وتووێژ لەگەڵ سکرتێری گشتیی حیزب لەبارەی دوا پێشهاتە سیاسییەکانی ئێران و ناوچە

دیمانە: مووسا باباخانی
مستەفا مەولوودی: بەرجام نە بۆ خەڵکی ئێران بوو بە نان و ئاو نە نیگەرانیی کۆمەڵگەی جیهانیی لە ڕەفتاری کۆماری ئیسلامی ڕەواندەوە

«کوردکاناڵ»، زمانحاڵی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەو حەوتوویەدا وتووێژێکی لەگەڵ بەڕێز کاک مستەفا مەولوودی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان پێک هێنا. لەم وتووێژەدا گۆڕانکارییەکانی ئێران و ناوچە، کاریگەریی هاتنەدەرێی ئەمریکا لە بەرجام، ئاسۆی ناڕەزایەتییەکان لە ئێران و، نەخش و شوێنی پرسی کورد لە گۆڕانکارییەکانی ئێستا و داهاتووی ئێراندا تیشکیان خرایە سەر.

«کوردستان» پوختەیەک لەو وتووێژە دەخاتە بەرچاوی خوێنەرانی.

کاک مسته‌فا ئۆپۆزیسیونی کۆماری ئیسلامی دەڵێ ئەو ڕێژیمە وەک دەنوێنێ بەهێز و خۆڕاگر نیە. هەروەها باس لەوە دەکرێ کە ئێران لەگەڵ قەیرانی زۆر بەرەوڕوو بۆتەوە. حیزبی دێموکرات چۆن چاو لە گۆڕانکارییەکان لە ئێرانی ئێستادا دەکا؟

حیزبی دێموکراتی کوردستان وەک هێزێکی سیاسیی دژبەری کۆماری ئیسلامی جەوهەری خەباتەکەی بۆ دەستەبەری مافە سیاسی و مەدەنییەکانی خەڵکی کوردستانە، ئەوەی کۆماری ئیسلامی حاشای لێ دەکا. حیزبی ئێمە لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا هەوڵی داوە بە هەموو شێوەیەک دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بێنێتە سەر ئەو قەناعەتە کە پرسی کورد و نەتەوەکانی دیکە لە ئێران ببینێ و دانی پێدا بنێ. حیزبی ئێمە هەر لە سەرەتای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران و هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی باسی لە چارەسەری پرسی کورد لە ڕێگەی وتووێژ و دانوستان کردوە، هەروەها بەو دوورئەندیشییەی ڕێبەرانی حیزب بوویانە، لە کۆنگرەی 5ی حیزبی دێموکراتەوە دروشمی ڕووخان و گۆڕینی ڕێژیمی هەڵگرت. هۆکارەکەشی ئەوە بوو کە لای وابوو ئەم نیزامە چ لە ڕووی سیاسی، چ لە ڕووی دابینکردنی ماف و ئازادییەکانی خەڵک و پێکهاتەکانی گەلانی ئێران و دەستەبەری دێموکراسی ناتوانن وەڵامدەری ویست و داوای خەڵک بێ، بۆیە ئەم ڕێژیمه ‌ده‌بێ بڕوا. ئێستاش بە سەرنجدان بە ڕاستییەکانی کۆمەڵگە و ئەم کەلێن و مەودا زۆرەی لە نێو خەڵک و دەسەڵاتدا هەیە، دەردەکەوێ شوعاری حیزبی دێموکراتی کوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی قورس بووه‌ له‌و کاتدا، به‌ڵام له‌ جێگای خۆیدا بووه. ئەم ڕێژیمە نەیتوانیوە و ناتوانێ حوکمەتێکی وەڵامدەری ویست و داخوازییەکانی خەڵکی ئێران بێ. بۆیە دەبینین ناڕەزایەتییەکان بەردەوام لە پەرەئەستن دان و ڕۆژ نیە چەند ناڕەزایەتییەکی گشتی لە چەند شار و ناوچەیەکی ئەم وڵاتە لە نێو چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگە بە دژی دەسەڵات وەڕێ نەخرێ. ئێمە بە ئەزموونێک لە لانیکەم لە سەدەی ڕابردووی خەبات و تێکۆشانی خەڵکی ئێران هەمانە، دەگەین بەو ئاکامگیرییە کە خەڵکی ئێران لێ بڕاون و بەرەو ئەوە دەچن کە ئەو ڕێژیمە لە کۆڵ خۆیان بکەنەوە.

 

کاک مستەفا لە ئێستادا کۆسپە سەرەکییەکانی بەردەم گۆڕینی ڕێژیم چین؟ بۆ ئەو ناڕەزایەتییانە نەبوونە هەوێنی ڕاپەڕینێکی بەرینی جەماوەری بە ئاراستەی ئینقلاب و گۆڕینی ڕێژیم؟

ڕاستە لە ئێستادا لە سۆنگەی سیاسەتە چەوت و هەڵەکانی ڕێژیم لە هەموو بوارەکاندا ناڕەزایەتی زۆرە و بواری پەرەسەندنی ئەو ناڕەزایەتییانە و حزووری خەڵک بۆ گۆڕینی ڕێژیم لەبارە، بەڵام ئەوە بەو مانایە نیە کە هەموو زەمینەکە ڕەخساوە. حاشا لەو حەقیقەتە ناکرێ کە خەڵکی ئێران زەرفییەتی خەباتگێڕیی ئەوەیان تێدا کە بەرەوڕووی ڕێژیمێکی سەرکوتگەر و داپڵۆسێنەری وەک کۆماری ئیسلامی ببنەوە و لە بەرامبەریدا ڕاوەستن و تێچووی ئەو بەرەنگارییەش بدەن. بەڵام ئایا دەسەڵات لە ئێستادا بە گژی خەڵکدا دێتەوە یان پاشەکشە دەکا و هەوڵی دەربازبوون لە قەیرانەکان دەدا، یان ئەوەی بەریەککەوتنە قورسەکە ڕوو دەدا و خەڵک ئامادە دەبن تێچووە قورسەکەی ڕووخاندنی ڕێژیم بدەن، ئەوە دەبێ کاری زیاتری بۆ بکرێ و بواری خۆشتری بۆ بڕەخسێندرێ. ئاراستەکان دەبێ بەو لایەدا بن کە ئەوەندەی دەلوێ خەڵک بە تێچووی کەمترەوە ئەو ڕێژیمە لە کۆڵ خۆیان بکەنەوە.

 

ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی و هێزە کوردییەکان و بە تایبەت حیزبی دێموکرات بۆ ئەو مەبەستە چییان کردوە؟ چی دەکەن و بە تایبەت حیزبی دێموکرات لەو بارەوە بەرنامەی چیە؟

مەسەلەی ئەڵتەرناتیڤ و ئۆپۆزیسیونی جیددی باسێکی گرینگە. کۆماری ئیسلامیی ئێران هەر لە سەرەتاوە بە زەبروزەنگ و سیاسەتی توند و تیژ کەوتە وەلانی دژبەرانی خۆی. لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردووشدا هەموو مەبەستەکانی لەسەر ئەو تەوەرە بووە کە نەهێڵی ئۆپۆزیسیۆنێکی بەهێز دروست ببێ و ڕێبەریی سیاسی و ڕێکخراوەیی ناڕەزایەتییەکان بکا. هەڵوەشاندن و لەنێوبردن و لە مەیدان وەدەرنانی ڕەوت و رێکخراوەکان، گرتن و ئێعدامی دژبەرانی سیاسی و تێرۆری مخالیفانی سیاسی بەشێکی سەرەکی لە هەوڵەکانی ڕێژیم لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا بووە و لە حەقیقەتدا کاریگەریی خراپیشی لەسەر شکڵنەگرتنی ڕێبەرییەکی سیاسیی کارامەی دژبەری ڕێژیم داناوە. بەڵام ئەوە ناتوانێ هەروا بمێنێتەوە و رێژیم پاڵ بداتەوە و بە ئەرخەیانی بڵێ ئۆپۆزیسیۆنم نەهێشتووە. خەڵکی ئێران خەباتگێرن و هێزە سیاسییەکانیش لە ئێران خاوەن کارنامەی دیار و ڕوونن و بێگومان ئاراستەکان دەگۆڕدرێن. ئەوە نیە سەرباری ئەو دۆخە و لە نەبوونی ڕێبەرییەکی یەکگرتووشدا بەڵام ناڕەزایەتییەکان هەردەم لە زیادبوون و پەرەسەندن دان. مەسەلە ئەوەیە کە کاردەکە گەیوەتە ئێسقان و ئاستی تەحەمولی خەڵک ئیدی ئەوە نیە ڕێگە بە بەردەوامیی تەڕاتێنی ئەو ڕێژیمە بدا. هەر ئەو بارودۆخە خۆی یارمەتیدەرە بۆ دروستبوونی ڕێبەریی سیاسی و ئۆپۆزیسیونی بەرپرسیار بۆ ڕێکخستنی خەڵک و وزەی خەباتگێڕییان بە دژی کۆماری ئیسلامی.

 

بەدەر لە ناڕەزایەتییە گشتییەکان، ئەدی پرسی کورد لە ئێران و خەباتی سیاسی و نەتەوەیی کورد لە کوێدا جێ دەگرێ؟ ئێوە بۆ دواڕۆژی گۆڕانکارییە بنەڕەتییەکان لە تاران چیتان کردوە؟ هێزە سیاسییەکانی کوردستان چییان لە بەردەستە؟

ئه‌وه‌ی جه‌نابت ئاماژەت پێدا لە جێی خۆی دایە. ئێمە لامان وایه‌ پرسی سیاسیی کورد له‌ کوردستانی ئێران و پرسە ئابووری و مەدەنی و کۆمەڵایەتییەکانی دیکەی کورد له‌گه‌ڵ خه‌ڵکی ئێران و له‌ مه‌رکه‌زی ئێران، واتا لە تاران چاره‌سه‌ر ده‌کرێ. بۆیە بەر لە هەموو شتێک پێویستە پرسی کورد و بزووتنەوەی سیاسیی کورد گرێ بدرێ بە بزووتنەوە سەرانسەرییەکان و لەگەڵ ئەوان ڕێک بخرێ. وەک پێشتریش باسم کرد ئەگەرچی سیاسەت و ئامانجی ڕێژیم لێدان لە ئۆپۆزیسیون و نەهێشتنی بووە، بەڵام بە خۆشییەوە کورد و بزوتنەوە سیاسییەکەی و هێزە سیاسییەکانی کوردستان و یەک لەوان حیزبی دێموکراتی کوردستان لە مەیداندا ماونەتەوە و حزووری بەرچاو و شوێندانەریان لە گۆڕانکارییاندا هەیە. بەو ئەزموونە سیاسییە پڕبایەخەی هێزە سیاسییەکانی کوردستان هەوڵەکان ئەوەن کە بزووتنەوەی سیاسیی کورد لە نێوخۆی وڵات تێکەڵاویی زیاتری هەبێ لەگەڵ بزووتنەوە سەرانسەری و گشتییەکان لە تەواوەتیی ئێراندا. حیزبی ئێمە لەسەر ئەو تەعامولە و دروستبوونی ئەو پێوەندی و لێگرێدانی خەباتە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کاری کردوە و بەرنامەکانی دەباتە پێشێ.

لە دەرەوەی وڵاتیش کەس و کەسایەتی و ڕەوتی سیاسیی جۆراوجۆر هەیە کە لەگەڵیان لە پێوەندی داین و هەموو مەبەستەکەش ئەوەیە کە ڕێ بۆ دروستبوونی هاوپێوەندییەک خۆش بکرێ و ئەو بۆشاییە پڕ بکرێتەوە کە کۆماری ئیسلامی لە پێناو درێژکردنەوەی تەمەنی دەسەڵاتەکەیدا دروستی کردوە. بێگومان دروستبوونی ئەو ئیئتلاف و هاوپێوەندییە کە بەرەو شکڵگرتنی ئادرەسێکی دەقیق بڕوا، وزە و توانای زیاتر بە خەڵک و ڕێکخستنی ناڕەزایەتییەکان لە نێوخۆی وڵاتدا دەکا. ئێمە لەو بەسێنەشدا هەر چالاک و لەسەر خەتین.

 

کاک مستەفا کوردستان ئەزموونی تاڵ و شکستخواردووی 57ی هەیە. گۆڕانکارییە سیاسییەکانیش چاوەڕواننەکران، ئێوە ئامادەیی هێزە سیاسییەکانی کوردستان بۆ بەرەڕووبوونەوە لەگەڵ گۆڕانکارییەکان چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

لە پێشدا با بڵێم کە ئەزموونی 57 و بەشداریی کورد لەو ڕاپەڕینە شکستخواردوو نەبووە. هەم خەڵکی ئێران و هەم گەلی کورد دەسکەوتی باشیان لە…

ڕووخاندنی ڕێژیمی پاشایەتیدا هەبوو. دیارە ڕاستە دەسکەوتەکانی کورد بارتەقای خوێن و قوربانیدانی خەبات و تێکۆشانی دەیان ساڵەی خەڵکی کوردستان نەبوو، بەڵام بەشداریی کورد لە شۆڕشی گەلانی ئێران و دواتر زیندووبوونەوە و بووژانەوەی بزووتنەوەی سیاسیی کورد وایکرد کە لە ئێستادا بە خۆشییەوە مونسەجیمترین هێزی سیاسی لە ئێراندا هێزە سیاسییەکانی کوردستان بن. ئەمن لام وایە سیاسیبوونی خەڵکی کوردستان، شعوور و تێگەیشتوویی سیاسیی و پێگەیشتوویی ئەوان لە خەبات و گەشەکردنی خەبات و تێکۆشانی مەدەنیی خەڵک ئەوانە هەموو دەسکەوتی بزووتنەوەی کورد لەو ئەزموونەن کە جەنابت باسی دەکەی.

لە ئێستاشدا حیزبی دێموکراتی کوردستان و هەروەها هێزە سیاسییەکانی دیکەی کوردستانیش دەتوانین بڵێین ئەرکێکی قورسیان لەسەر شانە. ئەوەی وەک پێشتریش باسمان کرد لەگەڵ بزووتنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی سەرانسەریی وڵاتدا هەماهەنگ بچێتە پێشێ و پێکەوە بە ئاراستەی گۆڕینی رێژیم و هێنانەسەرکاری دەسەڵاتێکی دێموکراتیک کار بکەن، کە لەو حاڵەتەدا کوردیش پشکی لە دەسکەوتەکان هەبێ و دەستەبەری مافە نەتەوەیی و مەدەنییەکانی کردبێ. بە گشتی ئەرکی هێزە سیاسییەکانی کوردستان خەبات دژی ڕێژیم و تێکۆشان بۆ وەدیهێنانی مافەکانی گەلی کوردە کە دەبێ پێکەوە هەماهەنگ و یەکڕیز بن. گۆڕانکارییەکانیش کەم نین و بەرچاون. چوار دەیە لەوە پێش کەم هێزی سیاسی لە ئێران باوەڕی بەو ماف و داخوازە نەتەوەییانە بوو، بەڵام ئێستا دەبینین کە زەروورەتەکان مەنتیقی ئەو لێک تێگەیشتنەی دروست کردوە و بێگومان ڕێژیمێک کە دوای ڕووخان یان نەمان و گۆڕانی کۆماری ئیسلامی بێتە سەرکار، ئەزموونێکی لە سیاسەتە چەوت و هەڵەکانی ڕێژیمی ئێستا دەبێ. بۆیە دەبێ بە هەموومان کار بۆ دەربازبوون لەو دۆخە و هێنانەسەر کاری دەسەڵاتێکی دێموکراتیک بە پاراستنی مافی هەموو پێکهاتە و جۆراوجۆرییەکان لە ئێرانی داهاتوودا بکەین.

ئەدی ڕاتان لەسەر ململانێی توندی ئێستای ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی چیە؟ ئایا بەو ستراتیژییەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاندوە، ئێران ناچار بە پاشەکشە دەبێ یان شتی دی ڕوو دەدا؟

مەسەلە سیاسەتی دەرەوەی ئێران و بەرزەفڕی و هێژمۆنیخوازییەکانی رێژیمە کە لە چوار دەیەی ڕابردوودا ژیانی لە خەڵکی ئێران تاڵ کردوە و خەریکە دەبێتە خاڵی یەکلاکەرەوەی چارەنووسی ڕێژیمیش. دەیان ساڵە کۆماری ئیسلامی لەسەر حسێبی سامانی گشتیی ئێران سیاسەتی دەستێوەردەرانە و ئاژاوەخوڵقێنیی لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا بردووەتە پێشێ و ئەمنیەت و سەقامگیریی لە ناوچە هەڵگرتووە. لە هەموو بشێوییەکانی ناوچە، لە یەمەن، بەحرەین، لوبنان، عێڕاق و سووریە و زۆر جێگەی دیکە کۆماری ئیسلامیی ئێران لایەنێکی قەیران و ئاڵۆزییەکەیە. ئەوە کێشەی نەک بۆ خەڵکی ئێران، بەڵکوو بۆ سەر بەرژەوەندیی وڵاتانی زلهێز لە ناوچەش دروست کردوە. ئەوە بوو کە وڵاتانی زلهێزی دنیا ویستیان لە چوارچێوەی «بەرجام»دا لەگەڵ ئێران ڕێکبکەون، بەڵام بینیمان کە بەرجام نە بۆ خەڵکی ئێران بوو بە نان و ئاو، نە توانیی نیگەرانییەکانی کۆمەڵگەی جیهانی لە سیاسەت و نەخشی خراپی ئێران بڕەوێنێتەوە و لە ئێستادا ئەمریکا بە جۆرێک و یەکیەتیی ئورووپا و ڕووسیەش بە جۆرێکی دی لەگەڵ ئێران کەوتوونەتەوە بەرامبەری یەک.

لە پێوەندی لەگەڵ ململانێی ئێران و ئەمریکادا دەبینین کە ئورووپا و وڵاتانی ناوچەش لە هەوڵی جۆرێک سازان و نیزیککردنەوەی ئەم دوو وڵاتەن، بەڵام ڕوونە لە ئەگەری سەرنەگرتنی ئەو هەوڵانەدا، بە لەبەرچاوگرتنی قورسایی و پارسەنگی هێز شانسی زیاتر بۆ ئەمریکایە کە ئێران ناچار بە ملدانەواندن بۆ مەرجەکانی بکا. ئەوەی لەو نێوەدا دەتوانێ گرینگ بێ ئەوەیە کە خەڵکی ئێران و بزووتنەوەی ناڕەزایەتی وڵاتەکەمان بتوانێ لەو فشارانەی دەخرێتە سەر ئێران بە قازانجی بردنەپێشێی ئامانجەکانی کەلک وەرگرێ.

فاکتۆر و پاڵنەری دەرەکی یان فاکتۆرە نێوخۆییەکان کامیان دەتوانن کاریگەریی زیاتریان لەسەر گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە ئێراندا هەبێ؟

بۆ خەڵکی ئێران و بۆ ئێران و بۆ کۆمەڵگەی ئێران زۆر تەبیعییە دەبێ ئەولەوییەت بدا بە فاکتەری نێوخۆیی. چونکی فاکتەری نێوخۆیی دەرەنجامی پێویستی و نیازی خەڵکی ئەم وڵاتەیە و خەڵکی ئەم وڵاتەیە کە دەزانێ چیی دەوێ و دەزانێ چ هێز و حکومەتێک لا دەبا و کێ دێنێتە سەر کار. لەو نێوەدا فاکتۆڕی دەرەکی دەتوانێ دەرفەت و بواری گونجاوتر بخوڵقێنێ، بەڵام مەرج نیە فاکتەری دەرەکی هەمووی بە قازانجی خەڵکی ئێران بێ، چونکی بەرژەوەندیی وڵاتانی دیکەی تێدا بەندە کە لەوانەیە لەگەڵ بەرژەوەندیی خەڵک ئێران لە زۆر جێدا یەک نەگرنەوە. بۆیە گرینگی و ئەولەوییەت هەر بە فاکتەرە نێوخۆییەکانە کە داهاتووی دڵخواز بۆ ئێرانی لەسەر بنیات دەنرێ.

کاک مستەفا زۆر سپاس بۆ بەشداریتان لەو دیمانەیەدا

سپاس بۆ ئێوەش و ماندو نەبن.

لە ژمارەی ٧٢٧ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)