کۆچی گوماناوی بەرێز دوکتوور جەلال حاجی زادە (ڕامان) لە شاری سەردەشت

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٣ ـ ٠١ ـ ٢٠٢٠ بەرێز دوکتوور جەلال حاجی‌زادە ناسراو بە ڕامان، خاوەن بڕوانامەی دوکتورای زانستە سیاسی‌یەکان، چالاکی مەدەنی و نووسەر و لێکۆڵەر بە هۆی ڕاوەستانی دڵەوە گیانی لە دەستداوە.

بەرێز دوکتور ڕامان مرۆڤێکی لێزان و تێگەیشتوو و پێگەیشتوو، کەسێکی بوێر و چاونەترس بوو کە لە زۆر بواردا خزمەتی بە گەل و نەتەوەکەی کردووە و ساحەب هەڵوێست و بە ئیرادە بوو، قەڵەمێکی پاراو، قەڵەمێکی بوێر و ڕاستگۆ بوو، دەیزانی چۆن کەڵک لە قەڵەم و پێنووسەکەی بە قازانجی بیری نەتەوەیی بکات و نووسینەکانی چ ئەوانەی بە کوردی نووسیبوونی و چ ئەوانەی بە فارسی نووسیوونی، هەڵگری بیری نەتەوەیی و هاندانە بۆ ناسیونالیزمی کوردی و بۆ دەوڵەمەندتر کردنی بیری نەتەوەیی و سیاسی و ئەدەبی و ئەخلاقی و شوناسی کوردی.

بەرێزیان چەندین لێکۆلینەوەی ئاکادیمی و زانستی لە سەر دۆزی ڕەوای کورد کردووە و خاوەن سەدان بابەتی جۆراوجۆر بووە کە لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڵاو بوونەوە.یەکێک لە دوایین وتارەکانی بەرێز دوکتور ڕامان “دەستپێکێک لەسەر زەینی کوردی” بوو، کە لە لایەن خوێنەرانی کوردەوە پێشوازی چاکی لێکرا.

بە پێێ هەواڵ و بە دواداچوونەوەکان بە هۆی نووسینی بابەتەکانی و بە هەڵویست بوونی لە ئاست زوڵم و غەدرەکانی حکوومەتی ئاخوندی و بە دەنگ هاتنی لە سەر هەندێک بابەتی تایبەت، چەند جار بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی سەردەشت کراوە و لە ژێر گوشار دابووە، بەڵام ناوبراو هیچ کات ئامادە نەبوو کە واز لە بۆچوونەکانی خۆی بێنێ.

بە دوای کوژرانی قاسم سولێمانی لە کورتە نووسینێکدا ئاوا دەنووسێ: قاسم سولێمانی درێژەدەری عەقڵیەتی ئێرانی بوو کە سیاسەتی هەڵاواردن و پاکتاوی گرتبۆبەر و کوردیش یەکێک لە قوربانیانی ئەو سیاسەتەی قاسم سولێمانی بووە و دواتریش نووسیبووی بە نەمان و مردنی سولێمانی ئەو سیاسەتەش بەرەو کۆتایی دەچێ.

کۆچی ناوەختی دوکتور ڕامان خەڵکی شاری سەردەشت و ئەوانەی دەیناسن نیگەران و بە پەرۆش کردووە، لەگەڵ ئەوەدا کە تاکوو ئێستا هۆکاری مردنەکەی باس لە سەکتەی دڵ دەکرێ بەڵام هاوکاتیش بەشێک لە ناسیاوان و سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە بە هۆی دەرمانی تایبەت و بە پیلانی ئیدارەی ئیتلاعات و یا کاربەدەستانی ڕژێم گیانی لە دەست دابێ.

لە ناخی دڵەوە سەرەخۆشی لە ئەندامانی بنەماڵەی دوکتور ڕامان حاجی‌زادە و خزمان و ئاشنایان خەڵکی شاری سەردەشت و هەموو کوردستان دەکەم و خۆم بە شەریکی خەمی لە دەستدانی ئەو مرۆڤە دڵپاک و لێزان و نیشتمان‌پەروەرە دەزانم.

حەمەرەسووڵ کەریمی