حەکیمی دەردان، باخەوانی ژیان. حەمەڕەسووڵ کەریمی

حەکیمی دەردان، باخەوانی ژیان. حەمەڕەسووڵ کەریمی

زۆر دەگمەنن ئەو کەسانەی کە بە هەڵوێست و ئاکار و کرداریان دەبنە سەر قافڵەی کاروانی ژیان و خەبات و وەک مۆمێک دەسووتێن بۆ ئەوەی ڕووناکی بە دەوربەری خۆیان ببخەشن. دەگمەنن ئەو کەسانەی خۆشی ژیانیان دەکەنە توێشووی ڕێگای پڕ لە کەندولەندی ژیان و بێ ئەوەی گلەیی لە نەهامەتی و ناخۆشی‌یەکانی ڕێگای ژیانیان بکەن، هەڵۆئاسا لە شەقەی باڵ دەدەن و هەورازی ژیان بە سەربەرزی و سەربەستی دەبڕن و لە لووتکەی ژیان سەردەکەون.

نەمر کاک مستەفا حەکیم‌زادە (حەکیم) یەکێک لەو کەڵە مرۆڤانەی کۆمەڵگای کوردەواری بوو کە زیاتر لە دوو لە سەر سێی ژیانی لە ریزی شۆڕش و خەبات لە ریزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان دا بە سەربەرزی تێپەر کرد. ژیانێکی پڕ لە سەرەوەری و شانازی هەڵبژارد و لە تەنیشت گەورە ڕێبەرانی شەهید و زیندووی حیزبی دێموکرات درێژەی بە خەبات و تێکۆشان دا.

لە ماوەی ٤٢ ساڵ خەبات و تێکۆشانی حەکیم دا، زەحمەتە بتوانی ئاوڕ لە هەموو ژیانی ئەو ٤٢ ساڵ خەبات و تێکۆشانەی بدەیەوە، بەڵام دەکرێ لە چەند ڕەهەندیكەوە باس لە ژیانی پێشمەرگانەی ئەو مەزنە پیاوە شۆڕشگێرە بدەیەوە.

حەکیم لە کاتێکدا لە گەڵ بنەماڵەی باوک و براکانی دەبنە پێشمەرگە کە ساحەب سەروەت و سامانێکی زۆری ماددی و ساحەب موڵک و دووکان و ماڵ بوون، ئەوان بە بنەماڵە ژیانی شار و خۆشی‌یەکانی ژیانیان بۆ ئازادی گەلەکەیان وەلا نا و ڕوویان لە چیا سەرکەشەکانی کوردستان کرد و دواتر حەکیمی پێشەنگ بوو بە سیمبوولی خۆڕاگری و شۆڕش و کوردایەتی.

مستەفا حەکیم‌زادە ( حەکیم ) پێشمەرگە و فەرماندە و کادری هەموو وەرزەکانی ساڵ لە ریزەکانی حدک دا.

حەکیم بە مانای وشە پێشمەرگە بوو، ئەوەی پێشمەرگەی پێ ناسراوە لە راستیدا بە زیادەوە لە حەکیم دا دەبیندرا. پێشمەرگەیەکی گورج و گۆڵ و حازر و بە بیروباوەر، پێشمەرگەیەکی ئەمانەتدار و نەهێنی‌کار، پێشمەرگەیەکی بە هەڵوێست و تێگەیشتوو و پێگەیشتوو، کادر و فەرماندەیەکی جێگای باوەڕی ڕێبەرانی شەهید و زیندووی حیزبەکەمان و نێوخۆی حیزب و دەرەوەی حیزب بوو. ساحەب کەسایەتی‌یەکی تایبەت بە خۆی بوو، پێشمەرگەیەک کە سەری لە سەر ڕێگای ئامانجەکانی شەهیدان دانا و تا دوا هەناسە وەفادار و ئەمەگناسانە خزمەتی بە گەل و نیشتمان و حیزبی دێموکراتی کوردستان کرد.

لە ئەرکی پێشمەرگانەدا پێشەنگ و پێشرەو بوو، لە ئەمانەتداری دا دەستپاک و لە نەهێنی‌کاری دا دڵ و مێشکی پڕ لە ڕەمز و ڕازی نەبیستراو بوو. حەکیم ساحەب دڵێکی ساف و بێگەرد بوو، ماڵ و ژیانی تەرخانی شۆڕش و تێکۆشان و خەبات کردبوو، دەرگای ماڵەکەی بە ڕووی هەموو لایەک دا کراوە بوو، سفرەی دڵی بۆ گشت لایەک ڕاخست بوو، لە لای ئەو ژن و کچ لە ژیاندا مانای ژیان و ژینی هەبوو.

حەکیم وێرای ئەوە کە بە دڵەوە پێشمەرگایەتی دەکرد لە هەمانکاتیشدا، وەک باوکێک لە گەورە کردنی شاکیژەکانی کچی دا دریغی نەدەکرد و لەگەڵ هاوسەری بەوەفای، هاوژینی قەتاری نێو شۆڕش و ڕۆژە سەختەکانی خەبات ، خاتوو عیسمەت حەسەن‌پوور، ژیانێکی پڕ لە سەروەری و پڕ مەترسیان لە نێو شۆڕشدا بەسەر برد و بە یەکەوە دڵیان کردە لانەی هەموو ئەوانەی پێویستیان بە یارمەتی هەبوو، لە راستی دا حەکیم کەسی بێ‌کەسەکان بوو، خەمخۆر و دەستگرەوە و دڵسۆز بوو، دەست ڕەنگین و بە مشوور و ڕاستبێژ بوو، قەڵایەکی ڕاوەستاوی لەگیران نەهاتووی نێو شۆڕش بوو و لەیەک قسەدا گەورە و خەمخۆری ژیانی گشت لایەک و بنەماڵەکەی بوو، ڕێزێکی زۆری بۆ دایک و بۆ ژن و بۆ ئەوین و خۆشەویستی هەبوو.

حەکیم مرۆڤێکی شۆڕشگێر و یەکسانیخواز و عادڵ و گەورە بوو، کە باس لە یەکسانیخوازی دەکرێ، حەکیم پشکی شێری پێدەبڕێ، حەکیم ڕێگای خەبات و تێکۆشان بۆ وەدەستهێنانی مافی بەرامبەر لە کۆمەڵگادا، لە نێوان و ژن و پیاو دا بە کردەوە ئاواڵە دەکا و لەگەڵ خاتوو عیسمەت زۆر خەمخۆرانە شاکیژەکانی کچیان هان دەدەن کە ببنە پێشمەرگە و لە ریزەکانی حیزبی دێموکڕات و یەکیەتی‌یەکانی لاوان و ژنانی دێموکراتی کوردستان دا ببنە ئەندام و کار بۆ دەستەبەرکردنی ئامانجەکانیان بکەن و هەوڵ بۆ چەسپاندنی عەداڵەتی کۆمەڵایەتی بدەن، بێ‌شک ئەو ڕێکخراوانە و حیزبی دێموکرات شاهیدی بۆ ئەوە دەدەن کە ئەو بنەماڵە گەورەیە چەندە دڵسۆزانە لە خزمەت دۆزی ڕەوای گەلەکەیان و حیزبی دێموکراتی کوردستان و شۆڕشدا بوون و هەن.

حەکیمی هەردەم زیندوو، وێرای خاتوو عیسمەت وەک باخەوانێک چڵ و پۆپی نەونەمامەکانی باخی ژیانیان پاراست و لە پەروەردە کردن و پێگەیاندنیان دا بوونە سەرمەشقی کۆمەڵگا و ڕێگای ژیانێکی سەربەستانەیان بۆ وەڵا کردن. حەکیم لە باخە ڕەنگینەکانی ژیاندا هەوڵی دا کە باشترین نەمامەکان بکاتە دیاری بۆ کۆمەڵگا و خۆی گووتەنی شانازیان پێوە بکا و جگەرگۆشەکانی فێری ئەوین و خۆشەویستی بە گەل و نیشتمان و بە نەتەوە بکا.

حەکیمی پێشمەرگە و یەکسانیخواز لە ژیانی ئاسایی و پێشمەرگایەتی دا، لە ڕۆژە خۆش و ناخۆشەکانی شۆڕشدا، لە ژێر تەوژمی ساردی و گەرمای ژیان و نەهامەتی‌یەکانی ئاوارەیی دا ، لە ژێر هاڕەی فرۆکە بۆمب‌هاوێژەکان و گرمە و ڕمبەی تۆپ و کاتیۆشا دا، لە نێو گڕە بەرد و شاخ و دۆڵەکانی کوردستان دا ، لەگەڵ ئەوە دا لەگەڵ رژێمێک شەڕی دەکرد و لە بەرامبەر بێ ئیمکاناتی و نەداری نێو شۆڕشدا، خەباتی دەکرد، هاوکات زۆر سەربەرزانە توانی بە سەر هەموو کەند و کۆسپەکان دا زاڵ بێ و خوێندن و پێگەیاندنی شاکیژەکانی بە هاوکاری خاتوو عیسمەت وەک ئەرکێکی باوکانە و مرۆڤدۆستانە بۆ خۆی دیاری بکا و لە هەموو قۆناخ و وەرزەکاندا ئەم ئەرکە وەک ئەرکێکی نیشتمانی و باوکانە فەرامۆش نەکا و بە پێی ئیمکاناتی نێو شۆڕش بە زیادەوە وەک باوک و هاورێیەکی باش هەڵسوکەوت بکا و خەمی ژیانیان بخوات و شان وەبەر ئەرکێکی قورسی ژیان بدا، ئەم ئەرکە قورسە بە بێ بوونی هاوپشتی خاتوو عیسمەت گەلێک دژوار و سەخت دەبوو، هەر بۆیە منداڵەکانیش دەبێ شانازی بکەن کە وەها دایک و باوکێک سەرپەرەستیان کردن و ڕیگای ژیانی سەربەرزانەیان پێ نیشان دان و لە خەمیان ڕەخساندوون.

حەکیم ژیانی خۆی وەک پێشمەرگەیەک بە سەربەرزی بەرێ کرد و بەشێک لە ژیانی تەرخانی پاراستنی ڕێبەرانی شەهید و مەزنە پیاوە شۆڕشگێرەکەی کورد مامۆستا عەبدوڵلا حەسەن‌زادە و دەستەی ڕێبەری و ڕێباز و ئامانجەکانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان کرد.

لە هەموو ئەو ماوەیەدا یەکێک لە کۆڵەکە قائیم و پتەوەکانی ژیانی پێشمەرگایەتی حەکیم لە شۆڕشدا، خاتوو عیسمەت حەسەن‌پوور بوو کە لە نەبوونی حەکیم دا وەک دایکێکی دڵسۆز و وەک ژنە پێشمەرگەیەک، لە پێگەیاندن و پاراستنی یادگارەکانی حەکیم دا ڕۆڵی سەرەکی گێرا و حەکیمی دڵنیا کرد بوو کە ئەرکەکانی پێشمەرگایەتی بێ دوودڵی بەجێ بگەیێنێ. بوونی قەڵا و پشتیوانێکی وەک خاتوو عیسمەت و کچەکان بۆ حەکیم گەورەترین سەرمایە و پشتیوان بوو، هەر بۆیە نەمر حەکیم لە نەبوونی خۆیدا و لە کاتی مەئموریەت و ئەرکی حیزبی دا ، بەوپەری دڵنیایەوە ئەرکەکانی بە باشترین شێوە بەرێوە دەبردن.

لە ژیانی شۆڕش و پێشمەرگایەتی دا کەم کەسم دیتن کە وەک حەکیم هەمیشە لە مەئموریەت و ئەرکی حیزبی دابێ، ڕۆیشتن بۆ مەئموریەت و گەڕانەوە بە سەرکەوتوویی نیشانەی نەهێنی پارێزی و باوەڕی قووڵی حەکیم بوو بۆ راپەراندنی ئەرکەکانی. هەموو ئەو کەسانەی لە نزیکەوە نەمر حەکیم یان دەناسی و دەناسن، شاهیدی بۆ گەورەیی و دڵفراونی و خەمخۆری حەکیم دەدەن، ئەو لە کاری حیزبی دا پێشرەو بوو، لە کاری هەرەوەزی دا پێشەنگ بوو، زیاتر لە سێ دەیە بوو خۆبەخشانە سەری گەورە و بچووکی نێو حیزب و دەرەوەی حیزبی بە کەرەسە و هیممەتی خۆی چاک دەکرد و زۆر گەورە پیاو و ڕێبەر سەریان خستە بەر دەستی حەکیم.

ماندوویی و شەکەتی لە ژیانی حەکیم دا هیچ مانای نەبوو، بە پێی توانا و زۆر زیاتر لە توانای خۆی یارمەتی بە گشت لایەک دەکرد و خەمی هەموو لایەکی لەبەر بوو، بە هۆی کاری بەردەوام و زۆر، مرۆڤێکی رووح سووک و خۆشەویستی لێ درووست ببوو، لە نێو هاورێ و هاوسەنگەر و هاوخەباتیانی دا ڕێزیکی زۆری لێدەگیرا و هەر بۆیەش لە کاتی نەخۆشی و لە کۆچی نابەوەختی زیندەیاد حەکیم دا دەریای خەم و پەژارەی خەڵک شەپۆلی دەدا و خەمخۆری خەڵک و بەشداریان لە کۆڕی پرسە و سەرەخۆشی دا و لەو وەزعیەتە نالەبارەی پەتای کۆڕۆنا دا نیشانەی گەورەیی حەکیم و کەسایەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی دیاری حەکیمی بە گشت لایەک نیشان دەدا.

بەداخەوە حەکیمی دەردان و باخەوانی ژیان بە هۆی تووشبوون بە پەتای ماڵوێرانکەری کۆرۆنا، دوای ماوەیەک بەربەرەکانی لەگەڵ ئەو نەخۆشی‌یە نەگریسە، چاوە پڕ لە هیوا و گەشەکانی بۆ هەمیشە لە سەریەک دانان و بە کۆچی یەکجاری هەموومانی خەفەتبار و تاسەبار کرد.

کۆچی حەکیم بۆ هەمووان و بە تایبەت بۆ بنەماڵەکەی و خاتوو عیسمەت و یادگارەکانی و حیزبی دێموکراتی کوردستان زۆر بە ژان و بە ئازار بوو، بەڵام بنەماڵەیەک کە لە شۆڕشدا چەندین شەهیدی وەک شەهیدان حەمەساڵح حەسەن‌پوور، کاوە حەکیم‌زادە، نەسرین حەدداد ، محەممەد حەسەن‌پوور و نەمران حەمەرەسووڵ حەسەن‌پوور ، حاجی حوسێن حەدداد و کەریم حەدداد و چەند خزمی دیکەی پێشکەش بە بارەگای گەل و نیشتمان کردبێ، دڵنیاین بە سەر ئەم کۆستە گەورەشدا سەر دەکەون و یاد و ناوی حەکیم لە دڵان دا هەردەم بە زیندوویی دەهێڵنەوە و کار و ئەرکەکانی حەکیم دەکەنە وانەی لێ فێربوون و خۆراگری.

ڕووحت شاد گەورە پیاو و شۆڕشگێری گەلی کورد و حیزبی دێموکراتی کوردستان.

یاد و ناوت دەبێتە ئیلهامی شۆڕش و دڵنیات دەکەینەوە هەموومان بە یەکەوە بەو ڕیگایەدا بڕۆین کە تا دوا هەناسە هەنگاوت بۆ هەڵێنایەوە.

حەمەڕەسووڵ کەریمی

سەرچاوە : گۆڤاری ژمارە ٥٣ی ژنان