هۆی کەمیی ڕۆڵی ژنان لە بەشی بەڕێوەبەریدا چیە؟ ئاسکە ئەمینزادە

ئەم بابەتەی کە ئەمڕۆ ئێمە و سەرجەم ژنان لە سەرانسەری جیهان کۆ دەکاتەوە تەنیا ماف و ئازادی ژن نییە، بەڵکوو لە بنەڕەتدا بابەتەکە پەیوەستە بە ڕزگاری هەموو کۆمەڵگە . نەهێشتنی زێهنیەتی سەردەستی و بندەستی کە خۆی لە ڕێگای دژبەری و لاواز کردنی پێگەی ژن بەهێز کردوە و دەرەنجامەکەی ئەوە بووە کە ژن بە چارەنووسی خۆی ڕازی بێت.

بەداخەوە لە زۆر کۆمەڵگە ئێستاش وشەی ژن وەک سووکایەتی بە کار دێت لە حاڵێکدا هەموومان لە ڕۆلی ژن لە ڕابردوو ڕا تا ئێستا لە کشتوکاڵ و ئاژەڵداری و بەشداری لە شۆڕشیشدا ئاگادارین. لە سەردەمی ئێستادا ئەو ڕۆلە گشتگیرتریش بووە و لە زۆربەی بوارەکانی ژیان هەر ژنەکە چەرخی ژیان دەسووڕێنێ.

ڕۆلی ژن لە بوونی منداڵ و بەخێوکردنی لە قوورسترین هەلومەرجەکاندا فاکتۆرێکی سەرەکییە. ژن ٩ مانگ منداڵ لە سکی خۆیدا بە خێو دەکا و دوای منداڵبوونێکی زۆر بە ئازار، تا ئەو کاتەی منداڵەکە پشت بەخۆی دەبەستێت هەر ئاگاداری دەبێت و بگرە تا مردنیش بەرامبەر بە منداڵەکەی هەست بە بەرپرسایەتی دەکات. هەروەها ئەرکی بەخێوکردنی ماڵ دیسان لەسەر ژنە. ژن سەلماندوویەتی کە هێزی سەرەکی ژنە و ژن خودی ژیانە.

کەواتە پرسیارێک دێتە پێش کە بۆچی ژن بە هەموو ئەو هێز و ڕۆڵانەوە کە لە ژیاندا هەیەتی، بەڵام ئێستاش دەورێکی کەمی لە بەڕێوەبەریدا هەیە؟
ئێمە وەک نەسڵی ئێستا بە بەراورد لەگەڵ دایکان و داپیرەکانمان زۆر خۆشبەختین، ئێمە لە جیهانێک و ڕۆژگارێک کە ئەوانی تێدا دەژیان ، ناژین، لە سەردەمی ئەواندا هەلی کار بۆ ژن زۆر سنووردار بوو، دەستەواژەی مافی مرۆڤ و مافی ژن زۆر نامۆ بوو. جێگای داخە کە دوای ئەو هەموو گۆڕانکاری و پێشکەوتنە ئێستاش لە زۆر شوێنی ئەم جیهانە مافی مرۆڤ و مافی ژن بە دووقات پێشێل دەکرێت. ئەگەر هەموو ئەو خاڵانە وەلانێین ئێستا کێشەمان هەیە کە بۆچی ژنان بە پلەی بەرز ناگەن. ئێستاش بە پێی ئامارە نێودەوڵەتیەکان بەشی ژنان لە پلە بەرزکان و پۆستە مودیریەتییەکان لەژێر ٢٠ دەرسەدە.

هەروەها کێشەیەکی دیکەی ژنان ئەوەیە کە ڕووبەڕووی هەڵبژاردنی قورس دەبنەوە لە نێوان ژیانی بنەماڵەیی و کاردا.

ئێستا ئێمە چۆن ئەوە چارەسەر بکەین؟

ئێمە وەک تاک دەتوانین چی بکەین؟

ئەو پەیامە چییە کە دەتوانین بە خۆمانی بڵێین؟

ئەو پەیامە چییە کە دەتوانین بە کچەکانمانی بڵێین؟

بۆ وڵامدانەوەی ئەو پرسیارانە باسی ٣ خاڵی گرینگ دەکەم.

پەیامی ژمارە یەک:

یەکێک لە کێشەکان ئەوەیە کە ژنان بە شێوەیەکی ڕێکوپێک تواناکانی خۆیان بە کەمتر دەخەمڵێنن.

ئەگەر ئێوە دەربارەی بابەتێکی بە تەواوی دیاری کراودا وەک نومرەی خوێندنیان، پرسیار لە ئافرەتێک یا پیاوێک بکەن، پیاوەکان بە دڵنیاییەوە نومرەکەیان کەمێک بەرزتر دەڵێن و ئافرەتەکانیش خوارتری دەڵێن.

ڕێژەیەکی زۆر کەم لە ژنان لە بارەی موچەی ساڵانەی خۆیان لەگەڵ سەرۆکەکەیان گفتوگۆ دەکەن، هەروەها زۆربەی کات موچەی پیاوان زۆرترە لە موچەی ژنان، وە لە هەمووی گرینگتر پیاوان سەرکەوتنێکی کە بە دەستی دەهێنن لە دەرئەنجامی کاری خۆیان دەبینن بەڵام ژنان سەرکەوتنەکەیان بەهۆی کەسێکیترەوە دەزانن.

ئەگەر لە پیاوێک پرسیار بکەن کە چۆن ئەو ئیشەت بە باشی جێبەجێ کرد، بێگومان وڵامەکەی ئەوەیە کە خۆم ئەنجامم داوە بەڵام ئەگەر هەر ئەو پرسیارە لە ژنێک بکرێ وڵامەکانی ئەوەیە کە دەڵێت : تەنیا ئەوەیە کە کەسێک یارمەتی داون یا بەخت یارمەتی داون یا ئەوان زۆر قورس ئیشیان کردوە.

ئەوە زۆر گرینگە چونکە هیچ کەس بە باشترین بەشی فەرمانگەکان ناگا ئەگەر تەنیا لە سوچێکدا دانیشێ و هیچ کەس پلەی بەرز نابێتەوە ئەگەر خەڵک و یان خۆشی بیر نەکەنەوە کە شایانی ئەوەن یان خۆی لە سەرکەوتنەکەی تێنەگا .

پەیامی ژمارە دوو:

ئەگەر ژنان و پیاوان بە تەواوەتی ئیش بکەن، منداڵیشان هەبێت، ژنان دوو هێندەی پیاوان ئیشی ماڵ ئەنجام دەدەن، سێ ئەوەندەی پیاوەکەش گرینگی دەدات بە منداڵەکە، کەواتە ژنەکە دوو یا سێ کار دەکات، بەڵام پیاوەکە تەنیا یەک ئیش دەکات.

پەیامی ژمارە سێ :

کاتێک ژن بیر لە هەبوونی منداڵ دەکاتەوە، هەر لەو ساتەدا بیر لە دابینکردنی هەموو پێداویستییەکانی منداڵ دەکاتەوە و ئەوەی چۆن ئەو بابەتە لەگەڵ کارەکەی بگونجێنێت. لەو کاتەوە کە بیر لە هەبوونی منداڵ دەکاتەوە چیتر بیر لە بەرز بوونەوەی پۆستەکەی ، یا وەرگرتنی پڕۆژەیەکی تازە ناکاتەوە. دەست لە گەیشتن بە ئارەزوەکانی هەڵدەگرێ و هەموو زکر و هۆشی دەبێتە منداڵەکەی . لەوانەیە بە هۆی پشووی پێش منداڵبوون و دوای منداڵ بوون تا ٢ ساڵ لە کار و پیشەکەی دوور کەوێتەوە. ئەو دوور کەوتنەوە وادەکات لە هاوکارەکانی دوا بکەوێ و هاوکارە پیاوەکان پێش ئەو پلە و مووچەیان بەرز بێتەوە، هاوکات بۆ قەرەبوو کردنەوەی ئەو دوا کەوتنە دەبێ زۆر زیاتر خۆی ماندوو بکا و بە قورسی کار بکا. بۆیە کارەکەتان بە جێ مەهێڵن تا ئەو کاتەی پێویستە لە شوێنەکانتان بمێننەوە تا کاتێک کە گونجاوە بوەستن بۆ منداڵ بوون

ئەوە یەکێکی دیکە لە فیداکاریەکان و باجەکانە کە ژنان دەبێ لە پێناو منداڵ بووندا بیدەن . کۆمەڵگە دەبێ ڕێزی ئەو فیداکاریە بگرێت و باجەکەی تەنها لە سەر دایک نەبێت و یاساکان بە شێوازێک بگۆڕدرێت تا چیتر مافی ژنان لە شوێنی کار بە هۆی منداڵ بوون زەوت نەکرێت.

هیوادارم کە لە نەوەکانی داهاتودا کوڕەکان توانای هەڵبژاردنیان هەبێت و بۆ هاوکاری کردنی تەواو چ لە ماڵدا یا لە مەیدانی کاردا و کچەکانیش لە بەر دەستکەوتەکانیان ببنە جێگای ڕێزو متمانەی خەڵک.

لە کۆتاییدا ڕۆژی جیهانی ژن واتا نوێ کردنەوەی پەیمان و بەڵێن و بردنە سەری ئاستی تێکۆشان، ڕۆژی وردبوونەوە و تێفکرین و بووژانەوەی بیرۆکەی ژیانی ئازاد. بۆ ژنان هەموو ڕۆژێک ٨ی مارسە و هەموو ڕۆژێك بەرخۆدانە.

ئاسکە ئەمینزادە