68 ساڵ خەباتی پڕ لە هەوراز و نشێو و قوربانی دان

حیزبی دێموکڕاتی کودستان، شێست و هەشتەمین مۆمی تەمەنی خۆی دادەگیرسێنێ. لە و 68 ساڵە دا لە زۆر بواردا ڕۆڵی پێشەنگی گێڕاوە و شانازی بۆ نەتەوەکەی خوڵقاندوە. حیزبی دێموکڕاتی کوردستان یەکەمین حیزب لە کوردستان دا بو کە بە شێوەیەکی مودێرن دامەزرا و لە یەکەم کۆنگرەی خۆی دا بەرنامەیەکی بۆ سەردەمی خۆی، پێشکەوتو، ڕێبەریەکی دەستەجەمعی و ڕێبەرێکی لێهاتوو پێشکەوتوی هەڵبژارد. شێوەی دروستبون و هاتنە مەیدانیشی تەواو سەردەمیانە بو. چونکە لە سەر بناغەی کۆمەڵەی ژ.ک دامەزرا کە ڕێکخراوێکی پێشکەوتوی پێکهاتو لە هەڵبژاردەکانی ئەو کاتی کوردستان بو.

حیزبی دێموکڕاتی کوردستان پێکهێنەری یەکەمین دەسەڵاتی مۆدیرنی کوردی بو کە نیزێکەی ساڵێک دوای دروستبونی خۆی، بەسەرۆکایەتی پێشەوای ڕووناکبیر و خۆشەویستی کۆمەڵانی خەڵک و ڕێبەری حیزب، پێشەوا قازی محەممەد دامەزراو لە مێژوودا یەکەمین کۆماری کوردستانی بۆ تۆمارکردین.

حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە قوربانی دانیش دا پێشەنگە و تەنانەت ڕەنگە لە دنیاش دا حیزبێکی دیکە ی ئەوتۆ نەبێ کە چوار پەر پرسی یەکەمی بە دەستی دوژمنان شەهید کرابن، کە سەرۆک کۆمار و ڕێبەری کاریزمای حیزبەکە لە سێدارە درابێ، کە دوو ڕێبەری کاریزمای دیکەی لە نێو جەرگەی وڵاتانی پێشکەوتوی دنیادا تیڕۆر کرابن و کە نیزیکەی سی کەس لە ئەندامانی ڕێبەری شەهید کرابن.

حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە گەڵ هەمو ئەو تەنگ و چەڵەمانەی کە هاتونە سەر ڕێگای و زۆرجار تا سنوری کەوتن چووە، بەڵام هەموجارێ هەستاوەتەوەو بە پشتیوانی کۆمەڵانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دیسان خۆی گرتوەتەوە و بوەتە وە چاکە سواری مەیدان و جڵەوی خەباتی وەدەست گرتوەتەوە. هەرچەندە لە قۆناغی جۆراو جۆر دا توشی لێکدابڕان و پەرەوازەیی بووە، بەڵام بە هیممەتی کادرە ووردبینەکانی، جارێکی دی ڕیزەکانی خۆی پتەو کردوەتەوە و نەمامەکانی دواڕۆژ ی خۆی بە ئاوی یەکیەتی ئاو داوەتەوەو دوژمنانی ناکام کردوە.

بێگومان لەو ماوە دوور و درێژەدا و لە نێو تۆفانی ئەو هەمو دژواری و نابەسامانییەی کە بەسەر حیزب و گەلی کورد دا هاتوە، ڕەنگە لە هێندێک قۆناغ دا توشی هەڵەی تاکتیکیش بووبێ، بەڵام یەک شانازی گەورە بۆ ئەو حیزبە خوشەویستە ی گەلی کورد ماوەتەوە، کە ئەویش ئەوەیە کە هەرگیز و لە هیچ قۆناغیک دا نەبوەتە داردەستی دوژمنان و هیچ کاتێک سەربەخۆیی خۆی لە دەست نەداوە. تەنانەت ئەگەر هەڵەشی کردبێ، بە دەستوری هیچ جێگایەک نەبوە و لە خانەی هەڵەی سیاسی و تاکتیکی دا خۆی دیوەتەوە، یا لە لایەن هێز و لایەنی دیکەڕا و بە هۆی هەل و مەرجی نالەبارەوە بە سەری دا سەپاوە.

حیزبی دێموکڕاتی کوردستان هەرچەند لە تەمەن دا ساڵانێکی تێپەڕاندوە، بەڵام لە بۆچون و گوتار دا تازە و لاوە، هەرچەند لە نێو گیر و گرفتی جۆراوجۆردا ماندوو دیارە، بەڵام ئیمکانات و ئێنێرژی گەشە کردن و پێسکەوتنی هەیە و هەرچەند بنەماڵەکەی لێکترازانی پێوە دیارە، بەڵام ویست و پتانسێلی کۆکردنەوەی نێوماڵی خۆی و بەرهەم‌هێنانی یەکیەتی و پتەوکردنی ڕیزەکانی خۆی هەیە.

لە شێست و هەشتەمین ساڵڕۆژی لە دایک بونی حیزبی ڕێبەرانی شەهید پێشەوا، قاسملو، شەڕەفکەندی و دەیان شەهیدی سەرکردەی دیکە و هەزاران شەهیدی قارەمانی سەنگەر و زیندانە کان دا، چاوەڕوانیم لە هەمو ڕێبوارانی ئەو ڕێگا پیرۆزە هەیە، کە بە هەمو توانای خۆیان هەوڵ بدەن شانازییەکان زیندو کەنەوە و ئیمکانات و پتانسیێلەکان بۆ یەکگرتن و یەکڕیزی بەکار بێنن و خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە لوتکە بگەیەننەوە، تا جارێکی دیکە شاهیدی ئەوە بین کە ئەو حیزبە مەزنە دەسکەوتی گەورەی وەک پێکهێنانی کۆماری کوردستان لە مهاباد بەدەست بێنێ و ئاواتی شەهیدان وەدی بێنێ.

بە بۆنەی ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە پیرۆزبایی دەڵێم بە هەمو ئەندامان، پێشمەرگەکان و بنەماڵەی شەهیدان و هەمو ڕێبوارانی ئەو ڕێگایە و هەمو ئۆگران و لایەنگرانی ئەو ڕێگایە. هیوادارم بەر هەمی هەوڵ و تێکۆشانی خۆیان ببینن و گە لەکەمان بە لوتکەی سەرکەوتن بگەیەنن.

مستەفا شڵماشی

12 – 8 – 2013