، بەڵام لە بەر باساک خەون بە قەیسەریی و بەرزاییەکانی شارەوە دەبینێ. لە بەر هەستیاری بارودۆخەکە خەلیل لە گەڵ زورار بەرەو ئانکار دەڕۆن و ماوەیەک لەو شارە و لە لای دۆست و ئاشناکانیان دەمێننەوە. لە شاری ئانکارا کوردێکی باشووری دەدۆزنەوە، کە لە گەڵ کچێکی تورک ژیانی هاوبەشیان پێکهێناوە. ئەو کوردە لە پاش کۆڕەوەکەی ساڵی ١٩٩١ی زایینی هاتۆتە تورکییە و لە ئانکارا گریساوەتەوە. سەرەتا لە قاوەخانە و چێشتخانەکاندا کاری کردوە و پیاو و ژنێک وەک کوڕی خۆیان قبوڵیان کردوە. ئەوان لە رێگای خواردنگەیەک لە گەڵ عەبدولموتەللیب ئاشنادەبن. عەبدولموتەللیب لە بنەماڵەیەکی ئایینی هەولێر لەدایکبوە و چەند جارێک ویستویەتی ئەو ناوە بگۆڕێ، بەڵام پلانەکەی سەری نەگرتوە. ئاینور و ئەسڵان بەشێک لە سەرمایەکەی خۆیان بۆ عەبدولموتەللیب تەرخانکردوە و خواردنەگەیەکیان لە ئانکارا کردۆتەوە. ئەوان تەنیا بۆ ئیدارەکردنی خواردنگەکە هاوکارن و کرێکار و وەستاکارەکان لە گەڵ عەبدولموتەللیب کاروبارەکان رادەپەڕێنن. ئایڵان و ئەسڵان، عەبدولموتەللیب بە باریس بانگ دەکەن. خەلیل و زورار لە رێگای کوردیکی پەنابەر کە لەو خورادنەگەیە کاردەکەن لە گەڵ باریس ئاشنا دەبن. باریس چیرۆکی ژیانی خۆی دەگێڕێتەوە، کە پڕە لە کەوتن و هەستانەوە. ئەو لە گەڵ کچێکی خزمی ئایڵان ژیانی هاوبەشی پێکهێناوە. باریس یان عەبدولموتەللیب لە خواردنەگەکە لە گەڵ خەلیل و زورار ئاشنا دەبێت. زورار داوا لە باریس دەکات، کە چارەی کێشەی خەلیل بکەن و ئەو برادەرە لە قەیسەری بە دەردی دڵ گرفتارە. تۆ دەتوانی لەو پێوەندییەدا رێنوێنی بکەی و یارمەتیدەر بی. باریس لە یەکەم وتەدا لە خەلیل دەپرسێ، کە ئایا ئامادەی قەیسەری فەرامۆش بکەیت و بگوازیتەوە بۆ ئانکارا؟ خەلیل بە دەنگێکی کز دەڵێ، کاکە عەبدولموتەللیب رەنگە ئاسان نەبێ. کە لە قەیسەری دەردەچم، هەموو قالبم دەشکێ و بە تەواوەتی دادەهێزێم و حەزدەکەم، کە هەموو جیهان ناوی قەیسەری بێ و قەیسەری هەموو جیهان بێ. عەبدولموتەللیب داوا لە خەلیل دەکات، کە زۆر دڵناسک نەبێ و بەو شێوازە ژنهێنان بە مانای لەقوڕ چەقینە و ناکرێ پیاو بە تەواوەتی ئیرادە و تواناکانی خۆی لە پێناوی هەستێکدا لەبیربکات. عەبدولموتەلیب بەڵێنی بە زوار دەدات، کە ئەگەر خەلیل لە قەیسەری بگوازێتەوە ئانکارا لە خواردنگەکە کارێکی پێدەدات. خەلیل لە گەڵ چەند ناسیاوێکی دیکە لە سەر پێوەندی لە گەڵ باساک قسە دەکات و زۆربەی ئەو کەسانە رێنوێنی ناوبراو دەکەن، کە لەو بارودۆخەدا باشترە سەبر بگرێ و چاوەڕوان بکات. خەلیل رۆژانە تەلەفوون بۆ باساک دەکات و پێکەوە لە سەر پێوەندییەکانیان قسەدەکەن. کەماڵ بۆ دوورکەوتنەوە و لە پڕیشکی ئاگری خۆشەویستی خەلیل و باساک خوازیارە کە بۆ خانویەکی دیکە بگوازێتەوە. ئەو لەو رۆژانەدا لە رێگای چەند دۆست و ناسیاوێک سەردانی چەند خانوویەکی کردوە و چاوەڕوانی گەڕانەوەی زورار و خەلیل دەکات. زورار و خەلیل لە ئانکارا لە داخی ژیانی خۆیان رۆژ و شەو سەرقاڵی پیاسە و قسەکردن لە سەر دوارۆژی خۆیانن. زورار تێدەگات، کە خەلیل بە ئاسانی دەست لە باساک بەرنادات و رەنگە ئەو و کەماڵ بە ئاوری ئەو خۆشەویستییە سەر لە بەندیخانە دەرهێنن. خەلیل گوێ لە هاوڕێ و دۆستەکانی دەگرێت، بەڵام ئیرادەی زاڵبوون بە سەر دۆخەکەیدا نییە. ئەوان دە رۆژێک لە ئانکارا تێپەڕدەکەن و دەگەڕێنەوە قەیسەری. خەلیل لەو رۆژگارەدا خۆی دەداتە دەستی قەزا و قەدەر و هیوادارە کەیسی پەنابەریەکەی لە دانمارک و دڵدارییەکەی لە قەیسەری یەکلاببنەوە.

پاش گەڕانەوەیان بۆ قەیسەری، کەماڵ ئاگاداریان دەکاتەوە، کە بەدوای خانوودا گەڕاوە و لە گەڕەکەکانی سەر رێگای فڕۆکەخانە خانوویەکی کۆن و هەرزانی دۆزیوەتەوە. خەلیل بەو خەبەرە تێکدەچێ و لە هۆدەکە دەچێتەدەر. ئەو بۆ رەواندنەوەی خەمەکانی لە سەر کۆڵان رادەوەستێ و چاوەڕێی دەرکەوتنی باساک دەکات، بەڵام چاوەڕوانییەکانی گوڵ ناکەن. ماڵی باساک وەک جاران چۆڵ و بێدەنگ نییە و ژمارەیەک خەڵک لە هاتوچۆدان. خەلیل بە دیتنی ئەو رووداوە بەندی جەرگی دەپسێ و لە خوازبێنی کردنی باساک بەگومانە. ئەو لە کۆڵان خۆناگرێ و دەچێتە ژوور و داوا لە زورار دەکات، کە پیاسەیەکی لە گەڵدا بکات. زورار تێدەگات، کە خەلیل پێویستی بە دۆستێکی نیزیک و هاوڕیەکی گوێگرە. ناوبراو لە گەڵ خەلیل دەچێتەدەر و تێدەکۆشێ، کە بۆ خەلیل سەرتاپا ببێتەگوێ. زورار بۆ دوورکردنەوەی خەلیل لە خەمەکانی قەیسەریی و هەروەها سەرهێشەکانی دڵداری باس لە حەسەن زیرەک و ماملی دەکات و بە خەلیل دەڵێ، کە رەنگە چەند مانگێکی دیکە ناوی حەسەن زیرەکت لە بیرنەمێنێ و تەنیا گوێ لە برایم تاتلاس بگریت. خەلیل هەر بە جەستە لە گەڵ زورار لە شەقامەکاندا پیاسەدەکات و زۆر ئاگاداری بارودۆخەکە نییە. ئەو بیروهزری لە دەوری چاوەکانی باساکە و بە ئاسانی لەو ئازارە رزگاری نابێت. ئەوان هەتا لاقەکانیان شەکەت و ماندوو دەبن بە شەقام و کۆڵانەکانی شاردا دەسووڕێنەوە و لە جیهانی چاو و خەیاڵدا شاخ و دەشتەکان تێدەپەڕینن و بەرەو شارە پڕ لە جوانییەکانی رۆژئاوا ئەسپی ئارەزوو لینگدەدەن. کەماڵ لە مزڵەکەی چاوەڕوانی هاتنەوەی زورار و خەلیل دەکات و بڕیارە خۆیان بۆ گواستنەوە بۆ خانوە کرێیەکە ئامادە بکەن، بەڵام ئەو ئێوارەیە دەرگا کپ و بێدەنگە. پاش ماوەیەکی زۆر چاوەڕوانی کەماڵ نانی ئێوارە دەخوات و چاوەڕوانی گەڕانەوەی هاوڕێکانی دەکات. خەلیل و زورار لە رێگای گەڕانەوەی ماڵدا لە گەڵ چەند کەس لە خزم و کەسوکاری باساک تێدەگیرێن و بە دار و کوتک پەلاماردەدرێن. ئەوان چاوەڕوانی پەلامار و هێرشی بە کۆمەڵ لە خزمانی باساک ناکەن، بەڵام وەک باوە و دەگوترێ، مەترسییەکان بە زەنگوڵەی دەنگدار دەرناکەون. لە ئاکامی لێدان و شەڕی نێوان زورار و خەلیل لە گەڵ خزمانی باساک، خەلیل سەری دەشکێ و زوراریش بە دار دەستی دەشکێندرێ. لە لایەنی بەرامبەر دوو کەس بریندار دەبن، بۆیە پۆلیسی تورک بۆ ئارامکردنەوەی شەڕەکە دەگاتە کۆڵانەکە و خەلیل و زورار لە گەڵ خزمانی باساک دەگرن. پۆلیسە تورکەکان سەرەتا بەشداربوەکانی کێشەکە دەبنە ناوەندی پۆلیس و بریندارەکانی رەوانەی نەخۆشخانە دەکەن. خزمانی باساک بە فێڵ و سازکردنی چیرۆکی بەراوەژوو خۆیان رزگاردەکەن و فایلی خەلیل و زورار قورستر دەکەن. زمانی قسەکردنی خەلیل بە تورکی بە کەڵکی گێڕانەوەی شەڕەکە دێت، بەڵام ناوبراو بە رێژەی زمانی دایک ناتوانێ بەرگری لە بێگوناهی خۆیی و زورار بکاتەوە. پۆلیس ئەوان تۆمەتبار دەکات، کە هێرشیان کردۆتەوە سەر ئەو کوڕانە و هەروەها خەلیل چەند جارێک هەوڵیداوە بچێتە ماڵی باساک و دزی لەو ماڵە بکات. کەماڵ لە دونیای بێدەنگی ئێوارەدا چاوەڕوانە، بەڵام نیشانەکان ئاماژەدەکەن، کە رەنگە دەرد و بەڵای عیشق، خەلیل و زوراری لە داوی جاڵجاڵوکەیی باساک و خزمان خستبێ. زورار تێدەکۆشی، کە بەرگری لە خەلیل بکات، بەڵام سوودی نابێ. ئەوان دوای چارەسەرکردنی برینەکانیان و هەڵبەستنەوەی دەست بەرەو بەندیخانەی پۆلیس رادەگوزرێن. لە لایەن خزمانی باساک شکایەتیان لێکراوە و دەبێ لە دادگادا ئامادەبن. باساک دەسەڵاتی بەسەر خزماندا ناشکێ و ئەو تەنیا ئەوەندەی گوتوە، کە مێرد بە یەکێک لە خزمەکانیان ناکات، چوونکە بەنیازە لە گەڵ خەلیل ژیانی هاوبەش پێکبێنێ. ناوبراو بە رووداوەکە دڵگرانە و نازانێ چۆن پێوەندی بە دادگا بکات و بێگوناهی خەلیل و زورار بسەلمێنێ.

زورار داوا دەکات، کە ئازادی بکەن، چوونکە ئەو دوور و نیزیک پێوەندی بەو کێشەیەوە نییە و تەنیا وەک هاوڕێیەک لە گەڵ خەلیل پیاسەیان کردوە. کەماڵ بۆ دۆزینەوەی سەرداوێک سەردانی چەند ئاشنایەک دەکات و لە سەر ونبوونی زورار و خەلیل پرسیاریان لێدەکات. یەکێک لە وەرگێڕەکانی یوئێن، کە ئاگاداری رووداوەکەیە و بە نامەیەیەکی کورت کەماڵ لە چارەنووسی زورار و خەلیل ئاگادار دەکاتەوە. زورار لە بەندیخانەی پۆلیس رزگاری نابێ و لە گەڵ خەلیل بە سەر و دەست شکاوی رەوانەی دادگا دەکرێن. باساک لە رێگای نامەیەکی کورت دادگا لە بێگوناهی خەلیل و زورار ئاگادار دەکاتەوە و داوا دەکات، کە ئەو نامەیە ئاشکرا نەکەن. ئەو کورتەیەک لە رووداوەکە دەگێڕێتەوە و باس لەوە دەکات، کە خزمەکانی ئێوارە پەلاماری ئەو غەریبانەیان داوە و ئەوان بێگوناهن. خەلیل و زورار لە دادگادا ئامادە دەبن و لە سەر نانەوەی شەڕ و ئاژاوە و هەروەها شکاندنی سنووری ماڵی باساک و هەوڵدان بۆ دزی تۆمەتبار دەکرێن. زورار داوا لە دادگا دەکات، کە کەسێکی وەرگێڕیان بۆ ئامادە بکات، چوونکە ئەوان بێتاوانن و رەنگە نەزانینی زمان کێشەی زیاتریان بۆ سازبکات. دادگا گوێ لە داواکاری زورار ناگرێ، بەڵام خەلیل و زورار بە جیا لە دادگادا ئامادە دەکەن و هەر دووکیان وەک یەک چیرۆکەکە دەگێڕنەوە. زورار باشتر لە خلیل رووداوەکە دەگێڕێتەوە، چوونکە ئەو هیچ پێوەندییەکی بە کێشەکە نییە و تەنیا لە بەر خەلیل کەوتۆتە بەرلێدان و توندوتیژی بەرامبەر کراوە. زورار رووداوەکە بە تەواوەتی دەگێڕێتەوە و داوا دەکات، کە ئەو کچەی کە خەلیلی خۆشدەوێت بۆ شایەتیدان بانگ بکرێ، چوونکە ئەو ئاگاداری رووداوەکەیە. داواکار سوورە لە سەر تاوانبارکردنی خەلیل و زورار و بە تاوانی پێشێلکردنی یاسا و شکاندنی حورمەت و سنووری ماڵ و هەروەها هەوڵدان بۆ دزیکردن دەخرێنە ژێر پاڵەپەستۆ. خەلیل داوا دەکات، کە ئەو کەسانەی کە لە سەر دزیکردن یان چوونە ماڵی خەڵک شکایەتیان لێکردوون با ئامادە بن و بەڵگەی خۆیان بخەنەڕوو. زورار داوا دەکات، کە باساک بێنن و کێشەکە چارەسەرکەن. کۆبوونەوەی دادگا بۆ حەوتووی داهاتوو دوادەخرێ و دادوەر بڕیار دەدات، بۆ تێگەیشتن لەو رووداوە گوێگرتن لە باساک یارمەتیدەرە. داواکار کە نامەکەی باساکی لە بەردەستە دڵنیایە، کە کەیسەکە بە قازانجی خەلیل و زورار تەواو دەبێ، بۆیە تێدەکۆشێ لە سەر بناخەی داواکاری لایەنی بەرامبەر دادوەر بڕیاربدات.

کەماڵ لە رێگای وەرگێرکەی یوئێن سەردانی خەلیل و زورار دەکات و کەلوپەلی خواردن و پێداویستەکانیان بۆ دەبات. ئەو خانوەکەی چۆڵکردوە و بۆ گەڕەکێکی دیکە گواستوویەتیەوە. ئەو رووداوەکە بە ناخۆش پێناسەدەکات، بەڵام لە سەر ئەو باوەڕەیە، کە رەنگە حیکمەتی خۆی هەبێ. لە ریگای دادگاوە باساک بۆ لێپرسین و هەروەها شایەتی لێوەرگرتن داوادەکرێت و باساک لە لێکۆڵینەوەکە دا راستی رووداوەکە دەگێڕێتەوە و چەند جارێک رادەگەیەنێ، کە ئەو کوڕە غەریبانە نەک تۆمەتبار و تاوانبار نین، بەڵکو بە رۆژی ئاشکرا زوڵمیان لێکراوە و پەلاماردراون. دادوەری لێکۆڵینەوە وتەی باساکی زۆر لە سەر دڵ نانیشن، بەڵام چەند وشەیەک لە سەر لاپەڕەکان دەنووسی و کۆتایی بە لێپرسین لە باساک دێنێ. سەرئەنجام خەلیل و زورار دەبەنەوە بەردەم دادگا و ئەمجارە ئەوان لە سەر بناخەی وتەکانی باساک ئازاد دەکرێن. داوا لە خەلیل دەکرێ، کە لە باساک دوور بێت و ئەگەر جارێکی دیکە لە سەر ئەو مەسەلەیە بانگ بکرێتە دادگا، بە ئاسانی رزگاری نابێ و بۆ ماوەیەک بەند دەکرێ. زورار و خەلیل لە بەر نەبوونی پاڵپشتی یاسایی و هەروەها هاوکار لە کاروباری دادگادا لە سەر شکانی سەر و دەست هیچ داوکارییەکیان پێشکەش نەکرد و پرسەکەیان پووشەبەسەر کرا.

زورا و خەلیل دوای ئازادبوون لە بەندیخانە بەرەو نێوەڕاستی شار دەڕۆن و لە قاوەخانەیەک چا و بابۆڵەیەک دەخۆن. زورار لە سەر ئەو شەڕ و بەندکردنە چیرۆکی زۆری بۆ پێکەنین ئامادە کردبوون و لە رێگادا بە دەنگێکی نیوەبەرز دەیگوت، کاکە مەلا خەلیل ئێمەی بە تورکان جەزرەبەدا و زوراریان وەک رۆستەمی یەکدەست لێکرد. خەلیل سەرەڕای ئەو لێدان و سەرشکانە داوا لە زورار دەکات، کە خۆیان گێل بکەن و سەردانی ماڵە کۆنەکەیان بکەن و لە جیرانەکانیان پرسیار بکەن، کە کەماڵ کەی گواستویەتیەوە. زورار داواکەی ناشکێنێ، بەڵام بە خەلیل دەڵێت، کاکە با پێکەوە بڕۆین بۆ لای عەبدولموتەللیب و لە چێشتخانەکە کاربکەین و خۆمان لەو شارە رزگار بکەین. ئێمە ئەگەر ئاگادار خۆمان نەبین، رەنگە لە بەندیخانەدا جێگرببین و چاومان بەو خاریجە نەکەوێ، کە بە بەهەشتی ونبووی کوردان بەناو بانگە. خەلیل و زورار بە سەری پێچراو و دەستی هەڵبەستراو بەرەو مزڵە کۆنەکەیان رۆیشتن و هەتا تەنیشت ماڵی باساک رانەوەستان. باساک لە بەر دەرگای حەوشە راوەستاوە و لە گەڵ ژنێکی جیرانیان سەرقاڵی قسەکردنن، کە خەلیل و زورار دەبینێ. ناوبراو دڵخۆشە بە ئازادبوونیان، بەڵام نیگەرانە کە کێشەیەکی تازە سەرهەڵداتەوە، بۆیە ژنە جیرانەکەیان جێدێڵێت و دەچێتەوە ژوور. لە پەنجەری قاتی دووهەمی ماڵەوە چاو لە خەلیل دەکات و پاش ماوەیەکی کورت خەلیل و زورار لەو ناوچەیە دوور دەکەونەوە. ئەوان لە گەڵ کەماڵ سەردانی خانوە تازەکەیان کردوە و بە پیاسە بەرەو ئەو مزڵە تازەیە دەڕۆن. کەماڵ چەند رۆژێکی حەوتوو کار دەکات و زۆربەی کاتەکان لە ماڵ بەسەردەبات. خەلیل و زورار سەرئەنجام دەگەنە مزڵە تازەکەیان و بە دیداری کەماڵ شاددەبنەوە. کەماڵ بە پێکەنینەوە دەڵێ، کاکە گوتم قوتە قوتەی مەکەن. ئێوە دانەنیشتن و ئەزموونێکی تازە فێربوون. هیوادارم ئەم رووداوە دوا رووداوی ناخۆشمان بێت و هەتا دەگەینە دەرەوەی وڵات لە کێشە و بەڵا دووربین. زورار دەڵێ، ئەمن خەمی دەست و سەری شکاوی خۆم و خەلیلم نییە، بەڵکو خەمی تۆمە، کە ئەو ماوەیە زۆر بە ئێمەوە ماندوو بوویت.

ئەوان لەو غەریبایەتییەدا بیر لە پێوەندیگرتن لە گەڵ دایک و بابیان دەکەنەوە. خەلیل و زورار ئەو پێشنیارە بە گونجاو دەزانن، بەڵام ئەوان دەست و گیرفان بەتاڵن و نازانن چۆن پێشوازی لە میوانی دوور بکەن. کەماڵ باس لەوە دەکات، کە لەو نیزیکانە پەنابەرێک دەژیت و دایک و بابی تازە لە پیرانشارەوە هاتوون. شەو سەردانیان دەکەین و پرسیار دەکەین، کە تێچووی ئەو سەفەرە بۆ دوو کەس چەندە؟ خەلیل بەو لێدان و بەندکردنە کەمێک لە بازنەی دڵداری دەرچوە، بەڵام هێشتا بە تەواوەتی لە داوی دڵی باساک رزگاری نەبوە. ئەوان لە دەوری یەک دادەنیشن و نانی ئێوارە دەخۆن و چیرۆکی بەندیخانە و دادگا بۆ پێکەنین دەگێڕنەوە. درەنگانی ئێوارە بۆ ماڵی مستەفا زریان دەچن، کە دایک و بابی لە پیرانشارەوە هاتوون. کاتێک میوانەکان وەژوور دەکەون، مستەفا زریان بە دەنگی بەرزە دەڵێ، بە داخەوە لەو عەمەلیاتەدا دوو هاوڕێی تێکۆشەر و بەوەج برینداربوون و بەدیلگیران، بەڵام دواتر بە هیممەتی غەیبی لە بەندیخانە رزگاریان بوو. بابی مستەفای پیاوێکی گەڕاوە و دونیا دیتەیە و یەکسەر بە خەلیل و زورار دەڵێ، کاکە بە قسەی حەسەن زیرەکیتان نەکرد و لە سەفەر خۆتان گیرۆدە کرد. کوڕەکان نیگەران مەبن و جحێڵایەتیش بەو کاروبارەوە خۆشە. دایکی مستەفا، پورە زێنەب بە دیتنی سەری پێچراوی خەلیل و دەستی هەڵبەستراوی زورار دڵتەنگە و جنێوی تەڕ و تازە بۆ ئەو کەسانە دەنێرێ، کە ئەو کارەیان کردوە. پور زێنەب لە چاخواردنەوە و قسەکردن تێرنابێ و هێشتا ئیستیکان و ژێر پیاڵەکەی دانەناوە، کە لە سەر رۆژگاری کوردان و هتد قسە دەکات و پرسیاری گەورە دەورووژێنێ. کەماڵ بە پورە زێنەب دەڵێ، تازە ئێمە بەزیوین و مەیدانەکەمان چۆڵکردوە. پورێ، خەڵکی کورد بەو خەباتە رزگاری نابێ و ئێمە هەر ئەوەندەمان پێکرا و ئەگەر نەوەی تازە چاکتری دەکات، با قۆڵی هیممەت هەڵماڵێ و ئازایانە خاکی نیشتمان لە داگیرکەر پاککەنەوە.

مام خدری بابی مستەفای چۆنەیەتی هاتن بۆ تورکییە و هەروەها رێژەی تێچووی سەفەر بۆ کوڕەکان دەگێڕێتەوە. ئەو لە رووخانی رێژیم نائومێدە و بەردەوام دووپاتی دەکاتەوە، بەخوا کاکی خۆم ئەو رۆژە نابینین، کە ئاخوندە ریشدار و مەندیل لەسەرەکان کورسی دەسەڵات چۆڵکەن. خودا هەڵناگرێ، خەڵکی ئێمەش شۆڕش و حیزبایەتی لەبیرنەماوە و زیندەگی بە تەواوەتی سەخت و دژوارە. وڵات دەوڵەمەندە، بەڵام خەڵک برسییە و بە دوای کار و ناندا رادەکەن. بە سەری مستەفای کوڕم، لە شۆڕشی ٤٦ و ٤٧وە لە دوورەوە ئاگاداری ئەو خەباتەم. خوێنێکی زۆر دراوە، بەڵام بە خۆڕایی رۆیشتوە و کوردە بە ئاسانی ناگۆڕێ. ئەمڕۆ ئەگەر ١٠٠ کەس لە حیزبەکان بن، بە خوداوەندی تاقانە سوێنددەخۆم، کە ١٠٠٠٠ کەس لە گەڵ رێژیمن. بوکەکەی مام خدر، بەشداری لە قسەکاندا دەکات و بە دڵخۆشیەوە دەڵێ، مامە توخوا چۆن ئەو قسە رەقانە دەکەی. ئەمن باوەڕم بە رووخانی ئەو رێژیمە هەیە و بە مستەفاشم گوتوە، کە سەعاتێکی پیرانشارێ، بە سەت سەعاتی خاریجەی نادەم. بەخوای مامە، هەندەران زۆر ناخۆشە و بیستوومە، کە خەڵک لەوێ سەگ و پشیلە رادەگرن و زۆر لە گەڵ یەکتر پێوەندییان نییە. مستەفا بۆ گۆڕینی باسەکان پرسیار لە خەلیل و زورار دەکات، کە کەیسەکانیان چەندە چوونە پێش و ئایا لەو ماوەیەدا ئۆغردەکەن؟ خەلیل دەڵێ، خوا ئەو خاریجەی بەزیاد نەکات و یاخوا کەس لە سەر خاک و ماڵەکەی دەربەدەر نەبێ. کاکە ئەگەر چووینە ئورووپا، کانادا، ئوسترالیا یان ئەمریکا کێشەکانمان کۆتایی نایەت. ئەو کەسانەی چەند ساڵە لە غوربەتدا ژیاون، لە ژیانی رۆژئاوا شاد نین و بەشێک بە حەسرەتی ژیانی کوردستان دەژین. مام خدر لە کوڕەکان دەپرسێت، کە ئەگەر چوونە خاریجی راستە پارەیەکی زۆروزەوەندیان دەدەنێ و پێویست ناکات لەو وڵاتانە خۆیان ماندوو بکەن. کەماڵ لە سەر ئەو بابەتە چیرۆکێک بۆ مام خدر دەگێڕێتەوە، کە چەند ساڵ لەوەپێش کوردێکی خۆمان دەچێتە هولەند و ماوەی ساڵێک خۆی لە کار و خویندن دەدزێتەوە. ناوبراو سەرەتا بە بیانووی نەخۆشیی و دواتر دووربوون لە دایک و باب و خۆی لە فێربوونی زمان و کار دزیوەتەوە. سەرئەنجام ناوبراو قسەی دڵی دەکات و بە کارمەندانی ئیدارەی سۆسیال و چاوەدێری رادەگەیەنێت، کە ئەو چاوەڕوانی ژیانێکی شاهانە و بەهەشتیانەی لە هولەند بوە. ئەو بۆ کارکردن و خوێندن ژیانی پەنابەری هەڵنەبژارتوە. مام خدر، باوەڕ بکە زۆر کورد لەو وڵاتانە هەتا ئێوارە لە خواردنگەکاندا کار دەکەن و نانی پاندەکەنەوە. بەشێک سەرقاڵی شۆردنی ئوتۆمبیلن و ژمارەیەک لە وڵاتانی دیکە کاری قورس دەکەن و تەنانەت پاکوخاوێنی شوێنە گشتییەکان و شووشەی باڵاخانەکان. مام خدر لە کوڕەکان دەپرسێ، کە کاکە سینگە سەگ چۆنە و لە کام وڵات بەکاردێت؟ زورار بۆ رابواردن بە مستەفا و مام خدر دەڵێ، مام خدر، ئەگەر مستەفای کوڕت لە خاریجی کاری گیرنەکەوت و هیچ هونەرێکی نەبو، لە گۆڕەپانی شار یان لە بەردەم دەرگای بازاڕەکان ئاگاداری سەگی پیرێژن و پیرەپیاوەکان دەکات. لە یەک کاتدا مستەفا رەنگە ئاگاداری لە ١٠ سەگان بکات و بۆیە ئەو کات دەڵێن کوڕی مام خدر لە شاری ئۆسڵۆ بۆتە سینگە سەگ. پور زێنەب زۆر حەزی لە خزمەتکردنی پیرەکانە و داوا لە مستەفا دەکات، کە گەیشتە ئورووپا یەکسەر داوای دایکی بکات. ناوبراو رادەگەینێ، کە بەخوا وڵاتی ئێمە چ نەماوە و برا ئاوڕ بە سەر برای ناداتەوە. لە خانووی پیراندا لە ئورووپا خواردن و شێلان هەیە و بە سەری ئەو مستەفا نازدارەی زۆر حەزم لە خاریجە. کەماڵ و کوڕەکان مستەفا زریان جێديڵن، بەڵام پێش چوونەدەر کەماڵ داوا لە مام خدر دەکات، کە ئەگەر گەڕایەوە سەردانێکی ماڵی باوکی لە سەردەشت بکات و چۆنیەتی سەفەرکردن بۆ تورکییەی بۆ باس بکات. کەماڵ چەند جارێک لە رێگای تەلەفوونی یەکێک لە خزمەکانەوە لە گەڵ باب و دایک و خوشەکەکانی قسەی کردوە و لەو ماوەیەدا هیچ نامەیەکی نەنووسیوە. ناوبراو نەیویستوە لەو ماوەیەدا ببێتە مایەی دەردەسەر و کەمتر پێوەندی بە ماڵەوە گرتوە. خەلیل و زورار وەک کەماڵ پێوەندییەکی کەمیان بە ماڵەوە هەیە. ئەوان بڕە پارەیەکی پەنابەری وەردەگرن، بەڵام ماوەیەکە لە کارکردن خۆدەبوێرن و لە کاتی تەنگانەدا پەنا بۆ کەماڵی دەبن، کە بڕە قەرزێکی لێوەرگرن.

وەستا مستەفا لە سوئێد دەژیت و چەند جارێک پێوەندی بە کەماڵ گرتوە و بڕە یارمەتییەکی بۆ رەوانە کردوە. ناوبراو لە ژیانی رۆژئاوا رازییە، بەڵام لە چۆنیەتی سازان لە گەڵ کولتور، زمان و هەروەها خەڵکی رۆژئاوادا کێشەی هەیە. ئەو لە سەر تەلەفوون باس لە ژیانی کۆمەڵێک لە پەنابەران دەکات، کە لە سوئێد لێک جیابوونەوە و منداڵەکانیان پەرتەوازەبوون. وەستا مستەفا لە گەڵ کوردایەتی تێکەڵاو بۆتەوە و لە کۆمیتەی حیزب لەو شارەدا ئەندامە. ئەوان لە یاد و بۆنە نەتەوەیی و کوردییەکاندا وێڕای کوردانی پارچەکانی کوردستان بەشداری دەکات. ناوبراو بەردەوام بە کەماڵ دەڵێت، کە خاریج وەک پێشمەرگایەتییە و لە تەڕاویلکە دەچێ. مرۆڤ کە هاتە ئەو وڵاتانە زۆر بەرنامە و خەیاڵی هەیە، بەڵام مرۆڤی کورد مێشکی ئارام نییە و ناتوانێ لە سەر بەرنامە و پلانەکانیدا پایدار و راوەستاوبێ. وەستا مستەفا بەنیازی ژنهێنانە و بڕیارە کچێکی خزمیان بێتە تورکیە و لەوێ یەکتر ببینن و مارەی بکات و بگەڕێتەوە سوئێد. کەماڵ ئاگادار دەکاتەوە و بەنیازە دوای تەواوکردنی کاروباری ئیداریی و سەفارەت لە ئانکارا بۆ چەند شەوێک میوانی کەماڵ بێ. کچەکە جیاوازی تەمەنی لە گەڵ مستەفا زۆرە، بەڵام لە بەر خزمایەتی و خاریجی قەناعەتیان پێکردوە، کە مێردی بکات و ژیان لە سوئێد هەڵبژێرێ. ئەو ساڵانە کەماڵ لە رێگای رادیۆکانەوە ئاگاداری دۆخی باشووری کوردستان و هێزە رۆژهەڵاتییەکان دەکات. شەڕی نێوخۆ لە باشوور پشتی خەڵکی چەماندۆتەوە و لە ژێر باری دژواری ئابوریدا خەڵک بە دوای نان و ئاسایشدا سەرگەردانە. پارتی دیموکڕاتی کوردستان، یەکێتی نیشتمانی کوردستان و هەروەها هێزە ئیسلامییەکان لە گەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان و هێزە رۆژهەڵاتییەکان لە باشووردا جێگیرن. هێزە رۆژهەڵاتیەکان بە گوێرەی سیاسەتی خۆیان دەست لە کاروباری باشوور وەرنادەن، بەڵام پارتی کرێکارانی کوردستان سیاسەتێکی جیاوازیان هەیە. کوردستان بە سەر زۆنی سەوز، زەرد و هەروەها زۆنی ئیسلامییەکاندا دابەشکراوە و ئێران و تورکییە بە چڕی لە سەر ژینگەی سیاسی باشووری کوردستاندا سەرمایەگوازاری دەکەن. رێژیمی سەددام و دەزگا سیخوڕییەکانی سێبەریان لە سەر باشوور قورسایی دەکات و ئەوانیش بە لە گەڵ بەشێک لە سیخوڕە کوردەکان و هێزە سیاسییەکان لە پێوەندیدان. کوردە رۆژهەڵاتییەکان زیاتر لە هەمووان کەوتوونەتە داوی سیاسەتی پارتە باشوورییەکان و بەرپرسانی ئێران، بۆیە لە زۆنە جیاوازەکاندا تیرۆر دەکرێن و زەبریان لێدەدرێ. کوردە پەڕیوەکانی دەرەوە و ژوورەوە لەو ئاکامەکانی شەڕی نێوخۆ نیگەرانن و بەشێک لە بەساڵداچوەکان باوەڕ بە سەرکەوتنی کورد ناکەن و لە سیاسەتی بنەماڵە لە نێو هێزە سیاسیەکاندا دڵگران و پەرێشانن. لەو ماوەیەدا، کە کەماڵ لە قەیسەرییە بەردەوام کوردی رۆژهەڵات و باشوور بۆ رزگاربوون لە بارودۆخی دژوار رێگای تورکییە دەگرنەبەر و ژمارەیەک بە قاچاخ بەرەو یۆنان و رۆژئاوا دەڕۆن و بەشێک لە تورکییە لە ناوەندی پەنابەرانی سەر بە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان ناوی خۆیان تۆمار دەکەن. پەناخواز و پەنابەرەکان تێکەڵەیەکن لە کۆمەڵگەی گەلانی ئەو ناوچەیە و لە کورد، ئەفغانی، فارس، عەڕەب، بەلووچ، ئازەری و هتد پێکدێن. ئەوانەی بە قاچاخ بەرەو ئورووپا دەڕۆن یان لە مەکۆکانی یوئێن ناوی خۆیان تۆماردەکەن بە دوای ئامانجی جیاوازدا دەگەڕێن. کەسانێک هەن، کە لە ژیانیاندا لە گەڵ سیاسەت و خەباتکردن یەکانگیر نەبوون، بەڵکو لە سەر مامەڵە بە ماددە سڕکەرەکان یان قاچاخبوون لە بەرپرسانی حکومەت ئاوارەبوون. ژمارەیەک لەو کەسانە، تەنیا لە پێناوی بریقە و رەنگە جوانەکانی رۆژئاوا سەفەری کۆچەبەریی دەستپێدەکەن. بەشێک لەوان بە ناوی سیاسی ناوی خۆیان تۆماردەکەن و ماوە بە ماوە سەردانی ئێران دەکەنەوە و ئەوان ژیان بە قومارێکی هەتاهەتایی دەناسن. ژمارەیەک لە هاوکارەکانی رێژیم بۆ کارکردن لە نێو پەناخوازندا بە پلانی بەرپرسانی سیخوڕی رێژیم سەر لە جیهانی پەناخوازی دەردەێنن. ئەوان شارەزاییانە خۆیان کز و بێدەنگ دەکەن و بە شێوازی فێرکراو زانیاری لە سەر کۆنە پێشمەرگەکان و هەروەها چۆنیەتی کاری رێکخستن وەردەگرن. بەشێک لە کۆنە پێشمەرگە و کادرەکان لە دیالۆگ و باسوخواسی رۆژانەدا لە نێو جەرگەی پەناخوازە رەنگاوڕەنگەکاندا چیرۆکی کار و تێکۆشانی خۆیان دەگێڕنەوە و وردەکاری و زانیاری نەگونجاو لە سەر خەڵک بڵاو دەکەنەوە. ئەوانەی راستەوخۆ لە ئێران و کوردستانەوە هاتوونە تورکییە و داوای پەناخوازیان پێشکەش کردوە چاوەڕوانییەکانیان لە کۆنە پێشمەرگە و کادرەکان زۆرە. ئەوان لە تێڕوانینی خۆیاندا پێشمەرگە مرۆڤێکی جیاوازە و شارەزا هونەری شەڕ و سیاسەتە. ئەو کەسانە واتێدەگەن، کە ئەوان بۆ خواردن، خەوتن و رابواردن سازکراون و پێشمەرگە و کەسانی دیکەش بۆ فیداکاریی و خۆبەخشین. کۆمەڵەکێک لەو خەڵکانە دڵناسک و رووح گەورەن و خۆیان بە ناوکی زەوی دەزانن و رەخنە لە هەموو بەرد و دارێک دەگرن، بەڵام خۆیان بەتاڵن و لە گەڵ کاری بەکۆمەڵ نائاشنان. یەکێک لەو کەسانە، کە تەنیا جارێک سەردانی دەشتی کۆیە و بنکەی دێموکڕاتی کردوە لە دانیشتن لە گەڵ کۆنە کادر و پێشمەرگەکان حیساب بۆ کەس ناکات و رۆژ نییە، کە باس لە دیداری دوو ئەندام دەفتەری سیاسی حیزب دەکات. ئەو پەنابەخوازە بە ماڵی پەنابەر و پەناخوازەکاندا دەگەڕێ و بە گیڕانەوە و سازکردنی چیرۆکی جیاواز دڕدۆنگی لە نێوان بنەماڵەکاندا پەرەپێدەدا. ئەو کەسە، کە بە عەبو دادخاە ناسراوە، لە شەقامەکانی قەیسەریدا راوەستانی نییە و بەدوای دۆستی کچدا عەوداڵە. عەبو لە نێو خەڵکدا باس لەوە دەکات، کە باشترین رێگا بۆ فێربوونی زمان گرتنی دۆستی کچە. زورار بە دیتنی عەبو هەستیارە و لە نێو پەناخواز و پەنابەرەکاندا بەخۆیدا دەشکێنێتەوە. زورار ئاگادارە، کە عەبو راستگۆ نییە و لە نێو کوردەکاندا ناوبانگی زڕاوە. عەبو کە دەچێتە ماڵان پشتەملەی زوراری قسە دەکات و چیرۆکی دەستشکانی ناوبراوی بە جۆرێکی دیکە گۆڕیوە. تەوژمی رقوقینی زورار و عەبو زیاد دەکات و رۆژێک لە بەر دەرگای یوئێن بەشەڕدێن. عەبو شەڕانی نییە، بەڵام زمانەکەی ئاور دەکاتەوە و مرۆڤەکان لە گەڵ یەکتر دەکاتە دوژمن، بۆیە لە کاتی شەڕەکەدا رادەکات و لە دوورەوە چەند جنێوێک دەدات و دەڕوات. عەبو دادخاە کەچە ئینگلیسییەکی دەزانێ و چەند جارێک داوای لە ژمارەیەک پەناخوازکردوە، کە لە یوئێن داوابکەن کە عەبو کاری وەرگێڕانیان ئەنجامدا. ئەو لە وتوێژی خۆی لە وەرگێڕ کەڵکی وەرگرتوە و بۆ پەیداکردنی ناو و ناوبانگێک و هەروەها کاتی بەتاڵی رۆژانە هەرجارە و پڕۆژەیەک دەدۆزێتەوە.

کەماڵ، زوار و خەلیل لە بارودۆخە ماندوو و شەکەتن و چاوەڕوانن. خەلیل لە گەڵ باساک بە تەلەفوون بۆرە پێوەندییەکیان ماوە. باساک پێشنیاری بە خەلیل کردوە، کە پاش چوونە ئورووپا بگەڕێتەوە و داوای بکات. خەلیل گومانی لەو پيشنیارە هەیە و بە تێروانینی خۆی باساک رەنگە دڵی گۆڕابێت و مێرد بکات. مستەفا زریان و ماڵەوەیان لە گەڵ کەماڵ، خەلیل و زورار زۆر باشن و پێوەندییەکی گەرم و گوڕیان هەیە. زورار بۆ پێکەنین باسی سینگە سەگەکەی مام خدر و وتەکانی پورە زێنەب دەکات، کە لە سەر ژیانی پەنابەران لە رۆژئاوا دەیانکردن. مام خدر دوای گەڕانەوە بۆ پیرانشار سەردانێکی سەردەشت دەکات و ماڵی مام کەریم دەدۆزێتەوە. ناوبراو بەسەرهاتی سەفەرەکەی بۆ مام کەریم و هاوسەرەکەی زارا دەگێڕێتەوە و داوادەکات، کە ئەگەر دەتوانن سەردانی کەماڵ بکەن. مام کەریم دەڵێ، کاکە خۆ پاسپۆرت و گوزەرنامەمان نییە و بە سجیل و کارتی پێناس سەفەرناکرێ. هاوسەرەکەم ناسازە و رەنگە ئەو سەفەرەم بۆ هەڵنەسووڕێ و کچەکان مێردیان کردوە و ناکرێ زارایە بە تەنیا جێبێڵم. لەو ڕۆژانەدا تەلەفوونێکی بۆ دەکەم و ئەحواڵی دەپرسم. کاک خدر گەورەییت نواندوە، کە بۆ سەردانی ئێمە هاتووی و خودا منداڵەکانتان سەلامەت بکات. مام خدر دوو شەوێک لە سەردەشت بەسەردەبات و ماڵئاوایی لە مام کەریم دەخوازێ. مام کەریم لەو ساڵانەدا بارودۆخی باشترە و وەک ئازادەیەک زەوی وەرگرتوە و بڕە پارەیەکی مانگانەی بۆ بڕاوەتەوە. لەیلا و شیرینی بەمێردداون و پێکەوە لە گەڵ هاوسەرەکەی ژیانی خۆیان تێپەڕدەکەن. تەرمی کاوەیان لە ماوەڵۆیەڕا بۆ گۆڕستانی سەردەشتێ گواستۆتەوە و خاڵە مینەش تەرمی کوڕەکەی لە گوندی بێژوێڕا بۆ سەردەشت گواستۆتەوە. مام کەریم و خاڵە مینە وەک باوک لە رۆژگار تووڕەن و خۆیان بە جەرگسووتاو ناودەبن. مام کەریم بە رۆیشتنی کەماڵ لە باشووری کوردستان دڵشادە و لە داهاتووی کوڕەکەی نیگەران نییە. مام کەریم خەمە گەورەکەی لە دڵدا ماوەتەوە، کە لە پێناوی پارەدا و بە دەستی کوردە چەکدارەکانی بەعس لە پشدر فرۆشرا و کوڕەکەی کاوە بە دەستی کوردەکان گیانی لێدەستێندرێ. زارا و مام کەریم مانگی جارێک دەچنە سەر گۆڕی کاوە و راز و نیازی خۆیان لە گەڵ خاکدا دەکەن. هاوسەری مام کەریم بە دەنگ لە گەڵ کاوە دەدوێ و هەر جارەی کە سەردانی سەرقەبران دەکەن پڕ بە کانی چاوەکانیان فرمێسک دەڕێژن. لە گەڵ ئاڵتونی خاڵە مینەی و هەروەها کچەکانی بەهاران و هاوینان لە گۆڕی کوڕەکانیان بە گوڵە مەخمەر و ریحانە دەڕازێننەوە. ئەوان نەوەیەکی سەرتاپا قوربانین و رۆژانی تەمەنیان بە رووباری چاوەڕوانی وحەسرەتی لەدەستدانی ئازیزەکانیان ئاودراون، بۆیە شەوانە پەنا بۆ ئامێزی لایەلایەی دایکانە دەبەن و لە گەڵ خوای خۆیان راز و نیاز دەکەن.