کارەساتی لامپيدوسا، زەنگێک بۆ وەخەبەرهێنانی ویژدانە نووستوەکان. قادر وریا

لە هەر جێیەک مەرگ و کوژرانی مرۆڤەکان دەبێتە بەشێک لە ڕووداوەکانی ڕۆژانە، خەڵک وردە وردە عادەتیان پێ دەگرن و ئەو هەستیاری و دژکردەوانەیان نامێنێ کە پێشتر بەرامبەر بە هەواڵی ئەو جۆرە ڕووداوانە هەیانبووە. لە ڕۆژگاری ئەمڕۆ دا دەتوانین  تەقینەوەکانی عێراق، ئەو تەقینەوانەی ڕووژانە لە بەغدا و کەرکووک گیانی خەڵک دەستێنن بە نموونە بێنینەوە. یا پەلاماریبەکریگیراوانی ڕیژیمی ئێران بۆ سەر موجاهیدینی خەڵق لە کەمپەکانی ئەشرەف و لیبرتێ لە نێو خاکی عێراق دا. یا کوشتنی کۆڵبەران و کاسبکاران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی کە بووە بە  فەقەرەیەک لە ڕووداوەکانی ڕۆژانە.

 سەردەمانێک، سەربڕینی مرۆڤە جیابیرەکان بە تایبەتی ڕۆژنامەنووسان، نووسەران، هونەرمەندان لە ئەلجەزاییر بە هۆی ئیسلامییە توندڕەوەکان، ئەوەندە  ببوونە ڕۆژانە کە  خوێنەران، گوێگران و بینەرانی راگەیەنەکان، عادەتیان پێکردبوون. تیرۆری ڕێبەران و تیکۆشەرانی کوردی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانیش لە لایەن تیرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی لە کوردستانی عێراق، تورکیە و ئورووپا، لەو تیپە ڕووداوە ڕۆژانانە بوون کە ئەگەر بۆ ماوەیەک دووپات نەببانەوە، نائاسایی دەهاتنە بەر چاو. تەنیا ئەو کاتانە گۆمی راهاتن بەم تاوان و کارەساتانە، دەشڵەقا کە ڕووداوە خوێناوییەکان، گەورەتر ببان و ژمارەی قوربانییەکانیان ئەوەندە زۆر بوایەن کە خەڵکی دەوروبەر و ویژدانی گشتیان ڕاتڵەکاندبا. لەو کاتانە دابوو کە هەستت دەکرد ویژدانەکان تا ڕادەیەک جووڵاون  و خەریکە جموجۆڵێک، هەوڵێک، تەکانێک بۆمشوورخواردن لەو تاوانانە یا لانیکەم کەمکردنەوەیان، وەڕێ دەکەوێ.

مەرگی پەناخوازان، ئەو کەسانەی لە دەست هەژاری وستەم و توندوتیژی وڵاتی خۆیان بە جێ دێڵن و بە دوای ئەمنییەت و کار و ئازادی دا، ڕوو دەکەنە ئورووپا و ئوسترالیا و هتد، ساڵانێکی دوور و درێژە بووە بە شتێکی ئاسایی. وای لێهاتووە  بڵاوبوونەوەی هەواڵ و راپۆرتی مەرگی تاقولۆقە وچەندین کەسیی ئەوان، سەرنجی کەمتر بینەر و خوێنەرێکی میدیاکان ڕادەکێشێت و تەنیا ئەو کەسانە بە بیستن و بینینیان دڵیان دادەخورپێ کە کوڕو کچیان،خوشک و برایان، ژن و منداڵیان، دایک و باوکیان، لەم ڕێگایانە دان. دەبێ چەند جاری دیکە، پەناخوازان، بەلەم بەلەم و پاپۆڕ پاپۆڕ لە نزیک لێوارەکانی  ئەندۆنێزی، ئوسترالیا، ئیتالیا،دووڕگەکانی سیسیل و لە ئاوەکانی نێوان تورکیە و یۆنان دا  بخنکێن، تا راگەیەنەکانی جیهان و ویژدانە خەوتووەکان، بۆ ماوەیەک خۆیانی پێوە خەریک بکەن؟

ئەو کارەساتەی شەوی3ی ئۆکتۆبری ئەمساڵ(10ی ڕەزبەر) لەنزیک دوڕگەی لامپيدوسای ئیتالیا بە سەر نزیکەی 500 پەناخوازی سۆمالیایی و ئێریترەیی هات و مەرگ و بێسەروشوێنبوونی زیاتر لە 300کەس لەوانی لێکەوتەوە، خەریکە دەبێتە ئەو ڕووداوەی کە  ویژدانە نووستووەکان وەخەبەر دێنێ. ڕاگەیەندرانی ماتەمینی گشتی لە ئیتالیا و هاودەردیی پایەبەرزترین کاربەدەستانی ئەو وڵاتە لە گەڵ لێقەوماوان، هەر وەها بەرزبوونەوەی دەنگی ڕەخنە لە یاساکانی ئیتالیا دژ بە پەناخوازانی نایاسایی لە نێو خەڵکی ئەو وڵاتە دا، بەشێک لە کاریگەرییەکانی ئەو کارەساتە لە سەر ویژدانی گشتیی خەڵکی ئەو وڵاتەن. بەڵام شەپۆلی کاریگەرییەکانی ئەو کارەساتە، لە ئتالیا تێپەڕیوە و بووە بە شەپۆلێکی جیهانی.  چونکە وەک  ئانجلینۆ ئالفانسۆ وەزیری دەرەوەی ئیتالیا گوتی ئەم تراژیدییە هەر تایبەت بە  ئیتالیا نییە و هی هەموو ئورووپایە.

 ئانتۆنیۆ گۆترێس بەڕێوەبەری ڕێکخراوی کۆچەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان، وێڕای قەدرزانی  لە دەوڵەتی ئیتالیا  سەبارەت بە هەوڵەکانی بۆ ڕزگارکردنی پەناخوازە لێقەوماوەکان باسی گەشەی روو لە زیادبوونی پەناخوازان وبەرەوژوورچوونی مردنی پەناخوازان لە ئاوەکانی دا کرد. فرانسیس کرپۆ، لێکۆڵەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران، ڕەخنەی لە سیاسەتەکانی یەکیەتیی ئورووپا لە بارەی پەنابەرانەوە گرت و وتی:” دەکرا پێش بە مەرگی ئەو پەناخوازانە بگیرێ”. ناوبراو لە کۆڕی گشتیی سالانەی نەتەوە یەکگرتووەکان دا وتی: تەنیا بە هەنگاوی سەرکوتکەرانە ناتوانین لە گەڵ کۆچکردن بە شیوەی نایاسایی بەربەرەکانی بکەین، ئەم سیاسەتە تەنیا دەسەلاتی قاچاغچییەکانی دەریا زیاد دەکا. کرپۆ داوای لە کۆمەڵگەی نیودەولەتی کرد ئیمکاناتی کۆچکردنی قانوونی زیاتر بکا. ئەو گوتی “گەمارۆکان نابێ ئاوارەکان و کۆجبەرانی نایاسایی بگرنەوە، بەڵکوو دەبێ روویان لەو خاوەنکارانە بێ کە کار بە کۆچبەرانی نایاسایی دەدەن. بەڵام هێندێک لە هەڵوێستە سیاسییەکان لە بەر دەم ئەو ئامانجە، ڕێگرن.” ئەو گەورە کاربەدەستەی نەتەوە یەکگرتووەکان پێی وایە کە دەبێ وڵاتانی پەنادەر(خانەخوێی پەناخوازان)یش بیرکردنەوەیان لە بارەی جۆراوجۆریی کولتوورەکان بگۆڕێ.

  سەرنجراکێش ئەوەیە لە کاتیکدا دنیا سەرنجی خۆی بڕیوەتە سەر چارەنووسی دڵتەزێنی مسافیرانی ئەو کەشتییە، لە ئیتالیا  هێندێک کەس و لایەن هەڕەشەی ئەوەیان کردوە دژی داڵدەدان و وەرگرتنی 155 پەناخوازی ڕزگاربوو لە لایەن دەولەتی وڵاتەکەیان، سکالا دەکەن! بولدرینی سەرۆکی پارلمانی ئیتالیا لەو پێوەندییە دابوو کە وتی سەرکوت، هیچ گرفتێک چارەسەر ناکا. دەبی بیر لە هۆکارەکانی ئەو راکردنانە بکرێتەوە. هۆکارەکە پێشێلکرانی مافی مرۆڤە. بەڵام بیرو ڕای چەوت و سەقەت، لە گەڵ ئەمە دا نین!

لە ساڵی 2012 جیهان، خاوەنی 45 میلیۆن پەناخواز یا کۆچەر بووە. هەر لە ساڵی 2013 دا کە هێشتا چەند مانگیشی ماوە 35 هەزار پەناخوازی ئێریترەیی، سۆماڵیایی و سووری بە شیوەی نایاسایی هاتوونە نیو وڵاتی ئیتالیا. ژمارەی ئەو پەناخوازانەی هەر لە مانگی سێپتامبردا، لە ئاوەکانی مێدیتەرانە دا خنکاون، نزیک بە هەزار کەس دەبێ.

چارە چییە؟ چ بکرێ بۆ ئەوەی ئەو جۆرە کارەساتانە دووپات نەبنەوە و ویژدانی مرۆڤایەتی تووشی ئازار نەبێتەوە؟ بێگومان چاوخشاندنەوە بەو یاسا و بەربەست و ڕێوشوێنەتوندانەی لەبەردەم کۆچی نایاسایی هەن، ئەم جۆرە کارەساتانە و قوربانیانی ڕێگای چوونی نایاسایی بۆ ئورووپا و ئوسترالیا وئەمریکا و هتد کەم دەکەنەوە. بەڵام ئایا دەکرێ هەر وڵاتێک شەڕو توند و تیژی و قاتی و قڕی و برسییەتی وبێکاری و بێنانی و بێمافیی لێیە، خەڵکەکەی هەمووی بار بکەن و بچنە ئەو وڵاتانەی ژیان و ئاسوودەییان تێدایە؟ چ بکرێ بۆ ئەوەی خەڵکی هێندێک بە شی جیهان، بە لێشاو ڕوو نەکەنە هێندێ بەشی دیکە و لە وڵاتی خۆیان بمێننەوە؟

  بەڵێ دەبێ بیر لە هۆکارەکانی راکردن لەو ولاتانە و لەو بەشانەی جیهان بکرێتەوە و چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە.  چارەسەری زۆر لەو کێشە و گرفتانەش بێ پشتیوانی و یارمەتیی جیهانی، لە توانای خەڵک و دەوڵەتان خۆیان بەدەرە. جا ئەو کێشە و گرفتانە چ لەسەرکاربوونی سیستەمی سیاسیی زۆردار و بێکیفایەت بن، چ قەیرانی ئابووری، شەڕی نیوخۆیی ، زۆربوونی حەشیمەت و هتد.