گێرانەوەی چەند بەسەرهاتێکی خۆشی ژیانی پێشمەرگایەتیم!بەشی سێهەم : محەممەد سلێمانی

ساڵی ١٣٧٥ی هەتاوی لە سەر داخوازی کادر و پێشمەرگەکانی کومیتەی شارستانی نەغدەی و پشتیووانی هاوڕێیانی مەڵبەندی سپی سەنگ و ڕەزایەتی کومیسۆنی سیاسی نیزامی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی مەڵبەند درا و هەر دوو شارستانی پیرانشار و نە‌غدەی بەجیا کۆنفڕاسیان گرت.  من لە کونفڕانسی کومیتەی نوێدا وێرای کاك حەمەدەمین خراپە و کاك مەحمودلاوازە بە ئەندامی  کومیتەی شارستانی پاش هەڵوەشاندنەوەی مەڵبەندی سپی سەنگ هەڵبژێردراین. کاك سەید برایم هاشمی وەك بەرپرسی کومیتەی شارستانی پیرانشار دیاریکرابوو و کاك سەید عەزیز نیکجویان فەرمەندەی چاو نەترس و لێهاتوو، وەك فەرمەندەری هێز مایەوە. ئەو ساڵە دەبوو بەچاکی قۆڵ لە کار و تێکۆشان هەڵماڵین و بەهەق ئەو ساڵە بەگشتی ئەرکی خۆیان زۆر بە باشی بەڕێوەبرد. لە سازمەندەهی ئەو ساڵەدا وەك بەرپرسی تیمی تەشکیلاتی ناوچەکانی نەلێن و گەدە و بەریمێرگان لە لایەن کومیسۆنی سیاسی نیزامی حیزبەوە دیاریکرام و بۆ ئەو مەبەستەش ڕاسپێردرام ، کەسانی شارەز و ناسراوی ناوچەکان سەرەتا  قسەیان لە گەڵ بکەم بۆ ئەوەی وەك هاوکاری ساڵی نوێی تێکۆشانی سیاسی و تەشکیلاتی ناوەکانیان بناسێنم. منیش لە پێشەوە داوام لە دوو برا و دوو هاوڕێی زۆر نزیکی خۆم و ناسراوی ناوچەکان واتە: کاك محەممەد قەرەخدری وکاك ئەحمەد رووبینتەن کرد و ئەوانیش زۆر بە خۆشحاڵیەوە ئامادەیان دەربڕی کە هاوکار و یارمەتی دەری یەکبین و بەیەکەوە کار بکەین. هەرچەندە بە سین و ساڵ زۆر لەوان پچووکتربووم، بەڵام بەیەکەوە زۆر باش دەگونجاین و وەك هاوڕێی چاك کارمان دەکرد. ئەو کات شوێنی نیشتەجێبوونمان لە جێژنیکان، گوندێکی نزیکی هەولێربوو.

b_300_220_16777215_00_images_ADABOHUNAR_mohammad.jpg پێم حەیفە ئەو نوختەیەش هەر لێرەدا بەس نەکەم. ڕۆژێك لە گەڵ کاك یوسف مەولودی بەیەکەوە چۆینە هەوڵیر، منیش پشتێندێکی ٣ میتریم لە شار کریبوو. ئەو ڕۆژە لە گەڵ خۆمدا بردم هەتا لەلای خەیاتێك سەردروی بکا و بۆ ئەوەی لێك هەڵنەوەشێت. بەرانبەر بە پارکی شار کۆڵانێکی تایبەت بە خەیات و پارچە فرۆشتنی لێبوو. لەوێ هەر لە پێشەوە تەسلیمی دەستی وەستا معێدینمان کرد و گووتمان پاشان دەگەڕینەوە. دوای چەند کاتژمێریك گەڕاینەوە لای خەیاتەکە بۆ وەرگرتنەوەی پشتێندەکەم. زەرفێکی دایە دەستم و ئەو گووتی ئەوە پشتێندەکەتە و  هیچ ناکات، منیش بەهەڵە لێی تێگەئیشتم و وامزانی دەلێت، ٢٠ دینار دەکات! گووتم وەستا گیان تۆزێك خاترمان بگرە و بەخوا ٢٠ دینار زۆرە؟  وەستا معێدین بە دەم پێکەنینەوە وڵامیدایەوە و گووتی، باشە لە هیچی خاتری چیت بگرم! دەڵێم هیچ ناکات. منیش زۆر تەریقبوومەوە و چاوێکم لە کاك یوسف کرد، بینم کە زۆر بەگوڕ پێدەکەنێت، گووتم بەخوا نابێت وەستا دەبێ ١٠ دینارمان لێ وەربگری. هەرچیکردمان وەك خۆمان لێنەهاتەوە و هەڵدرونەکە بوو بە بەلاش. دیارە پێشتر هێندێك کارمان پێکردبوو و ببووینە ناسیاوی یەکدی. لەو کاتەدا کاك یوسف زۆر بە قوڵی لە کڵپەی پێکەنینیدا و گووتی هەتی محەممەد دەڵیی گوێت گرانبوونە. یانی پێتوابوو دەڵیت ٢٠ دینار دەکا. وەستا گووتی هیچ ناکات و پیرۆزتان بێت، کەچی ئەتۆ محامەلەت لە گەڵ دەکرد. ئەو رۆژە زۆر بەو رووداوە پێکەنین و کاك یوسف هەر کە تەماشای منی دەکرد، بزەی دەهاتێ. لە رووی جووگرافیەوە زۆر لە سنووری ناوچەکانمان دوور کەوتبووینەوە و بۆ گەڕانەوەش دەبوو یارمەتی لە دۆستەکانی باشووری کوردستان وەرگرین. لە ڕانیەوە زۆر ئاسان نەبوو بە کەلوپەلی پێشمەرگایەتی خۆمان بگەیەنینە سوورەدێی کە لەوێڕا کێشەمان لە سەر ڕێگای نەدەما. ئەو وەختی هێزە باڵادەستەکانی باشوور ڕێگەریان دروستدەکرد لە بەردەم کار و تێکۆشانی هێزەکانی ڕۆژهەڵات و یەك لەوان حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێراندا.

b_300_220_16777215_00_images_ADABOHUNAR_mohammad1.jpgدۆستێك بە ماشینی خۆی ئێمەی گەیاندە سورەدێی و لە ڕاستیدا پێشخۆمان رەخت و تفنگەکانمان بەرێکردبوون و ئەگەر لە سێتەرەی بەرەو سورەدێی لە ئێمەیان پرسیبا بۆ کوێ دەڕۆن و کێن، وڵامی گونجاومان بۆیان هەبێ و گوومانمان لێنەکەن کە دەگەرێینەوە بۆ ناوچەی. بەو زەحمەتە زۆرە و بەدەستی بەتاڵ و بێ چەك ئێوارێ درەنگ گەینە گوندی سورەدێی و لەماڵی دۆستێکمان بەناوی مام خدر دوو ژن لاماندا و پاش پشوودان بەڕێکەوتین. ڕۆژی دوایی و زۆر بەخێرایی خۆمان گەیاندە کوێستانەکانی بەریمێرگان و شەوی یەکم لە چادری ماڵی حاجی عوسمان لاماند کە هۆبەیان لە هەوارەکانی شەرگەی هەڵدابوو. شەوێ  لەوێ میوانبووین و پاشان بەرەو قوڵایی ناوچە دڕێژەمان بەڕێگا رۆییشتندا و بەخۆشیەوە بێ گیروگرفت خۆمان گەیاندە گوندەکانی نزیك چۆمی کەڵوێ. پەڕینەوە لە رووباری کەڵوێ یەکێكی تر بوو لە کێشە گەورەکان و دەبوو بە هەر ڕێگایەکدا بێت، بەرەو نەلێن و گەدەی لە رووبار پەریباینەوە هەتا نیشتنەوەی رووبارەکە. ساڵانە کە دەپەڕینەوە بۆ ماوەیەکی باش نەڵێن و گەدەی دەماینەوە و  زیاتر  خەریکی کار و چالاکیە سیاسی و تەشکیلاتیەکانمان دەبووین و وەختێكیش چۆمی کەڵوێ کەمتر دەبوویەوە، ئاسانتر دەمانتوانی  ئەو بەر ئەوبەر لێبکەین و ئەو کات بەجارێك قوڕمان بۆ سەری دوژمن دەگرتەوە و چاکتر هیلاك و سەر لیشێواومان دەکردن.  رۆژیك مەلەوانێکی ناوچەکەمان ڕاسپارد هەتا بە رووناکی بوارەکانی تاقی بکاتەوە و هەرکامێك لە بوارەکان گوونجاوتربێت، هەوڵدەدەین لێی بە پەڕینەوە. خۆ هەر چۆمەکە کێشە نەبوو، کاك ئەحمەد رووبیتەنیش لە رووبار زۆر دەترسا و دەبوو بەردەوام بچیە ژێر قٶلەکانی هەتا دەپەڕێتەوە. هەر چۆنێك بوو خۆمان گەیاندە بەری نەڵێن. ئەوساڵە بەهۆی هاوکاری و نفووزی هەردوو کادری بەئەزموون، توانیمان کاری باشی سیاسی و تەشکیلاتی و ماڵی بکەین و سەردانی ٢/٣ی  گوندەکانمان کرد و ئەرکە حیزبیەکانمان بە باشترین شێوەی موومکین ئەنجامدابوون و وەك تیمێکی سەرکەوتوو ، کومیسۆنی سیاسی نیزامی حیزب دەست خۆشی کارو چالاکیەکانی لێکربوودین. ئەوجار بە گێڕانەوەی بەسەر هاتێکی تر بە یەکەوە پشوویەك بەروحی شەکەت و ماندوو و دورەوڵاتی دەدەین و بە و ئومێدەی ڕۆژێك بێت لە نزیکەوە شوێن و کەسایەتیەکان لە نزیکەوە لە باوەش بگرین کە لە هەمو وەخت و ناوەختێكدا بەشێکی زۆری ناڕەحاتیەکانی ئێمەیان لە کۆڵنابوو. لە خۆشی و ناخۆشیەکاندا خەڵکە ستەملێکراو و هەژارەکەمان هاوکار و هاندەری ئەساسی مان بوون کە بەردەوامبین لە بەرخۆدان و تێکۆشانی سیاسی و تەشکیلاتی. زۆر جار ئەوەمان بەرگوێچکەی کوتووە کە دەڵێت: مرۆڤەکان هەموویان وەك و یەك نین و جیاوازی زۆریان لە گەڵ یەکدیدا هەیە لە رووی کرداری و بیروباوەری سیاسی ونەتەوەیی.  وەك مرۆڤ کە بوونەوەرێکی گرینگی کۆمەڵایەتیە، بە قیاس و هزر و تێڕوانین هەمووی پێکناچێت و هێندێكمان زوو هەڵدەچن و تەحەموولی شۆڕشگێرانەی باوی زۆر کەمە و هەشە زۆر بەدژواری شلوێ دەبێت و وەك لە کوردەواریدا پێی دەڵێن، گومی مەندە. هەیە زۆر کەیفی لە قسەی خۆشە و لە نوختە گێرانەوەدا سەر قافڵەیە هەگبەی پڕیەتی لە مرواری ڕەنگا و ڕەنگ، وەك کاك سەید محەممەد ئەحمەدی( هەڤاڵ) کە بە پادشای قسەی خۆشی دەناسم. بەشێك لە مرۆڤەکان زۆر حەزیان لە گوێگرتن و فێربوونە و هەشە میتری بۆ پێوانی دوونیا هەڵنەگرتووە و خەمی بۆ هاڵناگرێت. هەیە زۆر غەم دەخوا و بەشتی پچووکەوە خۆی سەرقاڵ دەکا و هەشە جیاوازی لە نێوان چیاکاندا و لێک دووریان بە سروشتی ژیان سەیردەکا و تۆزی غەریبی لەسەر نانیشێت . بەڵام ئەوەی زۆربەمان  حەزمان لێیەتی خواردنی خۆش و بەتامە. محەممەد قەرەخدری لە گەڵ ئەوەیدا کادرێکی داوێن پاك و تێکۆشەر و قارەمانبوو، دڵی زۆر بەخواردنی چەورو چۆڵ دەکرایەوە و کورێکی خانەدان و بەدڵە  و زۆر جار لە نێو حیزبدا بەسەرماندادەدا و دەبووینە میوانی ناوەختی. بەرە بەرەی ٢٥ی گەلاوێژ بوو، ڕێژیم لەو مانگەدا هەستیاری زیاتر دەبوو و ئەو شوێنانەیش کە حزوری کادر و پێشمەرگەی لێبایەوە، بەتایبەتی تیمی تەشکیلاتی هێزی زیاتری بۆ ڕەوانەدەکرد هەتا فشار بخەنە سەر هەڵسوڕان و جموجۆڵی سیاسی و تەشکیلاتیان یان ئەوەتا لە بۆسەیان بەخەن و زیانیان پێبگەیەنن. لەو کاتەدا ئێمەش بێ پشوودان و ماندووبوون لە ناوچەکەدا هەڵدەسوڕین و جار هەبوو بە شەوێك سنووری دوو لە ناوچەکانمان دەبڕی، هەتا  هەم سەر لە هێزەکانی دوژمن بشێوێنین و شوێنەونکەی باشبکەین و هەمیش خۆمان لە دەستیان  بپارێزین. ڕۆژێك دانیشتبووین و بیرمان لە خۆمان و داهاتووی حیزب و خەباتە ڕەواکەمان دەکردەوە و بە دڵێکی پڕ لە غەمەوە دەکەوتینەوە یادی ئەو کادر و پێشمەرگانەی حیزب کە تا دوێنێ زۆر جار بە یەکەوە لەو شوێنەدا مابووینەوە(گ.ن ). روخساری گەش و ئاڵیان وەك تابڵۆیەکی جوان بە وێنەی مانگی چاردە سەر قەدی دار بەڕوەکانی جێنەدەهێشت و هێشتا بزە و هەڵسوکەوتیان هەر لە بەرچاوبوو. بەدەم دەیان خەیاڵ و بیری ترەوە، دمەتەقەیەکی خۆماڵیانەمان دەکرد و باسی هەرشوخۆشی ئەو دونیایەمان بۆ یەك دەگێڕایەوە و جار جارەش بزەی شادی و پێکەنین دڵی دەبزاوتین و ئومێدی ژیانی پیدەداین. لە پڕ ئەو ڕۆژە بڕیارماندا بۆ چەند ڕۆژێك لە ناوچەی بەریمێرگان خۆمان بزرکەین وپشوویەکیش بدەین. لە ڕۆژی دووهەمدا کە لە جێگایەکی ئەمین و سەلامەتدا مابووینەوە، قەرەخدری گووتی : ئەڕێ کوڕینە دەڵێن چی خەمی خوارنێکی بەتام و باش بدەین و (س.م) بنێرین لە شار کەباب و قەنادی و شووتیەکی خۆشمان بۆ بێنێت. ئەو کات ئەو شتانە بابەتی بەردەوام و هی ڕۆژانەی زۆربەی کادر و پیشمەرگەکانی حێزب بوو، چوونکی زۆر جار هەبوو بە حەفتە چاومان بەخواردنی گەرم نەکەوتووە. ژیانی شۆڕش و خەبات زۆر دژوار و تاقەت پڕوکێن بوو. بەڵام بیروباوەڕ و بڕوا بەخەباتی نەتەوایەتی هاندەری سەرەکیمان بوو کە بەردەوام بین لەسەر ئەو رێبازی کە ئامانج لێی ڕزگاری گەل و خاکە. ژیانی پێشمەرگایەتی ئەو سەردەمی، بەدەربوو لە خۆدەرخستن و مانۆڕدانی بێکردار و دوورکەوتنەوە لە نێو دڵی خەڵك و خاكی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا. ئەو شانازیانەی کە وەك گرینگترین سەرمایەی ژیان لەلاماندا پیرۆزە و بەرز و درەوشاون، هی ڕۆژانێکن کە ” کەم ژیان و کەڵ ژیان” ی ئەو کادر و پێشمەرگانە بوو کە دەرەقەتی ئەو قۆناخەی خەبات دەهاتن. بە دڵنیایەوە زۆربەتان ڕەنگە ئەوەتان لە بێرمابێ کە دەچووینە گوندەکان، نۆشابەی گەرمان دەخواردەوە هەتا هەر نەبێت بڵێن  ئەوەیشمان خواردەوە و خۆمان بە خەڵکی شاری بزانین و پۆز بەسەر زەویدا بکەین. لە زۆر شتی جوان و خۆشی ژیان بێبەش بووین. بەڵام ئەخلاق و کردەوەی جوانی سیاسی و تەشکیلاتی و رێزگرتن لە بنەما فیکری و سیاسیەکان، سەختیەکانمان تەحەموول دەکرد. ئەوەی ڕاستی بێت، من و ئەحمەد رووبیتەنیش لە سەر پێشنیارەکەی لاریمان نەبوو و بە کەیف خۆشیەوە وڵامان بەڵی بوو کە ئەوەش هێندەیتر دەڵی قەرەخدری خۆشکرد و بزەی شادی وەك میوانی هەمیشەی لە ڕوخساری دەرکەوت. هەر ئەو ڕۆژە شتەکانمان بۆهات. پاش ماڵ ئاوایی لە س.م کە هێشتا چەند هەنگاوێک لێمان دوور نەکەوتبوویەوە و هەستمان بە دەنگی پێیەکانی لە نزیك خۆمان دەکرد.  قەرەخدری خێرا کەبابێکی ئەودیوکرد و هەر بەدوای ئەویشدا قاشێکی گەوەری شوتیەکەشی هەڵدایە سەری و سەیری ئێمەی دەکرد و بزەی دەهاتێ. لەو کاتەدا رووبینتەن رادیوی دەنگی کوردستانی کردوە و راست وەختی هەواڵ خوێندنەوە بوو و زۆر بەئارامی گوێمان بۆشلکردبوو هەتا بزانین ئەمڕۆ لە کوردستان و ئێران چی روویداوە خەبەرێکی ئەوتۆ هەیە کە دڵی پێخۆش بکەین. چوونکی بەداخەوە شتەکان و هەوڵەکان هەموویان دووبارە و چەند بارەبوون و هیچی ئەوتۆی تێدانەبوو کە تۆزێك لە ئامانجەکامان نزیك بخاتەوە. هەرلەوکاتەشدا بەردەوام بووین لەسەر خواردن و وەك ئەوەی کێبەرکێی خواردن لە نێوانماندا ڕێکخرابێت، لە نێو کەش و هەوایەکی ئارام و سازگاری ناوچەکەدا، دەمانڕوانیە سەر چٶمی کەڵوێ و هێندێك جار بەدەستی خۆمان نەبوو مەلی خەیاڵ دوورمەودا دەفڕی و هەست و جەستی شەکەت و ماندووی سڕ دەکردین.  بەدەم خەیاڵ و هەستی ئازادی و ڕزگاری کوردستان چاومان دەگیڕا و خواردنەکانمان دەخوارد و لە ڕاستیدا شتێکی ئەو تۆمان لە پێشنەمابوو. لە پڕ لە هەواڵەکانی دەنگی کوردستاندا، خەبەری دەرمانداوکردنی تیمێکی تەشکیلاتی کومیتەی شارستانی سەقزی بڵاو کردەوە کە ژهریان بۆ کرابوویەوە ناو خوارنەوە. بە هۆی کاریگەری ژەهرەکەوە ساڵح سەقزی بەداخەوە شەهید دەبێ و سەید ئەحمەد حوسێنی و هاورێکەی تر کە ناوم بیر نیە لە مەترسی شەهیدبوون ڕزگاریان دەبێ. لە کات و حاڵیکی ئەوتۆدا دەبوو ئێمە چ هەستێکمان هەبووایە. بەشێکی دڵتەنگی بۆ ئەو رووداوە ناخۆشە و گیانسپاردنی کادرێکی بەوەجی کومیتەی شارستانی سەقز ، ئەوەی تریش ڕاست کەمترخەمی خۆمانبوو کە ئەو خواردنانەمان بە م.س نەخواردبوو. پیاو لەوکاتەدا لە هەموو شتێك گوومان دەکا. سەرباری نیگەرانی و دڵەڕاوکێی زۆر، پێکەنین بەیەکدی زۆر چاك بەرۆکی گرتبووین و هەرکەسە لەبەر خۆمانەوە دەستمان بەپاڕانەوەکردبوو و کە کێ زۆرتری خواردوە و کێمان کەمتری خواردوە. لەووەختەدا پێکەنین و گاڵتە و گەپ بەیەکدی  هەستێکی دەرونی زۆر باشی بۆ درستکردین و لە دڵەڕاوکێ و نیگەرانی تاڕادەیەك ڕایچڵەکاندین. کاك ئەحمەد رووبینتەن بە خێرایی گووتی هەتی بۆچی لە شتەکان توزێکان بە م.س پێنەخوارد، نەکا دەرمانی تێکرابێت؟ ئەو کەسەی شتەکانی بۆ هێنابووین زۆر باوەڕ پێکراو ئەمین بوو ، بۆ ئەوەی نەدەبوو گوومانی لێبکرێ. مرۆڤێکی باوەڕ پێکراو تەشکیلاتی بوو و دۆست و باوەڕپێکراوی خۆمانبوو. بەڵام لە وەختێکی ئەوتۆدا مرۆڤ گومان لە سێبەرئ خۆشیدەکات و بیری بۆ هەر شتێکی خراپ دەچێت. کاك محەممەد قەرەخدری کە لەو کاتەدا سەرباری نیگەرانی و دڵەڕاوکێی زۆر، خۆی بە مەقەسیر دەزانی و پێیوابوو ئێمە لەبەر ئەو ڕازی بەکارێکی وابووین. لەولاوە هەڵیدیەوە وگووتی:  بەخوا زۆر باشبوو من زۆرم نەخوارد و نیگەران نیم لەوەی خواردوومە و دڵنیام  هیچم بەسەر نایەت ئەگەر دەرمانیشی کرابێتەوە ناو. ئەحمەدیش هەر بەوجۆرە بۆخۆی دەپاڕایەوە و هەوڵیاندەدا هەر بەقسە لەو نێوەدا من بکەنە قوربانی نەوسەکە. منیش روومکردە کاك محەممەد قەرەخدری و رووك و راست پێمگووت: کاکەگیان ئەوەی ناوێت، هەموومان کێبەرکێی خواردنمانبوو و هیچمان لە بەرنەماوەتەوە لەو شتانەی بۆمان هاتبوون. بەڵام باقسەی خۆمان بێت ئەوەی بای شەهید بوونەکەی خواردوە لە نێو ئێمەدا بەخوا دەبێت بڵێم بەداخەوە کاك محەممەد قەرەخدری ئەوە ئەتۆی و من و ئەحمەدیش هەر بای سەر رووتانەوەمان خواردوە. دیارە تۆزێك نیگەران بووین! چەند ڕۆژێك خۆمان خستبویەوە ژێر چاوەدێری نەکا دووایی چەند ڕٶژێك کارەساتێك رووبدات و ئەگەر بێت و هەست بە ناتەندروستی بکەین، ڕێگا و شوێنی تایبەتی بۆ بگرینە بەر و خێرا دەفکری چارەسەرکردن دابین.

محەممەد سلێمانی