کۆرۆنا و کۆماری ئیسلامی. ڕەحمەت مەحموودپوور

سەرەتا با بێین بزانین ئەم ڤایرۆسە کە ژیانی میلیاردها ئینسانی خستۆتە مەترسیەوە, چیە و لە کوێ را هاتوە؟
ڤایروسەکانی کۆرۆنا بەرگرتو لە یەک بنەماڵەی گەورەی ڤایرۆسن کە لە ئاژەڵەوە بۆ ئینسان دەگوازرێنەوە، وەکو ڤایرۆسی سارس SARS کە لە ساڵی ۲۰۰۳-۲۰۰۲ بڵاو بوونەوەی لە باشوری چین ڕاگەیاندرا کە توانی ژیانی ۷۷٤ کەس لە ۱۷ وەڵات بگرێ.
لە ساڵی ۲۰۱۲ جۆرێکی تری ئەم ڤایرۆسە بە ناوی مێرس MERS کە لە ووشترەوە بۆ ئینسان گوازرابوۆە، بیندرا و لە خاوەرمیانە دەرکەوت و توانی ۲۱٦ کەس لە ۱۹ وڵات دا بکوژێ، هەرچەند تا ئێستا دەرمانێک بۆ روبەروو بوونەوەی ئەم ڤایرۆسە نەبیندراوەتەوە.
جۆرێکی تازەی تری ئەم ڤایڕۆسە بە ناوی کۆویدی نۆزدە COVID-19 لە شاری ووهان سەر بە پارێزگای هوبی لە وەڵاتی چین بیندراوە کە زۆر بە خێرایی لە بڵاوبوونەوە دایە و زۆربەی وڵاتانی دوونیا لە ئێستادا هەڵگری ئەم ڤایرۆسەن.
کۆماری ئیسڵامی ئێرانیش یەکێک لەو وەڵاتانەیە کە گیرۆدەی ئەم ڤایرۆسە بوە و زۆربە خێرایی لە بڵاوبوونەوە دایە، تا رادەیەک کە لە کۆنترۆڵ کردن دەرچوە.
کۆرۆنا لە وەڵاتی برای گەورە چین لە دایک بوە و بە شاردنەوەی لە لایان حیزبی کۆمۆنیست، بو بە بەڵایەکی جیهانی و جگە لە ئێران لە زۆربەی وڵاتانی دوونیا بڵاو بۆتەوە.
کۆماری ئیسڵامی کە لە تەواوی تەمەنی نەگریسی خۆی دا بەردەوام خەریکی شاردنەوەی راستیەکان بوە و بۆ بەردەوامی خۆی هەر کارێک کە بۆی کرابێ کردوویەتی، لەو بابەتەشەوە دەستی گڵاوی خۆی وەشاندوە و ژیانی خەڵکی خستۆتە مەترسیەوە.
ئەگەر ئێمە بێین ئەو ئامارانەی کە کۆماری ئیسلامی دەیداتە دەرەوە، باوەڕیان پێ بکەین ، ئەوە لە هەڵە داین.
ئێران تا رادەیەکی زۆر گیرۆدەی ئەو ڤایرۆسە بوە وە ڕۆژانە خەڵکانێکی زۆر گیانی خۆیان لە دەست دەدەن .
دوای بڵاو بوونەوەی نەخۆشیەکی ئاوا دەوڵەتێکی باش دەبێ هاتوچۆی لە گەڵ چین کەم کردبایەوە و ئەو کەسانەی کە لە چین بوون پێویست بو کە لە قەرەنتینە لە ژێر چاو دێری بایەن و لە کرین و فرۆشتنی کەل و پەل پارێزگاری تەواویان کردبایە، بەڵام نە تەنیا ئەو کارەی نەکرد بەڵکو بە پێچەوانەی هەمو شتەکان کەل و پەڵی پێویست بە تەندروستی بۆ چین نارد و لە ئێستا دا خۆی توانای دابین کردنی بۆ هاوڵاتیانی خۆی نیە.
شاری مەزهەبی قۆم بە یەکەمین شار دادەندرێ لە بڵاو بوونەوەی ئەم ڤایرۆسە و هۆکارەکەشی دەگەرێننەوە بۆ سەدان قوتابی چینی کە لە خوێندنگا مەزهەبیەکانی قۆم خەریکی خۆێندنی دەرسی مەزهەبی بوون.
بێ هەڵوێستی بەرپرسانی کۆمار لێرەدا بۆ ئێمە دەبێتە پرسیار کە بۆ قۆم قەرەنتینە نەکرا؟؟؟
شاردنەوە و بێ هەڵوێستی بەرپرسانی کۆمار لە بابەت نەخۆشی کۆرۆنا لە قۆم بە زیادەرەوی مەزهەبی و نرخ دان بە باوەڕە مەزهەبیەکان لە جیاتی بیرکردنەوەی دروست بۆ کۆمەڵگا وای کرد کە قۆم قەرەنتینە نەکرێ.
بەرپرسان دەبا شاری قۆم یان قەرەنتینە کردبایە، بە ڵام هەر وەکو دەزانین لە تەواوی تەمەنی کۆماردا، خورافاتی مامۆستایانی ئایینیان پێ باشتر بوە لە روبەرو بونەوەی زانستی لە بەرانبەر هەمو کێشەکان و ئەم ڤایرۆسەشدا، حکومەت دەستیان لە سەر دەست دانا، و نە تەنیا قۆم لەم ڤایرۆسەدا قووم بو بەڵکو زۆر خێرا لە هەمو ئێران دا بڵاو بۆوە.
هۆکارێکی دیکەی شاردنەوەی کۆرۆنا، نزیک بوونەوە لە هەڵبژاردنەکانی پارڵەمان و خۆپێشاندانی ۲۲ ڕێبەندان بوو کە کۆمار بەباشی توانی کەڵکی لێ وەرگرێ و نەبوونی زۆری بەشداربوان لە هەڵبژاردنی پارڵەمان و خۆپێشاندانی ۲۲ ڕێبەندان ی خستە سەر هەبوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا و توانی جارێکی تڕ پارلەمانێکی بئ هەڵوێست و دور لە چاوەڕوانی خەڵک دابمەزرێنێتەوە و گوێ بە قسەی خەڵک نەداتەوە.
خەڵکی وەزاڵەهاتو لەو کۆمارە جگە لەوەی کە لە ئێستادا لە بارودۆخێکی دژوار دا دەژین و لەگەڵ گەمارۆی ئابووریدا ژیان دەبەنە سەر بە هۆی هاتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا ژیانیان هێندەی تر سەختتر بوە.
لە لایەک بێکاری و لە لایەکی دیکە نەبونی پارە بۆ دابین کردنی کەل و پەلی رۆژانە و لە هەموی خەراپتر ئەوەی کە دەبێ خۆیان بەرەنگاری ئەو ڤایڕۆسەببنەوە چۆن بەباشی دەزانن ئەو حکومەتە هیچ کارێکی لە دست نایەت و بەو هۆکارانە خەڵک لە بارودۆخێکی زۆر خەراپ دا ژیان بە سەر دەبەن.
کۆماری ئیسلامی رۆژ بە رۆژ لە مردنی خۆی نێزیک دەبێتەوە وە هەر رۆژە و خەلکانێک بە نەیارەکانیەوە زیاد دەبن .
بەو هیوایە کە هەرچی زووتر بە نەمانی ئەم ڤایڕۆسە نەمان و لە بەین چونی ئەو کۆمارە دیکتاتۆرەش ببینین .
ڕەحمەت مەحموودپوور