کۆچی دوایی کەسایەتی شۆرشگێر و ناوداری گەلەکەمان مام خدری بایزی ئامانێ. نووسینی: حەمەڕەسووڵ کەریمی

نووسین لە سەر گەورە پیاوان، لە سەر بوێری و چاونەترسی مەزنە شۆڕشگێران زۆر سەختە، کاتێک گەورەکانمان کۆچ دەکەن، نازانین کە لە چ گۆشە نیگایەکەوە لە سەریان بدوێین و یا بنووسین، چوونکە دەزانین کە ناتوانین باس لە هەموو گەورەی‌یەکان و هەموو رەهەندەکانی ژیانیان بکەین.

بەداخەوە ڕۆژی ٠٦ ـ ٠١ ـ ٢٠٢٢ی زائینی مەزنە شۆرشگێر و کەسایەتی خۆشناو و دیاری ناوچەی گەورکایەتی و ناوچەی ڕەبەت و سەردەشت، بەڕێز مام خدری ئیبراهیمی ناسراو بە خدری بایزی ئامانێ لە تەمەنی نزیک بە ١١٠ ساڵی دا دوای نزیک بە چوار ساڵ بەربەرەکانی لەگەڵ نەخۆشی کۆچی دوایی کرد و دڵە گەورەکەی لە لێدان کەوت.

بە پێی ناسنامە و سجیلەکەی مام خدر لە دایکبووی ساڵی ١٣٠٢ی هەتاوی‌یە و لە گوندی دۆڵەتووی گەورکان لە دایکبووە، بەڵام بە گووتە و فەرموودەی خۆی ئەو سجیلە چەندین ساڵ دواتر بۆی ساز کراوە و هەر بۆیە ڕێکەوتی لە دایکبوونەکەی، وەک زۆربەی هاوتەمەنەکانی ڕۆژ و مانگ و ساڵی درووست نییە و بۆ خۆی پێی وابوو کە تەمەنی دەگاتە ١٢٠ ساڵ.

مام خدری بایزی ئامانێ، مرۆڤێکی تێگەیشتوو و پێگەیشتوو و بوێر و چاو نەترس بووە و هەر بۆیە لە نێو خەڵکیش دا وەک کەسایەتی‌یەکی دیار و خۆشناو ڕێزی لێگراوە. تەمەنی منداڵی و گەنجییەتی لەگەڵ بنەماڵەکەی خەریکی کار و کاسبی و وەرزێری و مەڕداری بووە و یەکێک لەو کەسانە بووە کە لە کاری هەروەزی و گرووپی دا هەمیشە پێشەنگ و مشوورخۆر بووە.

لەگەڵ درووستبوونی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە ساڵی ١٣٢٤ی هەتاوی دا (١٩٤٥) زائینی ڕاستەوخۆ دەبێتە ئەندامی حیزب و دواتریش لەگەڵ دامەزرانی کۆماری کوردستان دەبێتە پێشمەرگەی کۆمار و تا دوا کاتەکانی کۆمار، لەگەڵ پۆلێک لە کەسایەتی‌یەکانی سەردەمی کۆمار هەروا خزمەت دەکا.

دوای نسکۆ و نەمانی کۆماری کوردستان وەک کەسێکی سوێندخۆر، وەفادار دەبێ بە ڕێباز و ئامانجەکانی کۆماری کوردستان و جەنابی شەهید پێشەوا قازی محەممەد، سەرۆک کۆماری کوردستان.

وەفاداری و ئەمەگداری مام خدر بۆ هەموو خەڵکی ناوچە و بە تایبەت شۆڕشگێرانی ساڵەکانی ١٣٣٢ی هەتاوی، قارەمان و تێکۆشەرەکانی ساڵانی ٤٧ و ١٣٤٦ ی هەتاوی و دواتر بۆ نەسلێ سێهەم لە ساڵی ١٣٥٧ تا ١٤٠٠ ی هەتاوی ڕوون و ئاشکرا بوو.

مام خدر لە هەر سێ قۆناخی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان، بە پێشەنگی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان، بە گیان و دڵ و بە ماڵ و حاڵ و ژیانەوە، لە خزمەت گەلەکەی و ئامانجەکانی حیزبەکەی دابوو، لە ساڵی ١٣٤٦ی هەتاوی هاوسەری شەهید سولێمان موعینی دەباتە باشووری کوردستان و ئەوەش دەبێتە هۆی ئاشکرابوونی و هەر بۆیە وەک ئەندام و پێشمەرگە لە باشووری کوردستان دەمێنێتەوە و بوێرانە بە دژی حکوومەتی نگریسی پەهلەوی خەبات دەکا، لە چەند شەری گەورەی ئەو کات دا و یەک لەوان لە شەرە گەورە و بەناوبانگەکەی شەڵماش دا بەشدار دەبێ و ڕۆڵێکی بەرچاو دەگێرێ، دوای ئەوە خەباتی شۆرشگێرانە و چەکداری ساڵەکانی ٤٧ و ١٣٤٦ ی هەتاوی تووشی نسکۆ دەبێ و لە کۆتای‌یەکانی ساڵی ١٣٤٩ دا دەگەرێتەوە نێوخۆی وڵات و لە لایەن رژێم و ساواکی شا دەگیرێ و ماوەی ٦ مانگ لە زیندانەکانی سەردەشت و جڵدیان لە ژێر تووندترین لێپرسینەوە و ئەشکەنجە دا دەبێ. مام خدر لە زیندانیش دا مرۆڤێکی خۆراگر و چاونەترس بوو و هەر بۆیەش ملی بۆ هیچ داخوازی‌یەکی حکوومەتی شاهەنشاهی دانەنواند و دوای ئازاد بوونی لە گوندی پاشبەرد درێژەی بە ژیانی خۆی دا و ئاوەدانی و سەوزایی و جوانی بە ناوچەکە بەخشی بوو.

بە گشتی تا ڕووخانی رژێمی پاشایەتی هەروا بە نەهێنی و نیوە ئاشکرا پەیوەندی بە شۆرشگێران و ڕێبەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە هەبووە و لەگەڵ یەکەم چەخماخەی ڕاپەرینی شۆڕشی گەلانی ئێران مام خدر و برا و کوڕەکانی دەڕژێنە سەر شەقام و لە راماڵین و گرتنی پاسگاکانی ناوچەدا ڕۆڵێکی گرینگ دەگێرن و دەبنە پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان.

مام خدر لەم قۆناخەش دا ئەوەی لە دەستی هات و لە توانای دابوو بە زیادەوە و بە سەخاوەتەوە خزمەتی بە گەل و نیشتمان و نەتەوەکەی و حیزبی دێموکراتی کوردستان کرد. ماوەی چەندین ساڵ وەک پێشمەرگە بە دژی کۆماری ئیسلامی خزمەتی کرد، بەداخەوە دواتر بە هۆی بەساڵاچوویی و تەمەنی زۆر، بەناچاری ژیانی ئاسایی خۆی هەڵبژاردەوە، بەڵام لە ژیانی ڕۆژانەش دا مام خدر وەک ڕۆژانی پێشمەرگایەتی بە ئومێدەوە، بە دڵەوە خزمەتی شۆڕش و شۆرشگێرانی دەکرد و لە گەیاندنی زانیاری و کەل‌وپەلی پێشمەرگانە و تەنانەت پەیوەندی تەشکیلاتی و نامەبردن و زۆر کاری گەورەدا پشت و پەنای گشت لایەکمان بوو.

شێعرێک کە پڕ بە باڵای خۆی بوو، هەمیشە لە کاتی دیدارەکانمان دا ئەم شێعرەی شەهید مەلا ئاوارەی بۆ دەخوێندمەوە و دەیگووت: ژیانی من وەک ئەو شێعرە بووە.

هەدا نادەم ڕۆژ و شەوێ

خۆم بسرەوم دڵ ناسرەوێ

تاکوو هەلم دەس دەکەوێ

دنیا گشتی سەر یەک کەوێ

لێم ببڕن خۆراک و خەوێ

کوردم و کوردستانم دەوێ

هیوای بەرزم قەت نانەوێ

هەیبەت و ئیرادەی مام خدر وایکرد بوو کە براکانی، کوڕەکانی و بەشێک لە خزمەکانی چەکی پیرۆزی پێشمەرگایەتی لە شان بکەن و لە ریزەکانی حدک دا بوێرانە خزمەت بکەن و ژیانیان تەرخانی شۆڕش و خەبات بکەن و لەو پێناوەش دا کوڕێکی بە ناوی شەهید خالید پاشبەردی لە ساڵی ١٣٦٥ی هەتاوی دا لە شەڕێکی دەستەویەخەدا شەهید دەبێ و هاوکاتیش سێ برازای لە ریزەکانی ئەو حیزبەدا گیان دەبەخشن، شەهید ڕەسووڵ ئاوارە لە ساڵی ١٣٦٢ی هەتاوی لە هێرش بۆ سەر جاشخانەی گوندی بەسرێ لە ناوچەی ڕەبەت شەهید دەبێ و دواتریش هونەرمەندی بە توانای گەلەکەمان کاک سمایل سەردەشتی و ڕزگار ئیبراهیمی هەر لەم ڕێگایەدا گیانیان بەختی گەل و نیشتمان کردووە.

شایانی باسە کە هەر ئێستاش کورە گەورەکەی و کوڕ و برازاکانی لە ریزی حیزبی دێموکراتی کوردستان دا و لە تاراوگەدا دوای ماوەیەکی زۆر پێشمەرگایەتی هەنووکەش ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانن و برایەکی مام خدریش وەک یەکێک لە زامدارەکانی ڕۆژە سەختەکانی خەبات هەروا خەبات بۆ ئازادی گەلەکەی لە ریزەکانی دێموکرات دا دەکا.

مام خدر کەسایەتی‌یەکی تایبەت بە خۆی هەبوو، لە ناوچەدا ساحەب مەسڵەت و ساحەب قسە بوو، زۆر کاری گەورەی کۆمەڵایەتی و بنەماڵەیی لە سەر دەستی بەرێزیان چارەسەر دەکرا، خەڵکی ناوچەی سەردەشت و ڕەبەت ڕێزێکی زۆریان بۆ مام خدر دادەنا و خۆشەویستی کۆمەڵانی خەڵكی کوردستان بوو، لە گەرمێن و کوێستان ساحەب کەسایەتی تایبەت بە خۆی بوو. مرۆڤێکی نیشتمانپەروەر و ئازادیخواز و کورد بە مانای وشە بوو، ژیانی تەرخانی خزمەت بە گەل و نیشتمان کرد، لەگەڵ هاوسەری ژیانی دایە خەج، مووچە و مەزرا و ماڵ و ژیانیان بۆ خزمەت بە شۆڕشگێران و ڕێبواران و میوانان تەرخان کردبوو، ماڵێکی ئاوەدان و پڕ لە مێهربانی و هەست و سۆز و خۆشەویستیان بۆ گشت لایەک پێک هێنا بوو، هیچ کەس خۆی بە میوان نەدەزانی و هەموو لایەک خۆیان بە کوڕ و کچی ئەو بنەماڵەیە دەزانی و ئەوانیش هەموو کادر و پێشمەرگەکان و ڕێبوارانیان بە کەس و کار و کوڕ و کچی خۆیان دەزانی.

مام خدر و دایە خەج ، خەمیان لە هەموو کەس دەخوارد و لەگەڵ شایی و شین و شادی و خۆشی و ناخۆشی‌یەکانی گشت لایەک دەژیان، لە مەجلیس و لە کۆڕەکاندا توانایی و لێزانی و خەمخۆریان بۆ گشت لایەک دیار بوو، کەسایەتی‌یە دیارەکانی ناوچە لە مامۆستای ئایینی ، ئاغا و کوێخا ، پیاوماقوڵ، مامۆستای قوتابخانە ، خوێندەوار ، کاسب و وەرزێر و بە گشتی هەموو چین‌و توێژەکانی کۆمەڵگا سەردانیان دەکردن و گرفتەکانی سەر ڕێگای ژیانیان لەگەڵ باس دەکردن.

مام خدر بە سەربەرزی ژیا و بە سەربەرزی ماڵئاوایی لێکردین، تەمەنێکی پڕ لە شانازی بۆ خۆی و بۆ بنەماڵەکەی بەڕێ کرد، کوڕ و کچ و نەوە و گشت ئەندامانی بنەماڵەکەی و خەڵکی ناوچە  و ناسیاوانی، ژیانی مام خدر وەک ئاوێنەی باڵانوێنی ڕاستی، پاکی و جوانی سەیر دەکەن و بێ‌شک ژیانی پڕ سەروەری مام خدر بۆ لێ فێربوون و ئەزموون وەرگرتن دەبێ.

لە کۆتایی دا سەرەخۆشی لە کوڕ و کچ و نەوە و برا و خوشک و گشت ئەندامانی بنەماڵەکەی و خەڵکی گوندی پاشبەرد، ناوچەی کاڵەشینی ڕەبەت، سەردەشت و گوندەکانی دەوربەری دەکەم و خۆم بە شەریکی خەمی لە دەستدانی پیری نێو سەنگەری کوردایەتی دەزانم و ئاواتەخوازم کە خەڵکی کوردستان بە گشتی و خەڵکی ناوچەی ڕەبەت و سەردەشت بە تایبەتی نموونەی لە چەشنی مام خدریان لە زیاد بوون دابن و تا زیندوون ڕێزیان لێبگرین و خەم لە ئازار و خەمەکانیان بخۆین.

ڕووحت شاد ورەبەخشی ژیانی پێشمەرگایەتیم.

ئەی بەخشەندە! ڕێنوێنی و نەسیحەت و قسە جوانەکانت ئاوێزی گوێچکە و دڵ و دەروونمانن، دڵنیابە کە هەموو کات لە بیر و هۆشی ئێمەدا بە بەرزی دەمێنیەوە، یاد و ناوت لە دڵان دا هەردەم بە زیندوو ڕادەگرین.

حەمەڕەسووڵ کەریمی

٠٦ ـ ٠١ ـ ٢٠٢٢ ی زائینی