کۆچی دوایی کەسایەتی فەرهەنگی و خۆشناوی شاری سەردەشت کاک مستەفا نەقیب

کۆچی دوایی کەسایەتی فەرهەنگی و خۆشناوی شاری سەردەشت کاک مستەفا نەقیب

ڕێکەوتی ٠٦ ـ ٠٤ ـ ٢٠٢٢ ی زائینی کەسایەتی دیار و خۆشناوی شاری سەردەشت بەرێز کاک مستەفا نەقیب، دوای ماوەیەک بەربەرەکانی لە گەڵ نەخۆشی کۆچی دوایی کرد و ماڵئاوایی لە ژیان و گشت ئەندامانی بنەماڵە و ناسیاوان و دۆستانی کرد.

کاک مستەفا نەقیب لە ساڵی ١٣١٧ی هەتاوی لە شاری سەردەشت لە ئامێزی بنەماڵەیەکی دیار و خۆشناو دا لە دایک بوو، بنەماڵەی کاک حەمەساڵح نەقیب باوکی کاک مستەفا لە کەسە دیارەکانی سەردەشت و دەروروبەری بوون و باوکی دوای ساڵانێکی زۆر خزمەت، وێرای کاری ڕۆژانەی خۆی، لە بەخشداری شاری سەردەشت دا کاری ئیداری دەکرد.

کاک مستەفا نەقیب خوێندنی سەرەتایی لە شاری سەردەشت تەواو کردوە و دواتر لە شارەکانی مەهاباد و ورمێ درێژەی بە خوێندن داوە، دوای تەواوکردنی خویندن لە ئیدارەی فەرهەنگی سەردەشت دادەمەزرێ و ساڵانی دواتر وەک مامۆستا قوتابخانەی سەرەتایی و ناوەندی و دواناوەندی خزمەتی کردووە و کەسێکی دیار و خۆشەویست و بە خزمەتی شاری سەردەشت بووە، لە ماوەی ژیانی خۆیدا هەمیشە وەک مرۆڤێکی نیشتمان‌پەروەر و بە هەڵوێست لە نێو خەڵکدا دیار بووە و سیمای دیار شاری سەردەشت بووە، بەرێزیان کەسێکی دەستگرەوە و یارمەتیدەری خەڵکی هەژار و هەروەها ئەو کەسانە بووە کە پێویستیان بە یارمەتی هەبووە.

دوای رووخانی حکوومەتی پەهلەوی بەرێز کاک مستەفا وەک یەکەم فەرمانداری کورد و خۆجێی لە دەوڵەتی مێهدی بازرگان دا ئەرکی فەرمانداری پێ دەسپێردرێ و لەو ئەرکەشی دا بەوپەری نیشتمانپەروەری و بە هەستی کوردانەوە کار و ئەرکەکانی خۆی ڕاپەراندوون.

کاک مستەفا نەقتب مرۆڤێکی خوێندەوار و پێگەیشتوو و ڕووناکبیر بوو، هەڵوێستی جوامێرانەی هەمیشە جێگای ڕێز و پێزانین خەڵک بووە، هەڵوێستی نیشتمانی کاک مستەفا وایکردووە کە خەڵک وەک کەسایەتی دیار بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکانی راوێژ لەگەڵ بەرێزیان بکەن.

کاک مستەفا منداڵەکانی لە ئامێزی خۆیدا فێری وانەی نیشتمانپەروەری کردوون و هەر بۆیەش چەند کەس لە ئەندامانی بنەماڵەکەی وەک پێشمەرگەی کوردستان لە ریزەکانی کۆمەلەدا خزمەتیان کردووە. بە گشتی باری نەتەوەیی و نیشتمانی کاک مستەفا بۆ هەموو لایەک و بە تایبەت بۆ حکوومەتیش دیار بوو، ناوبرا زۆر بوێرانە ئەرکی نەتەوەیی خۆی بە لێزانی‌یەوە ڕاپەڕاندوون. ئاکار و کرداری مرۆڤدۆستانەی کاک مستەفا جێگای پەسەندی گشت لایەک بوون و هەر بۆیە لە لایەن خەڵکەوە ڕێز و حورمەتی زۆری لێدەگیرا و خۆشەویستی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بوو.

کاک مستەفا لە بواری نووسین دا وەک نووسەرێکی بە دەروەست توانیویەتی کتێبی “یادماندەهای سردشت” بنووسێ و ئەم کتێبە بەشێکە لە مێژووی نزیک  بە١٠٠ ساڵی ڕابردووی سەردەشت و دەوربەری و لەم کتێبەدا ئاوڕێکی چڕ و پڕی لە ڕووداو و کارەساتەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و سرووشتی ئەم دەڤەرە داوەتەوە.

کۆچی دوایی کاک مستەفا نەقیب خەسارێکی گەورەیە بۆ بنەماڵەی گەورەی نەقیب ، ئاقایی و شافیعی و بازگر و بۆ شاری سەردەشت و گەلەکەمان، هیواداریم کە نموونەی لە چەشنی بەرێز کاک مستەفا نەقیب لە نێو گەلەکەمان دا هەردەم لە زیادبوون دابن.

بە بۆنەی کۆچی دوایی کاک مستەفا نەقیب لە ناخی دڵەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی گەورەی نەقیب لە هاوسەری ژیانی و کچ و کوڕەکانی و لە گشت خزمان و ناسیاو و دۆستان و خەڵکی شاری سەردەشت بە گشتی دەکەم و خۆم بە شەریکی خەمی لە دەستدانی ئەو کۆچ و کۆستە گەورەیە دەزانم و هیوادارم کە ئەندامانی بنەماڵەکەیان تەمەن درێژ و ساخ و سەلامەت بن.

لەگەڵ ڕێز و حورمەت

حەمەڕەسووڵ کەریمی

٠٦ ـ ٠٤ ـ ٢٠٢٢ی زائینی