بەشێک لە وتووێژەکانی مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەن زادە
نامیلکە و کۆکراوەی بەشێک لە وتووێژەکانی بەرێز مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەنزادە کەسایەتی سیاسی کورد لە ریزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و هەروەها وەرگێر و نووسەری بەناوبانگی کورد لە لایەن کاک ڕەحمان نەقشییەوە.
شایانی باسە کە ئەم نامیلکەیە دەیان وتووێژی جۆراوجۆری لە سەر هەلومەرجی کوردستان، ئێران و جیهان و هەروەها حیزبی دێموکراتی کوردستان و ئاڵۆگۆڕەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و ڕووداوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ناوچەی لەخۆ گرتووە و لە بواری ئەدەبی و زمانەوەانییەوە گەلێک دەوڵەمەندە.
وەک بەرێز کاک قادر وریا لە پێشەکییەکەی دا نووسیویەتی کارئاسانی بۆ هەموو لایەک کردووە و لە سەرتەک ئەم نامیلکەیە ئێستا لەبەر دەستی خوێنەران دایە.
“کۆمەڵێک هەڤپەیڤین” زیاتر لە حەفتا وتووێژی بەڕیز عەبدوڵلا حەسەنزادەی گرتۆتە خۆ. ڕواڵەتی مەسەلەکە ئەوەیە، کاک رەحمان تەنیا وتووێژەکانی کۆ کردوونەوە و کردوونی بەو نامیلکەیە. واتە لێکۆلینەوەی نەکردوە، کاری نووسین و وەرگێران و پەرواێز بۆ نووسین و هتدیشی نەکردوە. بەڵام بۆ ئەوەی بایەخی ئەم کارەی بزانین هەر ئەوەندە بەسە سەرنج بدەینە دوو خاڵ. یەکەم ئەوە کە دەبێ ناوبراو چەند سەد سەعات یا چەندین شەو و ڕۆژ لە کاتی خۆی بۆ دۆزینەوەی ئەم هەڤپەیڤینانە و کۆکردنەوە و پاراستن و ئامادەکارییەکانی دیکەیان تەرخان کردبێ؟ ئەمە یانی ئەو پەڕی مایەدانان لە کاتی خۆی. دووهەم خاڵ ئەوەیە کە بەم ئەرک وەخۆگرتنەی چ خزمەتێکی گەورەی بەو کەسانە کردوە کە بە دوای ئەم وتووێژانە دا دەگەڕێن.