پەیامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بەبۆنەی ٢٦ی سەرماوەز، ڕۆژی پێشمەرگە و ئاڵای کوردستان

خەڵکی خۆڕاگر و نیشتمانپەروەری کوردستان !

بنەماڵەی سەر بەرزی شەهیدان!

پێشمەرگە قارەمان و خۆڕاگرەکان!

ئەندامان و دلسۆزانی حیزبی دێموکراتی کوردستان!

٢٦ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٢٤ی هەتاوی بەرامبەر بە ١٧ی دیسامبری ١٩٤٥ی زایینی، ڕۆژێکی مێژوویی و پرشنگدارە لە خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا. ٧٢ ساڵ لەمەوبەر لە ڕۆژێکی وەک ئەمرۆدا و، لە بارودۆخێکی لەبار کە بەهۆی شەڕی دووهەمی جیهانییەوە هاتبووە ئاراوە، دڵسۆزان و نیشتمانپەروەرانی حیزبی دیموکرات و گەلی کورد، لەو هەلە کەڵکیان وەرگرت و یەکێک لە هیوا و ئاواتە لە مێژینەکانی نەتەوەکەیان، کە هەڵکردنی ئاڵای پیرۆزی کوردستان بوو، هێنایە دی و وەک یەکێک لە شوناسە نەتەوەییەکان لە شاری مەهاباد و پاشان لە بۆکان و لە چەند گوند و ناوچەیەکی دیکە بەرزیان کردەوە، بۆ ئەوەی لە بن سێبەری ئاڵادا خزمەتی گەل و نیشتمانەکەیان بکەن.

سالی ١٣٦٣ی هەتاوی پاش تێپەڕینی ٣٩ ساڵ بە سەر ئەم ڕووداوە گرینگ و لە بیر نەکراوەدا، حیزبی دێموکرات بۆ ڕێزگرتن لە خەبات و خۆڕاگریی هیزی پێشمەرگەی کوردستان، ڕۆژی 26ی سەرماوەزی وەک ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان دیاری کرد. لەو کاتەوە تا ئێستا هەموو ساڵێک بە ڕێزەوە یادی ئەم ڕۆژە دەکرێتەوە. جێگای ئاماژەیە لە قۆناغێکی نوێ لە مێژووی نەتەوەکەماندا و پاش تێپەڕبوونی ٧٠ ساڵ بە سەر هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەمجارە لە باشووری کوردستان، پارلمانی هەرێمی کوردستان وەک دەزگایەکی شەرعی و یاسادانان، ئەم ڕۆژەی بە “ڕۆژی ئاڵا” دیاری کرد.

بەم جۆرە ٢٦ی سەرماوەز هاوکات ڕۆژی ڕێزگرتن لە پێشمەرگە و ئاڵای کوردستانە. ئاڵا و پێشمەرگە، دووانەی هەڵقووڵاوی هەناوی کۆماری کوردستانن و لەو کاتەوە هەتا ئێستا ئاڵا و پێشمەرگە، لە هەر بەشێکی کوردستان، نیشانەی شوناسخوازی و بوونی خەباتی ڕزگاریخوازیی نەتەوەی کوردن. بۆیە لەم ڕۆژە پیرۆزەدا بەناوی دەفتەری سیاسیی حیزبی دیموکراتی کوردستانەوە، پیرۆزبایی دەکەین لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان و سەرجەم هۆگرانی ئاڵای کوردستان و، هەموو ئەوانەی بۆ ڕزگاری لە بندەستی و گەیشتنی نەتەوەی کورد بە مافە ڕەواکانی خەبات دەکەن. لەم ڕۆژەدا بە ڕێزەوە ئاوڕ لە بیرەوەریی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و هۆگریی ڕۆژبەڕۆژ زیاتری گەلەکەمان لە بەشە جۆراوجۆرەکانی کوردستان بە ئاڵاکەیان دەدەینەوە و هاوکات بە ڕێزەوە یادی فیداکارییەکانی هێزی پێشمەرگە لە قۆناغە جۆراوجۆرەکانی مێژووی ڕزگاریخوازی و بەرگریکردنی لە کەرامەتی نەتەوەکەمان دەکەینەوە و سڵاوی ئەمەگناسییان بۆ دەنێرین.

 

بەشدارانی بەڕێزی ڕێوڕەسمی ٢٦ی سەرماوەز!

لە هەلومەرجێکدا یادی ڕۆژی ئاڵا و پێشمەرگەی کوردستان دەکەینەوە کە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ناوچەکە، بە قۆناغێکی زۆر ئاستەم و هەستیاردا تێپەڕ دەبن. وەک دەزانن داعش وەک هێزێکی تیرۆریستی و دڕندە کە ماوەی چەند ساڵ بوو لە بەشێکی گەورەی ئەم ناوچەیەدا مەیدانداری و تەنانەت حوکمڕانیی دەکرد، سەرئەنجام تێک شکاو لە بەشی زۆری ئەو ڕووبەرەی لە عێراق و سووریە لە بەر دەستیاندا بوو وەدەرنرا. لێرەدا جێی خۆیەتی بە شانازییەوە باسی ڕۆڵی پێشمەرگە و شەڕڤانی کورد بکەین کە لە باشوور و خۆراوای کوردستان بە تەنیا و لە چوارچێوەی هاوپەیمانەتییەکی ناوچەیی‌ و جیهانیدا نەک هەر لە شەڕی دژە تیرۆر‌دا بەشدار بوون، بەڵکوو ڕۆڵێکی حاشا لێنەکراویان لە شکست پێهێنان بە هێزەکانی داعش لە سەرزەوی هەبوو. بەڵام وەک دەبینین شکانی داعش بە مانای تەواو بوونی شەڕ و ناکۆکی و ئاڵۆزییەکانی ئەم ناوچەیە نییە. لە هەرێمی کوردستان هێزی پێشمەرگە ساڵی ٢٠١٤دوای پاشەکشە و تێکشکانی سوپای عێراق بەرامبەر پەلاماری داعش، توانی لە هەموو ناوچە کوردییەکانی دەرەوەی هەرێم جێگیر بێ و بە قارەمانەتی و بەخشینی خوێن و گیانی خۆی لە پەلاماری داعش بیانپارێزێ. بەڵام لە مانگی ئۆکتۆبری ئەمساڵدا، ئەم ناوچانە و هێزەکانی پێشمەرگەی جێگیر لەوان و، بە گشتی خەڵکی کوردستان لەم بەشە، لە بری پاداش و وەدەستهێنانی خێر و دەسکەوتی کۆتایی هاتنی بەڵای داعش، بوون بە ئامانجی پیلان و پەلاماری هاوبەشی سوپا و هێزە چەکدارەکانی عێراق و هێزی قودسی سەر بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران. ڕێژیمی ئێران کە بە ناوی بەرگری لە حکوومەتەکانی عێراق و سووریە لە بەرامبەر هێزە بەرهەڵستکارەکانیان، ماوەی چەند ساڵێکە بە قورسی هاتۆتە نێو ململانێیە سیاسی و نیزامییەکانی ئەو دوو وڵاتە، لە ڕێگای پشتیوانیی ئاشکرا لە تەیاری شیعی و هاوپەیمانە ستراتیژیکەکانی خۆی، بە هەموو تواناوە هەوڵی فراوانکردنی نفووز و هێژمۆنیی خۆی لە ناوچەکە دەدا و بە کردەوە بووە بە لایەنێک لە شەڕی دوو دەوڵەتی عێراق و سووریە لە گەڵ پێکهاتەکانی ئەم دوو وڵاتە. هاوکات لەم دۆخە بۆ دژایەتیی وڵاتانی ڕۆژاوایی و هاوپەیمانە ناوچەییەکانیان و بردنە پێشی سیاسەتی فراوانخوازانەی خۆی لە ناوچەدا، سوود وەردەگرێ.

کۆماری ئیسلامیی ئێران، نەک هەر لەم دوو وڵاتە، بەڵکوو لە زۆربەی وڵاتانی ئەم ناوچەیەدا خەریکی دەستێوەردانە و، میلیشیا و گروپی توندئاژۆی دەستپەروەردەی خۆی پێک هێناوە و هەموو ئیمکاناتیکی ماددی و نیزامیی لە ئێختیار ناون و بۆ بەڕێوەبردنی سیاسەت و پیلانی ئاژاوەگێڕانە و ئامانجە تیروریستییەکانی خۆی، بە کاریان دێنێ. حەشدی شەعبی لە عێراق، حیزبوللا لە لوبنان، تاقمی جۆراوجۆر بەناوی جیاواز لە سووریە و حوسییەکان لە یەمەن نموونەی ئەو جۆرە گرووپە چەکدارانەی بەستراوە بە سوپای قودسی ئەو ڕێژیمەن کە سەرچاوەی تیرۆر و هەڕەشە بۆسەر ئاسایش و هێمنیی ناوچەکە و ئامرازی جێبەجێکردنی ئامانج و سیاسەتی فراوانخوازانەی ڕێژیمی ئاژاوەگێڕی کۆماری ئیسلامیی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دان. یەکێک لە ڕەهەندەکانی سیاسەتی ناوچەیی کۆماری ئیسلامییش دژایەتی لە گەڵ دابینبوونی مافەکانی کورد لە هەر کام لە بەشەکانی کوردستانە. بەشداریی ئەو ڕێژیمە لە گەمارۆدان و سزادانی هەرێمی کوردستان بە دوای بەڕێوەچوونی ڕێفراندۆم بۆ سەربەخۆیی، جارێکی دیکە پەردەی لە سەر نێوەرۆکی دوژمن بە کوردی ئەو ڕێژیمە لادا. چاوەڕوان دەکرێ ئەو ڕێژیمە لە ڕۆژاوای کوردستان و لە ڕێگای پشتگیری و هاندانی ڕێژیمی ئەسەدیش، دوژمنایەتیی خۆی لە گەڵ دابینبوونی مافەکانی کورد لەم وڵاتەدا دووپات بکاتەوە کە هیوادارین گەلی کورد لەو بەشەی کوردستان و هاوپەیمانەکانی لەشەڕی دژە تیرۆر، ئەم نیازەی کۆماری ئیسلامی پووچەڵ بکەنەوە. ئێمە فراوانخوازی و سیاسەتی دەستێوەردانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کاروباری وڵاتانی ناوچە و حوزووری نیزامی و ئەمنیەتیی ئەو ڕێژیمە، بە مەترسی بۆ سەر گەلان و وڵاتانی ئەو ناوچەیە دەزانین و لە خزمەت شەڕ و پەرەپێدانی تیرۆریزم و بردنی ئاراستەی ناوچەکە بەرەو ئاڵۆزیی زیاتری دەبینین. هەر بۆیە خوازیاری ئەوەین وڵاتانی ناوچە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەربەست لە بەردەم زیدەڕۆیی ئەو ڕێژیمە و هەڕەشەکانی بۆ ئاشتی و ئەمنییەتی ناوچەکە دابنێن.

 

هۆگرانی ئاڵا و پێشمەرگە لە کوردستان!

کۆماری ئیسلامی کە لە دەرەوەی سنوورەکانی بە توندی خەریکی دەستێوەردان و ئاژاوەگێڕییە و بەو پەڕی سەخاوەتەوە، پووڵ و سامانی خەڵکی ئێران لەم ڕێگایەدا خەرج دەکا، لە نێوخۆی ئێران لەگەڵ دەیان و سەدان قەیرانی حاشاهەڵنەگر وەک گرانی، بێکاری، ئێعتیاد، فەسادی ئیداری و گەندەلی، کێشە و ناکۆکیی نێو باڵەکانی دەسەڵات وناڕەزایەتیی کۆمەڵانی خەڵک بەرامبەر ئەو دۆخەی تووشی بوون، بەرەوڕوویە. ڕێژیمێک کە لە دەرەوەی سنوورەکانی دەیەوێ خۆی وەک پشتیوان و یارمەتیدەری وڵاتان و نەتەوەکانی ناوچە بناسێنێ و بە ڕواڵەت لە بەرامبەر ئیستیکباری جیهانی و دەستوپێوەندەکانیان‌دا بەرگرییان لێ دەکا، بۆ خەڵکی ئێران جگە لە ستەم و سەرکوت و کوشتن هیچ ڕێگا و بەرنامە و وڵامێکی نیە. هەر بۆ نموونە با هەڵوێستە لە سەر کردەوە و هەنگاوەکانی ئەم ڕێژیمە بە دوای بوومەلەرزە گەورەکەی پارێزگای کرماشان لە مانگی ڕابردوودا بکەین. خەڵکی بوومەلەرزەلێدراوی پارێزگای کرماشان کە تووشی ماڵوێرانی و تێکڕووخانی شارو گوندەکانیان بوون و سەدان کەسیان بە هۆی ئەم ڕووداوە گیانیان لە دەست دا و هەزاران کەسیان بریندار بوون، هەتا ئێستاش کەمترین یارمەتی و هاوکارییان لەو ڕێژیمە پێ گەیشتوە. لە کاتێکدا بێماڵ و حاڵن و سەرما و باران هەڕەشەیان لێ دەکا، لە گەڵ ئەو پەڕی خەمساردیی کاربەدەستان و دامودەزگا گەندەڵەکانی ئەو ڕێژیمە بەرەوڕوون. ڕەنگە گەورەترین تاوانی خەڵکی بوومەلەرزەلێدراوی پارێزگای کرماشان، کوردبوون و شێلگیربوونیان لە سەر مافە نەتەوەیی و کلتوورییەکانی خۆیان بێ، بۆیە بەم جۆرە کەوتوونە بەر خەمساردی و بێخەمیی بەڕێوەبەرانی کۆماری ئیسلامی. ڕەفتاری نابەرپرسانەی ئەو ڕێژیمە لە گەڵ خەڵکی وڵاتەکەی خۆی لە کاتێکدا کە کارەساتێکی گەورەیان بە سەر هاتوە لە لایەک و هەر لەو کاتەدا خۆتەرخانکردنی بۆ ململانێ لە دەرەوەی سنوورەکانی، نیشاندەری ئەو ڕاستییەیە کە کۆماری ئیسلامی ئامادەیە خەڵکی وڵاتەکەی خۆی بە هاسانی لە پێناوی سیاسەت و ئامانج و بەرنامەی ئاژاوەگێڕانە و دەستیوەردانی ولاتانی ناوچە، پشتگوێ بخا و بیانکاتە قوربانی.

ئێمە لە کاتێکدا بۆ بارودۆخ و گوزەرانی ناخۆشی ئێستای خەڵکی بوومەلەرزەلێدراو لە پارێزگای کرماشان بە پەرۆشین، سوپاسی ئەو هاوخەمی، هاودڵی و بەدەنگەوەچوونە دەکەین کە لە پارێزگەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ بە هاناوە چوونی بوومەلەرزە لێدراوان، خۆی نواند. خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە دوای کارەساتی بوومەلەرزەی کرماشاندا جارێکی دیکە بەرزیی وشیاریی سیاسی و نەتەوەیی و هیممەتی کوردانە و هەستی مرۆڤدۆستانەی خۆیان نیشان دایەوە. ئەو وشیاری و یەکگرتوویی و هاودڵێیە، شتێکی بەڕێکەوت نییە. خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان مێژوویەکی دوور و درێژیان هەیە لە خەبات بۆ ئازادی و داواکردنی مافە ڕەواکانیان. سەرەڕای نزیکەی ٤٠ ساڵ شەڕ و سیاسەتی سەرکوتکەرانەی کۆماری ئیسلامی لە دژی هێزە خەباتکارەکان و ڕۆڵە تێکۆشەرەکانی ئەو خەڵکە، خەباتی کۆمەڵانی خەلک بە شێوەی جۆراوجۆر لە کوردستان درێژەی هەیە. چالاکیی سیاسی و کلتووری و خەباتی مەدەنی لە گەڵ هەموو بەربەست و کەند و کۆسپێکدا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە گەشە و بەرەوپێشچوون دایە و هەر جارەی حەماسەیەک لە تەبایی و هاودڵی و یەکگرتوویی و پێداگری لە سەر شوناسی نەتەوەیی و داواکردنی ڕاشکاوانەی ماف و ئازادییەکان و دەنگهەڵبڕین دژی ستەم و هەڵاواردن و تاوان دژی خەڵکی کوردستان، دەخوڵقێنێ. خەبات و تێکۆشانێک کە ئەمڕۆ ئەوان بە گوێرەی هەلومەرج و بارودۆخی ئەمنیەتی و ناهەمواری ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەی دەبەن، لە ئامانجی نیهایی خۆیدا ڕزگارییە لە بندەستی و گەیشتنە بە مافە ڕەواکانیان و زاڵبوون بە سەر چارەنووسی خۆیاندا. هەر ئەم ڕاستییەشە کە وایکردوە ئەوان نامۆ نەبن بە ئەوینی “ئاڵای کوردستان “و خۆشەویستیی “هێزی پێشمەرگە” و ئەم هۆگرییەیان لە بۆنەی جۆراوجۆر دا پێشان بدەن. بە دەرفەتی دەزانین لەم بۆنەیە دا پشتیوانیی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە خەبات و تێکۆشانی مەدەنیی توێژە جۆراوجۆرەکانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دووپات بکەینەوە. بوونی ئێوە لە گۆڕەپانی خەبات بۆ مافە ڕەواکانتان و دەنگهەڵبڕینی یەکگرتوانەتان بۆ بەرگری لە شوناس و ژینگە و زمانی خۆتان و ڕاوەستانتان دژی ستەم و هەڵاواردن و بێبەشی، تەواوکەر و ڕوویەکی دیکەی خەباتی هێزە سیاسییەکان و ڕۆڵە پێشمەرگەکانتانە بۆ بەدیهێنانی ئامانجی لە مێژینەی نەتەوەکەمان کە ڕزگاری لە بندەستیە و ژیانی ئازادانە و سەربەرزانەیە لە سێبەری ئاڵای کوردستان وحکوومەت و دەسەڵاتی کوردیدا.

 

هاوڕێیانی تێکۆشەر، ئامادەبوانی ڕێوڕەسمی ٢٦ی سەرماوەز!

ئەمرۆ کە هاوکات ڕێز لە پێشمەرگە و ئالای کوردستان دەگرین و ڕێز و خۆشەویستیی خۆمانیان بۆ دووپات دەکەینەوە، بەو مانایەیە کە لە ڕێگای ئەم ئاڵایەوە، شانازی بە شوناسی نەتەوەیی خۆمان دەکەین و تا وەدەستهێنانی مافی دیاریکردنی چارەنووس لە خەبات بەردەوام دەبین. ڕێزگرتنیشمان لە پێشمەرگە هەڵگری ئەو پەیامەیە کە هەر وا کە لە بەرپەرچدانەوەی هێرشی دوژمنان بۆ سەر نەتەوەکەمان قەرزداری هێزی پێشمەرگەین، لە داهاتووشدا تەنانەت ئەو کاتەی بە مافەکانمان دەگەین، بۆ پاراستنیان دەبێ بە هێزی پێشمەرگە پشت ئەستوور بین. ئەمەش کەمبایەخدان بە جۆرەکانی دیکەی خەبات و نکۆڵی کردن نییە لە خەبات و تێکۆشانی چین و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵ. ئاشکرایە بە ئاوێتەکردنی هەموو جۆرەکانی خەبات و، بە هاوپشتی و هاوخەباتی هەموو لایەکمان، دەتوانین بگەیەنە ئامانجی ڕزگاریی یەکجاری.

 

_ سڵاو لە خەلکی ئازادیخوازی کوردستان، پشتیوانانی ڕاستەقینەی پێشمەرگە،

_ سڵاو لە خەبات و فیداکاریی هێزی پێشمەرگە، هێمای ئازایەتی و بەرگری،

_ سڵاو لە ئاڵای کوردستان، هێمای نەتەوەی کورد و نیشتمانەکەمان کوردستان،

– پیرۆز بێ ڕۆژی ٢٦ی سەرماوەز ، رۆژی ئاڵا و پێشمەرگەی کوردستان.

 

دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان

٢٦ی سەرماوەزی ١٣٩٦ی هەتاوی

١٧ی دیسامبری ٢٠١٧ی زایینی