کۆچی دوایی برای بەرێزی مامۆستا عەبدووڵڵا حەسەن‌زادە

بۆ ئاگاداریی ئازیزان و هەموو دۆستان!
بەداخێکی گرانەوە ئاگادار بووم کە سەعات ٩ و نیوی ئەمشەو ١٩ لەسەر ٢٠ی ڕەشەمەی ١٣٩٨ تاقە

برا گەورەم کە لە ژیاندا مابوو، بە ناوی خدر حەسەن‌ زادە بە هۆی نەخۆشییەکی درێژخایەن لە شاری مەهاباد کۆچی دوایی کردوە. وەک لە کوردەواریدا دەڵێن دایک و باب لە ئینسانی پیر نابن، براش لەو ئازیزانەیە کە هەروەخت لە دەست بچن داخێکی گران لەسەر ڕووحی مرۆڤ دادەنێن. بەتایبەتی براکانی من کە هەموویان لە خۆم گەورەتر بوون هەقی زۆریان بەسەر منەوە هەبووە و لە منداڵیمەوە پشت‌وپەنام بوون و هەرچیم هەیە لەوانی دەناسم.
ئەوەی هەمیشە بۆ مەمانان تاڵ و جێگای کەسەر بووە، ئەوەیە کە لەو موسیبەتانەدا دەرفەتی ئەوەندەمان نەبووە لە دوا ساتەکانی ژیانی ئازیزانماندا لە پەنایان بین و دوا ماڵئاواییان لێ بخوازین. سەرباری ئەوەش کۆستی تازەی من لە هەلومەرجێکدایە کە لە کوردستان و تەواوی وڵاتانی دەوروبەر و تەنانەت هەموو دنیادا بەڵایەکی جیهانگیر لە ئارادایە کە دەرەتانی دانانی پرسە و وەرگرتنی سۆز و هاودەردیی دۆست و ئاشنایانیشی بۆ کۆستکەوتووان نەهێشتۆتەوە.
هەر بۆیە دەگەڵ ڕاگەیاندنی ئەو هەواڵە ناخۆشە و داوای شادیی ڕووحی برا گەورەی لەدەستچووم و ئاواتی سڵامەتی و تەمەندرێژی بۆ ئەندامانی بنەماڵەکەی، هەموو لایەک ئاگادار دەکەم کە بە هۆی ئەو بارودۆخە نالەبارەوە نیازم نیە مەجلیسی سەرەخۆشی دانێم و داوا لە سەروەران دەکەم لوتف و گەورەیی و هاودەردیی خۆیان بە ڕێگای تەلەفون و ئامرازەکانی دیکەی پێوەندیدا بە من و هەموو کەسوکاری خوالێخۆشبوو ڕابگەیەنن و زەحمەتی سەردان و سەرەخۆشیی حوزووری بە خۆیان نەدەن.
هیوادارم هەموو دۆستان و ئازیزانم لە بەڵا و موسیبەت بەدوور بن و لە خوای گەورە داوا دەکەم ئەو بەڵا گەورەیەش کە دنیای بەخۆیەوە خەریک کردوە، بە زوویی لە کۆڵ مرۆڤایەتی بکاتەوە.
دەگەڵ حورمەتی زۆر بۆ هەمووان.
عبداللە حسن‌زادە
١٩\١٢\١٣٩٨- ٩\٣\ ٢٠٢٠


بە بۆنەی کۆچی دوایی کەسایەتی دیاری ناوچەی سەردەشت، بەرێز کاک خدر حەسەن‌زادە برای کەسایەتی دیاری سیاسی کوردستان، ئەدیب و وەرگێر و نووسەر مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەن‌زادە ، لە ناخی دڵەوە سەرەخۆشی لە هەموو ئەندامانی گەورەی ماڵباتی حەسەن‌زادە لە دەرەوەی وڵات و لە نێوخۆی وڵات و بە تایبەت بنەماڵەی تێکۆشەر مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەن‌زادە دەکەم و خۆم بە شەریکی خەمی لە دەستدانی کاک خدری ئازیز و خۆشەویست دەزانم. تەمەن درێژی بۆ مامۆستا و خزمانیان.