١٠٠ هەزار تێستی فێڵاوی “پی سی ئار”… پۆلیسی سوئێد بە دوای دوکتور حیماد ئەلسەید دا دەگەرێ

١٠٠ هەزار تێستی فێڵاوی “پی سی ئار”… پۆلیسی سوئێد بە دوای دوکتور حیماد ئەلسەید دا دەگەرێ
پۆلیسی سوئێد بە دوای دوکتورێکی تەمەن ٣٣ ساڵ بە ناوی دوکتور حیماد ئەلسەید دا دەگەرێ، ناوبراو بە ڕەچەڵەک عەرەب و عێراقی‌یە .

ئەو دوکتورە ئێستا خۆی حەشار داوە و تاوانبارە بەوەی کە ١٠٠ هەزار تاقیکاری “پی سی ئار” بە خەڵک فرۆشتوون بێ ئەوەی لە هیچ تاقیگە و ئازمایشگایەک دا کاری لە سەر کردبن، بە گشتی هەر ١٠٠ هەزار کەسەکە وەڵامی نا “نەگەتیڤ”یان پێدراوەتەوە.
دوکتور حیماد ئەلسەید لە هەر یەک لە لەو کەسانەی سەردانی کردوون ١٥٠٠ کرۆنی سوئێدی وەرگرتووە و بۆ دانی کارت و وەرەقەی سەلامەتی ١٠٠٠ کرۆنی دیکەشی لێ وەرگرتوون. شایانی باسە کە ئەو کلینیکە بە بڵاوکردنەوەی بانگەشەی شەش کاتژمێری بۆ تێست و تاقیکاری نەخۆشی کۆرۆنا  “پی سی ئار” سرنجی موسافیر و ئەو کەسانەی سەفەر دەکەن بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە.

لەو پەیوەندی‌یەدا دوکتور حیماد ئەلسەید جیا لە گەندەڵی ماڵی و پووڵ کۆکردنەوە، هاوکات مەترسی‌یەکی گەورەشی تووشی کۆمەڵگا کردووە و وێدەچی لەو ١٠٠ هەزار کەسە دەیان هەزار کەس گیرۆدە و هەڵگری ئەو ویروسە بووبن و بە وەرگرتنی کارت و وەرەقەی سەڵامەتی و دڵنیایی لە نێو کۆمەڵگا دا بێ ترس و خۆف گەڕابن و لە هەمان کاتدا بە هەزاران مرۆڤیان تووشی نەخۆشی کرد بێ و جیا لەوە تاکوو ئێستاش ئاشکرا نییە کە چەند کەس لەو کەسانەی کە وەرەقەی سەلامەتیان وەرگرتووە بەو وێروسە و بەو نەخۆشی‌یە کۆچی دواییان کردووە.
دوکتور حیماد ئەلسەید ساڵی ١٩٩٣هاتۆتە ولاتی سوئێد و بە ڕەچەڵەک عێراقی‌یە و ئێستا پۆلیسی سوئێد بە داوی پێووشوێنی ناوبراو دا دەگەرێ. هاوکات دوکتورێکی تەمەن ٥٥ ساڵ کە ئیمزای لە ژێر وەرقەی سەلامتی داوە و پیاوێکی ٤٤ ساڵیش لەو گەندەڵی‌یەدا تێوەگلاون و پۆلیس بە دوای ئەوانیش دا دەگەڕێ و جیا لەو کەسانەش بریاری گیرانی سێ کەسی دیکەش کە لەو گەندەڵی‌یەدا دەستیان هەبووە دراوە.
شوێنی کار و دەرمانگای دوکتور حیماد ئەلسەید لە ژێر ناوی ” دوکتور گروپێن” لە چەند گەڕەک و ناوچەی “شیستا، مارشتا، تررساو، ئەپلەندس وێسبی، بندهاگن، هالوندا و ئاکالا و چەند شوێنی دیکە لە شاری ستۆکهۆڵم بووە و هەموو ئەو بەناو تاقیکارییانە ” پی سی ئار” لەو شوێنانە سەبت کراون بە بێ ئەوەی کە بۆ هیچ تاقیگا و ئازمایشگایەک ڕەوانە کرابن.
پۆلیسی سوئێد لە بەدواداچوونی خۆی دا، لەپڕ هەڵیکوتاوەتە سەر چەند دەرمانگایەک لە ” شیستا، ئوپلەندس وێسبی، بندهاگن، و ناوەندی ستۆکهۆڵم و دواتر بۆی دەرکەوتووە کە هەموو ئەو دەرمانگایانە پێشتر چۆل کراون و کارمەندەکانی خۆیان حەشار داوە.
لە سەریەک دوکتور حیماد ئەلسەید زیاتر لە ٢٠٠ میلیۆن کرۆنی سوئێدی بە ناوی تاقیکاری ” پی سی ئاڕ” لە خەڵک وەرگرتووە، ناوبراو پێشتر بێهداری گەرەکێکی لە ژێر ناوی ” ڕیدارن وردسەنتراڵ” لە گەڕەکی ئاکالا لە ستۆکهۆڵم بەڕێوە دەبرد، بەشی تەندرووستی و بێهداری ستۆکهۆڵم لە ساڵی ٢٠١٩ دا بە هۆی گەندەڵی و کوڵاو لە سەرنانی خەڵک و دانی فاکتۆری و ڕەسیدی ساختە بنکەی دەرمانی “ڕیدارن وردسەنتراڵ” یان بە دوکتور حیماد داخست بوو و هەر ئەوکاتی ئیدارەی ماڵیاتی سوئێد ٢ میلیۆن و حەوت سەدا هەزار کرۆنیان لە سەر قەبڵاند بوو کە بە هۆی فاکتۆر و ڕەسیدی ساختەوە لە خەڵکی وەرگرت بوو.