ڕووداوی شەری چەکدارانەی ئامول

سەلاح ئەسەدپوور

دەرچوون لە گەمارۆ ١٤ و ١٥
تاریکایی، دەرفەتێک بوو کە بە شوێنی دا وێڵ بووین. پاشماوەی ھێزەکەمان و ئەوانەی بە سڵامەت دەرچووبووین بە ھۆی فشارێکی زۆر لە قوژبنی باغەکە پەستێوترا بووین. تاریکایی، لە ھاش و ھوش و پەڵاماری دڕندانەی ئومەتی حیزبوڵای کەم کردەوە. بە پارێز و بە ئەسپایی خەریکی پاک کردنەوەی باغەکە بوون. ھەلێکی باش بوو لە تێل دڕۆکان بچینە دەرەوە و قودرەتی مانۆڕمان زیاتر بێ. باغی پرتەقاڵ لە نێو تەکبیر و دروشمی کۆنەپەرەستانە دا ون بوو. گۆپاڵ بە دەست و قەمە کێش، پاسدار و بەسیج و ژاندارم، ھەر کەسەو بۆ دەسکەوت دەگەڕا. باغ بۆنی خوێن و سوتمان و باڕوتی لێدەھات، لقە ناسکەکانی دار پرتەقاڵەکان بە خومپارە و کالیبری ٥٠ لە سەر زەوی کەوتبوون. لە دەور و بەر باغەکەش بەھشتیەکان و ئەوانەی چاوڕۆانی حۆری بوون، گەوزێندرا بوون. بنەماڵەکانیان قوڕیان وەسەر دەکرد.

لە ناو دار پرتەقاڵەکانیش تەرمی بێ گیانی محمد و ھاوڕێیانی لە ژێر پێلاقەی پۆستاڵی کۆنە پەرەستان دا ئەو لاو و ئەم لای پێدەکرا. تەقریبەن ١٥ نەفەرێکم دیت کە بە یەکەوە لە باغەکە ھاتینە دەر. شوێنەکە تەپۆڵکەیەکی بچووک بوو کە بە دوو ڕێگا لێ جیا دەبۆوە. لە پڕ ڕا ئازادم دیت، زۆر خۆشحاڵ بووم کە ئەویش زیندووە، باوەشمان بە یەک داکرد و تەماشایەکی یەکترمان کرد وەک ئەوەی بمانھەوێ قسەیەک بکەین. لە پڕ رەگبارێکی پاسداران لێکی دابڕین، ئەو بە لای چەپی تەپەکە دا و من بە لای ڕاست دا و ھەریەکەوە لە گەڵ چەند نەفەر بۆ ئاخرین ماڵەکانی شاری ئامول ڕامان کرد و لێک دابڕاین. کە زانیم ئازاد تا ئێستاش زیندوە وزەیەکم ھاتەوە بەر.

بڕوا ناکەم ھیچ شتێک لە مەرگی ھاوڕێیەکی ئازیز بە ژان تر بێ. بە تایبەتی بۆ کەسانی خەباتکار، چونکە ھاوڕێ دەبێتە ھەموو کەست. دەبێتە بەشێک لە بوونی مرۆڤ. کە ئاوڕم داوە ئێمە تەنیا ٧ کەس مابووین. ئەوانی دیکە بە ئازادیشەوە بە لایەکەی دیکە دا ڕۆیشتبوون. لە پەنا جۆگەیەکی قووڵ و لە قەراغ ماڵێک ، ھەر حەوتمان دانیشتین، چ بکەین وبۆ کوێ بچین. بڕیارمان دا لەو ماڵانەی ئاخری شار ھێندێک نان ھەڵگرین و پشت لە شار و ڕوو لە جەنگەڵ وەڕێ کەوین. دەنگی تەقە جار، جارە دەبیسرا. لە دەرگای ماڵێکمان دا ،ژنێک دەرکەی لێ کردینەو، گوتمان پاسدارین و ھێندێک نان و ئاومان پێ بدەن. نانێکی باشمان ھەڵگرت، وینەی خومەینی بە دێزی بە دیوارەوە ھەڵاوسرا بوو. پێاو وژنێکی بە تەمەنتریشی لێ بوو. کوتیان کوڕەکەی ئێمەش بەسیجە چۆتە شەڕ. چ خەبەری تازەتان پێیە. جوابیان داوە، ئێمە لە تارا نەوە ھاتووین. ئەو گەڕەکەمان پێ ئەسپێردراوە. ئاگاداری وردە کارییەکان نین. بە پەلە، نانمان ھەڵگرت و گۆترە مەسیری جادە و چۆمی ھەرازمان بەرەو باشور گرت و ملمان پێوە نا. نە جۆگەی ئاو، بە کاناڵ، نە تێل دڕوو و نە ھیچ لەمپەرێک نەیدەتۆانی پێشمان پێ بگرێ. لە گەورەترین مەترسی ڕزگارمان ببوو. بەڵام بۆ پێشگرتن لە ئاشکرا بوونمان و لە ترسی سەگ وەڕ خۆمان لە نزیک ئاوایەکان نە دەدا. سەرەڕای وڕی و کاسی و نا بە ڵەدی بە خێرای ، ڕێگامان دەبڕی. تاریکی وماندویی، خەیاڵات و گوێ زرینگانەوە. ھاوار و ھێرشی حزبوڵا، دەنگی دروشمی ناخۆشی اللەواکبر، پێ بە پێ لە گەڵمان بوو. ماندویی و تونیەتی، ئارەقە و تەزووی ساردی لەشمان وە ھۆشی دێناینەوە. دەست و قاچ ماندوو، مێشک و چاو ماندوو، دەست و گوێ و سەر و مل ماندوو، ماندویەتی و نائومیدی، لەو شەوە ڕەشە دا، ژیانی لە بەر چاومان ڕەشتر کرد بوو. حەوت کەس لەو شەوە ڕەشە دا بۆ تروسکەیەکی ھیوا دەگەڕێن.

یەکێک لەو حەوت کەسە قوتب نەمایەکی پێ بوو، زۆر باش بوو کە تۆانیمان تا ڕادەیەک کەڵکی لێ وەرگرین و خۆمان لە نزیک ئاخر تەلاری پێش ڕۆیشتن بۆ ئامول دیتەوە. ھەوا بەرەو ڕووناکی دەڕوا، ئێمە لە نێوان چۆم و جادەی ھەرازین. ڕوناک بوونی ھەوا، بۆ ئێمە ناخۆشە، زەمان لە سەرمان ڕاناوەستێ. ساختومانێکی چۆڵمان لێ نزیکە، لە شێوەی مەدرەسە، بەڵام وێ دەچێ ئی کارو باری ئاو و ئاودێری بێ. بە ناچاری پەنای بۆ دەبەین. بە شێوەی شیروانی دروست کراوە. وەک پشیلە بە ناو کونە دیوارەکان دا دەچینە بۆشاییەکەی نێوان تەختەکانی بن میچ و تەنەکەکانی سەر بان. بێ ھەست لێی دادەنێشین. لە کونێکی چووکەوە دەڕوانینە دەور و بەرمان. ھەر ٥٠٠ میتر لە جادە دوور بووین.

بە ھەر حەوتمان ٤٠ فیشەکمان پێ مابوو. بڕیارمان دا، کە ئاشکرابین، دوا گوللە لە خۆمان دەین.کە ژیان گەڕایەوە، ترسیشی لە گەڵ خۆی ھێنا. ترس و خەفەت، ماندویی و بێ ئومیدی لە چوار لاو ھێرشیان ھێنا بوو.ڕێژیم بە ھیلی کوپتەر و ھێزی زەمینی بە جەنگەڵ وەر ببون. مەبەستی زیاتر شوێنە پێشوەکانی ئێمە بوو. زانیمان مەترسی لە سەر ئێمە نییە و ھەر کامەمان بە نۆبە چەند ساعەتێک خەوتین. لە خەو دا جگە لە ڕووداوەکانی ڕۆژی پێشتر ھیچی تر نەبوو. شەڕ ، باڕوت و کوژران، دەیان جار لەو خەوە ڕاپەڕین. خەو نەبوو، مەیدانێکی دیکەی شەڕ بوو لە مێشکمان دا. کۆتایی ئەو ڕۆژەش کە دەبێتە ٧ی ڕێبەندان، ھیوایەکی لە دڵ دا زیندوو کردینەوە. بەڵام ٧ی مانگ لە ناو شاری ئامول مەحشەرە. ھەزاران پاسدار و قەمە بە دەستی حیزبوڵا بە ناو شار وەر بوون و ڕەش بگیریان دەست پێ کردوە. لایانگرانی ڕێکخراوە سیاسیەکان لە ژێر ئەشکەنجە دان. فیداێیان ئەکسەرییەت و حیزبی تودە شان بە شانی ڕێژیم ڕۆژی پێشتر دژی ئێمە دەجنگان.

بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی “کار” ئورگانی ئەکسەرییەت ٤ کەسیان بریندار ببون و ئێستا لە نەخۆشخانە لە ژێر سێبەری پارێزەرانی ئیسلام بە خەیاڵی ئاسودە پاڵیان دابۆوە. یەکیان سمێڵی وەک گەسەکە کۆڵە دەچوو. جەنازە سەربەدارن یان لە ماشێنێکی باری دا کۆ کردۆتەوە. جەنازەی سمایل و محمد بە شوێن ماشێنێکی پڕ لە پاسدار ڕاکێش دەکرێ و لەو لاشەوە دەروێشانی ئیمام زەمان لە دەوری کەلاکەکانیان خەریکی خۆ ڕاوەشاندنن. یەکێک لە گیراوەکان کە کاری برین پێچی دەکرد لە ماڵێک دا بێ تەقە دەگیرێ و دە بێتە ھاوکاری ڕێژیم. لەو ھەڵا و بگرە دا لە ناو خەڵکە ئاساییەکە چاوی بە مراد دەکەوێ و ھەر لە وێ بە گرتنی دەدا ( مراد نەیتوانی بوو و لە شار بچێتە دەر ێ و بۆ وەرگرتنی خەبەر چوو بۆە شوێنی جەنازەکان) ھەر ئەو کەسە کە ناوی مەمەد دوکتور بوو، ڕۆژی دواتر وە پێش پاسداران دەکەوێ و دەیانباتە جەنگەڵ و ھێندێک وەسایلی دەرمانی کە شاردرابوونەوە لەگەڵ قاپ و کەوچک تەحویلی ڕێژیم دەدا.

حەوت برینداری شەڕەکە کە لە حاڵەتی گیان دان دا بوون دەیانبەنە یاریگای شارو بە بەشداری ئومەتی حیزبوڵا گوللە بارانیان دەکەن. ڕێژیم مەستی سەرکەوتنە، ئامولی ناو نا شاری ھەزار سەنگەر. دەبوو لە چۆم بپەڕینەوە ، ھەر حەوتمان دەستە یەکترمان گرت و خۆمان بە چۆم دادا. بۆ ئەوەی لیباسەکانمان تەڕ نەبن، دامانکەندن و بە ملمان داکردن. کە لە “تەلارەکە” نزیک بوینەوە، دیتمان ژومارەیەک چەکدار لە دەوری ئاگرەکەن، نیگابان ئەوان دەنگی داین، بەودەنگە یەکترمان ناسیەوە، ئەوانە ھەر ئەو تیمە بوون کە لە قەراغ باغە پرتەقاڵەکان لێمان ھەڵبڕابوون. خۆشحاڵی ڕووی تێکردین، یەکترمان ماچ کرد، ئازاد لە گەڵ ئەو تیمە بوو، لەوێ زانیمان چەند نەفەر گیانی لە دەست داوە. ٤٤ کەس شەھید یان بە دیل گیران، ٥ کەس بریندار بوون. سیامک زعیم (شھاب ) ڕێبەری ئەسڵی و دوو ئەندامی ڕێبەری و چەندین فەرماندەی نیزامی لە نیو گیان بەختکردوەکان دابوون. حسین ڕیاحی کەسی دوھەم “اتحادیە” بریندار بوو و لە گەڵ دەستەیەک گەڕایەوە جەنگەڵ. یەک، یەک و دوو دوو گەڕانەوە ئەو شوێنەی لێ وە ڕێ کەوتبووین.

گرفتەکانی پاش دەرباز بوون ( بەشی١٥)

ڕێژیم بە قسەی سەربەداران لەو شەڕە دا ٢٠٠ کوژراو و ٥٠٠ برینداری ھەبوو.دام و دەزگا تەبلیغاتیەکانی ڕێژیم تەنیا دانیان بە ٤٠ کوژراوی خۆیان و چەند بریندارێک دا نا. وێ دەچێ ئەوانی تری بە کوژراوی شەری عیراق لە قەڵەم دا بێ. بە ھۆی نە بوونی دەزگای ھەواڵنێری بێ لایان ، بە دروستی نازانرێ دوژمن تەلەفاتی چەند بوو. دەبوو بریندارەکان بنیردرێنە دەرمانگایەک، ڕێژیم دوو ڕۆژ جادەکانی داخست، پاش کرانەوەی ڕێگا دوو بریندار کە یەکیان کوردێکی کرماشانی بوو، گەیاندرانە سەر جادە و دەست لە ماشێنێکی بار ھەڵگر ھەڵدێنن شوفیرەکە بە ئازایەتی ئەوان دەگەیەنێتە تاران و بۆ ڕۆژی پاشتر، بریندارەکان قەرار ڕێکدەخەن و شەوی دواتر لە تارانەوە دێن و حسین ریاحی و بریندارێکی دیکە دەگەیننەوە تاران.

پاش بەڕی کردنی بریندارەکان، بەرەو ئاوایی “گزنا سەرا” کە دێیەکی دوور لە داوێنی چیایە و خەڵکەکە بە ھۆی بەفر و سەرما چۆڵی دەکەن، وەڕێ کەوتین. بیست نەفەرێک کە کۆ ببوینەوە سەر یەک خۆمان پێچاوە و ڕێگای ئەو گوندەمان گرتە بەر. نەفەراتەکەی دیکە چیان بە سەرھاتوە، نازانین. شەو و تارێکی و ڕێگا، جەنگەڵ ودار و بەرد و ئەستیرە ھاوڕێیانی ڕۆژانی ڕابردومان.

دەبوو بەو شوێنانە دا بڕۆێن کە پێشتر بارمان لێ خستبوو. لە ماوەی ئەو چەند ڕۆژە دا پاسدار دۆڵ بە دۆڵ گەڕا بوو، شۆان وگاوان و مەڕدار کوتانێکی باشیان وێ کەوتبوو. لە بەرمان ھەڵدەھاتن، وەک ئەوەی قەت نەیاندیتبین و نەمانناسن. ترس سواری شان و ملیان ببوو. ڕۆانینیان قورستر و گنجی ناو چاوانیان قوڵتر، بێدەنگ و مات و زەبوون، تۆقێندراو و دەستەوەستان. خۆیان لە نیگای ئێمە دەدزییەوە. ببونە بەشیک لە دارستان، وەک کۆلکە دارێکی ڕزیوو بە سەر یەک دا دا تەپیبوون. ھێندەیان لێدرا بوو، مرۆڤایەتی لە بەر چاویان سووک ببوو. لە ئێمە و لە ھەموو کەس دەترسان. مۆڕەیان لە چەک دەکرد، ئەو ئامرازەی مرۆڤ دژی خۆی دروستی کردوە. چەندەھا میلیون کەس بەو چەکانە کوژراوە، چەندەھای دیکەی پێ دەکوژرێ، لە مێشکی شوانەکاندا، جوابی بۆ نەدەدیترایەوە، نە تەنیا ئەوان زۆر کەس لە کوشتن و کوشتار بێزارە، پیسترین دیاردە شەڕی یەکتر کوشتنە، ئینسان یەک جار ژیانی پێ دەدرێ، زوڵمە مرۆڤێکی دیکە ئەو مافی ژیانەی لێ بستێنێ. ھەر کەس لە ڕۆانگەی ئێمەوە، چاک یان خراپ، کەسانێک ھەن خۆشیان دەوێ، لە گەڵ کوشتنی جەستە، مرۆڤایەتی، خۆشەویستی، ژیان و زینددویی دەکوژرێ.

حۆری و بەھەشت و جەھەننەم، خەیاڵاتێکی بێھودەیە کە مرۆڤەکان لە ترسان دروستیان کردوە. مەرگ کۆتایی ھەموو شتێکە. بەڵام کە دوژمنەکەت کە لە زمانی چەک زیاتر، زمانێکی دیکە نازانێ، چارت ناچارە. دەمەو بەیان ماڵ ئاوایمان لە ئاخر دارەکانی جەنگەڵ کرد. کوێستان و بەفر و چیا، ئاسمان بە پەڵە یەکی ھەوری ڕەش داپۆشرابوو، زەوی سپی، چیا سپی، دەر و دۆل سپی، دونیا سپی بوو. شۆانێک بە دزی پێی گوتبووین کە ١٧ کەس لە ھاوڕێیانتان بەرەو گزنا سەرا چوون. بە بیستنی ئەو ھەواڵە وزەمان زیاتر دەبوو ، ھەروەھا بەرو شوێنێک دەچین، خواردن و نان و ئارد و شەکر ھەنگوێنی لێیە.ڕێژیم کاری پاکسازی ئەو ناوەی تەواو کرد بوو. ئێستا لە ئەرز و ئاسمانەوە شوێنی چەند شەوی ڕابردوومان دەپشکنێ کە تازە بە جێمان ھێشتبوو. بەفرێکی زۆر و قورس و تەڕ لە سەر زەوی بوو، لە بەر كڕێوە بە زەحمەت پێش چاوی خۆمان دەدیت. بە نۆبە وەپێش دەکەوتین و ڕێگامان دەکردەوە، ئاەرەقە و سەرما تێکەڵ ببوون، ھەستمان بە ئارامێک دەکرد کە پاش چەندین ڕۆژ دەتۆانین بەشێک لە ھاوڕێیانمان ببینینەوە. ئاسمان و زەوی یەک ڕەنگ بوون. نزیکی ڕۆژ ئاوا بوون گەیشتینە “گزنا سەرا” ئاواییەکی گەورە و دەوڵەمەند، کەس لە ئاوایی نەبوو، لە بەر سەرما خەڵک چووبوونە شار، گەرمێن و کوێستانیان دەکرد.ھەموو پێداویستیەکی ژیانی لێ بوو. لە دوورە ھاوڕێیانمان زانیان ئێمەین. بەرەو پیرمان ھاتن. دیمە نێکی سەیر، دەستە تێک شکاوەکان بە یەک دەگەیشتنەوە. وزە و ئارامی، ئارامی وبڕوا خەریک بوو دەبۆوە میوانمان.

شادی و غەم، غەم و شادی، پێکەنین و گریان تێکەڵ ببون. دیداری ھاوڕێیان و زیندوو بوونی ئەو ژومارەیە ورەبەخش بوو. بووینە ٣٧ کەس، سەدا ٦٠ لە ھێزەکەمان نەما بوون. نانێکی چاکمان خوارد، چەندەھا جۆرە نانێان دروست کرد بوو. چا و پەنیر و شۆرباو، خۆشوشتن و خاوێن کردنەوەی جل و بەرگ. دەبوو تیمیک دوو برینداری دیکە بەرێتە سەر جادە و بیان بەنە تاران، ھەر دوای پشویەکی کورت، تیمەکە دیار کران و بۆ بەیانی دەبوو وەڕێ کەون. ئازاد یەکێکک لە کەسانە بوو کە ئامادەیی دەر بڕی لە تەک ئەو تیمە بێ. شەوانە دادەنیشتن و بە قسە و لێکدانەوە لە سەر شەڕەکە کات بەسەر دەبرا. ئی وابوو، باسی شەڕی پارتیزانی دەکرد، یەک دەیکووت با لە تۆڵە شەھیدەکان لە ناو شاری ئامول عەمەلیات بکەین، ڕەمەزانمان بە قوونێکی خاوین گرتبوو، ئێستا نۆبەی شەشەکانە. یەک دەیگووت ئەو جۆرە کارانە بە کار نایەن و با بگەڕێینەوە شارەکان. ھەر کەسەوە ڕایەکی ھەبوو. بە ساعەت لە سەری دەڕۆیشتن و ئاکامێکی نەبوو.تیمێکی ١٠ کەسی بە دوو بریندارەوە بەرەو جادەی ھەراز لە ناو و بەفر سەرما ڕا بۆ قەراغ جادە وەڕێ کەوتن.(درێژەی ھەیە )

(درێژەی ھەیە)

بۆ خوێندنەوەی بەشەکانی پێشووتر دەتوانن لە سەر نووسینەکانی خوارەوە چرکە بکەن.

:: بەشی ١ و ٢ و ٣

:: بەشی ٤ و ٥

:: بەشی ٦ و ٧

:: بەشی ٨ و ٩

:: بەشێ ١٠ و ١١

:: بەشی ١٢ و ١٣

کۆمێنتی تۆ لەسەر بابەت