بۆ ئاگاداریی دۆستان و خۆشەویستان لە دەرەوەی وڵات

بۆ ئاگاداریی دۆستان و خۆشەویستان لە دەرەوەی وڵات.
بە داخێکی زۆرەوە ڕادەگەیەنین کە حاجی سمایلی گادانی گەورەی بنەماڵە و کەسایەتیی خۆشەویستی شاری مهاباد و دەوروبەری، سەرلە بەیانیی ئەمڕۆ سێ شەممە، ١٥ی پووشپەڕ، بە هۆی چوونەسەری تەمەن، کۆچی دوایی کرد و بە یەکجاری ماڵاوایی لە گەل، نیشتمان و بنەماڵەکەی کرد.
حاجی سمایل مرۆڤێکی خاراوی کوورەی ڕۆژگارە سەخت و دژوارەکانی کۆمەڵگای کوردەواری بوو. خەمی ڕووخانی کۆماری کوردستان و دیتنی دیمەنی ئیعدامی پێشەوای مەزنی کوردستان، هاتوچۆی بەردەوامی بۆ بەندیخانەکانی شا بۆ دیداری برا بەندکراوەکانی، زیندانییەکانی دیکەی ڕێگای ئازادی و سەربەستی کوردستان، کەوتنە بەندیخانەی کۆماری ئیسلامی دەگەڵ جگەرگۆشەکەی و تەحەموولی ئەشکەنجەی جۆراوجۆری فیزیکی و دەروونی، هەڵوەدا بوونی سێ برای بە مەبەستی پارێزگاری لە خاک و کەرامەتی گەل و نیشتمان بۆ چیاکانی کوردستان و دیدارئاخیرەتبوونیان لە دوورەوڵاتی و پەرتەوازەبوونی بەشی هەرە زۆری ئەندامانی بنەماڵەکەی بۆ هەندەران، لەو خەمانە بوون کە بەردەوام ئەویان ئازار دەدا.
دیتنی کوردستانێکی ئازاد و گەلێکی بەختیار، گەورەترین ئاواتی ژیانی حاجی سمایلی نیشتمانپەروەر بوون، کە بە داخەوە مەرگ مەودای دیتنی ئەو ئاواتەی پێ‌نەدا.
جێگا و کەسایەتیی حاجی سمایلی گادانی لەنێو خەڵک و دۆستان و خزمان دا، وای کردووە کە ئێمە وەک بنەماڵەی گادانی خۆمان زیاتر لە گەلە بە ئەمەگەکەمان بە خاوەنی پرسەی ئەو نەزانین، بۆیە وێڕای سەرەخۆشیی دووبارە لە هەموو لایەک ڕادەگەیەنین کە بە هۆی ڕەچاو کردنی باری تەندروستیی گشتی، لە دەرەوەی وڵات، رێوڕەسمی سەرەخۆشیمان نابێ بۆیە لە ڕێگای تؤڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە لە خزمەت دۆستان و ئازیزاندا دەبین.
ڕەوانی شاد، کوردستان ئاوەدان و گەلی کورد سڵامەت بێ.
بنەماڵەی گادانی لە دەرەوەی وڵات